خزمەتچی سوڵتانی
پارەو پلەوپایە، بناسن!

سەلام عەبدوڵا
یاخیبوون لە هەوڵی تێگەیشتن و کارکردنی هوشیارنەوە دەستپێدەکات بۆ
پەرچدانەوەی سیاسەت و ئەقڵ و رۆشنبیری دەسەڵاتی ئەوانەی موڵکایەتی
تایبەتی، دەپارێزن. زۆرن ئەوانەی بەشێوازی جۆراوجۆر بۆچوونی تەماوی و
قسەی زل دەکەن، گوایە دەنگی گەنجانن...دەنگی نوێن یان گەنجان بۆ
یاخیبوون هاندەدەن، بەڵام یاخیبوون لەپێناو چی؟
هەرگیز نەمبینی یەکێک لەو"کەڵە" فەیلەسوف و بەناو رۆشنبیرانە
ئاماژەیەکیش بۆ بەڵای هەرە سەرەکی کۆمەڵگاکەمان بکا: موڵکایەتی تایبەتی.
ئەزانن بۆ؟
لەبەر ئەوەی قەڵەمەکانیان خزمەتکاری سوڵتانی پارەو دەسەڵاتن!
گەلێ بیرمەندو رۆشنبیری سەدەکانی رابردوو، گەرچی کۆمونیستیش نەبوون،
بەڵام زیاد یان کەم سەرمایەیان دەخستە ژێر پرسیار، کەچی ئیمڕۆ زۆرێک لە
رۆشنبیرو رۆژنامەو میدیاکانی دەسەڵاتی پارەوپول(بە حزبی و ناحزبی)، بە
رستەی بریقەداری هیچوپوچ، خەڵک فێری ملکەچی دەکەن و بەرەو هەزار
هەڵدێریان دەبەن، بۆیە بارودۆخیان هەر بە گرانی ماوەتەوە. ئەم ئەرکە لە
رۆژنامە حزبی و"سەربەخۆ"کانیش جێبەجێ دەکرێ و بە بیانووی((خوێنەریان
زۆرە....ئەمە بۆچوونی خۆیانە....عاجز دەبن....بەدحاڵیبوونێک لە
نێوانمان هەیە...هتد)) زەمینەخۆشدەکەن بۆ ئەوەی ئەرکە سەرەکییەکەیان
ئەنجام بدەن، واتە سەری رمەکانیان ئاراستەی شوعییەت بکەن وەک جوانترین
میراتی خەباتی ئینسانی.
رەخنەکانی ئەو"زۆر بەڕێزانە"لەپێناو حزبێک یان دەموچاوێک دژ بەوی ترەو
هەرگیز هەوڵیان نەداوە موڵکایەتی بخەنە ژێر پرسیارەوە، بۆیە هەر جارێک
بەرگریان لە گردێک کردووەو بەئاشکرا و بە نهێنی لەسەر سفرەی پارەدارە
حزبی و حکومییەکان، دەلەوەڕن.
بۆ نموونە ئەگەر پرسیار بکەین: بۆچی ئەو"زۆر بەڕێزانە" کەرتی تایبەت،
سێکسیزمی سەرمایەداری، بازرگانی و بازاڕو میدیاکانیان ناخەنە ژێر
پرسیارو لەبریاندا خەریکی ئارایشکردنی لیبڕلیزم و دیموکراسی پەرلەمانین
تا دەگاتە بیرمەندان و فکری فاشیستی؟
دیسا دەتوانین بڵێین: دەرگای"رەحمەتیان"لێ دادەخرێ!
دواکەوتووەکانی مێژووش بەشێکن لەو جیهانبینییە، چونکە پێیانوایە
عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی پەیوەندی بە خێرکردن، زەکات و
سەرفترەو(هاوتایی قەپان)وە هەیە، بەڵام زۆر دەمێکە بۆمان دەرکەوتووە کە
کێشە گەورەکە لە شتەکانی سەر قەپانەکەیە(کاڵا)وچۆن و کەی و بۆ و لەکوێ
و ماوەو بەچی....هتد بەرهەمهاتووە.
گرنگ نییە ئیمڕۆ لیستی چەپ چەند دەنگی هێناوە، گرنگ ئەوەیە لەسەر ئاستی
مێژوو، تاقە هێزو جوانی و ئەوانەی دوا وەڵامیان پێیە بۆ دابینکردنی
ژیانی مرۆیی تا ئەم چرکەساتە: کۆمونیستەکانن!
ئێوە هەرکێیەک هەن، بە ئارەزووی خۆتان لەبۆنەی شکستی کاتیمان و تا
هەڵهاتنی رۆژمان، لەسەر لاشە و گیرفانی بەتاڵ و رەنگ زەردیمان هەڵپەڕن
و خۆشحاڵبن، بەڵام دوارۆژ ماڵی فکرو بۆچوون و گۆرانی و ئاوازی ئێمەیە،
چونکە ئێمە تاقە هێزین تا دوا هەناسەمان، موڵکایەتی تایبەتی تا
لەناوبردنی دەخەینە ژێر پرسیار....ئەمەیە سەرکەوتنی ئێمەو ئێوەش ئەی
ئەوانەی وا لەناو تەلارەکانتانەوە بە سوپای چەکدارو قەڵەمی نووسەرو
رۆشنبیرو فەیلەسوفەکانتانەوە، برایەتی و دۆستایەتی پێدەفرۆشن و
فرمێسکمان بۆ دەڕێژن یان بەدزینی رەنج و موڵکمان، خێرمان پێدەکەن، وەک
هەموو دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانی مێژوو، ئەگەر ببن بە خاوەن هەزاران
پەیگەر، تەنها سەرشۆڕی و رسواییتان بۆ دەمینێتەوە!
07701929872
dwaroj@yahoo.de
|