په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠٠٩

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هه‌فتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.


هیوا ڕەش    

 - بەشى چوارەم -

قۆناغى گواستنەوە لە مارکسیزمەوە بۆ خرۆتشۆفیزم 1964 - 1967


بۆ دڵ ڕازى کردنى جەمال عەبدولناسڕى سەرۆکى ئەنتى کۆمۆنیزمى میسرى ، خرۆتشۆف سەردانێکى ئەو ووڵاتەى کرد و لە کۆبوونەوەیەک دا کە عەبدولسەلام عارفى سەرۆکى کودەتا ڕەشەکەى 8 ى شوباتیش ئامادەى بوو پلانیان داڕشت بۆ پیلان گێڕان دژ بە حیزبە شیوعییەکانى ووڵاتانى عەرەب لە ژێر دروشمى (( یەکێتى هێزەکانى دوژمن بە ئیمپریالیزم )) و بیرۆکەى بوونى حیزبى شیوعییان لە و ووڵاتانە بە زیادە و ناپێویست ئەزانى بۆیە بیر لە هەڵوەشاندنەوەیان کرایەوە گوایە ئەرکى ڕزگاریى مرۆڤە کان لە ستە م پەیامێکە بۆرژواى – نیشتمانى – ئەتوانێت بیگەیەنێتە جێ مەبەست بە دەر لە بوونى حیزبى شیوعى بۆیە ئەبێت شیوعییەکان بچنە ژێر چەترى ئەوانەوە و ئەوەیان لە بیرى خەڵک ئەبردەوە کە بۆرژوازیەت لە بازاڕ دا فێرى نیشتمانپەروەرى ئەبن ، لە بنەمادا ئەمە تەنها بە لا ڕێ بردنى خەڵک بوو تا پەى بە مەرامە شاراوەکان نەبەن لەوەى بەرژەوەندى ئیمپریالیزمى خرۆتشۆفى وا ئەخوازێ کە جموجۆڵ و چالاکى شیوعییەکان بکەنە قوربانیى دڵنەوایى فەرمانڕەوا کۆنەپەرستەکانى ووڵاتان بۆ هاوسەنگ کردنى هێزى سۆڤیەت لە بەرامبەر هێزى ئەمریکا و ئینگلیز و دروست کردنى پێگەى ئابورى پتەو لەم ناوچانەدا ، لە مانگى ئابى ساڵى 1964 حیزبى شیوعى میسرى کرایە بەرکوڵى ئەو پیلانە نەگریسە و لە کۆبوونەوەیەکى کۆمیتەى ناوەندى خۆ بە دەستەوەدەرى حیزب بەیانێک بۆ ئەو مەبەستە دەر کرا و حیزبى ناوبراویان هەڵوەشاندەوە و چوونە پاڵ – یەکێتى سۆشیالیستى عەرەبى - ، سەرکردایەتى لادەرى حیزبى شیوعى جەزائیریش بێ قەید و مەرج پێشوازى لەو بڕیارەى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى میسر کرد و بە هەمان شێوە هەڵوەشاندنەوەى حیزبەکەیان و چوونە پاڵ – بەرەى نیشتمانى جەزائیرى – یان ڕاگەیاند ، سەرکردایەتى حیزبى شیوعی عێراقیش بۆ گرتنە بەرى هەمان سیاسەتى ڕاستڕەوانەى هەردوو حیزبى شیوعى میسرى و جەزائیرى و بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەى خۆیان لە – براگ – لە پایتەختى یەکێک لە دەوڵەتە سۆشیالیستەکانى ئەو دەمە گرێ دا و تیاى دا بە ڕاشکاوانە ڕێبازى نوێى خۆیان و بیرۆکەى بە کلک بوونى حیزبیان بۆ عارفیەکان ئاشکرا کرد ، و بۆ ئەو کۆبوونەوەیە هەر یەک لە عامر عەبدوڵا و بەهادین نورى و زەکى خەیریش بانگهێشت کران کە لەوە پێش لە سەر هەڵوێستى لەم چەشنەى ئێستاى سەرکردایەتى لە پێناوى دا کۆ بووبووەوە سزا درابوون و لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێچکە و ڕێبازى سیاسەتى حیزبى شیوعى میسرى و جەزائیرى و خۆ هەڵوەشاندنەوە و یەک بوون لە گەڵ عارفیەکان دا لە برى زیندوو کردنەوەى گیانى بەرگرى و تۆڵەى شەهیدە سەربەرزەکان پەسەند کرا ، – ئاراغاجادۆر – هەڵوێستێکى دووفاقى و ڕاڕاى هە بوو ، و بە تەنها – عەزیز حاج – دژى ئەو بڕیارە وەستایەوە ، لەو سەر و بەندەدا هێشتا خوێنى 9 ئەندامى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى ناوەندى و سکرتێرەکەى – سەلام عادل – ووشک نەبووبووەوە کە لە سەردەمى حوکمى دژەگەلى عەبدولسەلام عارف دا شەهید کرا بوون وا ئێستا بەم دەمودەستە بیر لە ماڵ تێکەڵ کردن و یەکماڵى ئەکەنەوە لە گەڵیان دا ! ، هەر لەوێ دا سکرتێرى حیزب هەڵبژێردرا بێ گومان مەرج بوو پابەند و دڵسۆزێکى لە وێنە نەهاتووى ئەو ڕێبازە و دەروێشى خرۆتشۆفیزم بێت ، بۆ ئەمەش 2 کەس دەست نیشان کرا بوون 1 – سەلام ناسرى : ئەندامى پاڵێوراوى مەکتەبى سیاسى 2 – عەزیز محەمەد : ئەندامى مەکتەبى سیاسى و سکرتێرى ڕێکخراوى هەرێمى کوردستان ، یەکەم کشایەوە لە خۆ پاڵاوتن و دووەمیش بێ ڕکابەر ڕێگەى بۆ چۆڵ کرا و بوو بە سکرتێر و ئەندامانى مەکتەبى سیاسیش لە عامر عەبدوڵا و عومەر عەلى شێخ و سەلام ناسرى و بەهادین نورى پێکهاتبوون و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارى گەڕانەوەى ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى لە دەرەوە بۆ عێراق درا بەڵام نەک بۆ خەبات و بووژانەوەى وورەى شۆڕشگێڕى بەڵکو بۆ سازش و چاوەنواڕى غەمزەى چاوى عارف و دەست و پێوەندەکانى .

لە بەیاننامەیەکى شەرمهێنى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى دا کە بە باڵاى بکوژانى شەهیدەکانیان دا هەڵ ئەدات بەم شێوەیە هاتوونەتە گۆَ : (( توانستەکان وەگەڕ خراون تا بە ڕێگەى گەشەى ناسەرمایەدارى گوڕ و تین و کاریگەرى وەبەر شۆڕشى 14 ى تەمموز بخرێتەوە ، بێگومان ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ڕاکێشانى سەر لە نوێى جەماوەرى میللى لە دەورى دا دواى ئەوەى کە شۆڕش دووچارى نسکۆ هات بە تایبەتى لە سەر دەستى دیکتاتۆریەتى قاسمى کۆنەپەرست و دیکتاتۆریەتى فاشى بەعسییەکان )) ، لێرەوە ڕیسوایییەکان سەر هەڵ ئەدا کە چۆن فەزڵى عەبدولسەلام عارفى تا بیناقاقا نغرۆ لە خوێنى شیوعییەکان ئەدەن بە سەر عەبدولکەریم قاسمى بێ نمونە لە سادەیى و پاکى و نیشتمانپەروەرى لە ڕۆژهەڵاتى ناوین دا ، ئەکرا لە کاتى دامەزراندنى – بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز – لە گەڵ بەعسییەکان دا ئاوڕێکیان لەم جۆرە قسانەى ڕابردووى خۆیان بدایەتەوە تا دیکتاتۆریەتى قاسم و دیموکراسیەتى عارف و ئینجا ( شۆڕشگێڕێتى ) بەعسیان بە خەڵک بناساندایەتەوە و لە تەرازووی ویژدانى خۆیان دا هەڵیان سەنگاندایە ، سەرکردایەتى حیزبى شیوعى سیاسەتى – بە قوربانى کوڕى سێو لە باخەڵ بم – یان گرتبووە بەر و پێوەرێکیان نەهێشتبووەوە تا بەو ئاراستەیە کار بکەن جگە لە ملکەچ بوون بۆ دەسەڵاتداران جا ڕەنگ و بۆى دەسەڵات هەرچى چۆنێک بوو بێت گرفتێک نەبووە بە لایانەوە ، گرنگ ئەوە بووە لە پەناى دەسەڵاتەوە گروپ و کەسایەتى مارکسیزم لە گەڵ خۆیان دا ڕاپێچى هەڵدێر بکەن تا بوار لە سەرهەڵدانى هێزى چەپ و شۆڕشگێرى ڕاستەقینە بەر تەسک بکەنەوە نەخوازەڵا ئەزمونى ( شۆڕشگێرى ) لە بن نەهاتوویان لە هاوپەیمانى عارفى و بەعسییەکان شکست خواردوو بێت و بەرژەوەندییە پیرۆزەکانى سۆڤیەت بکەوێتە مەترسییەوە ، بەڵام ئەم ڕێبازە تازەیەى سەرکردایەتى لە لایەن زۆرێک لە کادیران و ڕێکخستنەکانى خوارەوە مایەى نیگەرانى بوو بۆیە دەنگى ناڕەزایەتى و هەڵوێست گرتن تەشەنەى سەندبوو و گەییشتبووە ئەوەى بە کۆمەڵ ڕیزەکانى حیزب جێ بهێڵن و دەست لە کارى حیزبى بکێشنەوە ، و لە بڵاو کراوەیەکى ناوخۆیى حیزبى شیوعى دا ئاماژە بەوە دراوە کە وا لە هەندێک لە ڕێکخستنەکان 50% وازیان لە حیزب هێناوە لە بەغدا و دەور و بەرى و لە باشوریش 25% و لە فوراتیش بەردەوامیى هەیە ،

لە نیوەى یەکەمى ساڵى 1966 عەزیز محەمەدى سکرتێرى حیزبى شیوعى لە مۆسکۆ وە گەڕایەوە بۆ عێراق و لە نیسانى هەمان ساڵدا عەبدولسەلام عارف لە سەردانێکى دا بۆ بەسڕە فرۆکەکەى کەوتە خوارەوە و تێیدا سووتا ، ئەم ڕووداوە هەلێکى زۆر گونجاو بوو بۆ حیزبى شیوعى خۆى ڕێک بخاتەوە و بە سیاسەتى دا بچێتەوە و گۆڕانێک بە بەرنامەکەى دا بهێنێت چونکە دواى سووتانى لە ناکاو و چاوەڕوان نەکراوى عەبدولسەلام بار و دۆخى عێراق کەلێنێکى گەورەى حوکمڕانى تێدا دروست بوو بە کوردییەکەى – شار بێ حاکم بوو – و دەسەڵاتدارێتى لە گرێژنە دەر چوو بوو ، بەڵام وێڕاى ئەوەش سەرکردایەتى حیزبى شیوعى تەنانەت کێشە ناوخۆییەکانیشى چارەسەر نەکرد و ئەو تەنگژە ناوخۆییەى ڕێکخستنەکانى ئیفلیج کرد بوو هەر بە هەڵپەسێردراوى مانەوە و عەزیز محەمەد دووبارە گەڕایەوە بۆ هەندەران و مەکتەبى سیاسیش کە بریتى بوون لە زەکى خەیرى و بەهادین نورى و عەزیز حاج حیزبەکەیان بەڕێوە ئەبرد ، عەزیز حاجیش یەکێک لەوانە بوو بە هەموو شێوەیەک دژایەتى هێڵى لادەرى ئاب و ئەو تەوژمە ڕاستڕەوەى ئەکرد لە ناو حیزب دا کە لە لایەن خودى سکرتێر و زۆربەى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى ناوەندى حیزبەوە پشتیوانى لێ ئەکرا و بگرە خۆیان داڕێژەرى بوون ، کە واتە لەو سەرکردایەتییە ڕاستەوخۆیەى زەکى و بەهادین و عەزیز حاج دوانیان لە گەڵ دا بوون و یەکێکیان دژ بوو بەو سیاسەتەى پەیڕەو ئەکرا لەو سەردەمەدا .

لە پێگەکانى خوارەوەى سەرکردایەتى حیزب ناڕەزایەتییەکى فراوان دەستى پێ کرد بوو و زۆرینەیان لە ناپەسەندى سیاسەتى سەرکردایەتییەکەیان نیگەران و ناڕازى بوون لە هەمبەر دەسەڵاتدارێتى هەردوو عارفەکان – عەبدولسەلام عارف و عەبدولڕەحمانى براى کە دواى سووتانى عارفى یەکەم جڵەوى دەسەڵاتى گرتە دەست - ، بەڵام کەسێکیان شک نابرد لە ناو سەرکردایەتى دا داڵدەى بۆ بەرن و هەڵوێستى خۆیانى بۆ بەیان بکەن و پشتیوانیی بە دەست بهێنن تا چى تر سەرکردایەتییەکەیان بەردەوامیى نەدات بەو سیاسەتە ملکەچ بارانەى لەوە و پێشى ، ئەمەش هەلێکى لە بار بوو بۆ عەزیز حاج هاتبووە پێشێ کە لە دوو لاوە لە بەرژەوەندى ئەو دا ئەشکایەوە : 1 – گەییشتبووە ناوەندى باڵاى بڕیار و ئەندامى مەکتەبى سیاسى بوو ئەیتوانى لەم ڕێگەیەوە بۆچوونەکانى خۆى بەرقەرار بکات . 2 – ڕا و بۆچوونەکانى ڕابردووى لە گەڵ پێگەى خوارەوەى حیزب چوون یەک بوو لە مەڕ سیاسەتى ئەو کاتى حیزبى شیوعى هێزى زیاترى پێ ئەبەخشى بۆ ئەو ئامانجە ، ئەمە بووە هۆى زەمینە سازى بۆ ئاوێتە بوون بە یەکترى و لە خاڵێکى هاوبەش دا یەکدگیر ببنەوە و گوڕێکى بە تین بە ئاراستەکانى باڵى بێهێزى چەپى ناو حیزبى شیوعى بدات و هەوڵ بدەن بۆ وەلانانى باڵى بەرامبەریان کە لەو پەڕى بەهێزى دابوون و هەموو بڕیار و ڕاسپاردەو بەرنامە و سیاسەتى حیزب و پۆستە باڵاکانیان لە چنگ دا بوو ، و لە ئاکام دا ڕیگا تەخت بوو تا عەزیز حاج دەسەڵات بە سەر باڵى چەپ دا بکێشێت چونکە کەسێکى تر و لەو پێگە هەستیار و باڵایەى ناوبراو دا بێت نەبوو لە ناو بڕیار بە دەستان دا بە پیر ئەو بۆچوونەى چەپەکانەوە بچێت ، لە ئاکام دا جیابوونەوە بووە تاکە ڕێگایەک وەکو پەرچە کردارێک بۆ ڕوو بە ڕوو بوونەوەى سیاسەتى هەڵە و کوشندەى سەرکردایەتى ڕاستڕەوى حیزبى شیوعى و حیزبەکەى دوو چارى نسکۆیەکى گەورە کرد و بەو سۆنگەیەوە زەمینە خۆش بوو بۆ بەعسییەکان تا دووبارە ژەهرى فاشیەتى خۆیان بڕێژنەوە جەستەى گەلانى عێراق و بێنەوە مەیدان و دەسەڵات بگرنەوە دەست ، لە هەمووى سەیر تر ئەوەیە سەرکردایەتى حیزبەکە هێندە چالاکانە کەوتنە گەڕ خەریک بوو گڕیان ئەگرت ، ئەوەندەى سەرکێشى و سەرچڵییان بەرامبەر هاوڕێ بیر و ڕا جیاوازەکانیان نواند بە چارەگى ئەوەیان بەرامبەر بکوژەکانى سەلام عادل و هاوڕێکانى بکردایە حوکمڕانێتى عێراقیان ئەگرتە دەست ، بۆ یەکتر شکاندن قارەمان و بۆ ناحەزانیش هاوپەیمان ، ئەم پرۆسیسە کەرتخوازییە سەرەنجام بە شکستى باڵى چەپ کۆتایى هات و پاشان لە جاران زیاتر ڕاستڕەوەکان بوونە شۆڕە سوارى مەیدانى هەلپەرستى ، ئەو سەرکردایەتییەى کە بریتى بوون لەوانەى کە بیرۆکەى هێڵى – ئاب – ى سازشکارانەیان دارشتبوو لە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى ناوەندى جگە لە عەزیز حاج ، دوا بە دواى ئەوە کەوتنە خۆیان و کۆنفرانسێکى بە پەلەیان لە گوندى داربەسەرەى ناوچەى کۆیە گرێ دا و بێ شەرمانە خۆیان لە پۆستەکانیان تازە کردەوە و عەزیز محەمەدیش کە بە تایبەتى بۆ کۆنفرانسەکە گەڕایەوە لە مانگى 12 ى 1967 دووبارە کردیانەوە بە سکرتێر و هەموو بە بێ لێپرسینەوە لەو نسکۆیە سەلامەت دەرچوون بە تایبەتى سکرتێر و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى ، سەرکردایەتى ڕاستڕەوى پاڵپشت کراو لە لایەن یەکێتى سۆڤیەتەوە وەکو پیشەى هەمیشەییان شکستییەکانى خۆیان بەرامبەر کۆنەپەرستان ئەشارنەوە و لە بەرامبەر هاوڕێکانیان ئەبنە شێرى مەیدان و بە سنگ دەرپەڕاندنەوە هەزار و یەک ناو و ناتۆرەیان لێ ئەنێن بە بێ ئەوەى لە هۆکارەکانى بپێچنەوە شەونخونى ئەکەن لە پێناوى دەر کردنى بەیاننامە و کۆڕ و کۆبوونەوە بەستن تا ناشرینیان بکەن لە دەرەوە و ناوەوە بۆیە هەمیشە ئەم سیاسەتە گێڕ و گەواڵەیان بۆتە مایەى سوود بەخشین بە نەیارانى شیوعیەت و ئەوا ئەمجارەش گۆڕەپانێکى ئارام و بێ کێشەیان بۆ حیزبى بەعس کردە دیارى بەو ئومێدەى خۆشیان لە خوانى سیاسەتى دژە گەلیى میواندارى بکرێن و خەون و خولیا خرۆتشۆفییەکانى خۆیان بە ئاکام بگەیەنن .
 

 

- بەشى پێنجەم -

قۆناغى هەڵخزان 1968 - 1972


بۆ بەر چاو ڵێڵ کردنى دڵسۆزەکانى نێو ڕیزەکانى حیزبى شیوعى جار و بار و لە ژێر فشار دا لە کاتى ڕووداوەکان سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بەیاننامەیەکى ناوەڕۆک بۆشیان دەرچوواندووە کە واى نیشان ئەدەن نە بایان دیوە نە باران ، دەمەوەرى و خۆ هەڵ نان دیکۆرى ڕازاندنەوەى ئەو جۆرە بەیاننامانەن و بەم کارەشیان پێیان لە بەڕەکەیان زیاتر درێژ کردووە و هەر کاتێک کەسێک یان لایەنێک ڕەخنەى لە سەر هەڵوێستە لاوازەکانیان هەبووبێت بە بێ ڕەچاو کردنى مێژووى و هەڵوێستى ڕابردووى وە یا بزانن لە چ ڕوانگەیەکەوە ڕەخنەکە گیراوە یەکسەر سەرکوتى تەنزیمى کاریگەر ترین هێزى ئامادەیان بووە بۆ گیانى ئەو هاوڕێیانە و بە چییان ووتووە نەک چییان کردووە بەر بوونەتە وێزەیان و تەنانەت لە حیزبەکەش دەریان پەڕاندوون ، زۆر یەکسانانە بەم جۆرە ڕەفتارەوە بەرەو داوانى دوژمنانى شیوعیەتیش چوون بە – چی ئەڵێن نەک چییان کردووە – پەڕۆیەکى سپییان داوەتە سەر ڕابردووە خوێناوییەکەى بەعسییەکان و لە سەر خوانى سفرەى حازر لە گەڵیان دا دانیشتوون و بە کەمۆکەیەک ئیمتیازاتى حیزبیى هەموو شتێکیان لە بیر خۆیان بردۆتەوە و خۆشیان لە چاو و ڕاوى هێمایەکى سەوزى بەعسییەکان دا بە ئامادەباشییەوە ڕۆژگاریان بە ڕێ ئەکرد ، ئەگەر چاوێک بە ئەدەبیاتى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى دا بخشێنینەوە پڕە لە نامیلکەى – هەڵسەنگاندنى سیاسەتى حیزب – و لە هەموو هەڵسەنگاندنەکان هەر جارەى بەروارێک بۆ بەروارێک دیارى کراوە ، کە واتە لە هەموو وەرچەرخانەکان دا هەلى زێڕینیان بۆ هەڵکەوتووە و لە کیسى خۆیان داوە و پاشان کەوتوونەتە بەر لۆمەى پێگە حیزبى و جەماوەرییەکان و بۆ دەمکوت کردنى دڵسۆزانى ناو ڕیزەکانیان بەم کارە هەستاون و لە ژێر لێوەوە ترسنۆکانە دانیان بە هەڵەکانى پێشووترى خۆیان دا ناوە و بە بێ پەند وەرگرتن لێوەى دووبارەیان کردۆتەوە ، بەڵام لە بەڵًگە و دۆکۆمینتەکانى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە دژى هاوڕێ ڕاستگۆ و تێکۆشەرەکان کە بە سیاسەتى سەرکردایەتییەکەیان قایل نەبوونە و هەڵوێستیان وەر گرتووە ئەوا – پاڵەوان – ێتى سەرکردایەتى بۆ پووچەڵ کردنەوەى ، هەوڵ و تواناکانیان سنوورى بەزاندووە و گەلێک جار پاڵدانەوەیان بە دوژمنەوە بە باشتر زانیوە لە وێستە کردن و ملکەچ بوون بۆ ئیرادەى هاوڕێکانى ڕێکخستنەکانى خوارەوەى حیزبەکە و ڕەخنە و تێبینى و پێشنیارەکانیان و بە هیچ کلۆجێک گوێ ڕایەڵ نەبوونە بۆ دەنگى زۆرینە و بە میزاج و ئارەزووى سەرکردایەتى و بە تایبەتى خودى سکرتێر هەنگاو بەرەو گەمە کردن بە پیرۆزى و چارەنووس و پرەنسیپەکانى حیزبەوە کراوە و لە بەرامبەر دا داواى دیسپلنێکى کوێرانە لە ڕێکخستنەکانى حیزبەکە و ملکەچ بوون بۆ بڕیارەکانى سەرکردایەتى کراوە کە ئەمە پێچەوانەى مەبدەئى – سەرکردایەتى بە کۆمەڵ – ى شسوعییەکانە .

دیسانەوە دەنگى تەقەى کاس کەر خەڵک لە خەو ڕاچڵەکاندن و خورپە خستنە دڵیانەوە دەستى پێ کردەوە و فیشەک بەرى ئاسمانى ووڵاتى تەنییەوە ، بۆ جارى سێیەم گەلى عێراق لە دەمى نەتەوەپەرست و بەعسییەکان ئەکەوێتە خوار و هەڵ ئەگیرێتەوە و سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە چایخانەکەى خۆیان دا کوێخان و بە دەم قەند خواردن و قسەى زلەوە تەماشاکەرى وەزعەکەن و چاوەڕێ ى هیممەتى ئەوانەن کە دێنە سەر دەسەڵات ئاوڕێکیان لێ بداتەوە و بە مەرحەمەتى خۆى بارەگا و پارە و ڕۆژنامە و ئیمتیازات و کارى نهێنییان بۆ بگوازێتەوە بۆ ئاشکرا ، تا بە پشکێکى کەمیش بێت شەریکایەتى دەسەڵاتدارێتییان پێ ببەخشن و موافەقەى یەک دوو کورسییەکیان بۆ بکەن ، بە درێژایى مێژووى باڵا دەستیى ڕاستڕەوەکان هەرگیز پێش ڕووداو نەکەوتوون و هەمیشە لە دواوەى ڕووداوەکان دا لە پەراوێزەوە خنە خنیان کردووە .

لە 17 ى تەمموزى ساڵى 1968 بۆ جارى سێیەم بەیانى ژمارە 1 خوێندرایەوە و دەسەڵات گۆڕا و حیزبى شیوعى پێ لە سەر پێ ئەوەى بە خەیاڵى دا نەهاتبێت و بیرى لێ نەکردبێتەوە و هەوڵى بۆ نەدابێت دەسەڵات گرتنە دەست بوو هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى ڕاستڕەوى و حیزب بەڕێوە بردن لە لایەن هەلپەرستانەوە ، لەم جارەیان دا لە بەر دەسەپاچەیى سەرۆک کۆمار عەبدولڕەحمان عارف کە دواى سووتانى براکەى جڵەوى ووڵاتى گرتە دەست بێ خوێن ڕشتن کودەتا ئەنجام درا ، عەبدولڕەزاق نایفى بەڕێوەبەرى ئیستیخباراتى سەربازى و ئیبراهیم داود و حەماد شەهاب و سەعدون غێدان کە لە فەرماندەکانى پاسەوانى کۆمارى بوون و سەڵاح عومەر لعەلى و جەعفەر قاسم حەمودى و سەدام تکریتى هەستان بە داگیر کردنى کۆشکى کۆمارى و ئێستگەى بەغدا و داوایان لە عەبدولڕەحمان عارفى سەرۆک کۆمار کرد دەسبەردارى سەرۆکایەتى ببێت و لە بەرامبەر دا ژیانى پارێزراو ئەبێت و ڕەوانەى تورکیاى ئەکەن ، بێژەرى ڕادیۆیى – زیا بەیاتى – بروسکە دواى بروسکەى پیرۆز بایى ئەخوێندەوە بۆ پاڵپشتى سەرۆک کۆمار – ئەحمەد حەسەن بەکرى - ى کۆنە کودەتاچى شوباتى ڕەش ، عەبدولڕەزاق نایف بووە سەرۆک وەزیران و سەعد قاسم حەمودى بووە سەرپەرشتیکارى ڕۆژنامەى – جمهورى – و کەریم شەنتافیش سەروکارى ڕۆژنامەى – سەورە – ى لە حازم موشتاق وەرگرت ، تەمەنى ئەم کودەتایە دوو هەفتەى تێ نەپەڕاند و لە 30 تەمموز دا بۆ جارى دووەم بە بێ تەق و تۆق کودەتا لە نێوخۆى بەعسییەکان بەرپا بووەوە و باڵى بەکر – سەدام هەموو کایەکانى حوکمیان کۆنترۆل کرد و ئەمجارەیان ووریا تر هاتنەوە مەیدان بە کۆمەڵێک فێڵى سیاسى تازەوە و لە سەرەتاوە یەکسەر دەستیان بە ئازاد کردنى زیندانییە سیاسییەکان کرد و ئەوانەى لە سەر کار دەر کرابوون هەندێکیانیان گەڕاندەوە سەر کار تا بە بەرگێکى نێوە خۆیان نماییش بکەن ، هەروەها بەیاننامەى 11 ى ئازارى ساڵى 1970 یان دەر کرد وەکو هەنگاوێک بۆ دان نان بە مافى ئۆتۆنۆمى بۆ گەلى کورد و یاساى چاک کردنى کردنى کشت و کاڵ و خۆماڵى کردنى نەوت و یاساى کار و یاساى خۆماڵى کردنى نەوت و کۆمەڵێک هەنگاوى وا کە خواستى جەماوەرى گەل بوو بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر بۆ سەرکردایەتى حیزبى شیوعى مۆر کردنى ڕێککەوتننامەى دۆستایەتى نێوان بەعس و یەکێتى سۆڤیەت بوو .

لە پەناى ئەمانەشەوە هێشتا حیزبى بەعس دەسبەردارى ڕەفتارى تیرۆریستانەى خۆى نەبوو و لە تاریکییەوە بەر بووبووە وێزەى نیشتمانپەروەران لە سەرووى هەموویانەوە شیوعییەکان و چەندانیان ڕەشەکوژ کرد و بە ڕۆژى ڕووناک تیرۆریان ئەکردن و چەندانى دیکەشیان ئەڕفاند و لە ئەمنى عامە لە ناو حەوزى تێزاب دا ئەیانتواندنەوە یا لە ژێر ئەشکەنجە دا شەهیدیان ئەکردن و تەنانەت پەلامارى کەسایەتییە شیوعى و نیشتمانپەروەرەکانى دەرەوەى ووڵاتیشیان خستبووە بەرنامەى خۆیانەوە ، ئەم ئاگرى کوشت و بڕە ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى حیزبى شیوعیشى گرتەوە بەڵام بێدەنگى لێ کرا و بە ناوى پشتیوانى لە دەسکەوتەکانى بەعس ڕێگەى هەڵدێرى دروست کردنى بەرە لە گەڵ دژە شیوعییەکان دا خرایە سەرووى هەموو پرەنسیپەکانەوە لە لایەن ڕاستڕەوانى سەرکردایەتى حیزبى شیوعییەوە کە لە زۆرینەى ڕەهاى ناو مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى ناوەندى پێکهاتبوون و تا لە ساڵى 1973 بە مەرامى خۆیان گەییشتن و بەرەى بە ناو – نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز – یان لە گەڵ بەعسییەکان دا ڕاگەیاند بە بێ گوێ گرتن لە ناڵەى خانەوادەى شەهیدان و کادیر و ئەندامانى حیزبەکە کە زۆرینەى ڕەهاى پێچەوانەى بیر و بۆچوونى سەرکردایەتییەکەیان پێک ئەهێنا ، لێرەوە ئیرادەى خۆیان ڕادەستى بەعس کرد و بە دوو وەزارەت بوونە شەریکى حکومەتى بەعس 1 – عامر عەبدوڵا کە لە تەواوى ژیانى دا بۆ ساتێک و بۆ گەمەش لایەنگرى بۆ هزرى شۆڕشگێڕانە بە کردەوە نیشان نەداوە و هەمیشە دژ بووە لە گەڵ هەموو پرۆسیسێکى شۆڕشگێڕى لە ناو حیزب دا ، کرا بە وەزیرى دەوڵەت 2 – موکەڕەم تاڵەبانیش بە وەزیرى ئاودێرى دەست نیشان کرا ، ئەم پۆستانە دیارە بە قڕ و قەپ کردن لە ڕشتنى خوێنى ئەو هاوڕێیانەیان بوو کە بەعس لە پەنا و پەسێو و تاریکى دا شەهیدیانى کرد : 1 – ستار خزەیر ، لە لایەن ئەمنى خاسى سەر بە سەدام و نازم گزارە وە لە ناوەڕاستى شەقام و بە بەرچاوى هەموشۆکەرانەوە لە بەغدا شەهیدیان کرد لە ساڵى 1969 . 2 – عەبدولئەمیر سەعید ، لە ماڵێکى حیزب دا هەڵیان کوتایە سەرى و لە هەمان ساڵ و لە لایەن هەمان دەستە و تاقمى خوێنخۆرەوە شەهید کرا . 3 – محەمەد لخزرى ، ئەندامى لیژنەى مەنتیقە و قوربانییەکى دیکەى سیاسەتى خۆپەرستانەى سەرکردایەتى حیزبى شیوعییە کە لە سەر دەستى بەعسییەکان لە بەغدا ڕفێنرا و دواى دوو ڕۆژ تەرمەکەیان لە نزیکى سامەڕا دۆزییەوە . 4 – شێخ عەلى بەرزنجى ، ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى بوو لە یەکێک لە دڕندانە ترین هێرشى بەر بڵاوى بەعسییەکان بۆ سەر ڕێکخستنەکانى حیزبى شیوعى لە کەرکوک دا ناوبراو دەسگیر کرا و بە نامرۆڤانە ترین شێوازى ئەشکەنجە شەهیدیان کرد ، ئەمانە و جگە لە دەیان شەهیدى تر و سەدان زیندانى خۆڕاگر کە نەبەردانە بە گژ دوژمنان دا ئەچوونەوە و مەرگیان خستبووە پێش سەردانەواندن بۆ بەعسییەکان 5 - تۆفیق ئەحمەد کە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى بوو و لە لایەن بەعسییەکانەوە گیرا و بەرگەى ئەشکەنجەى دڕندانەى نەگرت بۆیە بووە مایەى بە گرتن دانى دەیان هاوڕێ کە ئەیناسین ، لە بار و دۆخێکى ئاوها دا بێ گوێدانە هیچ نەریتێکى کۆمەڵایەتى و سیاسى سەرکردایەتى حیزب کەوتەوە فریودانى هاوڕێکانى لە ژێر پەردەوە بە ناوى ڕێگاى گەشەى ناسەرمایەدارى بەرەو سۆشیالیزم چاوەڕێى دەستى سوورى بەعسییەکان بوون بخرێتە ناو دەستیان بۆ هەنگاو نانى پێکەوەیى ( بەرەو کۆمەڵگایەکى بێ چین و یەکسان ! ! ! ) .

 

بێ متمانەیى بە حیزبى بەعس لە لایەن شیوعییەکانەوە زیاد لە 75% ى اتەواوى پێگە و ڕێکخستنەکانى حیزبى گرتبووەوە چونکە ئەزمونى تاڵى ڕابردوو ئەو ڕاستییەى سەلماندبوو کە حیزبى بەعس خاوەنى ئەو ئایدیۆلۆژیایە نیە کە لە لایەن حیزبێکى شیوعییەوە هەوپەیمانێتى لە گەڵ دا ببەسترێت ، بەڵام سەرکردایەتى عەزیز محەمەد پێچەوانەى ئەم ئاراستەیە لە باتى هاوپەیمانێتییەکى تەکتیکى وەکو ستراتیژێکى مەبدەئى درێژ خایەن وەکالەتى شیوعییەکانى ڕادەستى بەعسییەکان کرد بۆ بنیات نانى نیشتمانێکى ئازاد و گەلێکى بەختیار ؟ ! .
 


07701309524 

Hewarash1@yahoo.com