په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٢\٢٠٠٩

خزمانی سەرۆککۆمار و هەرێم و حکومەت و (م.س) چۆن دەژێن.

سەلام عەبدوڵا 


لە سەردانەکەم بۆ لای خێزان، منداڵ، کەسوکاری سەرۆک کۆمار، هەرێم، حکومەت، وەزیر، م.س حزبەکان و پەرلەمان، تووشی حەپەسان هاتم و بڕوام بە چاوی خۆم نەکرد: هەر بەڕاستی باری ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و نیشتەجێبوونی ئەم نەگبەت وداماوانە بەو شێوەیە نییە کە هەندێ گومانلێکراو، تاپوری پێنجەم باسی دەکەن. بارودۆخی بنەماڵەی دەسەڵاتداران خراپەو شایەنی هاریکاری دەستبەجێن و ئەمەش نموونەکانیانە:


پاش ئەوەی رەجا جاسم(پوری مام جەلال)و هاوسەرەکەی لەیەک جیابوونەوە، ناچاربوو لە ئەرکەوازی کەلاوە شڕێک بەکرێ بگرێ و بەخۆی ئەرکی بەخێوکردنی 5منداڵەکەی(حەنین، حوسێن، مەریەم، عەباس، سارە)لە ئەستۆگرتووە. لەپێناو بەخێوکردنی گوڵەکانی، رۆژانە خزمەتی دایکی پزیشکێک دەکات و مانگانە100هەزار دینار وەردەگرێت. دیارە ئەم بڕە پارەیە بەشی بەخێوکردنی5منداڵ ناکات کە گەورەکەیان لە پۆلی4ی سەرەتاییەو لەم بارەیەوە تەنها باڤێڵ ئاگادارە، بەڵام پەیوەندی هەردووکیان خراپە، بۆیە دەستی یارمەتی بۆ درێژ ناکات.


لەو ناوە فاتمە(قوتابی پۆلی4ی سەرەتایی)م بینی: ماوەی3مانگە دایکوباوکی لە شا ئابادەوە(ئیران)بۆ شارەکە گەڕاونەتەوەو لە کەلاوە شڕەکەی نەنکیان(جەهان عەلی) نیشتەجێن. دایکی فاتمە(زەهرا سەید عەلی، ژنی ماڵە)و باوکی(فوئاد ئەحمەد، رۆژکار لە کەرتی بیناسازی، 07703505063). ئەم خێزانە لەلایەن هیچ حزب و رێکخراو لایەنێک کۆمەک نەکراوە، شایانی باسە فوئاد کوڕی مامی کاک مەسعودەو زەهرا کچی شێخێکی بەناوبانگی بارزانە. ئێستا وتمان خزمایەتی نییە و بەیەک چاوی تەماشای میللەتەکەتان دەکەن، بەڵام نەک تا ئەم ئەندازەیە!


فاروق(خزمەتگوزاری قوتابخانەی زەینەب)، دەناسم، بۆیە پرسیارم لێکرد: خێزانی هەژار لە نزیک ماڵتانەوە هەیە؟


فاروق: خێزانێک دەناسم لە8کەس پێکهاتووەو سیانیان کەم ئەندامن(هودا، رەمەزان، عەباس). دایکیان(لەیلا جومعە)وتی: هیچ یەکێکیان کۆمەکی کەمئەندامێتی پێنەدراوەو بەڕێگای ئەم نووسینەوە کە هیچ بەرپرسێک نایبینێ داوای موچەی کەمئەندامان بۆ منداڵەکانی کرد. هاوسەرەکەی(خاڵو رەمەزان) رۆژکارە و لەمەیانی قسەکانی بەخۆی وتی من(مامی بەرهەم ساڵح)م و نازانم بۆچی لەو رۆژەوە بووە بە سەرۆک حکومەت، سەردانمان ناکات، هەی نان و دۆی ببڕێت، ئاخر خزمایەتی وا دەبێ...؟!


ئەم خێزانانە نە ماڵیان ماڵەو نە بژێویان بژێویە، بۆیە لەلانی کەمەوە ئەگەر ئەو بڕە پارەیە کە بۆ خەرجی بانزینی هاتووچووی بەرپرسە هیچ لەبارەکان تەرخاندەکرێ، بۆ ئەم نەگبەتانە تەرخان بکرێ، لە کەلاوە شڕەکانیان رزگار دەکرێن!


هەروا سەردانی ماڵی خوشکەزای کەمال کەرکوکی(روناک عەلی موراد، 35ساڵ)، کرد و دەبینم ئەمیش کەمئەندامەو کاک کەمال تەنها جارێکیان هاریکاری کردووە.


شاکر یاوەر(دەرچووی زانکۆی تەکنەلۆژی بەغدا، بەشی ئەندازیاری میکانیک، ساڵی1992، خاوەن3منداڵ، ) لە دیدارێکی زۆر کورتدا، وتی: دوو جار بە رێگای کوردستانەوە هەوڵی دامەزراندنم داوە، بەڵام بەهۆی کەمئەندامێتم دانەمەزراوم.
- بەچی دەژێت؟
شاکر: رۆژکاری دەکەم و کرێکەی هەر تەنها بەشی رۆژێک دەکات و نازانم چۆن سبەی بەسەر ببەین!


حکومەت و حزبەکانی وەک سیستێم خەڵکییان دووچاری هەژاری، نەداری و نامۆیی کردووە، ناڕاستەوخۆ نانیان دەبڕن، پشتیان لێدەکەن و لەباشترین حاڵەتدا"فەقیرانە، واتە مانگی30هەزار دینار"یان پێ ڕەوا دەبینن، کەچی هەر خۆیان لەکاتی هەڵبژاردن بە پڕرووییەکەوە لە کاتی هەڵبژاردن دەکەونە پشی پشی و سواڵی دەنگ لە قوربانییەکانیان دەکەن...


برادەرێک لە هوتێل(بیارە)دەژێ و ئیمڕۆ بەکورتی سەردانیم کرد. لەم شوێنە وەک بڵێی دەرگای جەهەنم لەپێش کرایەوە: لەپاڵ دیواری هوتێلەکە، پەتووم بینی، بەڵام دەرکەوت کاکە عەلی هێشتا لەژێری خەوتووە... لەولاوە پیاوێک دەست لە خەڵک پاندەکاتەوە...ژنێک لەسەر ئەرزەکە دانیشتووە و چاوەڕوانە یەکێک خێری پێ بکات...پیاوێکی پیر بە جلوبەرگێکی شڕەوە خەریکی شەربەت خواردنە، دەمویست قسەی لەگەل بکەم، بەڵام بەدەست هێمایەکی بۆ گوێچکەی کرد، واتە کەڕە، دەمویست بزانم ناوی چییەو چۆن دەژێ، بەڵام ئەو رانەوەستا و کەوتەڕێ. لەکاتی گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، (جێبدوکان)ێکی زۆر شڕم بینی، گەنجێک کە لە تەنیشتی راوەستابوو، وتی ئەمە جێبی کوڕەکەی وەزیری بەرگرییە و ئامۆزاکەی وەزیری دارایی بەشەریکی کاری لەسەر دەکات و کەلوپەلەکانیش سەرمایەی وەزیری بازرگانیە!


خەڵک بۆ ئیمامی حوسێن لەخۆیان دەدەن، منیش بۆ ئەوان...حکومەت و پەرلەمانیش لەم بەینە، سەرخۆش و خەریکی فیکەکێشانن. ئایا ئەم خەڵکە حکومەتیان هەس؟!