١٤\٧\٢٠١٥
خوێندنەوەی
پەرتووک.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
- بەشی یەکەم -
دیکتاتۆرەکان لە ھەموو شتێک زێتر لە پەرتووکان دەترسێن.. ساڵی ١٩٨١
دەسەڵاتی (بینۆشێ) لە وڵاتی چیلی بە قەدەغەکردنی رۆمانی (دۆن کیخۆتێ)
ھەڵسا، دەیگوت ئەو پەرتووکە جەخت لە ئازادی تاک دەکات و چینی
فەرمانڕەوای قبوڵ نییە.
کاریگەری نێوان دەق و خوێنەر.
دەق تەعبیر لە شتێکی دیکە دەکات، نەک ئەوەی لە سەری وەستاوە (واتە زمان)،
چونکە زمان ماڵی دەقە، لەو ماڵەدا بۆ ئەوەی شتێ بێتە بوون، پێویستە
دیالۆگ ھەبێ و ئەویدیکەی خوێنەر بەشداری بکات. کەواتە بەشداریکردنی
خوێنەر لە تێگەیشتنی ئەو شتە (فینۆمینە) وەک پێداویستی (بوونی دەق) و (ئاگایی)
خۆی دەنوێنێ. بەڵام لەبەر ئەوەی ناشێ دەق بە یەکبار خوێندنەوە، یان
تەنھا لە کات و ساتێکی دیاریکراوی کورتبڕدا ھەموو رووەکانی و تەواوی
رەھەندەکانی خۆی بۆ خوێنەر بەیان بکات، لەبەر ئەوەی دەق لە سەرنجی
یەکەمەوە ناشێ تەواوی بوون و ئەزموونی بوونی بەرجەستە بکات، بۆیە
خوێنەر، یان وەرگر دەبێ بەرە بەرە دەق ببڕێ، یان بەدوایدا بچێ و تێیدا
قووڵ بێتەوە، ھەر لەو رێگایەشەوە تێکەڵ بە بونیادی مەعریفی و ئاگایی
دەق دەبێ، ھەر لەو رێگایەشەوە دەتوانێ (یادەوەرییە خەزنکراوەکان)ی خۆی
لە رێگای (پێدراوە نوێیەکان)ی دەق و تەواوی ساتە یەک بەدوا
یەکداھاتووەکانی خوێندنەوە راستبکاتەوە!
ھیچ دەقنووسێک لە خاڵی سفرەوە دەست پێناکات، ھەتا ئەگەر بنەماو
رێساکانی پێشووش ھەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش ئەوە دەخاتە روو، کە پەیوەندی
دەقنووس بە کەلەپور، پەیوەندییەکە وەک (پۆل ریکۆر) دەڵێت، لە سەر
پارادۆکس ھەڵچنراوە. بەو مانایەش ھەموو منێکی خوێنەر کە دەخوێنێتەوە
دووبارە خودی خۆی دەخوێنێتەوە، چونکە ھەموو (منێکی خوێندنەوە) ھەڵگری
ئیگۆیەکی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام ھیچ منێکی خوێندنەوە، منێکی کامڵ
نییە، پاشان ئەوەی کە منی خوێندنەوە داوای دەکات، جگە لەوەی کە
خوێندکارێکی ئەو خوێندنەوە ھونەری و ئەدەبیانەیە کە خوێندوویەتیەوە و
حەزی لێیانە و نوێنەرایەتیان دەکات شتێکی دیکە نییە، بۆیە منی
خوێندنەوە ھەمیشە نوێنەرایەتی جۆرێک لە سەنگەر (یان نیازگەری) دەکات،
یان نوێنەرایەتی ئەو گەوھەرە دەکات، کە تەواوی ئەزموونانەکانی ئەوی
لەخۆ گرتووە. وەک چۆن کردەی خوێندنەوە بەردەوام (من)ی نوێ دروست
دەکاتەوە. پۆل ریکۆر لە یەکێک لە نووسینەکانیدا دەڵێ کاتێک دەخوێنمەوە
(من)ی خۆم رووت دەکەمەوە، بۆ ئەوەی لە رێگای خوێندنەوەوە بگەمە خودێکی
دیکەی نوێ. بەو مانایەش منی خوێنەر لە رێگای ئاگامەندی بوونی بە بوونی
زاتیانەی خۆی، پرۆسەی تێگەیشتن فەراھەم دەکات، چونکە بوونی زاتیانەی (خوێنەر/وەرگر)
چرکەیەکە لە چرکەکانی بوونی راستەقینە، کاری ئەدەبیش چرکەیەکی وجودییە،
ھەر کاتێکیش ھەر دوو چرکەکە بە یەکگەیشتن ئیدی دیالۆگ لە سەر بنەمای
(بەبیرھێنانەوە - Protenstion) و
(تێبینکردن - Retention) دروست دەبێت،
لەوێشەوە پرسی تر و وەڵامی وەھا دێنە دی، کە بە ھۆیانەوە حەقیقەتی بوون
ئاشکرا دەبێت، ھەر لەوێشەوە ئەزموونی وجودییانەمان لە نێو جیھاندا گەشە
دەکات.
کاتێک دەڵێم ناشێ خوێنەر لە رێگای تێڕوانینێکی تیژ و تێپەڕ، یان
سەرنجێکی سادەی رەوتەنیەوە بە شێوەیەکی خەمڵیو بەشداری لە بەرھەمھێنانی
کاری ئەدەبی و دواتر ئەزموونی وجودیانەدا بکات. چونکە تێڕوانینی تیژ و
تێپەڕ خوێنەر دەخاتە پێگەی لێکترازانەوە، مەبەستم لێکترازانی نێوان
بەبیرھێنانەوە و تێبینکردنە؟! ئەگەر بەبیرھێنانەوە، لە ئاوێتەبوونی دەق
و خوێنەر بەرپرسیار بکەوێتەوە، ئەوە تێبینکردن، ئاماژەکردنە بە
ساتەوەختی ئازادبوونی خوێنەر لە دەقدا. ئەو دوو پرۆسەیەش لە کردەی
خوێندنەوەدا بە چەندین بار دووبارە دەبنەوە. ئەوەی ئەو دوو ئاسۆیە (واتە
بەبیرھێنانەوە و تێبینکردن) بە یەکەوە و لەیەککاتدا دەبڕێ (تێڕوانینی
گەڕیدەخوازانەی منی خوێندنەوەیە) کە لەنێوان بەبیرھێنانەوە و تێبینکردن
دێ و دەچێ و لێدەگەڕێ لە (کاتی خوێندنەوەدا) لە پشتەوە (لە پشت
خوێندنەوە) بەیەکەوە بلکێن، بەڵام (وەک گوتمان) ناشێ دەق بە یەکبار
خوێندنەوە و لە ساتەوەختێکی کورت و تێپەڕدا ھەرس بکرێت، چونکە ئەوەی لە
خوێندنەوەی یەکەمدا (بە یەکبار خوێندنەوە) دەرک دەکرێ، ھەمیشە کورتی
دێنێ، بە بەراورد لەگەڵ دەرککردنی ئاسایی، دواجار لەگەڵ ھەر
خوێندنەوەیەک پێویستە بابەتی جوانی دووبارە بونیاد بنرێتەوە؟!
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|