په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١٠

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هه‌فتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.


هیوا ڕەش    

- بەشى دوازده‌م‌ -

قۆناغى کاژ فڕێ دان. 1993 - 1995

ئەو هاوڕێیانەى لە سەر وەهم ژیانى حیزبایەتییان ئەگوزەراند و چاوەڕوانى ڕۆژە ئازادەکان بوون کە حیزبەکەیان بتوانێت بە ئاشکرا بەرنامەکەى خۆى پراکتیزە بکات و ببێتە مینبەرێک بۆ داکۆکى لە چین و توێژە بەشخوراوەکان ، لە دواى ڕاپەڕین و کۆڕەو و پاکشەى ڕژێم لە کوردستان دا و کێشانەوەى دام و دەزگاکانى و هەڵبژاردنى یەکەم پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنى یەکەم حکومەتى کوردى خۆماڵى بار و دۆخێکى نوێ هاتە ئاراوە ، شکستى پارتى و یەکێتى لە هەڵبژاردن دا بەوەى ئامادە نەبوون یەکتر قبوڵ بکەن و ئامادە بوون دەسکەوتەکانى گەلەکەمان لە پێناوى بەرژەوەندى تەسکى حیزبەکانیان دا بخەنە مەترسییەوە و دابەش کردنى کورسییەکانى پەرلەمان و پۆستەکانى حکومەت لە نێوان خۆیان دا زەمینەیەکى واى ڕەخساند خەڵک بە ووریاییەوە لێیان بڕوانێت ، قایل بوونى حیزبەکان بە پاشکۆیەتى و ڕازى بوون بە بەشە دزى و تاڵانى و گومرک و باج و خەراج سەندن لە خەڵکى لە دوو ڕووەوە زیانى بە حیزبەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى گەیاند بە حیزبى شیوعیشەوە ، چونکە لە جیاتى هەڵوێست نواندن لەو هەموو دیاردە نامۆ و ناشارستانى و نائینسانییە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى دەم چەور کردن و کورسى پەرلەمان و پۆستى حکومەت وەرگرتن و شەریکى گومرک و تێکەڵ بوونى دەسەڵات و پینە کردنى عەیب و عارەکانیانى پێ باشتر بوو لە خۆ دوور خستنەوە لێیان بۆ ئەوەى چاوەخوارى مێژوو نەبن ئەبوایە خۆى لەو مەسەلانە بە دوور بگرتایە بەشداریییەکى کاراى کرد لە هەموو ئەو نەهامەتییانەى لە ماوەى ساڵانى حوکمى پارتى و یەکێتى دا بە سەر تەواوى چین و توێژەکانى گەلەکەمان دا هات بە تایبەتى چینە هەژار و نەدارەکان .

دواى ئەوەى لە کۆنگرەى حیزبەکەدا ئیمپراتۆریەتەکەى عەزیز محەمەد خەراباتى حیزبى شیوعى ڕادەستى کەریم ئەحمەد کرد و عەزیز محەمەد بە خشکەیى خۆى لە بەرپرسیارێتى ئەو هەموو شکستەى ساڵانى ڕابردوو دەرباز کرد و لە باتى لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە هەندێک زوڕنا ژەنى پەراوێزى دەسەڵاتى عەزیز محەمەد بۆ گەوج کردنى ئەندامەکانیان و ڕاى گشتى حیزب ئەو هەنگاوەى عەزیز محەمەدیان بە نەریتێکى شۆڕشگێڕانە و نوێ ئەناساند و کەوتنە ستاییش کردنى کە دواى نزیکەى 30 ساڵ ماڵ وێرانى شیوعییەکان و شکستە یەک لە دواى یەکەکان کە لە سەردەستى عەزیز محەمەد و باڵە کۆن و خۆپارێزە زاڵە ڕاست ڕەوەکەى ناو سەرکردایەتى بە سەر حیزبیان دا هێنا هەر لە ڕێگە چۆڵ کردن بۆ کودەتاى 8 ى شوباتى شوومى 1963 و بیرۆکەى هێڵى ئابى 1964 و بوونە شاگردى عەبدولسەلام عارف و هەوڵ دان بۆ تواندنەوەى حیزبى شیوعى و ئاوێتە کردنى لە گەڵ بزووتنەوەى ناسیونالیزمى بە ناو سۆشیالیزمى عەرەبى و لە کیس دانى ورگرتنى دەسەڵات لە دەسەڵاتە دەسەپاچەکەى عەبدولڕەحمان عارف لە ساڵى 1967 و ڕێگە خۆش کردن بۆ چەقۆ وەشێنەکانى بەعس و دووبارە هاتنەوە سەر حوکم لە تەمموزى ساڵى 1968 و ئینجا هاوپەیمانێًتى کردن لە گەڵ چەتە پیاوکوژەکان و شیوعى قڕ کەرەکانى باڵى بەکر – سەدام لە ساڵى 1973 و ڕاگەیاندنى جەبهەى وەتەنى و قەومى تەقەددومى لە گەڵیان دا و دواى ساڵێک چەک هەڵگرتن بە ڕووى شۆڕشى کورد دا کە پارتى دیموکراتى کوردستان خۆى بە خاوەنى کرد بوو ، و پیرۆزبایى کردن لە بەعسییەکان سەبارەت بە هەرەسى شۆڕشى کوردەوە و بە شان و باهوى بەعس دا هەڵ دان لە پیادە کردنى سیاسەتى تەهجیر و ڕاگواستنى گوندنشینە کوردەکانى سەر سنور و بە مەبەستى دوور خستنەوە و دابڕانیان لە هاوکارى کردنیان بۆ سەر هەڵدانەوەى یاخى بوون و بزووتنەوەى چەکدارى و پێشمەرگایەتى و بە ڕەنگار بوونەوەى ستەمى بەعس و ئاخنینیان لە ئۆردوگا زۆرەملێکان کە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بە هەنگاوى شارستانیانە و ئۆردوگا زۆرەملێکانیشى بە گوندى هاوچەرخ ئەشوبهاند و بێدەنگى هەڵبژاردن لە سیاسەتى تەبعیس و تەعریبى کەرکوک و هەندێک ناوچەى ترى کوردستان ، و لە سێدارەدانى پۆلێک هاوڕێ لە سوپادا و هەڵوێست وەرنەگرتنى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى و بیر کردنەوە لە پەرە دان بە هاوپەیمانێتییەکەیان لە گەڵ بەعسییە خوێنمژەکان دا تا بە شاڵاوێکى سەراپاگیرى ئەندامان و کادیرانى حیزبەکە جگە لە سەرکردایەتییە ڕاستڕەوەکەى کۆتایى هات کە سەرجەم هاوڕێکانى حیزبى شیوعییان ناچارى هەڵاتن و خۆشاردنەوە و دەربەدەرى و پاکانەى سیاسى و بوونە بەعسى و جاسوسى و سیخوڕى کرد لە ساڵى 1979 ، ئەم هەموو شکستانە و شکستەکانى سەردەمى بزووتنەوەى چەکدارى لەولاوە بووەستێ کە گەورەترینیان کارەساتى پشتاشان بوو ، دواى زیاد لە چارەکە سەدەیەک لە لایەن عەزیز محەمەدەوە وێرانەیەک درایە دەستى کەریم ئەحمەد کە ئەمیش بەشدار بوو لەو کارەساتانەى ڕابردوو بە سەر حیزب دا هاتبوو و هەروەها بەتەڵى مۆر کردنى بەیاننامەى ئاشتەوایى لە گەڵ یەکێتى دا لە سەر خوێنى شەهیدەکانى پشتاشان بوو ، پێش ئەو دەمە بەندە لە کۆنفرانسى محەلى کەرکوک دا کە پێیان ڕاگەیاندبووم ئەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکەم چونکە بە قەولى ئەوان ماوەى زیندانییەکەم بە دابڕان ئەژمار ئەکرێت و ئەبێت سەر لە نوێ تێ هەڵ بچمەوە ، لەوێوە بۆم دەرکەوت ئەوەى من حیزبایەتى نەبوو بەڵکو وەکو یارى ( مار و پەیژە ) ئەهاتە بەرچاوم ، چونکە پێکهاتەى هەڕەمى محەلى کەرکوک کە ئەوەى لە یادم مابن ( عەلى ڕوسى – ئاشتى تاڵەبانى – ئەبو کاروان – پەروین - هەڵکەوت ) هیچیان بەر لە گیرانەکەم پلەى عەسکەرى و حیزبییان لە ئاستى من دا نەبووە ئەمە و لە لایەکى تریشەوە مامۆستا عەلى ڕوسى دواى ئەوەى من لە لایەن بەعسەوە بە بریندارى دیل کرام ، لە ڕێگەى باوکى ئاشتى تاڵەبانى ( شێخ عەتا ) ى کۆچ کردووەوە لە دائیرەى ئەمن شەفاعەتى بۆ خواسترا بوو و ڕێگەى گەڕانەوەى بۆ پاک کرابووەوە و ئاشتى تاڵەبانیش خۆى گرفتێکى نەبوو و کارى مەیسەر بوو چونکە کوڕى شێخ عەتاى کۆچ کردوو و برازاى موکەڕەم تاڵەبانى بوو و ئەبو کاروانیش بە هەمان شێوە لە ئەنفالەکان ڕادەستى بەعس بووبووەوە ، ئەوەى ئەوان بە خزمەت حیساب بوو ئەوەى منیش دابڕان بۆیە لە ئەڵقەى دۆستانەوە دەستم پێ کرد و بە شانەى پاڵاوتن دا سەرکەوتم و گەییشتمە شانەى ئەندامان و لە وێشەوە بەرەو لیژنەى قاعیدى و سەرکەوتم بۆ لیژنەى قەزا و لەوێشەوە خۆم گەیاندە ناو کۆنفرانسى محەلى و بە ئەندامى محەلى و ئەندامى کۆنگرەى داهاتوو هەڵبژێردرام و بوومە بەرپرسى عەسکەرى کەرکوک ، شایەنى باسە ئەندامانى ئەڵقە و شانە و لیژنەکان کە لەو ماوەیەدا کارم لە گەڵیان دا کرد هەڵوێستیان زۆر جوامێرانە و شەرافەتمەند تر بوو لە ئەندامانى محەلى و مەکتەبى محەلى پێشووتر ، شایەنى باسە جگە لە پەروین هەموو ئەندامانى مەکتەبى محەلى لە دوایى دا گەییشتنە مەکتەبى سیاسى و هەڵکەوتیش لە سەر و بەندى ئەم زنجیرە بابەتانە دا لە شاشەى تەلەفزیۆنى یەکێتییەوە ڕایگەیاند کە سەنگەرى گواستۆتەوە و چۆتە ڕیزەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ئاکامى ململانێ ناپەسەندەکانى نێوان عەلى ڕوسى و ئەبو کاروان و هەڵکەوت و بوختان و درۆ بۆ یەکتر هەڵبەستن ، ڕێز و شەرمى هاوڕێکانى خوارەوە بێ ڕێزى پیاوە تەنسیب کراوەکانى محەلى لە یادم بردبووەوە ، بەڵام مەرامێکى پەنهان و شاراوەم هەبوو لە گەییشتن بە ئەندامى محەلى ئەویش ئەوە بوو وەکو تەحەدایەک هاتمە مەیدان ئەگینا کانزاى حیزبەکەم بۆ دەرکەوتبوو بۆیە دواى 2 کۆبوونەوە بڕیارم دا دەست کێشانەوەى خۆمیان پێ ڕابگەیەنم و ئەبوایە بە پێى نەریتى حیزبى یان کۆنگرە وە یان بە لایەنى کەمەوە لە کۆبوونەوەى سەرکردایەتى دا بڕیار لە سەر موافەقە کردنى ئیستیقالەکەم بدرێت بەڵام هێندە لێم بە پەلە بوون لە کۆبوونەوەى محەلى دا هەموو شتێکیان بڕاندەوە و موافەقەى لە سەر کرا بە قەولى ئەوان وەزعى نەفسیم تەواو نیە و ( شێت ) بوومە لە ئاکامى زیندان و ئەشکەنجەدان بۆیە لە باتى هاوکارى و باربۆ کردنم دوور کەوتنەوەکەمیان بە پەسەند تر زانى !!! ئەوەى جێگەى نیگەرانى بوو داهاتى زۆر و زەوەندى گومرک و سەرانە و وەرگرتنى بەشە خۆراکى سەدان کەس لە – UN – بە ناوى ئاوارەوە مانگانە لە محەلى کەرکوک دا ئیش و کارى چەند حیزبێکى پێ بە ڕێ ئەکرا بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو داهاتەدا چوشارکێیان لە گەڵ خانەوادە و کەس و کارى شەهیدان ئەکرد تا خۆیان لە داواکارییە مادییەکانیان بشارنەوە کە خەڵک لە گرانییەکى ڕەها دا ژیانى ئەگوزەراند .

سەرکردایەتى حیزبى شیوعى گۆڕانى بە سەر حیزب و سیاسەتەکەى دا نەهێنا بەڵکو بۆ چەواشەکارى کاژێکى فڕێ دا و عەزیز محەمەدى دیکتاتۆر دواى نزیکەى 30 ساڵ و نەمانى ئوتێلە نایابەکانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵات بە ئەسپایى کەریم ئەحمەدى نیمچە بەسزمانى لە عەرشى دەسەڵاتى خۆى دانیشاند و لەو کۆنگرەیەى کە بەندە ئەندام بووم و نەیانهێشت تیاى دا بەشدار بم لە پرۆسەیەکى پشتا و پشت کردن دەسەڵات درایە نزیکترین پیاوى عەزیز محەمەد و دواى ئەویش ئەبو فاروق و ئینجا کەمال شاکر و وا بۆ ماوەى پەنجا ساڵە ئەربابەکانى عەزیز محەمەد خۆیان بوونەتە مەلا و تەڵقین خوێن مردوو شۆر و گۆڕهەڵکەنى حیزبەکە و لە ماوەى حوکمدارى حیزبەکە دا لە برى دوژمنانى شیوعیەت هەموو دەنگە ڕەسەنەکانى شیوعیەتیان خەفە و پەرتەوازە کردووە .

دواى کەریم ئەحمەد بۆ جارى سێهەم سکرتێرێتى حیزبەکە بە باڵاى پیاوێکى دیکەى عەزیز محەمەد – ئەبو فاروق – دا بڕا ، لە سەردەمى ئەم بە سکرتێرە دا لە ئاکامى خۆسەپاندنى یەکێتى و داواکردنى بارەگاى دوکانى حیزبى شیوعى کێشەیەک سەرى هەڵ دا ، بۆ چارەسەرکردنى هاوڕێ – سۆران – کە لاوێکى هێمن و ڕۆشنبیر و ڕەووشت بەرز و شیوعییەکى ڕەسەن و کەم ئەزمون بوو لە تەڵەکەبازییەکانى حیزبایەتى خرایە ناو کێشەکە و نێردرا بۆ دوکان و سەرەنجام بە شەهید بوونى کێشەکە گەورەوە بوو ، لەو سەر و بەندە دا جگە لە هەجوو کردن بۆ سەر یەکتر من هیچ پەیوەندییەکم بە حیزبى شیوعى و محەلى کەرکوکەوە نەما بوو دواى ئەوەى وەکو پیشەى هەمیشەییان چەندان درۆ و بوختانیان بە دەممەوە هەڵبەستا بوو ، بەڵام دیار بوو لە تەنگەتاوى خۆیان دا منیان بیر کەوتبووەوە و ئۆتۆمبێلێکى سوپەر کە پێم وا بێت سمکۆى ڕەشید سەیدە لێى ئەخوڕى بە نامەیەکەوە هانایان بۆم هێنا ، بەندە 2 ڕێگەم لە بەردەم دا بوو 1 – نەچم : لەم حاڵەتە دا ئەوان ئەیکەنە خاڵێکى لاواز بە سەرمەوە کە تا ئەو کاتە جگە لە درۆ و بوختانى نا ڕاست بەولاوە هیچ شتێکیان لە سەرم نەبوو ببێت بە خاڵى لاوازم ، چونکە کەس ئاگادارى هەڵوێستم نەبێت چ بە نامە و چ بە قسە لە کاتى سەردانم دا لە لایەن مامۆستا عەلى ڕوسى بۆ ئەبو غرێب لە زروفى سەختى زیندان دا کە ئەو زاتە وورد وورد ئەیزانى هەڵوێستى من چۆنە ؟ ! لە لایەکى تریشەوە ویژدانم ڕێگەى پێ نادام پەیوەندییەکانم بدەمە لاوە لە گەڵ هاوڕێکانى بارەگا کە زۆربەیان کەم ئەزمون بوون لە شەڕ و سەرکردایەتى کردنى شەڕدا ، بۆیە بڕیارى چوونم دا 2 – بچم : بە کوردى و بە کورتى ئەگەر بکوژرێم قسە کوردەوارییەکەى لە مەڕ خۆمان دێتە دى کە ئەڵێت – ئەگەر بۆ پیاوى نامەرد خۆت بدەى بە کوشت ئەڵێ بە ئەمرى خوا مرد - ، هەر چى چۆنێک بوو چوونەکەم لە نەچوونەکەم بە باشتر زانى و بە هەمان ئۆتۆمبێل خۆم گەیاندە بارەگا ، کاتێک گەییشتمە بئەوێ هەر چەندە زۆربەى هاوڕێیان چاوەڕوانم بوون بەڵام موفاجەئە بوو بە لایانەوە و سەریان سووڕما بوو کە دواى ئەو هەموو ڕەتاندنەم لە کاتى خۆشى دا هیچم لە دڵ نەگرتووە و لە ناخۆشى دا هەر پێشمەرگەکەى شاخم .

مامۆستا عەلى ڕوسى و ئاشتى تاڵەبانى و سەید عەلى جەبارى و زۆرێک لە هاوڕێیان لە بەر دەرگا وەستا بوون و کە لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزیم بەر لەوەى سڵاویان لێ بکەم مامۆستا عەلى ڕووى دەمى لێ کردم و ووتى : هاوڕێ هیوا ڕەش چى بکەین ؟ ووتم : چى ئەکەین ! دائەمەزرێین . ووتى خۆت باشترى لێ ئەزانى ، لەم قسانە دا بووین سەرجەم هاوڕێیانى ناو بارەگاش هاتنە دەرەوە و بەخێر هاتنیان لێ کردم ، لە شەوى ڕوو بە ڕوو بوونەوەیەکى نابەرامبەرى هێزێکى زل و فراوانى یەکێتى کە تەنانەت تۆپى 106 یشیان بە ئاراستەى بارەگاکەمان دامەزراندبوو جگە لە هەزارەها پێشمەرگە بە چەکى جۆرا و جۆر و ئۆتۆمبێل و موشەکەوە هەموو هێزى محەلى کەرکوک 24 کەس بووین ، دواى ئەوەى داوام کرد مەشجەبى چەکەکان بکەنەوە و چەکە قورس و باشەکان وتەواوى فیشەک و تەقەمەنییەکان دەر بکەن ئینجا کەوتمە دابەش کردنى هێزەکە بە سەر 7 مەفرەزەى 3 – 4 کەسى و هەر مەفرەزەیەک پێک هاتبوون لە 1 ئار بى جى و 1 بى کەى سى و 2 کڵاشینکۆف و بە سەربانە بەرزەکانى ماڵەکانى دەور و بەرى بارەگا دا بڵاوم کردنەوە و مەفرەزەیەکى گەڕیدەش بە دەور و بەرى بارەگا و مەفرەزەیەکیش بۆ ناو بارەگا و مەفرەزەیەکیش بۆ سەربانى بارەگا ، لەو ئان و ساتە دا لە ناو هاوڕێیان پڕوپاگەندەى ئەوە بڵاو کرایەوە کە بروسکەیەکى مام جەلال گشتێنراوە بۆ هێزەکانى یەکێتى کە ژیانى مامۆستا عەلى و ئاشتى لە محەلى کەرکوک و حەمە شوانى محەلى سلێمانى پارێزراو بێت ، ئەمە و لە لایەکى ترەوە پڕوپاگەندەى ئەوەش بڵاو بووبووەوە کە بەرپرسەکان تاوتوێى ئەوەیان کردووە لە کاتى سەغڵەتى دا لە پشتى بارەگاوە ڕابکەن و بچنە ناو بارەگاى – UN – ەوە کە پشتمان بەوانەوە بوو ، هەموو پێشمەرگەکانم ئاگادار کردەوە لە من بترازێت ئیعاز لە کەس وەرنەگرن نە هى شەڕ و نە هى تەقە وەستاندن ، ئەو مەفرەزەیەى لە سەربانى بارەگا دامنا بوون بە بەگەدەیەک و هاوەنێکى ( 60 ملم ) ەوە هاوڕێ حازم عەرەب کە کوڕێکى هێمن و نەترس و بوێر بوو کردبوومە بەرپرسیان و پێم ڕاگەیاند ئەگەر لە کاتى تەقە کردن هەر کەسێکى بینى لە پشتى بارەگاوە هەوڵى ڕاکردن ئەدات بێ سێ و دوو دەسبەجێ تەقەى لێ بکات و بیکوژێت و لە هەمان کاتیش دا ئەگەر هەستى زاڵ بوونى هێزەکانى یەکێتى کرد بە سەرمان دا بە هاوەن بارەگاکەى پشتمان بۆردومان بکات و لێى پرسیم : بۆچى ؟ بە گاڵتەوە ووتم با کەمێک گوێمان لە شیوەنى ئینگلیزیش بێت بەڵام مەبەست ئەوە بوو تا کێشەکە بکەین بە نێودەوڵەتى ، لەو شەوە مەترسیدارە دا هەڵکەوت کە ئەندامى مەکتەبى محەلى بوو نەک نەگەڕایەوە ناومان بەڵکو سەردانێکى سەرپێیشى نەکردین هیچ نەبێت هەواڵێکمان بپرسێت ، ئەو شەوە بارەگاى ئێستاى – کوردستانى نوێ – کە ئەو دەمە وا بزانم سەر بە دەزگاى داهاتى یەکێتى بوو چۆڵ کرا و کەوتە ژێر کۆنترۆلى ئێمەوە و مەفرەزەیەکى محەلى سلێمانیش لە لایەن هاوڕێ – ن – ەوە بە نهێنى توانییان خۆیان بگەیەننە بارەگاى محەلى کەرکوک بۆ هەواڵ پرسین و زانینى ئێمە لە ڕێگاوە پرسیارى وەزعى لە هاوڕێ چالاک کرد بوو ئەویش پێى ڕاگەیاند بوو : ئێمە زۆر باشین چونکە هیوا ڕەش لێرەیە ( بە پێى گێڕانەوەى هاوڕێ – ن - ) ، سەمەرەکە لەوەدایە ئەو هەموو ئامادەیى گیان بەخشینە لە لایەن پێشمەرگەکانى حیزبەوە بە سازشى سەرکردایەتى و ماستاوچییەکانى دەور و بەریان کپ کرایەوە و کە ڕۆڵێکى ترسنۆکانەیان بینى و بۆ مێژوو ئەبێت بووترى َ ئەگەر هەر بڕیارێکى دیکە بدرایە لەو باوەڕەدا نەبووم خودى ئەبو فاروق ڕەتى بکردایەتەوە بەڵام لاوازیى مەرکەزیەتى سکرتێر کۆمەڵێک ڕەجەبى وەکو حەمەشوان و حەمەڕەشید قەراغى و عەتا خڕەى کردبووە سەرپاڵە .

دواى ئەوەى تەرمى شەهید سۆران لە خەستەخانە وێنە گیرا بوو و شوێنى فیشەک و ئاسەوارى ئەشکەنجەکانى دەر خرا بوو و هەر ئەو شەوە لە تاقیگە – مختبر – وێنەکان شۆرانەوە و گەورە کرانەوە تا لە ڕێپێوانێک دا بەرز بکرێنەوە لە لایەن فس فس پاڵەوانەکانى محەلى سلێمانییەوە دەستیان بە سەر دا گیرا و شاردرانەوە و لە دواى ئەوەش بە فەرمانى – ئەبو فاروق – شاندى حیزبى شیوعى بۆ لێک گەییشتن لە گەڵ شاندى یەکێتى دا کۆبوونەوە و بە بەیاننامەیەکى سەرشۆڕانەوە کۆتاییان بە کێشەکە هێنا ، شاندى حیزبى شیوعى زیاتر لە لایەن حەمەشوان و حەمەڕەشید قەراغى و عەتا وە ئەجوڵا ، مخابن ئێستاش نانى پێشمەرگە دێرین و قارەمانەکانى حیزبى شیوعى بە دەستى ئەوانە و گەمە بە بژێوى و قووتى ماڵ و مناڵیانەوە ئەکرێت لە لایەن – پیاوانى تەنگانە وە – و بەشیان ئەخورێت و ئەدرێت بە ترسنۆک و بودەڵە خۆیان ئاساکان .

ئەمە ڕیسواییەکى ترى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بوو لە مێژوو دا دووبارە بووەوە و تۆمار کرایەوە و هەروەکو پیشەى ڕابردوویان سیاسەتى – دەست بگرە بە کڵاوەکەتەوە با نەیبات – یان پەیڕەو کرد تا لە هەڵبژاردنى ئەم دواییەى 25 7 2009 دا سەر و کڵاویان پیرۆزى با و ڕەشەبا بوو ، دواى ئەوە دیسانەوە من بوومەوە بابا بێکار و بێ حیزبەکەى جاران بە دوور لە حیزبایەتى و بارەگا سەرقاڵى ژیانى ئاسایى خۆم بوومەوە تا ساڵ وەرسوڕا لە ساڵى 1995 دا ناردیانەوە بە دوام دا و ئاشتى و عەلى ڕوسى بە ناوى مەکتەبى سیاسى حیزبى شیوعییەوە داوایان لێ کردم سەرپەرشتى بەتالیۆنێکى – I-N-C – بکەم کە سەر بە ئەحمەد چەلەبى بوو درا بوو بە حیزبى شیوعى ، وەکو کەسێکى گەوج لە سیاسەت دا ئەو ئەرکەى بەوان ڕانەئەپەڕێنرا من لە ئەستۆم گرت و وەکو سەربازى شەترەنج بە دەستى ئەوانەوە هەڵئەسوڕام و تا لە پەلامارى بانى مەقان دا بۆ جارى شەشەم لە پێناوى حیزبى شیوعى دا بریندار بوومەوە و دواى ئەوەى لە خەستەخانە دەرکرام و بە بریندارى لە ماڵەوە بووم کۆنە قەرزێکى 3 هەزار دینارى کە نزیکەى 50 دۆلارێکى ئەمریکى ئەکرد هى محەلى کەرکوک لە سەرم بوو عەلى ڕوسى نامەیەکى بە مەفرەزەیەک دا ڕەوانە کرد بوو وام زانى حیزب پاداشتى هەڵوێستەکانم بە خەرجى بریندارییەکەم ئەداتەوە کەچى بێشەرمانە ناردبوویان بۆ قەرزەکە ، دواى ئەوەى بەوپەڕى توڕەییەوە بەو بریندارییە ویستم لە گەڵ مەفرەزەکە دا بڕۆم هاوڕێیان قبوڵیان نەکرد بەرامبەر پەیامێکى هەڕەشاویم بۆ ڕەوانە کردن ووتم : با وا بزانن پارەى مێزى ئەندام ناوچەیەک ، ئەندام کۆمیتەیەکیان داوە .
 


07701309524
Hewarash1@yahoo.com