په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠١٠

خورماتوو؛ شارۆچکە پشتگوێخراوەکە.


محەمەد ئەحمەد  


لەبەر نەبوونی خزمەت گوزارییە گشتییه‌کان و کەمی کارەبا ، هاوڵاتییان کوردی دانیشتووی خورماتوو هەستان بە سازکردنی خۆپیشاندانێکی هێمنانە بۆ ئەوە ئاوەڕێک لە شارۆچکەکەیان بدرێتەوە و حکومەت هەڵسێت بە دابینکردکی کارەبا و ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاریی، بەڵام لە بەری ئەوەی بەدەنگی خۆپیشاندەرەنەوە بێن و گوێ لە داواکارێکانیان گیرێت، لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدینەوە تەقەیان لێکرا و تەنانەت نارنجۆکی دەنگیش لە نێو خۆپیشاندەرانەوە تەقێنرایەوە و لەبەردەم بەرێوەبەری پۆلیسی خورماتوودا خۆپیشاندەران درانە بەر شەق و هەندێکیشان دەستگیر کران، بەڕاستی ئەمە بووە هۆی نیگەرانی زۆرێک لە هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی شارۆچکەی خورماتوو ، لەبەر ئەوەی سەرجەم خۆپیشاندەرەکان بەڕەگەز کوردبوون و ئەوان داوایان دەکەد گەڕەکە کوردێکانی شارۆچکەکەیان ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام ئەوەی جێ داخبوو بەرپرسانی ئەمنی و پارتە کوردێکان بەهانای خۆپیشاندەرەکانەوە نەهاتن کە کاتێک لێدران، بۆیە هاوڵاتیان زیاتر تووڕە بوون و هەڕەشەی بەشدارینەکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوویان دەکەن.


لەلایەکی دیکەوە، لایەنە ناکوردییه‌کان بەپێی پیلان ، ورد ورد بەڕێوەبەری فەرمانگە کوردەکانی خورماتوو لە پۆستەکانیان لادەبەن و دواترین هەوڵیان لادانی بەڕێوەبەری پەروەردەی خورماتوو مامۆستا( رەشید فواد) بوو، کە گوایە بەبیانووی تێنەپەڕاندنی ئیش و کارەکانی ناکورده‌کان لەو شارۆچکەیە تێناپەڕێنێت بۆیە لەسەر پۆستەکەی دورخراوەتەوە و کەسێکی عەرەبیان لە شوێنەکەی دانیاوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پێشتر لە هەوڵێکدا بڕێوەبەرە کوردەکی پۆلیسی خورماتوو لادرا لەپۆستەی و چەند بەرێوەبەرێکی دیەی فەرمانگەکان کە کورد بوون بەبیانووی جۆراوجۆر لادراون و هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ لادانی ئەوانی دیکەیش، ئەمەش بە هۆکارێکی سیاسی دەزانرێت و تائێستا پارتە کوردێکانی خورماتوو هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە سەبارەت بە لابردنی بەڕێوەبەرە کوردەکانی فەرمانگە حکومییەکانی خورماتوو، ئەمە لەلایەکی دیکەوە کە چەندین فەرمانگە هەیە لە خورماتوو تەنها کوردێکیشی تێدا نییە لەوانە ( فەرمانگەی کتێبخانەی گشتی و کەش و هەواو و خەزن کردنی ئاو .. چەند دانەیەکی دیکەیش) و چەند فەرمانگەیەکی دیکەش هەیە هەر بۆ رەمز چەند کوردێکیات دامەزراندووە، خورماتوو لە هەرسێ نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان پێکهاتووە و پێویستە بەپێی رێژەی قەومییەت فەرمانبەر دابمەزرێت و پۆستەکان دابەشبکرێت.


هەوەها ماوەیه‌ک پێش ئێستا 80 پارچە زەوی لە نێو شارۆچکەکە دابەشکرا کە تەنها یەک دانەیشی بەر کوردێک نەکەوت .


هەوەها ماوەک پێش ئێستا بڕیاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 400 قەروێڵەیی بەڵام بەوتەی بەرپرسانی ئیداری لەبەر نەبوونی شوێن بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە لە پارێزگای میسان دروست کراوە.


سەرەڕای هەموو ئەو کێشانە لە خورماتوو بەهیچ شێوەیەک کۆلیژ نییە و تەنها پەیمانگایەکی مامۆستایان کچانی تێدایە ،ئەمەش خۆی بۆخۆی کێشەیەکە و روبەرووی قوتابیانی خورماتوو بووەتەوە.


ئەمانە و چەندین کێشەی دیکە کە باسی لێوە نەکراوە لە شارۆچکەی خورماتوو هەیە و بەتایبەتی رووی کردۆتە کوردنشینەکان و گەڕەکە کوردییەکانی شارۆچکەکە.

جێی باسە بەپێ راپۆرتێک، لەبەر نەبوونی خزمەت گوزاری ، زۆرێک لە هاوڵاتییە کوردەکانی شارۆچکەی خورماتوو روویان کردۆتە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

بۆیە من لێرەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم لە کێشەکانی شارۆچکەی خورماتوو بکۆڵنەوە و چیدی لە کێشەی ناوچە جێ ناکۆکەکان بێ ئاگا نەبن و پەراوێز نەخرێن.

 

خورماتوو
Hama90@live.com