١٤\١٠\٢٠١٣
خۆکوشتن بە
هێواشیی!

گۆران
رەئوف
نائومێدیی هەر
ئەوە..
تۆ هەیت و منیش هەم و
هەست بە بوونى یەکتر ناکەین؟!
بێهودەیى من بۆ ژیان هەر ئەمەیە..
تۆ دەتەوێت و
منیش دەمەوێت
یەکتر لە ئامێزگرین و
نایکەین؟!
بێ ئیمانیم هەر ئەوەیە..
توشى دڵنیابونێک هاتوم
کە ئیدى هیچ موعجیزەیەک روونادات،
لەم سەردەمى چیرۆکە سەیرانەم!!
خودکوژیی من هەر ئەمەیە..
هەست بە چەندا خەون دەکەم و
نازانم سەر زەمینى هاتنەدیان لە کوێوەیە؟!
سەرسامبوون هەر ئەوەیە..
بیرکردنەوەى بەردەوام لە دوو چاوى گێژ و
کەپوویەکى گەورە و گونجاو!
شەیدابوون بە ژیان هەر ئەمەیە..
بیست و قسور ساڵ تەمەن،
یەک چیرۆک لە بوونمدا بوونى نییە!
جڕتلێدانم بۆ کەون هەر ئەوەیە..
ملیونان ساڵە زەوى دەخولێتەوە
تشتەکى نەگۆڕى لە نائومێدیی مندا!
شکستى من هەر ئەمەیە..
کە تاکو ئێستا زیندوم!
نابووتترین وێنەى مرۆڤى نوێ هەر ئەوەیە
هاوڕێن و حەز بە کوشتى یەکتر دەکەن!
پرسیارێک لە ناخمدا گینگڵدەدا و
هەمو لۆژیکەکان دێنێتە لەرزە..
ژیانکردن لە پێناوى چیدا؟!
وەڵامى ئەم پرسیارە عەجولەم هەر ئەمەیە..
کە زیندوم و چاوەڕێم مەرگ بێتە پەیڤین!
دانیشتن لەگەڵ ئازیزەکاندا بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ..
کەچى هەر بێدەنگین و
تاقەتمان نییە سەیرى چاوەکانى یەکتر بکەین..
ئەمەیە بەرهەمى مرۆڤى نوێ!
خەیاڵگەلێک کە ناوەوەمى کرمۆڵ کردوە و
هەموو رۆژەکان لە تاو ئازار تواناى هیچ کارێکم نییە..
دەبۆلێنێ و
بەر هیچ خەونێک ناکەوێ لەسەر ئەم هەسارەیە!
ئەوەیە شێتیم بۆ تۆ!
دادەنیشم و بەتەنها عارەق دەخۆمەوە و
سیگار دەکێشم و بیر لە تۆ دەکەمەوە!
ئەمەیە لە فەرهاد رەنج بەباتر!
زەنگى مۆبایلەکەم دێت و
تاقەتى وەڵامدانەوەم نییە..
من بێزارم لە قسەى قۆڕ لەگەڵ هەموان،
چونکە دەزانم تۆ تا ئەبەد دەنگ نایەت!
ئەوەیە بێهودەیى ئەبەدیی!
دایکم لە بێدەنگى مندا خەریکە دیق دەکات و
دڵى نایەت بە من بڵێ کوڕم بۆ بێدەنگى؟
چون دەزانێ لە سەد لاوە دڵم توشى شکان هاتوە!
ئەمەیە عەشق
من چیمداوە لە کچى خەڵکى؟!
منداڵیم پڕ بوو لە بیرەوەریی!
ئەمە ئەو دێڕەیە شێتبووم ئەوەندەم یادکردەوە!
ئەوەیە خۆفریودان بۆ مانەوە!
هەنوکە گەنجم و
هەست بە هیچ بیرەوەرییەکى
هەرزەیم ناکەم؟!
چون ئەو کاتانەى دەبوو کچە دراوسێکەم ماچ بکەم،
من خەریکى گەڕان بووم بە شوێن خۆمدا!
ئەوەیە خۆکوشتن بە هێواشیی!
نیسانى ٢٠١٠ - سەیدسادق
ماڵپەڕی گۆران رەئوف
|