په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٠\٢٠١٦

خوێندنەوەیەکی ماتریالیستانە بۆ ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٦.

نادر عەبدولحەمید   

یەکەم: ئەڵقەیەک لە زنجیرەیەکی نەپساوە، چرکە ساتێک لە پڕۆسەیەک.


١. ئەم دیاردەیەی ھاوکات مانگرتن و خۆپێشاندان، کە لە ٢٧ی سێپتێمبەری ٢٠١٦ لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی زۆنی سەوزی ژێر دەسەڵاتی (یەکیەتی و گۆڕان) لە کوردسانی عێڕاقدا خۆی خستەڕوو، بەردەوامی زنجیرە ناڕەزایەتیەکی نەپساوەیە و لەم چرکە ساتە دیاریکراوەدا گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستای و لەم شکڵەدا خۆی دەرخستوە. ھەروەک بەردەوامی ھەر ئەو زنجیرە ناڕەزایەتیانە، پێشووتر لە ئۆکتۆبەری ساڵی پاردا لە شکڵێکی تردا خۆی خستبوەڕوو.


٢. بەم پێیە ئەم دیاردەی سێپتێمبەری ئەمساڵ (٢٠١٦) و ئۆکتۆبەری ساڵی پار (٢٠١٥)، بەردەومی یەکتر و کامڵکەری یەکترین، دوو شکڵ و شێوازی جیا، دوو ئاستی پەرەسەندن لە ڕەوتی بزوتنەوەیەک نیشان دەدەن. بزوتنەوەیەک کە بە چەندین چرکەساتی بەرزونشێوی، پێشڕەوی و پاشەکشە، کۆکردنەوەی ھێز و لەدەستدانی ھێز، ھەروەھا بەدەستھێنانی ئەزمون و ئاگاھی سیاسی لەگەڵ حزب و ڕەوتە سیاسیەکاندا، تێپەڕیوە تا گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستای.


٣. ئەم چرکە ساتەی سێپتێمبەری ئەم ساڵ، لە چاو تەقینەوەی خۆبەخۆیی جەماوەری توڕە و ناڕازی ئۆکتۆبەری ساڵی پار (٢٠١٥)دا، نەک ھەر لە ڕووی شکڵ و شێوازی ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕێکخراوەیی و بەرفراوانی و بەشداری توێژگەلێکی زۆرتر لە کۆمەڵانی کرێکار و زەحمەتکێش و ئەھلی کەسەبەی ناو بازاڕەوە (بە مانگرتن و دوکان داخستن)، بەڵکو لەڕووی سیاسی و ناوەڕۆکیشەوە، لە فۆڕمی خواست و شیعاراتەکانیشەوە کامڵبونێکی پێوە دیار بوو.


٤. نەک ھەر ئەمە بەڵکو حزبەکانی کۆنە ئۆپۆزیسیۆنی دەورانی پێشوو، واتا (گۆڕان) و حزبە ئیسلامیەکانی ھاوپەیمانی کە وەختی خۆی بەئاسانی سواری شەپۆلی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ بوون، چانسێکیان ھەبوو کە سواری شەپۆلی خۆپێشاندانەکەی ئۆکتۆبەری پاریش (٢٠١٥) ببنەوە، بەڵام لە ئێستادا لەڕووی بابەتیەوە بەھۆی مانەوەی قاچیان لەناو دەسەڵات و ھەڵوێستی ڕەزیلانەیان بەرامبەر (پارتی) لە یەکساڵی ڕابردوودا، ئەو ھەلەیان لە دەست خۆیاندا کە بەو ئاسانیە بتواننەوە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی ٢٧ی سێپتێمبەر(ی٢٠١٦) ببن. ئەمەش نە بەومانایەیە کە ئەو مەترسیە کۆتایی ھاتووە، وە نە بەو مانایەشە کە ئەم بزوتنەوەیە تەواو ھاتۆتە دەرەوە لەژێر باری ئاسۆی ئەو حزبانە، بەڵکو بەو مانایەی کە زەمینەیەکی مادی و بابەتی سیاسی ڕەخساوە بۆ وەلانانی ئەو ئاسۆ و مەترسیە.


٥. گەرچی ئەم دیاردەیە لەم شکڵە لە دەرکەوتنیدا تەنھا زۆنی سەوزی گرتۆتەوە، و بەھۆی سەرکوت و ترۆر، خەفەقانی سیاسی و داپڵۆسێنەرانەی دەزگای سیخوڕی "پاراستن"ی (پارتی)ەوە، نەیتوانیوە لە زۆنی زەردیشدا خۆی نمایش بکات، بەڵام لەژێرەوە لە ناو دڵی کۆمەڵگەدا لەو ناوچانەشدا زیندوە و وەک مەنجەڵە ئاوێکی سەر ئاگردان دەکوڵێت و لە ژێرەوە قڵپ دەدات، ئەوە پلەیەک لە بەھێزی ئیستیبدادی (پارتی)ە، کە لەم چرکە ساتەدا، وەک سەرقاپێک ڕێگرە لە ھاتنەدەرەوەی. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە خودی ئەم دیاردەیەی ٢٧ ی سێپتێمبەر گوزارش لە خواست و ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ھاوڵاتیان دەکات لە تەواوی کوردستاندا بەھەردوو زۆنی سەوز و زەردیەوە، وە لە شکڵدا ڕووی لە حکومەتی ھەرێم و لە ناوەڕۆکدا بەپلەی یەکەم دژی (پارتی)، حزبی قۆرخکاری دەسەڵات و سەروەتە لە کوردستاندا.


٦. ئەم ھاوکێشەیەی خاڵی پێنجھەمە، وای کردوە تا حزبەکانی تری غەدرلێکراو و بەشخوراو لە کێکی دەسەڵاتی حکومەتە بنکە فراوانەکەیان، لە لایەن (پارتی) ەوە، ئەو ھەلەیان بۆ بڕەخسێ تا بە زمانلوسیەوە ھاوسۆزی درۆینەی خۆیان بۆ ناڕەزایەتیەکان دەرببڕن و بیانەوێت شانی خۆیان دەرکێشنەدەرەوە لە ژێر باری بەرپرسیارەتیەک و سیاسەتێکی ھاوبەشیان کە بارودۆخی ھەرێمەکەی بەم ڕۆژ ڕەشیەی ئەمڕۆ گەیاندوە. بۆیە ڕوویەکی تری ئەم ھاوکێشەیە بۆتە ڕێگریش لەبەردەم ھەرچی زیاتری ڕادیکاڵ بوون و سیاسی بوونەوەی ئەم بزوتنەوە و ڕاماڵینی دەسەڵات لە زۆنی سەوز و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتیەک لەم زۆنەدا لەسەر بنەمای بەشداری ڕاستەوخۆی ئیرادەی ھاوڵاتیان لەڕێگەی بەرپا کردنی ڕێکخراوە شۆرایی و کۆمیوناڵەکانەوە.


٧. بەم پێیە، پڕۆسەیەک لە دەرونی کۆمەڵگەی کوردستاندا لە ئارادایە، کە ڕەوتی ناڕەزایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ھاوڵاتیانی کوردستانە بەگشتی، نەک ھەر دژی دەسەڵاتی حزبەکانی حکومەتی بنکە فراوان، بەڵکو دژی ھەموو دامەزراوەی سیاسی و حزبی ھاوئاسۆ و ئامانجیش لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەوانەشەوە کە لەدەرەوەی پەرلەمان و حکومەتن.


ئۆکتۆبەری ساڵی پار و سێپتێمبەری ئەم ساڵ دوو چرکەساتی بەرجەستەی ئەم پڕۆسەیەن، بەڵام ڕۆژانەش ئەم پڕۆسەیە لە دەرکەوت و دەرھاویشتەی جیاجیادا خۆی نمایش دەکات و لە ئایندەشدا ئەگەری سەرھەڵدانەوەی وەک دیاردەیەکی بەرفراوان، ڕادیکاڵتر و بەھێزتر لە شکڵ و شێوازی تردا لە ئارادایە.


ئەم بزوتنەوەیە کە لەم شکڵ وشێوازانەی دەربڕینی ناڕەزایەتیدا خۆی دەخاتەڕوو گوزارشێکی چڕوپڕ دەکات لە خەباتێکی چینایەتی کرێکاران و توێژە جۆراوجۆرەکانی زەحمەتکێشان دژی بارودۆخێکی سەرمایە و دەسەڵاتی حزبە بورژوا قەومیەکانی کوردستان.


٨. ئەوەی کە لە ئایندەدا ئەم بزوتنەوەیە لە چ شکڵ و شێوازێکی تردا وە لە چ ئاستتێکی بەرین و بەرفراوان و چ پلەیەک لە بەھێزیدا خۆی دەردەخات، وە بە چ کەناڵێکی سیاسیدا شۆڕدەکرێتە خوارەوە و تا چ ئەندازە ڕادیکاڵ دەبێتەوە، پەیوەستە بە شکڵگرتنی ڕابەرایەتیەک بۆ ئەم بزوتنەوەیە.


٩. ھەر ئێستا لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا ھاوشانی بەشداری بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی، بە حزب و ڕێکخراو و گروپ و دەستەجاتی جۆراوجۆرەوە، بە خەتی سیاسی و ئاڵتەرناتیڤی جیاجیاوە، بەڵێ ھاوشانی چەپ و کۆمۆنیزم ھەڵسوڕان و ئاڵتەرناتیڤی ناسیونالیزمێکی چەپی ڕادیکاڵیش لە ئارادایە لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا. بەم پێیە ھەر لە ئێستادا ململانێیەکی شاراوە بۆ شکڵگیری ڕابەرایەتیەک (لە دەرەوەی بەرەی کۆنە ئۆپۆزیسیۆن) لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا لەئارادایە و کاریگەری ئاسۆی فکری چەپی ناسیونالیزم و ئاڵتەرناتیڤە سیاسیەکەی ھەر لە ئێستاوە بەسەر بەشێکی گەرچی کەمیش لە چەپی کۆمۆنیستەوە دەبینرێت.


١٠. بەم پێیە لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە، بزوتنەوەیەکی یەک دەست نیە، بەڵکو سەنتێزی بەیەکگەیشتن و ڕووبەڕووبونەوەی گرایش و مەیلە جۆراوجۆرە فکری و سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقە. ئەم بزوتنەوەیە گەرچی بە پلەیەک لە مەترسی ھەژمونی ڕاستەوخۆی سیاسی (بەرەی کۆنە ئۆپۆزیسیۆن) ھاتۆتە دەرەوە، بەڵام ھێشتا لە ئاسۆی سیاسی ناسیونال لیبڕاڵ جیا نەبۆتەوە. بەجیا لەوەش، لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە، نەک ھەر سەنتێزی بەیەکگەیشتنی گرایش و مەیلە جۆراوجۆرەکانی چەپی کۆمۆنیست و کێشمەکێشی ئاڵتەرناتیڤە جۆراوجۆرەکانیەتی، بەڵکو سەنتێزی ڕووبەڕووبونەوەی چەپی کۆمۆنیستیشە لەبەرامبەر چەپی ناسیونالیستیدا، ھەم لەسەر دابینکردنی جۆری ڕابەرایەتی بۆ بزوتنەوەکە و ھەم لەسەر ئاڵتەرناتیڤ و ئەلگۆ سیاسیەکەی. بۆیە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایتیە، بزوتنەوەیەکی ساف و سادەی دژی دەسەڵات نیە، بەڵکو مەیدان و مەڵبەندی کێشمەکێشێکی فکری و سیاسی جدی نێوان ئاسۆی چینایەتی جیاواز و ئاڵتەرناتیڤی سیاسی جۆراو جۆرە.


١١. لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە، تێگەیشتن لەم بزوتنەوەیە و لە چرکە ساتی بەرجەستەی ٢٧ سێپتێمبەر، وەک مەڵبەندی بەیەکگەیشتنی ڕەوت و گرایش و مەیلە جۆراوجۆرە دژ بەیەکەکان و بونی بە سەنتێزێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشمەکێشی ئاسۆ و ستڕاتیژ و سیاسەتەکانیان، بەڵێ تێگەیشتنێکی ئاوا ھەنگاوی یەکەمە لە وەلانانی دیدگایەکی پۆپۆلیستی بۆ ھەڵسەنگاندن و بینینی بزوتنەوەکە تەنھا لە چوارچێوەی ڕواڵەتی دژایەتی دەسەڵاتدا، کە لە ھەوڵی ئەوەدایە ڕیزە سەربەخۆ و یەکگرتووەکەی بپارێزێت، لە حاڵێکدا لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە، مەسەلەکە چۆنیەتی ئاسۆدار کردنیەتی بە سیاسەت و ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستانە لە ڕێگەی وەدەرنانی ئاسۆ و ئاڵتەرناتیڤەکانی ترەوە.


ھەر ئەم تێڕوانینە واقعیە ماتریالیستیەشە کە کۆمەگی دەکات بە زاڵبون بەسەر پڕشوبڵاوی و پەرتەوازەیی چەپی کۆمۆنیست و دەرھێنانی دەستپێشکەری لەدەست چەپی ناسیونالیست و ھەوڵدان بۆ دابین کردنی ڕابەرایەتیەکی ڕادیکاڵ، پێشرە و شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی بۆ بزوتنەوەکە، کە زەمانەتە بۆ وەدەرنانی ئاسۆی ناسیوناڵ لیبراڵ و وەلانانی یەکجارەکی مەترسی دوبارە گەڕانەوەی ھەژمونی سیاسی ڕاستەوخۆی حزبە قەومی و ئیسلامیەکانی بەرەی کۆنە ئۆپۆزیسیۆن و حزبی تری لەو چەشنانەش کە لەوانەیە لە ئایندەدا لەژێر ناوی تردا بێنە ئاراوە.


دووەم: دابڕان لە ١٧ ی شوباتی ٢٠١١.


ئەم بزوتنەوەیەی ئێستا کە لە دوای ساڵی ٢٠١٢ وە لە حاڵەتی شکڵگیریدایە، بە ھەموو چرکەساتەکانیەوە چ پێش ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و چ دوای سێپتێمبەری ٢٠١٦ش، دابڕانە لە بزوتنەوەکەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، و بەردەوامی ئەو بزوتنەوەیە نیە.


١. ١٧ی شوبات، چڵەپۆپەی ڕەوەندێکی مێژوویی بوو لە ناڕەزایەتی جەماوەری، لە بارودۆخێکی پەرەسەرندنی ئابوری و گەشەی کۆمەڵایەتی و بوژانەوەی فکری و سیاسی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ بەدواوە.


ناڕەزایەتیەکان ئەگەر نەشڵێین ڕۆژانە بەڵام ھەمیشە بەردەوام بوون لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستیە زەروریەکانی ژیان لە چەشنی ئاو و کارەبا و نەبوونی جادە و ڕێگاوبانی قیرتاوکراو، نەبوونی باڵەخانەی تەواو بۆ قوتابخانە و خەستەخانەکان .... ناڕەزایەتی بۆ دابین کردنی ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت (کەم ئەندام)، خانەوادەی شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال و کیمیایی ڕژێمی پێشوو وەیا قوربانیانی جەنگی ناوخۆی نێوان "پارتی" و "یەکیەتی"، زیندانیانی سیاسی ڕژێمی پێشوو، دادگایی کردنی موستەشارە سەربازیەکانی ڕژێمی بەعس لە کوردستان کە بە "سەرۆک جاش"ەکان ناسرابوون ... ھتد.


بەڵام بەجیا لەو ناڕەزایەتیانەی کە ڕۆژانە لە ئارادابوون، چەند چرکە ساتێکیش ھەبووە کە ئەو ناڕەزایەتیانە یا تیا تەقیوەتەوە، یان قاڵب و چوارچێوە، ڕێڕەو و شکڵێکی دیاریکراوی گرتۆتەخۆ، کە گوزارشی لە پلەیەک لە پەرەسەندن کردوە لەوانە؛ ا- ئۆگۆستی ٢٠٠٦ وەک تەقینەوەیەکی خۆبەخۆیی بەڕووی دەسەڵاتداران. ب- تەموزی ٢٠٠٩ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و کەناڵێزە بوونی ناڕەزایەتیەکان و دەستەمۆکردنی لەلایەن (گۆڕان) و لیبڕاڵەکانی کوردستانەوە، پ- تا جارێکی تر ھاتنەوە مەیدان لە "بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان" و ت- دواجاریش گەیشتنە چڵەپۆپەی خۆی لە بزوتنەوەکەی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ دا و بون بەدەستمایەی ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی بۆ سەودا و مامەڵە و وەرگرتنی ئیمتیاز لە دەسەڵات و بون بەخاوەن پشک لە حکومەتی بنکە فراواندا.


بەم شێوەیە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە کە لە دوای ٢٠٠٣ وە دێتە ئاراوە و ڕۆژانە بەردەوامە و بە چەندین ئاست و پلەی خۆیدا تێدەپەڕێت تا لە ساڵی ٢٠١٢ کۆتایی دێت. بەم مانایە شەپۆلی ١٧ی شوبات دوا شەپۆلی زنجیرە ھەڵچون و داچونێکی ناڕەزایەتیەکان و کۆتایی بە تەمەنی بزووتنەوەیەک ھێنا، ئەمەش لەڕووی بابەتیەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زەمینەی واوەتر ڕۆیشتن لە ١٧ی شوبات دێتە ئاراوە.


٢. ئەم ڕەوەندە مێژووییە (ی ساڵانی ٢٠٠٣ - ٢٠١٢) ڕەوەندی گەشە و کەڵەکەی خێرای سەرمایە بوو لە کوردستان.


ڕەوەندی کەمبونی دەستی ھێزی کار و ھاوردەکردنی کرێکارانی بیانی، ڕەوەندی ھەڵڕژانی پوڵ و پارە، دامەزراندنی "بن دیوار" و موچە بەخشینەوە، ڕەوەندی زەویوزار دابەشکردن و لێدانی چاڵە نەوتیەکان و تەخشانوپەخشان کردنی دۆلار و سەرھەڵدانی ملیۆنلەر و ملیاردێرەکان، ڕەوەندی ھەڵھەلە لێدان و ئاھەنگەکانی جەژن و شایی دەسەڵات بوو.


ڕەوەندی ھاوپەیمانەتی ستڕاتیژی ھەردوو حزبی ناسیونالیست و یەکخستنی ماڵی کورد و دابەشکردنی پۆستە حکومی و ئیداریەکان بوو چ لە بەغدا و چ لە ھەرێم، ڕەوەندی سازان و ماڵی کردنی ئیسلامی سیاسی بوو بۆ ناسیونالیزمی کورد، چ لە دەسەڵات و چ لە ئۆپۆزیسیۆندا.


ڕەوەندی کردنەوەی زانکۆکان و گەشەی میدیا و ڕۆژنامەگەری، ڕەوەندی ڕوو ھێنانی ڕۆشنبیرانی کوردستان بوو بۆ فکری لیبرالیزمی جیھانی و پۆست مۆدێرنیزم، ڕەوەندی پشت کردنە سۆشیالیزم و سەرکۆنەکردنی کۆمۆنیزم و شۆڕش بوو، ڕەوەندی سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی ناسیونال لیبراڵی دژی دەسەڵات و ڕەوەندی موتوربەکردنی کوردایەتی بوو بە لیبرالیزمی جیھانیەوە.


ڕەوەندی ھەژموون و باڵادەستی کۆکتێل و ئاوێتەی سێ توخمی کیمیای سیاسی کوردستان؛ ناسیونال لیبڕاڵی ئیسلامی بوو بەسەر بزوتنەوە ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکانەوە. شیعاردانی "ئەڵلاھو ئەکبەر"ی نوسەرێکی ناسیوناڵ لیبڕاڵ بە دەنگی بەرز لە بەردەرکی سەرای سلێمانی (مەیدانی ئازادی) و لەناو بزوتنەوەکەی شوباتی ٢٠١١دا، نمونەیەکی سمبۆلیک بوو لەو ئاوێتە کیمیاییە سیاسیە و لەم واقعەتە مێژووییەی کوردستانی ئەو قۆناغە.


بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ وە، بارودۆخێکی ئابوری-کۆمەڵایەتی و سیاسی-فکری تازە ھێواش ھێواش خەریکی شکڵ گرتنە، کە کوردستان دەباتە ناو ڕەوەندێکی مێژوویی ترەوە کە قەیرانی دارایی و ئابووری و لەگەڵیشا قەیرانی سیاسی و تێکچونی ماڵی بورژوازی کوردە، ڕەوەندێک کە تیایدا ھیواش ھیواش مەزاجی بەشێکی بەرچاوی ڕۆشنبیرانی کوردستان وەردەچەرخێ ڕووەو ھاوسۆزی بۆ چەپ و شۆڕش و مارکسیزم و بەم پێیە نەوەیەکی تازەی چەپ و کۆمۆنیستیش خەریکی شکڵگیریە. تەواوی ئەو توخم و دیاردە ئابوری-کۆمەڵایەتی و سیاسی-فکریانەی کە ڕواڵەتی قۆناغی پێشوی (٢٠٠٣-٢٠١٢)ی مێژووی کوردستانیان شکڵپێدا بوو تەواو پێچەوانە بوونەتەوە یان لە ڕێگەی ئەوەدان پێچەوانە ببنەوە. بەم مانایە زەمینەی مادی بۆ دوبارەبونەوەی ١٧ی شوباتێکی تر لە ئارادا نەماوە، بە پێچەوانەوە، زەمینەی واوەتر ڕۆیشتن لە ١٧ی شوبات، ھاتۆتە ئاراوە.


ئەو ناڕەزایەتیانەی دوای ساڵی ٢٠١٢، نەک بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانی قۆناغی پێشوو بەڵکو ھەڵقوڵاوی وەیا ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە نوێیە یا ئەم ڕەوەندە مێژووییە تازەیەن کە لە شکڵگیریدایە و ھێشتا کۆتایی نەھاتووە.


٣. ئەوە ڕاستە کە بەدرێژایی چارەکە سەدەیەک (٢٥ ساڵ لە) دەسەڵاتدارەتی حزبە بورژوا قەومیەکان، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ھاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی لە ناڕەزایەتی نەکەوتوون، بەڵام لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە ئەوە ڕەوەندێکی مێژوویی وەیا قۆناغێکی دیاریکراوە، لە بارودۆخێکی تایبەتی ئابوری کۆمەڵایەتی و فکری سیاسی، کە دەبێتە چوارچێوە بۆ شکڵگرتنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکان لە ھەر سەردەمێکدا. بۆیە ناکرێت ناوەڕۆکی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، لە ئێستادا (لە دوای ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە)، وەکو ناوەڕۆکی ناڕەزایەتیەکانی قۆناغی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٢، یان قۆناغی پێشوتری (١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣)، لێکدانەوەی بۆ بکرێت و بەھەمان پێوانە ھەڵبسەنگێندرێت.


٤. ئەوەی لێڕەدا دەمانەوێت پێ دابگرین لەسەری بریتیە لە دەستنیشان کردنی ڕەوەندێکی مێژوویی دیاریکراو کە کۆمەڵگەیەک پیا تێدەپەڕێت، کە ئایە ڕەوەندی گەشە و کەڵەکەی سەرمایە و توانای بورژوازیە بۆ مانۆڕ و سازش و ڕیفۆڕم ھەم لەگەڵ بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و ھەم لە نێوان ڕەوت و باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی خۆشیدا، وەیا ڕەوەندی ڕوو لە قەیران و تێکچونی یەکیەتی ناو ماڵەکەی و بێتواناییەتی لە مانۆڕ و سازش و ڕیفۆڕم لەگەڵ بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکاندا، وە ناچارە ھەرچی زیاتر فشار بۆسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان بھێنێت و ئەو دەسکەوتانەش کە لە قۆناغی گەشە و پەرەسەندا بەدەستیان ھێناوە لێیان دەستێنێتەوە و بۆ ئەم کارەش دەست لە سەرکوت نەپارێزێت. بەم پێیەش زەمینەی مادی و بابەتی بۆ ھەرچی ڕادیکاڵ بونەوەی زیاتر و واوەتر ڕۆیشتنی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیانە لە دێتەئاراوە تا لە چوارچێوەی خواستە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕیفۆڕمە سیاسیەکان دەرباز ببن و چەکدار بن بە ئاسۆ و ئامانجێک کە دەسەڵات و دەوڵەت بباتە ژێر پرسیارەوە و دەست بۆ ھەڵتەکاندنیان بەرێت ژێڕەوەڕا؟. بەڵێ ئەم ڕەوەند و سەردەمە جیاوازانەن وەک چوارچێوە وەیا بارودۆخێکی تایبەت ئەو توانا و زەمینە مادیە بابەتیانە دیاری دەکەن کە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکان تیا شکڵ دەگرن، و ئەو بزوتنەوانەش ناچار بە وەڵامدانەوە دەکات بەو بارودۆخە.


ماڵپه‌ڕی نادر عەبدولحەمید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک