په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٢\٢٠١٠

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هه‌فتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.

هیوا ڕەش    

بەشى چواردەم (ج)

قۆناغى دەرفەت دۆڕان. 2003 2005


خۆگێل کردن و خۆخافڵاندنەکانى سەرانى حشکع بۆ وەستان لە ئاستى تەنگژەکان و چارەسەرییە بە پەلەکانى ئەو قەیرانانەى جەستەى حزبەکەى داهێزراندبوو بە ئاشکرا درکى پێ ئەکرا ، دواى مت بوونى پرۆسەى ووتووێژ لە گەڵ هاوڕێیانى حزبى شیوعى کوردستان باشور و تێپەڕ بوونى 4 مانگ بە سەر کاتى ئەو دانیشتنەى بڕیار وا بوو لە بارەگاى کۆمیتەى پارێزگاى سلێمانى حشکع لە نێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێ ، بۆ جارێکى تریش سەرانى حشکع وەکو قارچک دەستپێشخەرییەکى نوێیان هەڵتۆقاندەوە و وەڵامیان نارد کە پێیان خۆشە کۆببینەوە بۆ تاوتوێ کردنى ئەو دۆخەى هاتۆتە ئاراوە ، ئێمەش پێمان باش بوو بەڵام ئەوان بەدەر لە ڕا وەرگرتنى ئێمە و بە شێوازێکى ئەمریى وەڵامیان نارد کە ڕۆژى هەینى کاتژمێر 7 ى ئێوارە لە ماڵى ئەبوکاروان چاوەڕێمان ئەبن ، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندن : 1 پێمان باشە کۆبوونەوەکە لە یەکێک لە بارەگاکان دا بکرێت . 2 با لە ڕۆژ دا بێت نەک شەو . 3 سوبحى مەهدى لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبێت . 4 لە ڕاگەیاندنەکان دا باسى بکرێت ، دواى ئەوە دیسانەوە بێدەنگى باڵى بەسەر هەردوولادا کێشا ، ئەوان ئەیانویست گزى

بکەن بەڵام هەموو فرت و فێڵەکانیان هەموو فێڵەکانیان ئاشکرا و دیار بوون .

دواى ئەوەى حزبى شیوعى کوردستان باشور ڕاگەیەنرا و پرۆژەى پرۆگرام و پەیڕەوى ناوخۆ خرایە بەردەم هاوڕێیانى حزب و جەماوەرەکەى و لە هەمان کات دا داوایەک پێشکەش بە وەزارەتى ناوخۆى ئیدارەى سلێمانى کرا بە مەبەستى مۆڵەت وەرگرتن بۆ حزب کە هاوکات مۆڵەتى فەرمى بۆ ڕۆژنامەى کۆڕى تێکۆشان بە دەست هێنرا ، سەرانى حشکع بە جموجۆڵەکانى حزبى شیوعى کوردستان باشور قەڵس و نیگەران بووبوون بۆیە هەموو توانایان بۆ ئەوە خستەگەڕ ڕێگە لە مۆڵەت وەرگرتنیان بگرن و لە ئاستى پەیوەندییە سیاسییەکانیش هەوڵى زۆریان دا بۆ گۆشەگیر کردنیان بەڵام نوشوستیان هێنا ، ئەوە بوو لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى 2005 ى کوردستان دا حزبى شیوعى کوردستان باشور ئیئتیلافیان لە گەڵ حزبى زەحمەتکێشاندا کرد و چوونە ناو پرۆسەى هەڵبژاردنەوە و وەکو لیستێکى بەرهەڵستکارى دەسەڵات کە ئەمە یەکەمین جار بوو زەنگ و ڕەنگى ئۆپۆزیسیۆن لە مەیدانى سیاسى کوردستان دا بەو شێوەیە خۆى بنوێنێ ، بە پێچەوانەوە سەرانى حشکع لە سەر سیاسەتى کلکایەتى و پاشکۆیەتى خۆیان هەر بەردەوام بوون و بەرەى دەسەڵاتیان بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە تایبەتییەکانى خۆیان کردە مەنزڵگەى سیاسى حشکع و بەم هەنگاوە ناشۆڕشگێڕانەیەیان هێندەى دیکە درزى نێوانیان لە گەڵ جەماوەردا گەورە کردەوە و بە جارێک وەکو نووسینگەیەکى بازرگانیى قەتیس ماوى نێو چوار دیوارى بارەگاکان بە دیار پارە و دەسکەوت و ئیمتیازاتەوە کۆستیان کەوت و چاوەخوارى مەکرەمە و مەرحەمەى حزبە دەسەڵاتدارەکان بوون و لە دووڕێیان و وەرچەرخانەکاندا نەرمە هەڵوێستیان بە پرس و ڕاوێژى ئاغاکانیان دەرئەبڕى ئەمەش بە مەبەستى بەرچاو ڵێڵ کردنى دەنگە ناڕازییەکان لە سیاسەتى سەرکردایەتى حزبەکە .

حزبى شیوعى لە تەواوى بوارەکان دا لە پاشەکشەدا بوو ، تا ئەهات بچووکتر ئەبووەوە بە هۆى دابڕانى لە جەماوەر و خۆخزاندنە نێو بارەگاو بە وەزیفە کردنى کارى حزبى و بە کارمەند کردنى کادیرەکانى کە بە ڕوونى بەرجەستە بووبوو لە ڕیزەکانى دا ، ئەم فاکتەرانە ڕێگە خۆشکەر بوون بۆ باڵى ڕاستڕەو و هەلپەرست کە چارەنووسى حزبەکە ببەستنەوە بە بەرژەوەندییەکانى خۆیانەوە ، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى کوردستانى ساڵى 2005 دا ڕاشکاوانە مەرامە پەنهانەکانى سەرانى حزبەکە دەرکەوتن لەوەى کورسییەکانى پەرلەمان و حکومەت لە نێوان خۆیان دا دابەش بکەن و لەو ڕێگەیەوە خۆیان دەوڵەمەند تر بکەن و لە بەرامبەردا ملکەچى بڕیارە سیاسییەکانى دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەى پارتى و یەکێتى ببن و تەنانەت وەکو بەشێک لەوان ڕەفتار بکەن لە هەمبەر پێشهاتەکان دا ، سیاسەتى سازشکارانەى دەقگرتووى سەرانى حزبى شیوعى ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زیاتر ئەسەپێنرا تا بەوە گەییشت کە حزبى شیوعى لە ئیرادەى خۆى دابماڵێنن و لە بنەما فیکرییەکانى بەرەو لادانى ببەن و شوناسى چینایەتى بسڕنەوە و بیکەن بە حزبێکى پەڕ و باڵ کراوى وابەستەى دەسەڵاتى بۆرژوازى حوکمڕانى کوردى .


تێبینى: لەسەر داواى زۆرێک لە دۆستان بەشەکانى ترى ئەم زنجیرە نووسینە لە کاتێکى دیکەدا بڵاو ئەکەمەوە و لەم بەشە بەدواوە دەستى لێ هەڵئەگرم تا دواى پرۆسەى هەڵبژاردن ، بەو هیوایەى لە داهاتوویەکى نزیک دا بە چەند ووتارێکى تر کۆتاییان پێ بهێنم .
___________________________
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە :
1 کتابات الرفیق فهد - زکی خیری
2 چینى کرێکارى عێراق دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد
3 یادەوەرییەکانى بەهاددین نورى
4 الوجدان دکتور فائق بەتى
5 الاستبداد و القسوە فی العراق دکتور کازم حەبیب
5 للتاریخ لسان مالک سیف
6 ململانێ لە نێو حزبى شیوعى عێراقى دا نەجم مەحمود
7 پشتاشان لە نێو ئازار و بێدەنگى دا قادر ڕەشید
8 یادەوەرییەکانى عەبدولستار تاهیر شەریف
9 - ژمارەکانى ڕۆژنامەى کۆڕى تێکۆشان
10 - ئەدەبیاتى حزبى شیوعى کوردستان باشوور

 

07701309524
 Hewarash1@yahoo.com