په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\٨\٢٠١٠

خوێندنه‌وه‌یه‌کی کورتی سەگی بەڕەڵڵاى سادق هیدایەت.


فەرشید شەریفى 


سادق هیدایەت یەکێک لە بەرجستەترین چیـرۆک نووسانى ئێرانییە و لە بەر ئەوەى نووسەرێکى ناسراوە و لە بارەیەوە زۆر نووسراوە و وتراوە و پێم وا نیە ئەوەى تەنانەت تۆزقاڵێک سەرى کێشابێتە دنیاى ئەدەبیات، بەتایبەت چیـرۆکەوە، ئەو کەسایەتییە نەناسێت، هەر بۆیە دوان لە سەر ژیان و بەسەرهات و جۆرى گوزەرانى هیدایەت بە پێویست نازانم و تەنها لەو شوێنانەدا باسیان دەکەین کە پێوەندى بەم چیـرۆکەوە هەبێ کە خوێندنەوەیەکى خێراى لە سەر دەکەین. هیدایەت زۆربەى چیـرۆکەکانى بە وەسف کردن دەست پێدەکا و یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانى چیـرۆکەکانى هیدایەت، وەسف کردنییەتى لە ژیان، کۆمەڵـگا، کەسایەتى ئینسانەکان، کووچە و کۆڵان، جۆرى دروست کردنى بیناکان، جۆرى خواردن و قسە کردن و ڕێگە ڕۆیشتنى هەموو بوونەوەران بە ئینسان و ئاژەڵەوە و زۆر شتى وردتر کە ڕەنگە کەسانى ئاسایى هەرگیز دەرکیان پێ نەکردبێ و بێ گومانیش هەر وایە. زۆر شت کە ئینسان گەلی ئاسایی لەوانەیە ڕۆژێ چەند جار ڕووبەڕوویان ببنەوە، کەچی هەستیان پێناکەن و تەنها ئەوانەی نیگایەکی تیژیان هەیە دەیانبینن و لێشیان ورد دەبنەوە. بآگومان هیدایەتیش لەو نیگا دەگمەنە تێژبینانەیە. سەگە بەڕەڵڵاش وەک زۆربەی چیـرۆکەکانی هیدایەت، بە وەسف کردن دەست پێدەکا و وەسفی ئەو شوێنەی کە چەقی ڕوودانی ڕووداوەکانی ئەم چیـرۆکەیە، واتە مەیدانی وەرامین. 'چەند دووکانی بچووکی نانەواخانە، قەسابی، عەترفرۆشی، دوو چایخانە و سەرتاش خانەیەک کە هەموویان بە مەبەستی جێبه‌جێکردنی پێداویستییە هەرە سەرەتایی یەکانی خەڵـکی، مەیدانی وەرامینیان پێک دەهێنا...'.

 

وەسف کردن، بەشێکی جیانەکراوەی چیـرۆکەکانی هیدایەتە و زۆر وردبینانە تەنانەت دارە چنارێکی بەساڵاچووی مەیدانی وەرامینیش بەم جۆرە وەسف دەکا: 'لە گۆشەیەکی ئەو مەیدانەدا، دارە چنارێکی پیـر هەبوو کە لە نێوآدا ڕزابوو بەڵام بە سین سەختی یەکی یەگجار زۆرەوە، لقە لار و گێڕەکانی بڵاو کردبوەوە و...' وەک دەبینین ئەو چنارە پیـرە نەک هەر وەسف کراوە، بەڵـکوو گیانیشی پآبەخشراوە و تەواو وەک ئینسانێک، یان بوونەوەرێکی ئاوەزمەند مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و نموونەی لەو جۆرە لە سەرجەم چیـرۆکەکانی هیدایەت دا وە بەر چاو دەکەوآ. پاڵەوانی سەرەکی سەگە بەڕەڵڵا، وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، سەگێکە. سەگێکی ئیسکاتلەندی. سەگێکی خەمبار، دڵنیگەران، پەشۆکاو، ترساو، ناتەوان، سست و بآئیـرادە، سەرسواڵکەر، دایمە برسی و زۆر شتی تر کە هیدایەت وەک گێڕەوەیەکی زانا (ڕاوی زانا) سەر ئەکێشێتە هەموو کون و قوژبنی هەست و نەستی ئەو سەگەوە و تەنانەت ترپەی هەناسەکانیشی دەبیسێ، هەست بە دڵەڕاوکێی دەکا و یەک بە یەکی ویستەکانی دەناسێ. هیدایەت لە یەکەمین وەسف کردنی سەگەکەدا دەلێ: 'لــە بــنـی چــاوانـــــی دا، ڕۆحێکی ئینسانی دەبینرا... پەیامێکی پێ بوو کە دەرک پێکردنی ئاسان نەبوو...' ئەو ڕۆحە ئینسانییە چیە؟ ئەوە چ ڕۆحێکە کە هیدایەت لە جەستەی سەگێک دا ئەیبینێتەوە؟ ئایا ئەوە هەر خودی ڕۆحی ئینسان نیە؟ ڕۆحی ئینسانی سەردەمی هیدایەت؟

 

ئەوە شتێکی ڕوون و حاشاهەڵنەگرە کە هەموو نووسەرێک هەڵقوڵاوی سەردەمی خۆیەتی و بە گوێرەی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەی دەنووسێ، کە تێی دا دەژی. بێگومان هیدایەتیش کە لەو سەردەمەدا ژیاوە، کاریگەری لەو هەموو فاکتەرانەی سەرەوە وەرگرتووە و لە گۆشەنیگایەوە چیـرۆکەکانی نووسیوە. ئەگەر ئەو سەگە بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە، گرآ بدەین بەو سەردەمەی کە هیدایەتی تیا ژیاوە، هەروەها بە پێی ئەو زانیارییانەی لەمەڕ ئەو سەردەمە بە ئێمە گەیشتووە، بەو ئەنجامە دەگەین کە بە پێی بارءدۆخی کۆمەڵایەتی و... ئەو سەردەمە و فەزایەک کە دەسەڵاتدارانی ئەو قۆناغەی مێژوو هێناویانەتە ئاراوە، ئینسان وەزعێکی لەوە باشتـری نەبووە؛ واتە ئینسانێکی پەشۆکاو، دڕدۆنگ، دەستەوەستان، ناتەوان، سست و بآئیـرادە. کە واتە هیدایەت بەم جۆرە ئەو فەزایەمان بۆ وێنا دەکا. پاڵەوانی چیـرۆکەکە، سەگێکی ون بووە، سـەگــێکی خـاوەن ون کردوو، کە دایمە بە دوای خاوەنەکەی دا دەگەڕێ. بیـر لە ڕابردووی دەکاتەوە. نوقمی دەریای بیـرەوەرییەکانێتی و بە حەسرەتی چرکەساتە شیـرینەکانی ڕابردووی دەناڵێنێ. هەر بەو پێیە ئینسانی سەردەمی هیدایەت ئینسانێکی داماو، ناتەوان، سست و بێ ئیـرادە و لە هەموویان گرینگ تـر'شوناس' ون کردووە. واتە ئینسانێکی بآ'هۆوییەت'. ئینسانێک کە بە دوای شوناسی خۆی دا دەگەڕێ و بە هیوایە بە دەستی بهێنێتەوە. 'لە حاڵەتی نیوەخەو و نیوەبێداری دا، چاوی بڕیبووە سەوزەزارێک کە لەبەر دەمی دا خۆی دەنواند، ماندوو بوو و ئەعسابیشی تێک چووبوو... بۆنی جۆراوجۆری سەوزەزارە نیوەگیانەکان، تا کەوشێکی کۆنەی نم کێشاو، بۆنی شت ومەکە بێ گیان و گیاندارەکان، لە لووتی ئەدا و بیـرەوەرییە تێکەڵوپێکەڵەکانی ڕابردووی بۆ زیندوو دەبۆوە و ...' ئەمەش تەقەڵا بۆ گەیشتن بە دنیایەکی جوان تـر و خۆش تـر ئەگەیەنێ و بەپێچەوانەی بیـر و ڕای ئەوانەی کە باوەڕیان بە نیهیلیست بوونی سادق هیدایەت هەیە، ئەوە دەرئەخات کە هیدایەت لەوپەڕی ناهومێدی و بێ هیوایش دا هێشتا ئومێدوارە و هەوڵ ئەدا بۆ دەستەبەر کردنی لایەنە جوانەکانی ژیان و ئەو مەسەلەیەش لە ڕەفتار و کردەوەی پاڵەوانی چیـرۆکەکەی دا ڕەنگ ئەداتەوە.

 

لە لایەنێکی ڕەوانناسانەوە، هەر ئەو مەسەلەی سەرەوە دیسانەوە پاڵەوانی چیـرۆکەکە ئەگرێتەوە (مەسەلەی ئێستای نالەبار و ڕابردووی خۆش و دڵخواز). '... لە نێو ئەو بۆنانەی بە لووتی دا ئەهاتن، بۆنێک زیاتر لەوانی دیکە، سەرخۆشی ئەکرد، واتە بۆنی شیـربرنجی ئەو کوڕە چکۆلەیەی (کە بۆ فرۆشتن داینابوو)چونکە لە شیـری دایکی ئەچوو و بیـرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی بۆ زیندوو ئەکردەوە...' ئەو پێوەندییەش بەم جۆرە نیشان دەدەین: ڕابـــــردوو ئــێـســتــا بارءدۆخی لەبار بارودۆخی نالەبار بیـرەوەری خۆش بیـرەوەری ناخۆش هیدایەت چیـرۆکەکە لە درێژەدا دێتە سەر مەسەلەیەک کە ئەبێ لە ڕوانگەی ڕەوانناسی جنسییەوە خوێندنەوەی لە سەر بکرێت. لێرەشەوەیە کە ناوی پاڵەوانی چیـرۆکمان بۆ ئاشکرا ئەبێت کە ئێستا ناوی نەهێنرابوو. ئەو ناوەش 'پات'ە. هیدایەت ئەڵێ: 'مەست بوونی پات، بووە هۆی بەدبەختی و سیاچارەیی ئەو، چونکە خاوەنەکەی نەیدەهێشت لە ماڵ بچێتە دەرەوە و بکەوێتە دوای دێڵەسەگەکان...'.

 

لێرەدا گرنگایەتی غەریزەی جنسی دەرئەکەوێت و ناڕاستەوخۆ بە گوێی خـــوێنــەرا ئــەدرێت و لـە ڕەفـتـاری پــات دا بەرجستە ئەبێت و پاڵەوانی چیـرۆکەکە وا لـێدەکا کە بە تەواوەتی زەینی دائەگرێت و فکر و هۆشی دەستەمۆ ئەکات و لێرەدا بیـر و ڕاکانی فرۆید لە بارەی ناخودئاگا و غەریزەی جنسییەوە قوت ئەبنەوە. '... بەهەڵـکەوەت بۆنی دێڵەسەگێک، شوێنەواری بۆنی تایبەتی هاوجنسێک کە پات بە دوای دا ئەگەڕا، شێت و هاری کرد... دەمەوئێوارە سەرلەنوآ دەنگی خاوەنەکەی خۆی بیست کە ئەیوت: پات... پات!... ئەگەرچی دەنگی خاوەنەکەی کاریگەرییەکی یەگجار زۆری لە سەر دائەنا... بەڵام هێزێک لە سەرووی هێزەکانی دنیای دەرەوە، هانی دابوو کە لەگەڵ دێڵەسەگەکەدا بمێنێتەوە...'

 

لێرەدا دیارە هیدایەتیش لەگەڵ بیـر و ڕاکانی فرۆیدایە و قامکی خستۆتە سەر ئەو مەسەلەش. ئەڵبەت نە بە شێوەیەکی زێدەڕەوانە و ئەوە تەنها بە بەشێک لە ژیانی گیانلەبەران ئەزانێت، بەپێچەوانەی فرۆید کە هەموو مەسەلەیەکی ئەهێنایەوە سەر مەسەلەی غەریزەی جنسی. 'پات گێژ و مەنگ و ماندوو، بەڵام ئاسوودە و ڕەحەت، تا هاتەوە سەر خۆی، بە دوای خاوەنەکەی دا گەڕا...' کە واتە ئەوەی کە هیدایەت ڕقی لە ژن بووە و هەر بۆیە تا مرد ژنی نەهێنا، بەم جۆرە ڕەت ئەکرێتەوە، چونکە ئینسان دۆستێکی وەک هیدایەت، ناتوانێت ژنی خۆش نەوێت. مەگەر ئەکرێت کەسێک ئینسانی خۆش بوێت، بەڵام ژنی وەک نیوەیەکی کۆمەڵـگا، وەک هەوێنی ئەوین و دلۆڤانی خۆش نەوێت؟! جا بۆچی تا مرد ژنی نەهێنا بە تەواوەتی ڕوون نیە ــ یان بە لانی کەمەوە من لەو بارەیەوە زانیاریم نیە ــ پات سەرەنجام بە خۆشییەکی کاتی ئەگات کە زۆریش درێژەی نابێ. '... پیاوێک لە ماشێنەکەوە دابەزی، چووە لای پات و دەستێکی بە سەری دا کێشا. ئەم پیاوە خاوەنەکەی نەبوو. پات فریوی نەخواردبوو، چونکە بۆنی خاوەنی خۆی باش ئەناسی...' هەر ئەوە پات ئەخاتە جم وجۆڵ و ڕۆحییەیەکی باشتـر پەیدا ئەکات. پاش ئەوەی کە پیاوەکە بە جێی ئەهێڵێت و ئەڕوات، پاتیش بە دوای دا ئەچێت . '... بە هەموو هێزییەوە و لە ڕووی نائومێدییەوە هەنگاوی دەنا... بەڵام پێی نەدەگەیشت...' ' پات بەو هەموو رۆِژە سەختانەی هەیبووە و کەچی نائومێدیشە، بەڵام هەر ئەڕوات.

 

واتە هەوڵ و تەقەلا. واتە سڕینەوەی مۆرکی نیهیلیزم لە سەر چیـرۆکەکانی هیدایەت. بەپێچەوانەی زۆربەی ئەو خوێندنەوانەی کە لە سەر چیـرۆکەکانی هیدایەت کراوە و بە نیهیلیستێکی ڕەش بین لە قەڵەم دراوە، لە ناخی ئـــەو ڕەش بینییەی دا، چاوی لە ڕووناکی بڕیوە و لە نێو ئەم ڕەشایی یەدا ڕووناکی ئەبینێت. هەرچەند پات پاش تەقەلایەکی زۆر لە پێ ئەکەوێت و سێ قاڵاوی برسی دێن چاوی دەربێنن بەڵام... 'دەمەوئێوارە سێ قاڵاوی برسی لە سەر سەری پات ئەفڕان، چونکە بۆنی پاتیان لە دوورەوە بیستبوو. یەکێکیان بە ئیحتیاتەوە نزیکی بۆوە و باش سەرنجی دا، هەر کە دڵنیا بوو پات هێشتا بە تەواوی نەمردووە، دیسان فڕییەوە. ئەو سێ قاڵاوە بۆ دەرهێنانی دوو چاوە میشییەکانی پات هاتبوون.' ئەوەش بەردەوامی ژیانی پاڵەوانی چیـرۆک ئەگەیەنێت. ئەوە ئەگەیەنآ کە ژیان ئەرزشی ئەوەی هەیە بۆی بمریت و وەک ئەڵێن: 'مەژی بۆ مردن، بمرە بۆ ژیان' و ئەوەش ئەوپەڕی هیوا و دڵـگەرمی لە چیـرۆکی هیدایەت دا دەگەیەنآ. کورتەیەک لە چیـرۆکی سەگە بەڕەڵڵا 'سەگە بەڕەڵڵا' چیـرۆکی سەگێکی ئێسکاتلەندییە بە ناوی 'پات'، کە ڕۆژێکیان لەگەڵ خاوەنەکەی دەچێ بۆ شاری وەرامین لە نزیک تاران. لەوێ، بە هۆی بۆنی دێڵەسەگێکەوە ڕێگای لێ ون دەبێ و لە خاوەنەکەی جیا دەبێتەوە.

 

لەو ڕۆژەوە پات لەگەڵ دێوەزمەی برسێتی و وەیلانی دەستەویەخە دەبێ و بۆ چارەسەری برسێتیشی ناچار دەبآ بە ترس و لەرزەوە لە زبڵدانەکان دا لە خواردەمەنی بگەڕێ و هەر لە بەیانییەوە تا ئێوارە لێی بدرێ و بناڵێنێ. پاشان چاوی ئەبڕییە قەسابی و نانواخانەی سەر ئەو کووچەی لێی وەردەکەوت، بەڵام لە لێدان و زەجر کێشان زیاترچی دیکەی دەست نەدەکەوت، پات لە ژیانی ڕابردووی خۆی بێجگەلە حاڵەت گەلێکی تەم و مژاوی، هیچی وە بیـر نەئەهاتەوە و ڕابردووی بە تەواوی لە بیـر چووبۆوە، تا ڕۆژێکیان پیاوێک هات و پاش نەوازش کردن، چەند پاروو نان و ماستی پێدا، بەبێ ئەوەی لێدانی بە دواوە بێت. ئاخر پات لەوە پێش هیچ خواردنێکی بەبآ لێدان و ئەشکەنجە نەخواردبوو. پاشان پیاوەکە سواری ماشێنەکەی ئەبێت و ئەڕوات. پاتیش بۆ وەفاداری و ڕێز لێنان وە دوای ئەکەوێت و هێندە بە ڕێگەدا ئەڕوات تا ئاخرەکەی هیلاک و مانـــدوو لــە گــۆشــەیەک وەردەکەوت. سەرەنجام وەک بآگیانێکی لـێدآ. دەمەوئێوارە سآ قـــاڵاوی بــرسی بــــە ســەر پــات دا ئــەفـــڕێن و بـە تەمای ئـەوەن پات بە تەواوەتی بمرێت تا هەر دوو چاوە میشییەکەی دەربێنن.
 

ماڵپه‌ڕی فه‌رشید شه‌ریفی