په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٢

خوێندنەوەی یەکەم رۆمانی کوردی،(ماڵی رێحان)ی ھۆشەنگ محەمەد.


میدیا          


ماڵی رێحان یەکەم رۆمانە کە من بە زمانی کوردی بیخوێنمەوە. نەمدەزانی کەسانێکی وەک (ھۆشەنگ محەمەد) ھەن کە بتوانن زمانی کوردی لە رێگای نووسینەوە بە جیھان بناسێنن، بۆ کەسێکی وەک من کە ھەڵقوڵاوی کولتورێکی ترم بە خوێندنەوەی (ماڵی رێحان) شەیدای رێحان و شەیدای وشە یەک لەدوای یەکەکانی (ماڵی رێحان) بووم، ئەمەش وای کرد بگەمە ئەو جێگایەی کە دەمەوێت، یان لە راستیدا ئەوەی کە نووسەر دەیەوێت من بیگەمێ.


(ماڵی رێحان) وشە بە وشە کاری لە دەروونم کرد، کارێکی وا کە دەبێت ھەر رۆژە و دووبارە پارچەیەکی لێبخوێنمەوە، چونکە ھەست دەکەم تێکەڵی ھەست و بیرم بووە.


لەگەڵ خوێندنەوەیدا، ھەست دەکەم منیش لە (ماڵی رێحان) دەژیم و یەکێکم لە کارئەکتەرەکانی نێو رۆمانەکە . بۆ من گرنگی ئەم رۆمانە لەوەدایە کاتێ دەیخوێنمەوە خۆمی تێدا دەدۆزمەوە و ھەست دەکەم کە ھەر یەک لە کارئەکتەرەکان لە گەڵم دەدوێن و باسی رووداوێکی راستەقینەی ژیانی مرۆڤایەتیم بۆ دەکەن. دەکرێت بڵێین کە ئاوسبوونی نێر نە رووداوێکی راستەقینەیە و نە زانستیشە، بەلام وەک (ھۆشەنگ شێخمحەمەد) دەڵێت دەکرێت ھەر کەسێک بە شتێک ئاوس ببێت.
(ماڵی رێحان) کۆمەڵێک رووداو و کارئەکتەری تێدایە، بۆ من ھەر یەک لە رووداوەکان خۆشەویستییەکی تایبەتی خۆی ھەیە، کە ناکرێت بڵێم ئەو رووداوە زۆرتر کاری تێکردووم لەوەی تریان, چیرۆکی (عەتار و ژنەکەی) کە گوزارشت لە بەسەرھاتێکی راستەقینە دەکات، (کوڕ و ژنی پیرەمێردەکە) کە وایان دەزانی (پیرەمێرد) نەخۆشە وەک ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەیبینین, ھەر کەسە و ئەوی تر تاوانبار دەکات. کەسیش راستییەکان نابینێت وەک پیرەمێردەکە دەڵێت " گومانیان نییە کە خۆیان نەخۆش بن و خۆیان خەویان لێ ناکەوێت" ل ٤١.


وەکئەوەی (سوھرەوەردی) کردی و باسی ئازادی بۆ خەلک دەکرد . یانیش (کوتاڵفرۆش) کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو جێیەی لێوەی ھاتووە، کە ئەو ھەموو ماوەیە وابەستە ببوو بە (سامان کۆکردنەوە) بەڵام بڕیاری دەدات کە ئازاد ببێت. (گەنجە جەنگاوەرەگە) کە بە دوای ئازادی خۆیدا دەگەڕێت، لە گەڵ ئەوەی کە ھەست بە ئازادی دەکات لە گەڵیدا.


نووسەر ئەم رۆمانەی بە ئازادی و ئازایانە نووسیوە، لە کۆمەلگایەگی وەک کۆمەلگای ئێمە,نووسین بەو زمان و بەو شێوازە، ئاماژەیەکە بەوەی نووسەر دەیەوێت ئازدای بە وشەکان و ھەست و دەربڕینەکان ببەخشێت. کە ئەمەش یەکێکە لەو ئەرکانەی رووداو و کارئەکتەرەکان ھەڵیانگرتووە. گەڕان لە ھەقیقەت و لە ئازادی، بە ئیڕادەیەکی بێگەردەوە، مانای ژیان و بەختەوەری دەگەیەنێت.
____________________________________
ماڵی رێحان: ھۆشەنگ محەمەد - چاپی یەکەم، ھەولێر ٢٠١٢


ئەڵمانیا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک