په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٨

خوێندنەوەی شیعر یان بێ ئاگایی لە شیعر؟


سەدیق سەعید     


چەند ساڵێک لەمەوبەر (کەئێستاش کاریگەرییەکانی ماوە) نووسینی شیعربووبە دیاردەیەک و زۆربەی کەس بەتایبەتیش گەنجەکان، بە خەیاڵی خۆیان شیعریان دەنووسی. تائەوڕادەیەی کەسێک کتێبێکی خوێندەوە، یان شکستی لە ئەزموونێکی سۆزداری خوارد، ئیدی بوو بەشاعیر. تائەو ئاستەی شیعر لە چێژوجوانی کەوت وئێستا بەداخەوە خوێنەری شیعر کەم بووە و بەدەگمەن دەقێکی شیعری جوان دەبینین.ئەم تۆرانەی خوێنەر لەشیعر بەرمەبنای زۆربوونی شیعر بوو.ئەم دیاردەیە ئێستاخەریکە لە شیعرەوە دەپەڕێتەوە بواری ژانڕی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.بەوەی بەھەمان شێوەی شیعر، ھەرکەسێک دووکتێبی خوێندەوە، دوو سەرچاوەی لە نووسینەکانی بەکارھێنا، ئیدی بەبڕوای خۆی دەبێتە(توێژەرولێکۆڵەروشڕۆڤەکاری)شیعر.بێ ئاگالەوەی خوێندنەوەی ھەردەقێکی ئەدەبی بەگشتی و ژانری شیعریش بەتایبەتی،تواناو پاشخانێکی گەورەی ڕۆشنبیری وھزری دەوێت. چونکە پرۆسەی خوێندنەوەی شیعر،پرۆسەیەکی قوڕس ئاڵۆزە لەھەمووڕووەکانەوە.کەزۆرجارتەنھاکۆپڵەیەکی شیعری ئەوە دەھێنێت چەندین خوێندنەوەی بۆبکرێت. ئەرکی خوێنەرو لێکۆڵەری شیعر، ھەرتەنھادیاریکردن و خوێندنەوەی دنیابینی و بابەتی نێو دەقی شیعری نییە،بەڵکو ڕاستکردنەوەی ئەودیدە ھەڵانەشە،کەڕەنگەخودی نووسەرخۆشی درکی پێنەکردبێت.گەلێک جار لەبڵاوکراوەکاندا، چەندین نووسین بەناوی خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی شیعر دەبینم،سەیرم پێدێت کەکەسانێک ھەبن ھێندە بەسادەیی و ساکاری لەخوێندنەوەی شیعر گەیشتبن. بەومانایەی لایان وایە خوێندنەوەی شیعرھەرتەنھا شڕۆڤەکردنی ئەوگوتارەدیارەیە کەلەشیعرەکەدا بەرجەستەیە.بەبێ ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی دیوەشاراوەکەی دیکەی شیعرکەئەمەشە ئەرکی ڕاستەقینە و بابەتییانە لێکۆڵەری ئەدەبی. لەڕاستیدا،دەبێ ڕێگەبگرین لەوەی ھەرکەسێک دووسێ قسەی لەبارەی شیعرەوەکرد،ئیدی ئەوەتوێژەرو لێکۆڵەری ئەدەبییە.نەک لەبەرئەوەی مرۆڤ حەزنەکات بەدەیان ڕەخنەگرو لێکۆڵەرمان ھەبێت،بەپێچەوانەوە بەڵکو دەبێ ئەو شێوەنووسینە ڕەتبکرێتەوەلەسۆنگەی ئەوەی ڵێکۆڵینەوەی ئەدەبیش بەدەردی شیعر نەچێت وھەموو کەس بوێری نووسینی ھەبێت. ئەوەی ھانیدام بۆنووسینی ئەم وتارە، نووسینێکی بەڕێزێک بوو بەناوی(خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ژمارە سێی گۆڤاری کەلێن) کە(خەلیل سەلیم)نووسیویەتی و لە ژمارە سێی ھەمان گۆڤار بڵاو بۆتەوە. ئەمەش دەریدەخات کەنووسەر بۆماوەیەک شیعرەکانی لابووە و سەرنجی داون.چونکە ھەم شیعرەکان، ھەمیش وتارەکەی ئەو بەیەکەوە لەھەمان ژمارەی گۆڤارەکەبڵاوبوونەتەوە. بەڵام پرسیاری من وەک خوێنەرێک(نەک نووسەرێک)ئەوەیە کە ئاخۆئەمەی ئەو بەڕێزە نووسیویەتی بەڕاست خوێندنەوەی شیعرەکانە؟ئایا خوێندنەوەی شیعربەو ئاسانیەیە کە ئەوتێی گەیشتووە؟بەدەربڕینێکی تردەکرێت دەقێکی ئەدەبی درێژکورت بکرێتەوە لەچەندین ڕوانینکی سادە ودواتریش ناوی بنێین خوێندنەوەی شیعر؟ ھەربۆنموونە:یەکێک لەو شیعرانە لە(١٩٨)دێڕە شیعرپێکھاتووە. کەچی ئەوبەڕێزە تەنھا لەچوارچێوەی دووڵاپەڕەی (نیو ئەی فۆر!)خوێندنەوەی بۆ شیعرەکە کردووە. بەھەمان شێوە، شیعرێکی دیکەیان لە(٨٧)دێڕە شیعر پێکھاتووە،کەچی بەیەک ڵاپەڕەی ئەی فۆرخوێندنەوەی بۆ شیعرەکە کردووە. لێرەدا ئێمە ناچینەوە سەرشیعرەکان، چونکەنە(سەلیقە)ی خوێندنەوەی ئەوجۆرە شیعرانەمان ھەیەنەکاریشمان پێیانە. تەنھا دەمانەوێت ھەڵوەستەیەکی کورت لەئاست وتارەکەی خەلیل سەلیم دابکەین. چونکە ئاساییە ئەوشاعیرانە بۆخۆیان چۆن شیعردەنووسن و چۆن لەشیعرگەیشتوون!بەڵام ئەوە ئاسایی نییە کەسێک بێت شوناسی(ئەفراندن_ تەکنیکی نوێ_فەلسەفاندن_ئاگایی شیعری)و دەیان پێناسەی قەبەی تربداتە پاڵ ئەوشیعرانە،بەبێ ئەوەی خودی شیعرەکان ھەڵگری ئەو چەمکانە بن. ئاخرجێگەی پێکەنینە کەسێک پێی وابێت بۆیە شیعرێک سەرکەوتووە، چونکە بەفۆڕمی گران نووسراوە.لەکاتێکدا سی ساڵ بەر لەم شاعیرە، شاعیری بەتواناتری تر ھەبووە کەنەک شیعری بەفۆڕمی گران نووسیوە،بگرە داھێنەری فۆڕمە شیعریەکەشە!. خوێندنەوەی شیعر، ستاییش و پێداھەڵگوتن وبەزۆر بەرزکردنەوەی شاعیرێک نییە کەڕەنگە پاڵنەری(ھاوڕێیەتی-خزمایەتی-خوێندن- شارچییەتی)و زۆر شتی تریشی لەپشت بێت.بەڵکو ڕامان،ھەڵسەنگاندن،لەھەمووشی گرنگتردادوەری و بێلایەنییە لەھەڵسەنگاندنی دەق.نەبادا ئەء ڕەخنەیەی لەدەق دەگیرێت، یان ستایشکردنی دەقێکی جوان، ببەسترێتەوە بەبەشێک لەو پاڵنەرانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن. کەبەداخەوە لەنێوەندی ئەدەبی کوردیدا،ھەستی پێدەکرێت. بێگومان وەک ئاماژەمان پێکرد ئێمە ناگەڕێینەوەسەرشیعرەکان،تەنھا خوێندنەوەیەک بۆخوێندنەوەکەی خەلیل سەلیم دەکەین و لەپەراوێزیشەوە،بۆچوونەکانی نووسەر لەھەمبەرشیعرەکە بەراورد دەکەین بەدنیابینی و گوتاری شیعرەکە. بەئامانجی ئەوەی کە ئایا بووچوونەکانی نووسەر یەکدەگرنەوە لەگەڵ شیعرەکە. یاخود ئەو شیعرە لەوئاستەئیبداعییەدایەکەنووسەر ئاماژەی پێکردووە،یان تەنھا ستایشی بنووسی شیعرەکانی کردووە.لەخوێندنەوەی بۆشیعری یەکەم کە (١٩٨)دێڕە،لەسەرەتای شیعرەکەوە شاعیر دەڵێت:
مرۆڤ ناھێڵێت جیھان چاک بێت..
دەنابنەچەی جیھان باشە..


ئەمە پێنجەمین دێڕەلەسەرەتای ئەوشیعرەی کەلە سەدونەوەھەشت دێڕە شیعرپێکھاتووە.واتە دەسپێکی دەقەکەیە. کەچی ئەوەی خوێندنەوەی بۆشیعرەکە کردووە نووسیویەتی :(شاعیربەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە باسکردنی دڕندەیی مرۆڤ).خوێنەری بەڕێز، سەرنج بدەن لەدەسپێکی شیعرەکەوە،نووسەر بێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی قوڵ و فراوان بۆ شیعرەکە بکات، نووسیویەتی شاعیر بەردەوام دەبێت.پرسیار ئەوەیە لەچی بەردەوام دەبێت کەتەنھا دووسێ دێڕی لە شیعرەکەی نووسیوە؟ئەمجارەیان بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:(شاعیربەشێوەیەکی ئاگایانە دەیەوێت باسەکەی لەسەر شێوەی سێگۆشەیەکی سەرەو ژێرچەقی قسەکانی بخاتە سەرپرسەکە). کەسانێک ھەن، خوێندنەوەی شیعر بەڕستەی نامۆو ھەڵگێرانەوەی وشەو لینگەقوچی ڕستە تێدەگەن. نازانم سێگۆشەی سەرەو ژێر چ ماناو ناوەڕۆکێکی بابەتیانەی ھەیە؟ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە دەکرێ بپرسین بەڕاست شاعیر بە ئاگاییەوە وەسفی دڕندەیی مرۆڤ دەکات؟چ ئاگاییەک لەمەدایە کەسێک وابزانێت جیھان باشە و مرۆڤ خراپی دەکات؟ کەس ھەیە ئەو ڕاستییە نەزانێ کەلە دوای کوشتنی ھابیلەوە، ئیدی ژیان شانۆی کارەسات وخوێن و تراژیدیاکانە؟ کەس ھەیە درک بەوە نەکات مێژووی مرۆڤەکان لەجیھاندا، پانتاییەکی ھەرەگەورەی بەشەڕو کوشتن و خوێن دەورە دراوە؟ ھەموو کەس نازانێ ئەگەر مرۆڤ نەبوایە(دنیا شامی شەریف دەبوو)؟ ئاگایی شیعری ئەوەنییە دەستەواژە و دنیابینی ھەزارجاردووبارە بووەوە، لەشیعردا بەرجەستە بکەیت. بەڵکوئاگایی شیعری داھێنانی تازە ودنیابینی تازە و شیعری تازەیە.نووسەر بەردەوام دەبێت لەپەسنی ئەوشیعرە و ئەمجارەیان دەڵێت:(لەشیعرەکە ئەوەخویادەبێت کەشاعیر لەمەرمەسەلەی کولتووری کۆنباوی جڤاک ڕەخنەی توند بگرێت).ئێمەلێرەدا ھەربەوپەڕاگرافە شیعریەی شاعیرکەنووسەر پێی وایە ڕەخنەی توندی جڤاک دەگرێت!! وەڵامی بۆچوونەکەی ئەو دەدەینەوە.تاخوێنەران بیزانن بەڕاست ئەوشاعیرە ڕەخنەی جڤاک دەکات؟ شاعیرەکە دەڵێت:
من ژیانم بەبیرکردنەوەی زۆرو..
قەلەقی زۆرەوە دەخۆم..
ئەمانە بەردی منن..بەردی ھەمیشەی سەرشانم..


ئەمە ڕەخنەگرتنە لە جڤاک،یان ھۆگربوون و قبولکردنی ژیانێکی سواوە کەبەرھەمی ئەوجڤاکەیە؟ ئایا ھیچ جۆرە یاخیبوون و ڕەتکردنەوەیەک لەو کۆپڵەیە دەبینرێت؟ شاعیرێک لەگەڵ خەمەکان، مەراقەکان،قەلەقی ھۆگرببێت دەتوانێ کلتووری کۆنباو ڕەتبکاتەوە؟ ئەم کۆپڵەیە مرۆڤ فێری دەستەمۆیی،بێدەنگی، دانیشتن بەدیار ژیانەوە دەکات، یان ڕەتکردنەوەی؟ئایا ڕەتکردنەوە و یاخیبوون بەرھەمی بیرکردنەوە و نوێگەریەتی ودژەباوییە،یان خۆڕاھێنان بەدیارخەم و مەراقی ژیانی ڕۆژانەوە؟ کەسێک دەستەمۆی خەم بێت، خەم بەردی ھەمیشەیی ژیانی بێت، دەتوانێت کۆنباوی جڤاک بەتێگەیشتنی ئەو نووسەرە ڕەتبکاتەوە؟ شاعیرێک لەشیعرەکانیدا، بانگەشەی ژیانی سواوو دووبارەی ڕۆژانەی خۆی بکات، گاڵتەجارییە پێمان وابێت بەتوندی دژی کلتووری دواکەوتوویی کۆمەلگە دەوەستێتەوە. وەستانەوە لە ئاست واقیعێکی دۆگما،بەرەنجامی بیرکردنەوەی کۆن و باونییە، بەڵکوبەرھەمی ڕوانین و گوتاری نوێیە.نازانم شاعیرلەکوێوەی ئەم پەڕەگرافە شیعریەدا دژی دۆگمایی جڤاک وەستاوەتەوەتاکو بنووسی ئەووتارە پەسن و ستایشی بکات. ئەمە بێ ئاگایە لەشیعرنەک خوێندنەوەی شیعر.سەیرلەوەدایە دوای ئەوبۆچوونانە،نووسەرئەمجارەیان ھەرلەمیانەی ھەڵسەنگاندی بۆ شیعرەکە دەنووسێت:_(لەم کۆپڵەیە بەدواوە وێنەیەکی شیعری پیشان دەدرێت کەھەڵقوڵاوی جڤاکی نەریتی و کۆنباوە).لەلایەکەوە باس لەوە دەکات کۆنباو ڕەتدەکاتەوە،لەلایەکی دیکەوە بانگەشەی دروستبوونەوەی دەکات. نووسەر بەردەوام دەبێت لەبەناو خوێندنەوەی بۆشیعرو ئەمجارەیان شوناسی دژە سیستەم و نامۆبوون و بەپۆلیسیکردنی کۆمەڵگە وەک داھێنانێکی شیعری دەداتە پاڵ شاعیر. شاعیرلەشیعرەکەیدا دەڵێت:
سەربان وسندوق وسەبەتەکانمان پڕبوون لەپۆلیس..
حەوشە و حەمام و حاشییەکانمان پڕبوون لەپۆلیس..


بالەوەگەڕێین کە سەبەتە و سندوق نەک ھەرپڕنابن لە پۆلیس،بەڵکو شوێنی یەک پۆلیسیشیان تێدانابێتەوە!! بەڵام دەمانەوێت کۆمێنتی خۆمان لەسەربۆچوونی نووسەربدەین کەڕاڤەی ئەو دێڕانەی کردووە. خەلیل سەلیم دەنووسێت:(سیستەم ناھێڵێت مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ژیانی خۆی ھەبێت ئەوکەوتۆتە ژێر سیستەمەوە سەرەنجام شاعیر لەمرۆڤبوونی خۆی بەقەولی ئەو نامۆبووە). پرسیارئەوەیە ئەی شاعیردژی کۆنباوی جڤاک و کلتووری باو نەوەستاوەتەوە و ڕەخنەی توندی لێنەگرتووە بەقەولی ئەو؟ خێرەکەوتۆتە ژێر سیستەم و تەسلیمی پۆلیسەکان بووە تاڕادەی بەخۆنامۆبوون؟کەسێک بانگەشەی ڕەتکردنەوەی کۆن بکات، تەسلیمی سیستەم دەبێت؟ ئەمە پارادۆکسە لە نووسین و دەربڕین ودەلالەتە لەبێ ئاگایی لە ناوەڕۆکی شیعرەکە. ئەمەلەلایەک، لەلایەکی ترەوەئایا ژیان بێ سیستەم ڕێکدەخرێت؟ ھیچ بوونەوەرێک ھەیە لە مێروولەیەکەوە بیگرە تا ئەو گەردوونە، بێ سیستەمێک بەڕێوەبچێت؟ من دەزانم ھەم شاعیر ھەمیش ئەوەی خوێندنەوەی بۆشیعرەکەی کردووە مەبەستیان لە سیستەم دەسەڵاتی سیاسی و بەپۆلیسیکردنی کۆمەڵگەیە.بەڵام ھیچ کۆمەڵگەیەک ھەیە سیستەمێکی نەبێ. ئەگەر ژیان بێ سیستەم بەڕێ بکەین جگەلە فەوزا، تێکدانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی،بەبەربەریکردنی کۆمەڵگە،شتێکی تردروست دەبێت؟ ھەربۆنموونەئەگەردادگاکان و دادوەری نەبن کەبەشێکن لە سیستەم،کۆمەڵگە چی لێدێت؟ کێشەی بەشێک لە شاعیرانی ئێمە ئەوەیە، شیعربەڕیفۆرمی سیاسی تێدەگەن. وادەزانن ئەرکی شیعرڕووخاندنی دەسەڵات وھاتنەوەیە بەگژپۆلیس و ئاساییش و پارتی و یەکێتی وەک نوێنەرانی دەسەڵات!. لەکۆتایی خوێنەوەکەیدا بۆ ئەم شیعرە، نووسەرڕەھایانە بۆچوونێک دەردەبڕێت و دەنووسێت:( ئەم شیعرە بەگشتی ھەڵگری ھزرێکی فەلسەفییەچونکە باس لە دڕندەیی مرۆڤ دەکات!!). ئەمە چ فەلسەفەیەکی تێدایە؟ کەس ھەیە نەزانێ مرۆڤ دیوێکی شەڕانگێزانەی ھەیە؟کەس ھەیە نەزانێت مرۆڤ ڕۆژانە چەندین تاوان ئەنجام دەدات؟ئەمە پێویستی بەھیچ فەلسەفەیەکە، یان سوقرات وئەفڵاتون ھەیەتابیزانین؟ مەگەربنووسی ئەو وتارەنەبێت.


نووسەر ئەمجارەیان خوێندنەوەبۆشیعرێکی دیکە دەکات کە ئەویش شیعری (قوفَل لەدەرگاکەم دەدەم). نووسەر لەخوێنەوەی بۆ ئەم شیعرەدەنووسێت:(شاعیر زۆرئاگایانە کارەساتەکان بەوێناکردنێکی جوان دەخات ڕوو).نازانم ئاگایی شیعر لای ئەو بەڕێزەچییە ؟ چ ئاگایەکی ھزری لەوەدایە شاعیرێک ڕستەیەک دووبارە بکاتەوە کەبەرلەوملیۆنان کەسی تروتوویانە؟ئاگایی شیعر، دنیابینی نوێ و دەربڕینی نوێیە. جێگەی سەرنجە ئاگایی ھزری بدەینە پاڵ شاعیرێک کە شیعرەکەی ھەمان ئەوشتانەی پێشووتری خۆی دووبارە کردۆتەوە.بەڵام لەوەش دەگەڕێین، ئەوپەڕەگرافە شیعرییە وەردەگرین کە بە تێڕوانینی نووسەر شاعیر زۆرئاگایانە تیایدا، کارەساتەکان دەخاتە ڕوو.تاساغی بکەینەوە کەبۆچوونی نووسەر دروستە لەھەمبەر ئەو شیعرەیاخود نا. شاعیرەکە نووسیویەتی:
تفەنگەکان ھەڵساونەتەوە..
لەوێزەی فیشەک ژیان خەوی زڕاوە..


خوێنەری بەڕێز،ھیچ ئاگایەک لەودەربڕینە شیعرییەدا ھەیە؟ کەس ھەیە نەزانێت، کە تفەنگەکان کەوتنە کارنەک ژیان،ھەموو بوونەوەرو مرۆڤ و ژینگەش وێران دەبێت؟کەس ھەیە نەزانێت کەشەڕھەڵگیرسا جوانییەکان وبەھاکان و ھیچ شتێک وێنەی ڕاستەقینەی خۆی نامێنێت و بەجۆرێک دەشێوێن کەناسینەوەیان ئەستەمە.ئایا شەڕ جگە لەماڵوێرانی و ڕشتنی خوێن و سڕینەوەی ژیان بە ھەموو بوونەوەرەکانییەوە، دەرەنجامێکی تری دەبێت کە ھەڵگیرسا؟ئەم وێناکردنە بەبڕوای من وەک خوێنەرێکی شیعر، نە ئاگایی دەوێت، نەدروستیشە بە ئاگایی شیعری ناوی بەرین.چونکەشەڕ بۆخۆی پێناسەی خۆی دەکات و کەوتمان شەڕھەڵگیرسا، ئیدی ھیچ بیرکردنەوە و ئاگایەکی ناوێت تابزانین ژیان چیلێدێت. نووسەر بەردەوام دەبێت لەپێداھەڵگوتنی شیعرەکان و ئەمجارەیان لەمیانەی خوێندنەوەی ئەو شیعرەدا، دەنووسێت:(ڕۆیشتن و ڕێکردن یەکێکی ترە لەولایەنانەی کە شاعیرلەم شیعرەیدا باسی لێوەکردووە). دیارە نووسەرمەبەستیەتی ئەوگوتارە بداتە پاڵ ئەوشیعرەکە شاعیرەکەی ڕێدەکات. کە ڕێگەیەکی دیکەشی گرتە بەر، ئیدی مانای وایە یاخی بووە،واقیعی باوی ڕەتکردۆتەوە. ئێمە لێرە ئەو وێنە شیعرییە دەنووسینەوە کەنووسەر پێی وایە شاعیرلێیەوەھەوڵی ڕۆیشتن و ڕێکردنی داوە. تاکونیشانی خوێنەری بدەین کەئاخۆبەڕاست ئەو شاعیرە لەشیعرەکەیدا بەدوای ڕێیەکی نوێ دەگەڕێت؟ شاعیرەکە نووسیویەتی:
خۆم ئاودیوی نێو حەوشەی کچە شەرمنەکەی تاخ دەکەمەوە..
پێی دەڵێم دەستەکانم بگرە شۆڕم بکەوە نێوخۆت..


ئایالەمدەربڕینە شیعریەدا ھیچ گەڕان و ڕێکردنێکی نوێ دەبینرێت؟ کەسێک لەوجیھانەگەورەیەدا،ھەمووخولیای ئەوەبێت بچێتەوە نێو حەوشەی ماڵی یار!ئایادەتوانێ ڕێگەیەکی تازەو نوێ ببینێتەوە؟ ئەمە ڕێکردنە یان تەسلیم بوون و خۆدانە دەست یارو ونکردنی شوناسی تاکانەی شاعیر؟شاعیرێک لەوسەرزەمینە گەورەیەدا، ھیچ ڕێگەیەکی دیکە،جگە لەڕێگەی باوەشی یارشک نەبات، پێم ناڵێی ئاگایی شیعریی وڕێکردن و ڕۆیشتنی لەکوێدایە؟ بێگومان دەتوانین چەندان شوناسی وەک:( ئەفراندن،ئاگایی شیعری، داھێنان و دنیابینی نوێ) بدەینە پاڵ دەقی شیعری ھەرشاعیرێک، بەڵام ئەوە گرنگە کەئاخۆ ئەوشوناسانە لەودەقەدا بەرجەستەن؟ خۆئەگەر نەمانتوانی ئەوە بسەلمێنین، ئەوکات بەدڵنیاییەوە ئێمە ستاییشی شاعیرو شیعرەکەییمان کردووە،نەک خوێندنەوە بۆشیعر. نووسەر خوێندنەوەی بۆ دەقێکی دیکە کردووە بەناوی(کۆتر ئەفسانە). کە شاعیرەکەی بەدنیابینی خۆی دەقەکەی نووسیوە. تائێرە ئاساییە. چونکە وەک وتمان ئێمەکارمان بەشیعرەکان نییە. تەنیادەمانەوێ ڕوونیبکەینەوە کەئاخۆ خوێندنەوەکەی خەلیل سەلیم بۆ ئەوشیعرانە،ھاوتایە لەگەڵ دنیابینی شاعیرەکان و گوتاری نێوشیعرەکان.شاعیرەکە نووسیویەتی:
کۆتری سەردەرکە..
ژنێ لەموو..لەپشت دەرکە.
دەست دەکوتێ تەرم..
قەبری زەوی لەپشتێ..


ئەمانە بەشێکن لەو وێنەی شیعریەی لە شیعری (کۆتر ئەفسانە)دا ھەن. کەتیایدا نووسەربەتێگەیشتنی خۆی خوێندنەوەی بۆ کردوون.بەڵام سەیرلەوەدایە لەبارەی ئەوشیعرەوە ڕاشکاوانە بێ ھیچ ئاگابوونێک لە ڕابردوو،لە ئەزموونی پێشووتری شیعری کوردی لەبارەی ئەو دەقەوەدەنووسێت:_(شاعیربەتەکنیکێکی جودا شیعری ئەفراندووە کە پێی دەگوترێت فۆڕمی گران!!).جارێ دەمەوێ ئەوە بەنووسەر بڵێم کە ھەرکەسێک(دووسێ قسەی نامۆو ھەلەق و مەلەقی)نووسی، ئەوە مانای فۆڕمی گران نییە. ڕاستە ئەزموونی فۆڕمی گران شیعرێکە لە فۆڕم قورس و نامۆ،لەدەربڕین ناوازە. بەڵام نابێ ئەوەمان بیربچێت کەلە ناوەڕۆکی ئەوشیعرانەدا، مەغزا، ماناو پەیامی بزر ھەیە. بەشێکی شیعرەکانی ئەنوەر مەسیفی، باسی کارەساتی ئەنفال بوون. لەکاتێکدا لە کۆی ھەردوو کۆمەڵە شیعری(خۆرباران و جارێکی دیکە خۆرباران) بەتاکە یەک وێنەی شیعریش،بەیەک وشەش باسی ئەوکارەساتەی نەکردووە.بەڵام خوێنەری زیت لەکاتی خوێندنەوەی ھەستی پێدەکات. ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە، ئایا تەکنیکی ئەم شیعرە جودایە؟ئایا سی ساڵی تەواو بەرلە ئەمڕۆ ئەنوەرمەسیفی بەتەکنیکی فۆڕمی گران شیعری نەنووسیوە؟ ئیدی تەکنیکی جودا لەکوێدایە؟لەوشە ڕێزکردن؟ئایابنووسی ئەم وشانە(ئەفراندنی)کردووە بەتێگەیشتنی نووسەر؟ ئەفراندن لەکوێدایە؟لە فۆڕمی گران؟ کەسی ساڵ بەرلەو شاعیرە، شاعیری ترھەبووە کەنەک شیعری بەفۆرمی گران نووسیوە،بگرەداھێنەری فۆڕمە شیعریەکەشە.ئەفراندنی شیعری ئەوە نییە ئەزموونی کەسانی تر بەسەقەتی کۆپی ڕایت بکەینەوە.بەڵکو ئەوەیە کەخاوەنی ئەزموون و دنیابینی و گوتاری شیعری جیاوازای خۆمان بین. فۆڕمی گران نەتەکنیکێکی نوێ و جودایە،نە ئەفراندنی شیعریشە. تاکو سووک و ئاسان بە ئارەزووی خۆمان بیدەینە پاڵ کەسێک . چونکە ناکرێ شوناسی شیعریانە بدەینەپاڵ ئەزموونی شاعیرێک لەبەر ھەر ھۆکارێکەوە بێت، جگە لە داھێنان.نووسین بەرپرسیاریەتییە.کەڕایەک دەردەبڕین، دەبێ ئەرگۆمێنتمان ھەبێت. کەسانێک ھەن ئیدیعای نووسینی ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی دەکەن و چونکە شوناسێکی پیشەیی و زانستییان لەزانکۆ ھەیە،ڕەنگە ئێمە مانان کەمامۆستای قۆناغی بنەڕەتین،بە نەخوێندەوار بزانن. کەچی کەسەیری نووسینەکانیان دەکەین، سەیرمان پێدێت ھێندە بە ئاسانی لەئەفراندن و تەکنیکی جوداوئەزموونی شیعری و فۆڕمی گران گەیشتوون.

 

لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کەلەھەمان ئەو ژمارەیەی گۆڤارەکە، ئەو نووسەرە لکۆڵینەوەیەکی دیکەشی بڵاوکردۆتەوە، کە لەولێکۆڵینەوەیەی چەندان سەرچاوەی بە زمانەکانی(کوردی و ئینگلیزی) بەکارھێناون. بەڵام ھەرکەسێک بەراوردی ئەو دوونووسینە بکات، دەزانێت کە لەڕووی(نووسین وداڕشتن، زمان و دەربڕین، گوتار و مانا،خوێندنەوە بۆ دەق) ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن لەیەکتری. کەئەمەش بۆمن ھەم جێگەی سەرنج بوو،ھەمیش جێگەی پرسیار؟ چونکە وەک ئەوە وایە دوو نووسەری جیا ئەو دوو وتارەیان نووسیبێت، نەک ھەردووکییان ھی نووسەرێک بن..
_______________________________________________
پەراوێز: خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ژمارەی سێی گۆڤاری کەلێن/ نووسینی /خەلیل سەلیم/ گۆڤاری کەلێن/ ژمارە(٣) پاییزی ٢٠١٧ئەم گۆڤارە لەسۆران دەردەچێت.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک