٩\٤\٢٠١٣
خوێنەرێک، خۆى
دەخوێنێتەوە.

کاروان محەمەد فەتاح
(ئەرکى ڕاستەوخۆى
نووسەر ئەوەیە نیشان بدا، نەک بسەلمێنێ.)
ئەلێکساندەر بڵۆک.
ئایا کاتێک دەقێکى ئەدەبى دەخوێنینەوە، کێ دەخوێنینەوە؟ خۆمان؟ یان
نووسەر و ژیانى کارەکتەرە کاغەزینەکان؟ کە لە نێوان پەنجەکانى
نووسەرەوە لەدایک دەبن و مەرەکەبى پێنووسى نووسەر بۆیان دەبێتە خوێن و
پێى دەژین.
ماوەیەکى زۆر، بەڵى، زۆر، ئەو پرسیارە لە سەرمدا هاتوچۆى دەکرد، لەناو
مێشکما بە ڕوونیى دەنگدانەوەییم دەبیست، هەتا ماوەیەک هەستەکانیشم بە
هۆى ئەم پرسیارەوە داگیر کرابوو. مرۆڤ کاتێک پرسیارى بۆ دروست دەبێت،
سووسەى گەڕان بە دواى وەڵامدا دەیوروژێنێت. ڕێگاى زۆر بۆ وەڵامى
پرسیارەکان هەیە، هەر پرسیارەو بە ئەندازەى نرخى خۆى گەڕان بە دواى
وەڵامى شیاودا ماندووبوونى دەوێ، وەڵامى پرسیارى ئایا کێ دەخوێنینەوە؟
زەحمەتێکى زۆر و ماندوبوونێکى باشى دەوێ. کتێب و پرۆسەى خوێندنەوە
کەناڵێکە بۆ وەڵامدانەوەى هەندێ لە پرسیارەکانى مرۆڤ، بە تایبەت ئەو
پرسیارانەى، کە پەیوەندییەکى قووڵیان لەگەڵ کتێب و نووسەر و
خوێندنەوەدا هەیە.
خوێنەر کاتێک دەقێکى ئەدەبى دەخوێنێتەوە، لە ڕاستیدا دەیەوێ لەبەردەم
وێنەکەى ڕاوەستێت، واتا خوێندنەوە پرۆسەیەکە لە خۆوە بۆ خۆ دەست پێ
دەکات، بەو مانایەى خوێندنەوە ئاڕاستەیەکى بازنەییە لە خۆى خوێنەرەوە
بۆ خۆى خوێنەر، نەک لە ئەوى نووسەرەوە بۆ خۆى خوێنەر، چونکە ئەو لە
خوێندنەوەى بەرهەمى نووسەرەکاندا بۆ غەم، ئازار و چاوەڕوانییەکان،
بێزارى و نائومێدییەکانى نووسەر ناگەڕێت، بەڵکو بۆ خۆى دەگەڕێت و خۆى
دەدۆزێتەوە.
کارلێکى نێوان خوێنەر و دەق لە نووسەرەوە دەست پێ دەکات، نووسەر خوێنەر
و دەق پێکەوە گرێ دەدات، بێ خوێنەر نووسەر دەقێکى بۆ نانووسرێ، بێ
نووسەریش خوێنەر ناتوانێت بگەڕێت و پرسیار لە بوونى خۆى بکات. بۆیە
نووسەرى باش، ئەو نووسەرەیە ئاوێنەیەک بەرانبەر خوێنەر ڕابگرێت، بۆ
ئەوەى خۆى تێدا ببینێتەوە، ڕووخسارى، ناخى نیشان بدات، هەتا ڕۆحیشى
بخاتە پێش چاوى، ئەمەش تەنیا بە قووڵبوونەوە بۆ ناو هەستەکان و
بیرکردنەوەکانى خوێنەر دەکرێت، بەو هۆیەوە نووسەر دەتوانێت گوزەر بەناو
کۆڵانەکانى ناخى خوێنەردا بکات، وەک (میلان کۆندێرا) دەڵێت: ((هەموو
خوێنەریک لە کاتى خوێندنەوەدا خوێنەرى خۆیەتى. کارى نووسەر تەنیا شێوە
ئامرازێکى بینایییە، کە دەیخاتە بەردەم خوێنەر، بۆ ئەوەى بۆ بلوێنێ،
ئەو شتە بناسێتەوە، کە بەبێ ئەو کتێبە لەوانەبوو لەناو خۆیدا نەیبینایە.
ناسینەوەى ئەو شتەى کتێبەکە چى دەڵێ؟ لە خوێنەر خۆیدا بەڵگەى ڕاستییەتى.)).
من کاتێک (ئانا کارنینا) ى (لێۆ تۆڵستۆى) دەخوێنمەوە، لە ڕاستیدا ژیانى
نووسەر و تراژیدیا و چارەنووسى شوومى (ئانا کارنینا) ناخوێنمەوە، کە بە
هۆى خیانەتى هاوسەرەکەیى و بێهیوابوون لە مرۆڤایەتى تووشى هات، واى کرد
خۆى بەژێر شەمەندەفەرێک بکات و کۆتایى بە ژیانى بهێنێت، بەڵکو وەک
خوێنەرێک بیر لە تراژیدیاى بوونى خۆم دەکەمەوە، چارەنووسى شووم و خراپى
خۆم دەخوێنمەوە، لە بەرانبەر بوونى خۆم و ئاییندەم نیگەران دەبم، کە (هایدیگەر)
وتەنى مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکى ناتەواوە، هەوڵ دەدات لە ئاییندەدا
خۆى تەواو بکات، ئەمەش نیگەرانى دەکات، چونکە مرۆڤ نازانێت ئایا
دەتوانێت لە داهاتوودا پرۆژەکانى بوونى خۆى تەواو بکات، یان نا؟ کە من
پێم وایە مرۆڤ هەرگیز بە لووتکەى شاخى کەماڵى و تەواوى ناگات، گەر
بیشگات تواناى مانەوەى لەسەر لووتکەکە نییە، گەیشتن بە پلەى کەماڵى جگە
لە وەهمێکى دروستکراو لە ناخى مرۆڤدا، هیچى تر نییە.
کاتێکیش (دۆن کیشۆت) ى (میگوێل دى سێرڤانتیس) دەخوێنمەوە، لە ڕاستیدا
بیر لەو وەهمانە ناکەمەوە، کە خوێندنەوەى زۆرى داستانى پاڵەوانەکان بۆ
(دۆن کیشۆت)یان دروست کرد، بۆ ئەوەى ببێتە پاڵەوان و جارێکى تر
دادپەروەرى بۆ سەر زەوى بگێڕێتەوە، بەڵکو بیر لە هەموو ئەو وەهمانە
دەکەمەوە، کە نەک داستانى پاڵەوانەکان و خوێندنەوەى زۆر کتێبەکان، بگرە
شتەکانى نێو ژیانم بۆم دروست دەکەن، ئەو شتانەى، کە لە تارمایییەکى
تەنک زیاتر نیین، زووتێپەڕن، وەک سەراب فریودەرن. وەک چۆن کاتێک ڕۆمانى
(عەتر)ى (پاتریک زوسکیند)یش دەخوێنمەوە، ژیانى نووسەر و (ژان باپتێست
گرینۆى) پاڵەوانى سەرەکى ڕۆمانەکە ناخوێنمەوە، بەڵکو ئەو حەزەى خۆم وەک
مرۆڤێک دەخوێنمەوە، کە هەمیشە وەک بوونەوەرێکى خۆپەرست هەمووان لە
پێناوى حەزى خۆمدا دەکەمە قوربانى، سادیستانە بیر دەکەمەوە و چێژ لە
بینینى قوربانییەکانم دەبینم، کاتێک بە هۆى منەوە ئازار دەچێژن. وەک
چۆن (گرینۆى) زۆرینەى کچانى شارى (گراسە) سەردەبڕێت و لە ئاوى قژ و
ئارەقى جەستەیان عەتر دروست دەکات و چێژى زۆر لە بینینى قوربانییەکانى
وەردەگرێت، واتا دەق و خوێنەر دوو شتى جیاواز نین، بەڵکو دەق خوێنەرە،
چونکە ماناى دەق لە هەناوى خوێنەردایە. (ئێمبەرتۆ ئیکۆ) وتى:((دەق
ئامێرێکى تەمبەڵە، پێویستى بە خوێنەرێک هەیە جووڵەى پێ ببەخشێ و ژیانى
بکاتە بەر.)).
هەر خوێنەرێک هەستى هاوبەشى زۆرى لەگەڵ دەقدا بۆ دروست نەبێت، وازى لێ
دەهێنێ و تووڕى دەدا، لەناو ڕەفەى کتێبخانەکەیدا دایدەنێت و ئەنجام
تۆزى فەرامۆشى لێ دەنیشێت.
هەموو نووسەران لە ناچاریدا دەبنە نووسەر، نووسەربوون دۆخێک نییە
ئامادەکاریى پێشوەختەى بۆ کرابێت. بە مانایەکى تر خوێنەر، کە سەرەتا
دەست بە خوێندنەوە دەکات، بیر لەوە ناکاتەوە ڕۆژێ لە ڕۆژان ببێتە
نووسەر، مرۆڤ بۆیە دەنووسێت، چونکە هەموو ئەو دەقانەى
خوێندوویانییەتییەوە، تێریان نەکردووە و حەز و ئارەزوویان نەشکاندووە،
یان ڕاستتر بڵێم، وەڵامى ئەو پرسیارانەى چنگ نەکەوتووە، کە بە دوایاندا
گەڕاوە. لەبەر ئەوەیە، کاتێک دەنووسێت، خوێنەرێکى جدى گریمانەکراوى پڕ
لە خەون و چاوەڕوانیى، پڕ لە پرسیار و گومان لە هزرى خۆیدا دروست دەکات.
بە کورتى دۆخى نووسەربوون دۆخێکە سەرڕێژ لە ناڕەزایى بەرانبەر ئەو
دەقانەى، کە خوێندوویەتییەوە. (میلان کۆندێرا) لە نووسینێکدا لەسەر
ڕۆمانى (گەڕان بەدواى کاتى ونبوو)ى (مارسێل پرۆست) بە شێوەیەکى زۆر ورد
باس لەوە دەکات، کە نووسەر بۆ خۆى نانووسێت، بەڵکو بۆ خوێنەر
دەنووسێت:((مارسێل پرۆست ئەو ڕۆمانەى بۆ ئەوە نەنووسیوە، بۆ ئەوەى باس
لە ژیانى خۆى بکات، بگرە دەیەوێ چاوى خوێنەر لە هەمبەر خۆى بکاتەوە.)).
ماڵپەڕی کاروان محەمەد فەتاح
|