خوێنەرى
راستەقینە و میدیاى گاڵتینە.

بێستون حەسەن
لەخوا بەزید بێت و شکور بۆ ئەم ئازادیە فراوانگیر و ڕەهایەى کە بە
لێشاو هەموو کایە مەعریفى و غەیرە مەعریفیەکانى لە دۆخێکى چەق
بەستووەوە بردوەتە دۆخێکى لەبار و تەنانەت زۆر جاریش ئەم نەرم و
نیانییەى ئازادییە بە نەگەتیڤ شکاوەتەوە بەسەر هەموو بوارە
جۆراوجۆرەکانى پرۆسەى گوزەرانى تاک بەتاکى ئەم میللەتە بێدەسەڵات و
داماوە .
بازاڕى ئازاد و ڕاى ئازاد و سەربەستیى ڕەخنە بەڕووى دەسەڵات و
سەیرکردنى ڕەگەزى نێر و مێ بەیەک چاوو هەبوونى مافیان وەک یەک
لەزۆرکاتدا ، ئەمانە هەموو وەچەى ئەو ئازادییەن کە باسمان لێوەکردن و
ئاماژەمان پێدا . بەڵام داخۆ گرفتى هەست پێنەکردنى ئەم ئازادییە و
بەکارنەهێنانى لەجێى خۆیدا دەگەڕێتەوە بۆچى ؟ ئەشێ میللەت خۆى لەئاست
ئەم مەسئولیاتەدا نەناسێ ، یان ئەوە هێزى باڵاو دەسەڵاتە کە ناتوانێ
هاوکێشەکە بە یەکسانى ڕابگرێت و تەوازنێک بداتە ئەو کەشە دیموکراسییەى
کە ناوى لێنراوە ئازادى ! لەنێو ململانێى ئەم کایە جیاوازانەى کەباسمان
لێوەکرد میدیا بەهەموو جۆرەکانیەوە تاوانبارى یەکەمە ئەوجا خەڵکى
ڕۆشنبیر و خوێنەرەکانى ، لەبەر ئەوەى دەبینین لەدواى پرۆسەى ئازادى
عێراق و هێنانەوەى دەسەڵاتى چوارەم بۆژێر ڕکێفى خۆمان ، کۆمەڵێک کەسانى
هەمەجۆر لەبوارى ڕاگەیاندندا هاتنە مەیدانەکە و وەک سەرەتایەک بۆ
بەشدارى کردنى کەسانى تر خۆیان پیشاندا تا کەسانى تر و لایەنى تر پەل
بهاوێتە ناوەندەکە و ئەسپى خۆیانى تیا تاوبدەن ، لەناو ئەم
کەسایەتیانەى کە هەبوون زۆرێکیان کەسانى لێهاتوو بەتوانا بوون و
ڕابردوویەکى ئیعلامى بەرچاویان هەبوو لەبوارەکەدا و توانیان بە
دەرکردنى ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕى ئەلیکترۆنى و کارکردن لە تیڤی
یەکاندا ببنە جێى سەرنجى دەورو بەرو خەڵکانى ڕۆشنفکر.
بەڵام جێى ئەسەف و داخە ناوەندە ئیعلامییەکە بە قۆستنەوەى هەلى ئازادى
و هەلى کارکردن کەسانێکى نەشارەزاو هەلپەرست و نا ئیعلامى دروست کرد کە
خۆیان هەڵدایە ناو مەیدانەکە و لەڕێى دەرکردنى زۆرێک لە ڕۆژنامە و
گۆڤارەوە کە ئێستە بەچاوى خۆتان دەیان بینن کە لە چ ئاستێکى مەعریفیدان
، ناوى پرۆسەى ئازادى بۆ ڕادەربڕین و ئاراى جیاوازیان لەکەدارکرد ،
بەوەى کە خوێنەرى ڕاستەقینەیان شاردەوە و بەلێشاو خوێنەرى بابەتى سادەو
ساویلکە و سەیرکەرى وێنەى ڕۆژنامەکانیان دروست کرد کە بێگومان ئەم
بەلێشاو هاتنەى ڕۆژنامە و گۆڤارە جۆراوجۆرەکان واى کردووە نەتوانین
بەئاسانى کەسانى خوێنەرى ڕاستەقینە و میدیاى ڕاستەقینە دیارى بکەین ،
دەکرێ تیڤى و کەناڵە ئاسمانییەکان بەجۆرێک لەجۆرەکان هەڵسەنگاندنیان
بۆبکەین و باش و خراپیان لەیەکتر جودا بکەینەوە ، بەڵام ناکرێ گۆڤار و
ڕۆژنامەکان بەو ئاسانییە باش و خراپیان لەیەکتر جیابکەینەوە ،
هۆکارەکەشى دییارە لەوانەیە بەهۆى ئەو بارودۆخە جیاوازانەى ئەمڕۆى
هەرێمەکەمانەوە بێ کە بابەتەکان هەمەلایەن ترن و ڕەنگاوڕەنگ ترن بە
شرۆڤەى باس لێوەکردنیان . ئەگەر ڕیتکەوتبێتە هەریەک لەکتێبخانە و
دەسگێڕەکانى بەردەرکى شار و گوزەرێکت کردبێتە ناو بڵاوکراوەکانى ڕۆژ ،
دەبینیت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ چەواشە دەکرێیت بە دیارى کردنى
چاکترین ڕۆژنامە و باشترین بڵاوکراوە چونکە کاکى فرۆشیار لەبەر
ساغکردنەوەى بڵاوکراوەکانى هەمیشە پێت دەڵێت وەرنەوە بۆ نوێترین هەواڵى
فڵان و نوێترین نهێنى فڵان و ناوازەترین بەرهەمى فڵان ، لەولاشەوە
لەبەر نەبوونى ڕۆشنبیرییەکى ڕەهاو تێنەگەیشتنێکى وورد بینانە جۆرەها
کەسى هەمەلایەن لەدەورى کابراى فرۆشیار کۆدەبنەوە و زۆرێک بڵاوکراوەى
لێدەکڕدرێت ، ئەمەیە گرفتى خوێنەر و میدیاى گاڵتینە کە سانسۆرێک
نابینرێت لەلایەن لایەنى پەیوەندیدار بە بڵاًوکردنەوەى ئەو بەرهەمە بە
لێشاوانە ، چونکە خوێنەرى داماو کاتێک لە مانشێتى بڵاوکراوەکە دەڕوانێ
تەواو سەرنجى ڕادەکێشێت و واى لێدەکات خێرا دەسبەرێت بۆگیرفانى و
بیکڕێت و لەماڵەوە بۆى دابنیشێت بۆ خوێندنەوەى ئەوبابەتە گرنگە ، بەڵام
کاتێک دەست دەکات بەخوێندنەوەى بابەتەکە ، دواى کات کوشتنێکى زۆر بۆى
دەردەکەوێت مانشێتى بڵاوکراوەکە و ناوەرۆکى بابەتەکە دوو لایەنى زۆر
دوور لەیەکن و ئەسڵەن زۆرجار هەر یەکیش ناگرنەوە ، ئەمە وا لە خوێنەرى
ڕاستەقینە دەکات دیدى خوێندنەوەى بۆ شتەکان بەجۆرێکى تربێت و بە چاوێکى
ترەوە لەو گۆڤار و ڕۆژنامانە بڕوانێ کە سەرجادە و بن جادەیان تەنیوە بە
بابەتى چەواشەکارى و دوور لە بنەما ڕاستییەکانەوە .
ئێستە زۆرێک لەو بڵاوکراوانە دەستیان داوەتە جۆرە فێلێکى تر و
چەواشەکردنێکى تر بەوەى دێت هەرچۆنێک بێت بابەتێکى تاڕاددەیەکى ڕاست
دێنێت و لە هەردوو دیوى ڕۆژنامەکەى یاخود گۆڤارەکەیدا بەدووجۆرى جیاواز
بڵاو دەکاتەوە تا وا لەخوێنەر بکات سەرنجى بۆلاى بابەتەکە ڕابکێشێت و
تەواوى ژمارەى بڵاوکراوەکەى پێ سەرف بکەن کە ئەگەر سەیرى بابەتەکانى
تریان بکەیت تاقەتت نابێت دوو دێڕیان لێ بخوێنیتەوە بەڵام چار نییە
هەردەبێ وا بکەن کورد وتەنى (مشتێک ڕاستى دەکەن بەناو باوەشێک درۆدا )
بەخاترى ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان . لێرەوە ماناکانى بەردەم پرۆسەى
ئازادى تاک و ئازادى ڕۆژنامەگەرى بەجۆرێکى کە دەگۆڕێن و هەیبەتى
ڕاستەقینەى خۆیان بۆ خوێنەران و هاودیدەکانیان لەدەست دەدەن ، لێرەوە
دروستکردنى فەزاى ئیعلامى ڕاست تەنگەژە بەخۆوە دەبینێ و لەم نێوەندەشدا
خوێنەرى ڕاستەقینە و ڕۆشنبیرى ڕاستەقینە وون دەکرێن لەیەکترى . دەکرێ
هێزى یەکەمى ئەم بارودۆخە کە ناوەندى بڵاوکردنەوەیە چاوێک بخشێنێت
بەزۆر و بۆرى میدیاکانى سەرگۆڕەپانى ڕۆشنبیرى و سیاسى و هونەرى ئەمڕۆى
کوردستان و سنوورێک بۆ تەشەنە نەکردنى ئەم بەناو ئازادییە دابنێت تا
ئەو تۆزە خوێنەرە جددییەى کەماومانە لەدەست نەدەین و بە سستەمى
کارکردنیاندا بچنەوە و وەها بکەن کە زۆر و بۆرى میدیاکان نەمێنێت و
ئاوڕێکى حەق بینانە بدرێتەوە لەو نوسەر و ڕۆشنفکرانەى کە دەماودەم و
سەردەم بەسەردەم لەگەڵ بارودۆخە جیاجیاکاندا ڕۆیشتوون و بە نوسین و
ووتارە بەجێکانیان سەردەمێکیان لە قەیرانەوە هێناوەتە ئەم سەردەمەى کە
ئازادى سەرانسەرى بوارە جیاجیاکانى داپۆشیوە ، لەهەمانکاتدا و بەدواى
خۆیدا وەڵامێکى نەرێنى ئیعلامى هێناوەتە کایەوە کە دیارى کردنى میدیاى
ئەکتیڤ و نائەکتیڤى زۆر لێ قورس کردووین . حەق وایە چیتر خەڵکى خۆى
لەوە تێبگا کە ڕۆژنامەى چالاک و جوڵاو لەوانەى تر جودا بکاتەوە و هەر
تاکێک یاخود هەرخوێنەرێکى ئەم واقیعە وەک دادوەرێکى بوارى ڕۆژنامەگەرى
سەیرى بڵاوکراوەکان و کەناڵە جۆراوجۆرەکانى میدیا بکات ، تا لەو
ئاستەنگە بێینە دەرێ و لەسایەى ئەم کەشە دیموکراسیەدا کەشێکى
سەراپاگیرى دەوڵەمەند بە میدیاى دروست پێک بێت و خوێنەرى جددى
دەربکەوێتەوە . بۆیە ئەرکێکى گرنگ و مێژوویش ئەکەوێتە سەر ئێمەى خوێنەر
و نوسەرى ئەمڕۆى بوارى ڕاگەیاندن بەوەى دەبێ هەمیشە چاوى ڕەخنەگرتن و
دیدى حەقبینینمان ڕوونتر و کراوانەتر بکەین لەئاست ئەو هەموو ڕۆژنامە و
گۆڤارانەى کە بوونەتە هۆى چەواشەکردنى خوێنەرى کورد و هەموو ئەو
خوێنەرانەشى کە تازە بەتازە تێکەڵ بەدونیاى میدیا بوون ، خۆدزینەوە و
وەلاوەنانى کارە ناشرینەکان ئەم ئەزموونە جوانەمان لەکەدار و پڕخەوش
ئەکات کە ساڵانێکى دوور و درێژە کەسانێکى ماندوونەناس کاریان بۆکردووە
و ئەمڕۆیان هێناوەتە بوون .
دەبا پێکەوە هەم خوێنەران و هەم میدیا، خۆیان پەنجە بخەنەسەر کارى باش
و بڵاوکراوەى باش تا ئەوانەشى بەهۆى هەرمەرامێکەوە هاتوونەنە
مەیدانەکەوە کاڵ ببنەوە و بەرەو فەوتاندن بچن ، ئەمە پەندێکى
کوردەواریم دێنێتەوە بیر کەدەڵێ (پەتى درۆ کورتە و زوو دەپسێ) کە
گوزارشتە لە بابەتى خەیاڵى و هەموو ئەو بابەتانەى کە لەسەرچاوەیەکى
نادیارەوە هاتوون و بوونەتە قەرەباڵغ کردنى بڵاوکراوەکانى سەر ساحەى
میدیاو بۆماوەیەک کەسانێکیان پێ چەواشە دەکرێت ، چیتر ئەو
بازاڕگەرمییەى بڵاوکراوەکانیش ووردە ووردە بەرەو نەمان دەچێت و
نوخبەیەک لە میدیاى چالاک سەرهەڵئەدا گەر بێت و بەهەموومانەوە کار بۆ
ئەوە بکەین کە ڕۆژنامەى چالاک و ڕۆژنامەى دروست کراو لەیەکتر
جیابکەینەوە و خوێنەرى لاوەکیش فێربکەین خۆیان لەو بڵاوکراوانە بەدوور
بگرن کە بەدەر لە چەواشەکارى و فەوزا نانەوە و دووبەرەکى دروست کردن
لەنێوان لایەنێک و لایەنێکى تردا ، هیچ لە هەگبەکەیاندا نیە و بەتاڵن
لە سەرچاوەى ڕاست و دونیا بینینێکى عەقڵانییەوە .
Bestoon1617@yahoo.com
|