٢٦\٥\٢٠١٠ خوێنه‌رى تایبه‌ت له باره‌ى (پێنچه‌مین کتێب)ى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب.
هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د دواى جوانییه‌کانى ئه‌م کتێبه، دواى چێژوه‌رگرتن، ویستم ره‌خنه له پێنجه‌مین کتێب بگرم. * * * * * * *
(من بۆ که‌سێکى تایبه‌ت نانووسم، به‌ڵام بۆ خوێنه‌رێکى تایبه‌ت ده‌نووسم که سه‌رکێشه و حه‌ز به زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵى جیاواز ده‌کات، دواجار خۆشى ده‌گاته حاڵه‌تێکى شیعرى و کتێبه‌که‌م هه‌ڵده‌داته ناو لافاوێک له خوێن که بێگومان خوێنى دڵیه‌تى، من بۆ هه‌ر رۆمانێک یه‌ک تاکه خوێنه‌رى وام هه‌بێ ده‌توانم درێژه به نووسین بده‌م).
ئه‌م په‌رگراڤه‌ى سه‌ره‌وه‌دا، که (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) له دوا به‌رگى کتێبه‌که‌یدا نووسیوییه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر خوێنه‌رێک، پێش ئه‌وه‌ى پێنجه‌مین کتێب بخوێنێته‌وه، بزانێت نووسه‌ر چ خوێنه‌رێکى گه‌ره‌که؟ ئه‌م په‌ره‌گراڤه ده‌ربڕین له ئه‌قڵییه‌ت و تێگه‌یشتنى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب ده‌کات، بۆ په‌یوه‌ندى نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر یان نووسین و خوێندنه‌وه، دواتریش جۆرێکى په‌یوه‌ندى له نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر پێشبه‌ر ده‌کات. که ئه‌و پێشبه‌رییه‌ش چه‌ندین ره‌هه‌ندى جیاوازى لێده‌بێته‌وه. که ناکرێت بێ خوێندنه‌وه تێپه‌ڕ ببێت. بۆیه له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و په‌ره‌گراڤه بکه‌ین و ره‌خنه‌ى لێ بگرین.
خوێنه‌رى تایبه‌ت کێ یه؟
له هه‌ندێ نووسینى کوردی‌دا، به شێوه‌یه‌کى راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ، له‌وه گه‌یشتووم که خوێنه‌ر له رۆشنبیریى کوردی‌دا، تا ئێستا زینده‌وه‌رێکى که‌م توانا و ناتایبه‌ت و بێده‌سه‌ڵات و بێ چێژ و بێ زه‌وقه له خوێندنه‌وه‌دا. زۆربه‌ى نووسه‌رانیش ، مه‌رجى تایبه‌تى خۆیان بۆ خوێنه‌ر هه‌یه، ده‌شیانه‌وێت خوێنه‌ر ئه‌و که‌سه بێت، یان ئه‌و خوێنه‌ره تایبه‌ته بێت که ئه‌وان حه‌زى لێده‌که‌ن. چونکه ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر توانى ئه‌و که‌سه نه‌بێت، که چاوه‌ڕوانییه‌کانى نووسه‌ر بێنێته دى، ئه‌وه خوێنه‌رێکى تایبه‌ت نییه و دووریش نییه، چه‌ندین ناو و ناتۆره‌ى بۆ دروست بکرێت و وه‌ک نه‌خوێنده‌واریش وه‌سف بکرێت!
پرسیارى من ئه‌وه‌یه ئایا خوێنه‌رى تایبه‌ت کێ یه؟
له په‌ره‌گراڤه‌که‌ى جه‌بار جه‌مال غه‌ریبدا، له‌وه ده‌گه‌ین که خوێنه‌رى تایبه‌ت ئه‌و که‌سه‌یه، که (حه‌ز به‌زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵى جیاواز ده‌کات، دواجار خۆشى ده‌گاته حاڵه‌تێکى شیعرى و کتێبه‌که‌م هه‌ڵده‌داته ناو لافاوێک له خوێن ...تا دوایى په‌رگراڤه‌که).
ئه‌مه تێگه‌یشتنى جه‌بار جه‌مال غه‌ریبه، بۆ خوێنه‌رى تایبه‌ت، بۆیه لێره‌دا پێویسته چه‌ندین پرسیار له‌سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب دروست بکه‌ین:
جه‌بار جه‌مال غه‌ریب نووسه‌ره و رۆمانێکى خستۆته به‌رده‌ستى خوێنه‌ران، جا چ تایبه‌ت بن، یان نه‌بن. خوێنه‌ر به شێوه‌یه‌کى گشتى له تێگه‌یشتنى مندا، تایبه‌ته. هه‌ر خوێنه‌رێکه و بۆخۆى، به تێگه‌یشتنى خۆى تایببه‌تمه‌ندیى خۆى هه‌یه، توانا و زمان و چێژ و فه‌نتازیا و ره‌خنه و خوێندنه‌وه‌ى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه، هه‌رگیز دوو خوێنه‌رى وه‌ک یه‌کمان نییه، هه‌میشه خوێنه‌ره‌کان تایبه‌تین و جیاوازى خۆیان له‌گه‌ڵ یه‌کدى راده‌گه‌یه‌نن، ئیدى من نازانم پێوه‌ریى تایبه‌تیبوون له لاى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب بۆ په‌یوه‌ست کراوه به (حه‌زکردن له زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵى جیاواز) ، ئایا خوێنه‌رێک هه‌یه حه‌ز به زمان و خه‌یاڵ و فه‌نتازیا نه‌کات؟ ئایا پرۆسه‌ى چ خوێندنه‌وه‌یه‌ک هه‌یه بێ زمان و بێ خه‌یاڵ و بێ فه‌نتازیا بێت؟ به‌تایبه‌تیش خوێنه‌رى رۆمان، که رۆمان خۆى له‌سه‌ر زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵ هه‌ڵده‌ستێت. من نازانم ئایا جه‌بار جه‌مال غه‌ریب بۆ چاوه‌ڕێى ئه‌وه له گشت خوێنه‌ران ناکات که حه‌ز به زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵى جیاواز نه‌که‌ن؟ بۆ پێى وایه که‌من ئه‌و خوێنه‌رانه‌ى حه‌ز له زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵ ده‌که‌ن؟ له‌و په‌ره‌گراڤه‌دا دیاره جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، پێش ئه‌وه‌ى کتێبه‌که‌ى بخوێنرێته‌وه، ئه‌و سنوورى خوێنه‌رى تایبه‌تى له لاى خۆیدا ده‌ست نیشان کردووه، پێشى وایه که خوێنه‌رێک حه‌ز به زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵى تایبه‌ت بکات، که‌مه. یان ره‌نگه هه‌ر نه‌بێت و یه‌ک تاقه خوێنه‌ریشى ده‌ست نه‌که‌وێت، سنووردانان بۆ خوێنه‌رى تایبه‌ت به پێوه‌ر و تێگه‌یشتنى پێشوه‌خته له لاى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب دا، تێکشکاندنى روحیى بێگه‌ردیى خوێنه‌ره، که پێویسته له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى رۆمانه‌که‌دا ببێته خاوه‌ن حه‌زى زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵى تایبه‌ت. نه‌وه‌ک پێشوه‌خته نووسه‌ر داواى ئه‌وه له خوێنه‌ر بکات که پێویسته حه‌زى زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵى هه‌بێت ، ئینجا بێت و رۆمانه‌که‌ى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب بخوێنێته‌وه. من به به‌رواژى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب ته‌ماشاى بابه‌ته‌که ده‌که‌م، خوێنه‌ر ئازاده له‌وه‌ى حه‌زى له زمان و فانتازیا و خه‌یاڵى تایبه‌تى بێت یان نا، (که من گومانم نییه خوێنه‌ر حه‌زى له‌و شتانه هه‌یه، بۆیه رۆمان ده‌خوێنێته‌وه) ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى من ناتوانم لێى بێ گومان بم، ئه‌وه‌یه: که ئایا خوێنه‌ر حه‌زى له زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵى تایبه‌تى جه‌بار جه‌مال غه‌ریبب هه‌یه یان نه؟! چونکه ناکرێت ئێمه وا له خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێن که هه‌موو (زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵێکى تایبه‌ت) پێویسته خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێته حاڵه‌تێکى شیعریى و نووسینه‌که بخاته نێو خوێنى دڵییه‌وه؟
سنووردانان بۆ خوێنه‌ر، چه‌ند بنده‌ستکردنى خوێنه‌ره به کۆمه‌ڵێ تێگه‌یشتن له‌ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى خوێندنه‌وه‌ى تایبه‌تى خوێنه‌ردا و سه‌پاندنى تیۆر و سسته‌مى بیرکردنه‌وه‌ى که‌سانێکى دیکه‌یه له فۆڕمى (نووسه‌ر)دا، ئه‌وه‌نده‌ش خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانى (نووسه‌ر)ه، بۆ ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ى که له لاى خۆى بوونه‌ته (باوه‌ڕ) و نایه‌وێت ره‌خنه‌یان بکات. وه‌ک پیرۆزییه‌ک ته‌ماشایان ده‌کات.
کێشه‌ى سه‌ره‌کى لێره‌دا لاى من ده‌بێته په‌یوه‌ندى نێوان (نووسه‌ر و خوێنه‌ر، نووسین و خوێندنه‌وه) که واده‌کات، نووسه‌رانى کورد وا تێبگه‌ن، ئه‌وان نووسه‌رن، بۆیه ده‌نووسن، که ده‌شنووسن بۆ که‌سانێک ده‌نووسن که خوێنه‌رن، خوێنه‌ره‌کانیش تایبه‌تن، تایبه‌ته‌کانیش ئه‌و که‌سانه‌ن که ده‌گه‌نه حاڵه‌تێکى شیعریى و نووسینه‌که ده‌خه‌نه نێو خوێنى دڵییانه‌وه، به‌ڵام با واى دابنیێن من نووسینه‌که ده‌خه‌مه ناو خوێنى مێشکمه‌وه و له کرده‌یه‌کى ره‌خنه‌ییدا رووبه‌ڕووى نووسین و نووسه‌ر ده‌بمه‌وه و ململانه‌یه‌کى هزرى ره‌خنه‌یى له‌گه‌ڵ ده‌که‌م، ئایا ئه‌وه ماناى چى ده‌دات؟ که من خوێنه‌رى تایبه‌ت نیم و نه‌متوانیوه بیخه‌مه دڵمه‌وه و دواتریش پێویسته جه‌بار جه‌مال غه‌ریب درێژه به نووسین نه‌دات؟ واته ئه‌گه‌ر نووسه‌ر خوێنه‌رێکى وا تایبه‌ت نه‌دۆزێته‌وه ده‌بێت واز له نووسین بێنێت و تێبگات که خوێنه‌رى تایبه‌ت نییه و درووست نه‌بووه و نابێتیش؟ یان به پێچه‌وانه‌وه، له‌مه‌ودوا خوێنه‌ر ده‌بێت بچێته نێو ئه‌و قالبه‌ى که نووسه‌ر بۆى دیاریده‌کات و به زۆریش بێت خۆى بگه‌یه‌نێته حاڵه‌تێکى شیعریى و نووسینه‌که بخاته دڵییه‌وه؟
خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر تایبه‌ت نه‌بێت چى ده‌بێت؟
بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره، له په‌ره‌گراڤه‌که‌ى جه‌بار جه‌مال غه‌ریبدا، له‌وه ده‌گه‌ین خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر تایبه‌ت نه‌بوو، (وا) نه‌بوو، ئه‌وه شایانى ئه‌وه نییه بۆى بنووسى، چونکه خوێنه‌ر نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌ک تاقه خوێنه‌رى (وا) هه‌بوو، ئه‌وه شایانى ئه‌وه‌یه رۆمانى بۆ بنووسى. لێ من ده‌پرسم خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر تایبه‌ت نه‌بێت، چى ده‌بێت؟
تایبه‌ت به چ مانایه‌ک؟ تایبه‌ت به نووسینه‌کانى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب و ئه‌و نووسه‌رانه‌ى وه‌ک ئه‌و بیر ده‌که‌نه‌وه؟ یان وه‌ک ئه‌و ده‌نووسن؟ یان تایبه‌ت به‌و مانایه‌ى حه‌زى له سه‌رکێشى و زمان و فه‌نتازیا و خه‌یاڵ هه‌بێت؟ له هه‌ردوو باردا و به‌ده‌ر له‌و دوو باره‌ش، خوێنه‌ر خۆى تایبه‌ته، هه‌میشه خوێنه‌ر تایبه‌تیى خۆى هه‌یه، تواناى خۆى هه‌یه، حه‌زى خۆى هه‌یه، له زمان و خه‌یاڵ و فه‌نتازیا و حاڵه‌تى شیعریدا خوێنه‌ر خۆى سه‌رپشکى خۆیه‌تى و ئازاده له‌وه‌ى به چ هه‌ناسه‌یه‌ک و حه‌زێک و مه‌راقێک و ئاره‌زووێک تێکه‌ڵ به خوێندنه‌وه ده‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادییه نه‌بوو، ئه‌ى چى بۆ خوێنه‌ر ده‌مێنێته‌وه؟ شتێک که هه‌رگیز خوێنه‌ر تایبه‌ت ده‌کات، ئه‌و ئازادیه‌یه که خوێنه‌ر هه‌یه‌تى و نووسه‌ران ده‌یانه‌وێت لێى بستێنه‌وه، ئه‌و سه‌ربه‌خۆیه‌یه، ئه‌و خه‌یاڵ و زمان و سه‌رکێشیى و فه‌نتازیا و حاڵه‌ته‌نانه‌ن که خوێنه‌ر له نووسه‌ر جیاده‌که‌نه‌وه و ده‌یکه‌نه زینده‌وه‌رێک که تواناى تێگه‌یشتنى تایبه‌ت به خۆى و زمانى تایبه‌ت و خه‌یاڵى تایبه‌ت و چیرۆکى تایبه‌تى خۆى هه‌بێت. ئه‌و په‌ره‌گراڤه‌ى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، ده‌ربڕین له‌و باره ده‌کات، که ده‌یوێت ئازادییه‌کانى خوێنه‌ر ته‌سک بکاته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌رفه‌تى هه‌بێت تا نووسینه‌که بخاته نێو خوێنى دڵییه‌وه و له‌وێوه لافاوێکى خوێن، خوێنه‌ر بباته نێو کتێبه‌وه، به‌ڵام من ده‌ڵێم، خوێنه‌ر پێویسته ئازاد بێت له‌وه‌ى ئه‌و کتێبه ده‌خاته خوێنى دڵییه‌وه یان نا؟ یان دڵى خوێنه‌ر لافاوى خوێنه یان کانییه‌کى ره‌نگینى رێحان؟ ئیدى ناکرێت نووسه‌ر داوا له خوێنه‌ر بکات، کتێبه‌که‌ى چۆن بخوێنێته‌وه و چۆن تێى بگات و چۆنیش بکه‌وێته نێوییه‌وه و پێیه‌وه داخبار بێت.
ره‌گى ئه‌م سنووردانانه بۆ خوێنه‌ر به‌ناوى (خوێنه‌رى تایبه‌ت) ته‌نیا کۆیله کردنى خوێنه‌ر و بنده‌ستکردنییه‌تى به مانا و به‌ها و دنیابینى نووسه‌ران بۆ نووسین و بۆ خوێندنه‌وه، خه‌ساندنى خوێنه‌ریش له‌وه‌ى ئازاد نه‌بێت، چۆن بێ ترس و بێ هه‌ڕه‌شه بخوێنێته‌وه و ئازاد بێت له‌وه‌ى کتێبه‌که بخاته نێو خوێنى دڵییه‌وه یان سه‌رییه‌وه.
نووسین به‌وه جوانه که نووسه‌ر ئه‌وه‌نده ئازاد بێت، له خوێندنه‌وه‌ى خوێنه‌ر نه‌ترسێت، ئه‌و گیانه‌ى هه‌بێت که خوێنه‌رانێک هه‌بن، هێڕش بکه‌نه سه‌ر خۆى و تێکسته‌که‌ى، ره‌خنه‌ى لێ بگرن و نووسینه‌که‌شى فڕێده‌نه هه‌ر شوێنێک ته‌نیا دڵى خوێنه‌ر نه‌بێت. ئیدى خوێنه‌رى تایبه‌ت ئه‌و که‌سه نییه که جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، یان من و هه‌ر که‌سێکى دیکه، به راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ سنوورى بۆ داده‌نێین، ره‌گى سنووردانان له لاى نووسه‌ران، بۆ خوێنه‌ران و جۆرى خوێندنه‌وه و چۆنییه‌تى خوێندنه‌وه و هه‌ڵگرتنى کتێب له نێو چ قولاجێکى له‌شى مرۆڤدا، بۆته به‌هایه‌کى بێ بنه‌ماى هزرى و زیاتر له باوه‌ڕێک ده‌کات، که نووسه‌ران به هۆکارى گه‌وره‌بوون و به‌زلزانیى و زمانزانى و خه‌یاڵبازیى و وزه‌ى فه‌نتازیى خۆیانه‌وه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ى ئه‌وان خواوه‌ندن و بڕیاریش له‌سه‌ر خوێنه‌ر و دابه‌شکردنیى خوێنه‌ر ده‌ده‌ن، لێره‌شدا ئه‌وه‌ى ده‌بێته پێوه‌ر بۆ خوێنه‌رى سه‌رکه‌وتوو، یان خوێنه‌رى تایبه‌ت، ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندى نووسه‌ره، نه‌وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کى هزرى یان فه‌نتازى یان خه‌یاڵ و یان هه‌ر به‌هایه‌کى دیکه‌ى رۆشنبیریى.
سنووردانان به‌ناوى خوێنه‌رى تایبه‌ت، سنووردانه بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى نووسه‌ر، که نووسینیش بووه ته‌نیا مه‌نجه‌ڵى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان، ئیدى هیچى واى تێدا ناکوڵێت ئومێدى جوانبوون به نووسه‌ر ببه‌خشێت له‌لاى مرۆڤى خوێنه‌ر.
دواتریش، ئه‌وه رۆمان و رسته و به‌هاى کتێبه وا ده‌کات، خوێنه‌ر حه‌ز له زمانى نووسه‌ر یان فه‌نتازیاى نووسه‌ر و خه‌یاڵى جیاوازى نووسه‌ر بکات، خوێنه‌ر تا نه‌خوێنێته‌وه نازانێت (پێنجه‌مین کتێب) خاوه‌ن زمان و سیحر و خه‌یاڵ و فه‌نتازیایه یان نه؟ هه‌روه‌ها ناشزانێت ره‌گى بیرکردنه‌وه‌کانى جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، سه‌باره‌ت به نووسین و خوێندنه‌وه، ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک؟ بۆیه خاس ئه‌وه، دواى بڵاوکردنه‌وه، بێده‌نگ بین، رێ بده‌ین خوێنه‌ر به ئازادیى خۆى بێت و به‌تایبه‌تى بمانخوێنێته‌وه.
|