په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠٢٣

خۆفرۆشزادەکانی کورد و کوڕی چەکفرۆشە ئەڵمانییەکە. 


عەلی مەحمود محەمەد   


ماوە ماوە کە خۆفرۆشێک دەمرێت بە هەر هۆکارێک بێت, منداڵەکانیان کە پێشتر هەندێکیان خۆیان وەک مرۆڤی سەردەمی و باش دەناساند, تەنانەت زۆریشیان ئۆپۆزسیۆنن, دەکەونە پیاهەڵدان و پاککردنەوەو جوان نیشاندانی باوکیان, بەمەش خۆیان دەکەنە شەریکە بەشی تاوانەکانی باوک و کەسەکانیان, چونکە بەرگری لە تاوان بۆ خۆی تاوانە, هەوڵدان بۆ سڕینەوەی تاوانیش تاوانە, چ لە روانگە یاسایی و روانگە ئەخلاقییەکەی وە چ وەک مێژوو و سیاسەتیش, بەکاروانی دوورو درێژی زۆرو ئالای گەورەی کوردستانەوە لە گۆڕیان دەنێن, لە کاتێدا مرۆڤە تیکۆشەرو رۆشنبیرەکان بە بێدەنگی و رووت و قوتی لە گۆڕ دەنرێن. لە ژیانم تەنها یەکێکم بینییوە جیا بووە باوکی خۆفرۆشیش نەبوو, بەڵکە موختار بوو لە لایەن پێشمەرگەوە کوژرا, کوڕەکەی ئازایانە زوو رایگەیاند باوکم تاوانبارەو کێشەم لە گەڵ لایەنی بکوژی باوکم نییە, تەنانەت چووە ڕیزی پارتی بکوژی باوکییەوە, پۆستی بالاشی وەرگرت, لەو بوارە نموونەی جوانی پێشکەش کرد, کەچی ئێستا هەندێک حیزب و راگەیاندن تەنها پەلاماری ئەو دەدەن چاو لە هەموو نموونە ناشرینەکان دی دەپۆشن, بەمەش دەکەونە ناو تاوانە بە پاککردنەوەو جوانکردنیان.


سەرۆک چەکدارە خۆفرۆشەکان هەموو بە (خەفیفە و سەقیلە)وە تاوانبارن, جارێ (ئامر مەفرەزە خاسە) هەموو بە ئیمتیاز تاوانبارن, دەرچوونی مەفرەزەی تایبەتی بۆخۆی پاداشتی تاوان بوو دەدرا بە تاوانباران و نۆکەران, کەس بە یانەسیب مەفرەزەی بۆ دەرنەچووە, بگرە خۆفرۆشانی (مەفرەزە خاسەکان)یش کەمیان هەیە نەگلابێتنە تاوانەوە, دیارە حەشاماتەکەی ژێرەوەی فەوجەکان کە نزیک ٤٠٠٠٠٠ کەسبوون ناڵێم, فەوجەکانیش بەرپرسانی سەرەوەیان هەموو گلاونەتە تاوانەوە, لەوانەشە بەرامبەر حیزبێک یان کەسانێک هاوکارییان کردبێت, وەلێ بەرامبەر پارتی دیکەو لە ناوچەی دیکە تاوانیان کردووە, ئامری فەوج و مەفرەزە نییە لە دوای رێکەوتی ٨-٩-١٩٨٧ ەوە تا ٦-٩-١٩٨٨و واتا بە درێژایی ٣٦٣ رۆژ لەناو تاوانا نەبووبێت, ساڵ و مانگ و رۆژەکان دیکە باس ناکەم, نەبووە لەو ماوەیە بەردەوام بەشداری تاوانی نەکردبێت, ئەوە بڕیار بووە, بڕیاری بیرۆی باکووری پارتی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی ژمارە ٥٧٣١, واتا بڕیاری عەلی حەسەن مەجید, کە ناوی مەجید هات, کەواتا پیاویان نەبووە جێبەجێی نەکردبێت.


کاک ئارێز داراپوور تێکۆشەرێکی سنەییە, فەرماندەو کۆنە چریک و ئێستا دیموکراتە, جارێک سەرەتای دوو هەزارەکان داوای لێمکرد کەسێک کوڕی خاوەند کۆمپانیایەکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری چەکی کیمیاوییە دەیەوێت بڕوات بۆ هەڵەبجەو داوای لێبوردن لە خەڵکەکەی بکات, بە داخەوە رۆژی خۆی نەمانتوانی دەعوەتی بکەین و وەلامیشمان نەدرایەوە, لە کاتێدا نموونەیەی بالا بوو بۆ دان نان بە راستییەکان.


ئێستا لەم نموونە جوانەوە, هەقی وایە بەچکەی چەکدرارە خۆفرۆشەکان فێر بن و ئەزموونی لێوەربگرن ئەم رێگایە بگرنە بەر, داوای لێبوردن لە قوربانیان و خەڵک بکەن, لە پای تاوان و خیانەتی باوکیان, بزانن باوکیان بە کاروانی ئۆتۆمۆبێل و ئالای کوردستان لە سایەی دەسەلاتێکی بێکەرامەتدا لە تاوان پاک نابنەوە, جوان نیشاندانی باوکیان بەشدارییە لە تاوان, درێژە دانە بە تاوانی باوکیان.


ئەوان بەرپرس نین لە تاوانی باوکیان, بەڵام هەوڵدان بۆ سڕینەوەی تاوانەکای باوکیان و جوانکردنیان راستەوخۆ دەیانکاتە شەریکە بەشی تاوان, ئەمەش جۆرە خۆفرۆشییەکە بۆخۆی, چاکترە و رێگا دروستەکەی ئەوەیە خۆیان لە تاوان و مێژووی باوکیان پاک بکەنەوەو باوەڕ بە راستییەکان بهێنن کە باوکیان خیانەتکارو تاوانبار بوونە, نە لێبوردنی بەرەی کوردستانی, نە گەرمکردنی شەڕی ناوخۆیی, نە کاروانی دوورو درێژی پرسەکەرانی گۆڕستان , نە ئاڵا ١٠ هەزارییە چینییەکانی سەر تابووتەکانیان نایانشواتەوە لە تاوان و خیانەت, ئەوە خانەنشینییەکەشیان گەندەڵییەو لە دەرەوەی یاسای خانەنشینییە, چونکە ئەوەی رۆژێک چەکداری خۆفرۆش بووبێ دوای پێشمەرگایەتی خانەنشینی نایگرێتەوە. ئەوان بە داکۆکیکردن لە باوکیان درێژە بە خۆفرۆشیی و تاوان دەدەن و دەچنە سەر رێگاکەی باوکیان, ڤایرۆسی خۆفرۆشیی لە جەستەیان دەچێنن, داکۆکیکردن لە تاوان هەوڵدان بۆ پەردە پۆشکردنی تاوان بۆ خۆی تاوانە و پێویستە سزای بۆ دابندرێت و رێگای لێ بگرترێت, نەخوازەلا تۆمەت هۆنینەوەش بۆ شەهیدان و بەلارێدا بردنی روداوەکان بۆ خۆی خیانەتە لە مێژوو و هەیبەتی قوربانیدەران و ناشرینکردنی شەهیدان.


پێویستە یاسایەک دەربکرێت بۆ تاوانباران, رێگا بگرێت لەوەی جوان نیشان بدرێن وە قەدەغەی ئەوەش بکرێت ئالای کوردستان لە سەر گۆڕ و تابوتیان دابندرێت, ئەگەر رێزی ئاڵاکەتان دەگرن.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک