١\١١\٢٠١٣
خیانەت بە
ناوی کوردایەتی، باوی نەماوە.

جەلال محەمەد
ڕۆژی ٢٧\١٠\٢٠١٣
بە یەکێک لە ڕۆژە دیرۆکیەکان دەژمێردرێت لە مێژووی نەتەوەکەماندا ، لەو
ڕۆژەدا شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوای کوردستان ناسراو بە یەکینەکانی پاراستنی
گەل "یپگ" ھێرشێکی بێ وێنەیان کردە سەر شاری "تەلکۆچەر" لەسەر
سنووری باشوور و خۆرئاوای کوردستان و لە کەمترین ماوەدا تەواوی شارەکە
و دەوروبەریان ڕزگارکرد لەژێر چەپۆکی پیسی ھێزە ئیسلامیە دڕندەکانی
ناسراو بە ("جەبھە النەسرە " و " دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بیلاد
الشام")دا.
بە دەستخستنی ئەم شارە سنوورییە تەواوی ھاوکێشەکانی بەسەر دوژمناندا
پێچەوانە کردەوە ، چونکە لەگەڵ ئەوەی شاری تەل کۆچەر شارێکی
کوردستانییە لە ھەمان کاتدا چەندین گرنگی بێ وێنەی تێدا بەدی دەکرێت لە
ھەموو کوردستان بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستاندا بە تایبەتی کە بەشێک لەو
گرنگیانە بریتین لە:
١- زۆرینەی دانیشتوانی شارەکە عەرەبن و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتریش کورد و
ئاسوری تێدا دەژین ، لەبەرئەوە ڕزگارکردنی ئەو شارە باشترین
تاقیکردنەوەیە بۆ شۆڕشگێڕانی کورد تاوەکو بەرنامەی " خۆبەڕێوەبردنی
دیموکراتی" تێدا پیادە بکەن کە یەکێک لە ئامانج و داواکاریەکانی بەڕێز
عەبدوڵا ئۆجالانە ، بۆ ئەوەی سیستەمی کۆنفیدرالی دیموکراتی بخرێتە واری
کرداریەوە و سەرەتایەک بێت بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکانی خۆرھەڵاتی ناوێن.
٢- ڕزگارکردنی تەل کۆچەر بە واتای کۆتایھێنان بە سیاسەتی شۆڤێنیستانەی
بە عەرەبکردنی کوردستان ، چونکە سیاسەتێک کە دەیان ساڵ لەلایەن
بەعسیەکانەوە پیادە کرا ، توانرا لە ماوەی چەندین سەعاتدا پوچەڵ
بکرێتەوە و شارەکە بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی وڵاتی دایک و دانیشتوانە
ڕەسەنەکەی.
٣- ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر سەرەتایەکە بۆ ئەوەی نەتەوە جیاوازەکان
بەشێوەیەکی یەکسان پێکەوە ژیان بەسەر بەرن و کۆتایی بە سیاسەتی
ڕەگەزپەرستانەی بەعسیە نەژادپەرستەکان بھێنرێت و "برایەتی و یەکتر لە
ئامێزگرتن" جێگەی "دوژمنایەتی و یەکتر فەرامۆشکردن" بگرێتەوە.
٤- ڕزگارکردنی تەل کۆچەر ، کۆتایی بە سیاسەتی گەمارۆدان و برسیکردن
ھێنا ، کە سیاسەتی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەران و ھێزە ئیسلامیەکانە
. چونکە پیسترین سیاسەت کە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پیادە کرا بریتی
بوو لە سیاسەتی برسیکردن بە سنوور داخستن و گەمارۆدانیان لەلایەن
دەسەڵاتدارانی پارتی و دەوڵەتی تورک و ھێزە ئیسلامیەکانەوە.
٥- ڕزگارکردنی شارەکە بریتییە لە کردنەوەی دەروازەیەک بۆ گرێدانەوەی
تەواوی باشووری کوردستان و چیای قەندیل بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە .
چونکە بە درێژایی زیاتر لە ٢٠ ساڵە ھەم سەرانی پارتی و ھەم ھەردوو
داگیرکەرەکەی تورکیا و سوریا ھەوڵی زۆریاندا کە پکک لە ڕۆژئاوا
داببڕن و پەیوەندی قەندیل بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە نەھێڵن.
٦- شاری تەل کۆچەر تەنھا دەروازەیەکە کە عێراق بە ئەوروپاوە
دەبەستێتەوە لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە ، ئەمەش وا دەکات کە ھەم عێراق و
ھەم تورکیا و ھەم وڵاتە ئەوروپیەکان ناچار بکات کە چیدیکە مافەکانی
کوردان فەرامۆش نەکەن و ھەوڵی چارەسەرکردنی دۆزی کورد بدەن.
٧- تەل کۆچەر ھەم شارێکی دەوڵەمەند بە نەوتە و ھەم نزیکترین جێگەشە لە
بیرە نەوتەکانی "ڕومێلان"ەوە ، ھەر بۆیەش بنکەی سەرەکی ھێزە ئیسلامێکان
لەو شارە دامەزرابوو و تەواوی پیلانەکانیشیان لەو شارەوە دادەڕشت دژ بە
ڕۆژئاوا ، بە ڕزگارکردنی شارەکە زۆربەی مەترسێکانی سەر ڕۆژئاوای
کوردستان کۆتایی پێ دێت.
٨- ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر کۆتایی بەو خەونە وەنەوشەییەی تورکیا و
ھێزە ئیسلامیەکان ھێنا کە دەیانخواست دەوڵەتێکی ئیسلامی سەر بە
القاعیدە لە باکووری سوریا دروست بکەن و ناوەندەکەی تەل کۆچەر بێت
تاوەکو لە ڕێگەی ئەو دەوڵەتە ئیسلامیەوە کوردانی ڕۆژئاوی کوردستان
پەراوێز بخەن.
ئەوەی لە بن بەڕەدایە دەخرێتە سەر بەڕە:
ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر زۆر نهێنی ئاشکرا کرد ، گرنگترینی ئەو
نهێنیانەش بریتی بوو لەو هاوپەیمانیە نهێنیەی نێوان (تورکیا و بنەماڵەی
بارزانی و هێزە ئیسلامێکان و ئارتەشی بەناو ئازادی سوریا). هەر لەگەڵ
ئازادکردنی شارەکەدا دەوڵەتی تورک هاتە زمان و لە یەکەم کاردانەوەدا
داود ئۆغڵو گوتی (پەیەدە نوێنەرایەتی هەموو کوردەکانی سوریا ناکات و
ئێمەش چی بۆمان بکرێت دژایەتی پەیەدە دەکەین ) . هاوکات لەگەڵ ئەم
لێدوانانەی داود ئۆغڵودا هەر یەک لە ئارتەشی ئازادی سوریا و
دەسەڵاتدارانی پارتیش هاواریان لێ بەرز بوویەوە و کەوتنە داکۆکیکردن لە
هێزە ئیسلامیە تاریکپەرستەکان.
ئارتەشی ئازادی سوریا کە تا ئەو کاتە خۆی بە جیاواز لە هێزە
ئیسلامیەکان دەزانی ، کەچی لەگەڵ ئازادکردنی شارەکەدا کەوتنە
خاوەنداریکردن لە ئیسلامیەکان و وەکو بەشێک لە ئارتەشی ئازادیان لە
قەڵەمدا و لە بەرامبەریشدا کورد و پەیەدەیان بە تیرۆریست پێناسە کرد و
بەڵێنیاندا کە سزای کوردان بدەن و تۆڵەیان لێ بکەنەوە ، هەڵبەت بەر لە
ئارتەشی ئازادیش هێزە ئیسلامیەکان فەتوای حەڵاڵکردنی خوێن و ماڵ و ژنی
کوردیان دابوو.
دەسەڵاتدارانی پارتیش ئەگەرچی وا خۆیان پیشان دەدا کە خەمخۆری دۆزی
کوردانن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ، کەچی لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکینەکانی
پاراستنی گەل لە ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر هەر بەوەوە نەوەستان کە
گەمارۆی ئابوورییان خستبوویە سەر ڕۆژئاوا ، بەڵکو سنووری ڕۆژئاواشیان
بە ڕووی بەڕێز "ساڵح موسلیم"دا داخست و ڕێگەی دەربازبوون بۆ باشووری
کوردستانیان لێ قەدەغە کرد و چی تۆمەتی درۆ و ناڕەوا بوو ئاڕاستەی ئەو
بەڕێزەیان کرد.
ساتێک دەیانگوت ساڵح موسلم پێویستی بە باشووری کوردستان نییە و ڕێگەی
پایتەختی داگیرکەرانی بەسەردا کراوەتەوە ، هەڵبەت ئەم تۆمەتە ناشیرینە
دەستە چەورەکەی خۆیانە و بە ڕووخساری ساڵح موسلمیاندا دەسو ، چونکە
ئەگەر هەر کەسێک باسی لە دەستێکەڵاوی داگیرکەران بکردایە دەبوو
پارتیەکان چاوی خۆیان دابخستایە و بێدەنگیان هەڵبژاردایە.
چونکە گرێدراوی پارتی و بارزانی بە داگیرکەرانەوە نەک هەموو هێڵێکی
سوری بەزاندووە بەڵکو بووشنەتە وەکیلی داگیرکەران لە کوردستاندا . ئەوە
دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە لە ساواکیدا شایان بە سەپان نەدەزانی و
سەدان سەرکردە و کادری وەک کاک سولەیمانی موعینیان تیرۆر کرد و ڕادەستی
ئێرانیان کردنەوە ، ئەوە ئەو بنەماڵەیە بوون کە لە ژێر ناوی "قیادە
مۆقەتە"دا ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان خەڵتانی خوێن کرد و فەتوای جیهادەکەی
ئایەتوڵا خومەینیان لەسەر پیادە کردن و هەموو ڕۆژهەڵاتیان تەسلیم بە
کۆماری ئیسلامی کردەوە . ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە لە
ڕابردوودا شۆڕشی باکوریان دامرکاندەوە و دکتۆ شڤانی سەرکردە و هەموو
هەڤاڵەکانیان تیرۆر کرد . ئەوە بنەماڵەی بارزانی بوون کە دەیان جار
پەلکێشی سوپای تورکیان کرد بۆ باشووری کوردستان بۆسەر شۆڕشگێڕانی پکک
و تاوەکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش هەزارەها جەندرمەی تورکیا لە باشووری کوردستان
مۆڵ دراوە . ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە ٣١ی
ئابیان ئەنجامدا و سوپای بەعسیان ئاشنای بست بە بستی باشووری کوردستان
کرد ، ئەوەش بنەماڵەی بارزانی بوون کە ئامێزیان بۆ هەموو بەعسی و
ئەنفالکەر و سەرۆک جاشەکان کردەوە.
هەڵبەت بنەماڵەی بارزانی هەر چیرۆکی پایتەختی داگیرکەرانیان
نەدەهۆنیەوە بۆ بەڕێز ساڵح موسلم بەڵکو کەوتنە درۆ هەڵبەستن بۆ ئەو
کەسایەتیە شۆڕشگێڕە و دەیانگوت ساڵح موسلم گوتویەتی خەڵکی باشوور بێ
تەربیەتە . لەم بارەیەوە من هیچ لەسەر ئەم درۆ ناشیرینەی سەرانی پارتی
دیموکراتی کوردستانی عێراق ناڵێم و با خوێنەر لەم لینکانەی خوارەوەدا
هەم ڕاستیەکان بخوێنێتەوە و هەم گوێبیستی گوتەکانی بەڕێز ساڵح موسلمیش
ببێت:
http://radionawa.com/Detail.aspx?id=22545&LinkID=1#.Um5m2h-ZNaE.facebook
http://www.hawarnews.com/index.php/2013-02-14-17-53-15/7415-2013-10-30-07-03-44
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=15838#TOP
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|