په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٣

    خۆژماردن!


گۆران رەئوف

شەوەکان لە چیڕۆکەکان زێدەترن!
شەوەکان لە حیکایەتەکان درێژترن!
خاڵى دروستبوونى شەوەکان..
خاڵى هاوبەشى شەوەکان..
خاڵى جیاوازى شەوەکان..
خۆشم نازانم چییە!
گەر پووچیی ژیان نەبێت..

شەو هەیە پێدەکەنم و غەمگین دەبم
لە چ گەمەیەکى سیخوڕییدا بووم،
بە ناوى عەشقەوە!

شەو هەیە بیر لە لاوازیی کهول دەکەمەوە
لە ئاست کەئابەکانمدا!
بیر لە لێدانى قاقاکانم بەو رۆژانەى
کەئابەکانم قەشمەرییان دێ بە حەشیش و تریاک!

شەو هەیە بەو شەوانەم پێدەکەنم
کە تۆ دیار نەبوویت و
سەرى قسەم لەگەڵ کەسانێکدا دادەمەزراند
کە رۆژگارێک خۆم لادەدا لێیان!

شەو هەیە گشت خەونەکانم دەسڕمەوە و
هەموو پەیوەندییەکانم دەپچڕێنم
تاکو کەمێک بچمەوە ناوخۆم!

شەو هەیە بەدەم غەریبیی خۆمەوە
خەم بۆ غەریبەکانى شارە جەنجاڵەکان دەخۆم.
شەو هەیە بە هەموو برینەکانى دڵمەوە
دڵم بۆ خەونە سادەکانت تەنگ دەبێ!

شەو هەیە بیر لەو کاتانەم دەکەمەوە...
گەورە بووم و ریشم هەیە!
شەو هەیە بیر لە سەگە زۆر و
برسییەکانى شار دەکەمەوە،
بیرى ئەوەى
حەز دەکەم یەکێکیان لەگەڵ خۆم بەخێوکەم!
بەڵام خەمى بەخێوبوونى خۆم کەم نییە!؟

شەو هەیە رادەمێنم بە دیار وشەى تەنهاییەوە،
داخۆ بۆ یەکەمجار
چ بێ ویژدانێ ئەوەندە جوانى تاشى!

شەو هەیە مامەڵە لەگەڵ خۆمدا دەکەم،
تا بیر لە کامە کچ یان ژن بکەمەوە!

شەو هەیە بە دڵى شکاوەوە
فەلسەفە دەخوێنمەوە و
بیر لە بێ باکیی مرۆڤەکان دەکەمەوە!

شەو هەیە لە روخسارى داهاتوومدا
سەرکەوتنەکانى رابردوم دەبینم!

شەو هەیە بیرى خۆم و
هاوڕێکانى منداڵیم دەکەم!
ئەو هاوڕێیانەى پێکەوە دزیمان دەکرد و
پێدەکەنین!
ئێستاکە هەندێکیان مردوون و
هەندێکیان بە شوێن خاوەن شمەکەکاندا دەگەڕێن!

شەو هەیە بەفرەکان دەسوتێنم و
ئاگر بەردەدەمەبەر خەیاڵەکانى سوتان!

شەو هەیە غەریبیی ئەو ژنە دەکەم
کە لە تەکسییەکدا ناسیم و
ئیستا هاوڕێیەکم ماچى دەکات!

شەو هەیە بیر لەو کارانەم دەکەمەوە
کە هەر کات بیریان لێدەکەمەوە شەرمەزار دەبم!
ئێستاش کە بیریان لێدەکەمەوە،
هەڵبەز و دابەز دەکەم و ورتەم دێ!

شەو هەیە...
شەو هەیە...

شەو هەیە گوێ لە میوزیک دەگرم،
تاکو کەمتر بگرییەم!

شەو هەیە تەنها بیر
لە دڵتەنگییم دەکەمەوە،
کە بۆ ئەوەندە گەورەیە!

شەو هەیە بە دیار فیلمە سێکسییەکانەوە دادەنیشم و
تەنها رقم لە تۆ دەبێتەوە!

شەو هەیە نامەى بێ ناونیشان دەنووسم و
نازانم بۆ کێیە!

شەو هەیە ئۆزۆ دەخۆمەوە و
بە گریانەوە پێدەکەنم!

شەو هەیە خەیاڵ بە منداڵییمەوە لێدەدەم و
پیربوونم نایەتە پێشچاو!

شەو هەیە بە گریانەوە لە خەو رادەچڵەکێم و
بە پێکەنینەوە دەنوومەوە!

شەو هەیە بیر لە درۆى هاوڕێکانم دەکەمەوە و
تێدەگەم خۆشم درۆزنم!

شەو هەیە بیر لەو کچانە دەکەمەوە
کە ماچیان کردوم و
من وەک پەیکەرێک
هەستم بە هیچ نەکردوە، هیچ!

شەو هەیە تەماشاى تووڕەبوونم دەکەم و
تێدەگەم پووچییەکى قۆڕە تووڕەبوون!

شەو هەیە بەسەر وێنەکانى رابردوومدا
دەڕشێمەوە!
شەو هەیە رشانەوەى
سەر وێنەکانى رابردووم دەسڕم!

شەو هەیە دەسوتێم و
بیر لە دۆزەخ دەکەمەوە!

شەو هەیە پێدەکەنم و
بە کاتە گریاوەکانم قەشمەرییم دێ!

شەو هەیە...
شەو هەیە...

شەوەکان لە چیڕۆکەکان زێدەترن!
شەوەکان لە حیکایەتەکان درێژترن!
خاڵى دروستبوونى شەوەکان
خاڵى هاوبەشى شەوەکان
خاڵى جیاوازى شەوەکان
خۆشم نازانم چییە!
گەر پووچیی ژیان نەبێت..
خۆشم نازانم لە چییەوەیە؟!
گەر رەشێتیی چاوەکان نەبێت!!

 

ماڵپەڕی گۆران رەئوف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک