٣\١٢\٢٠١٣
خۆ لە قالبدانی
خۆمان لە قاڵبدانی منداڵەکانمان ناگەیەنێ.

شوان عوسمان
ئێمە
چەند باوەڕمان بە خۆمان هەبێت ئەوە هەر کەمە، چ بۆ تاک چ بۆ کۆ، بەلام
ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت هەموو ئەو شتانەی ئێمە باوەڕیان پێ دەکەین لە
کەلتوور و باوەڕە باوەکانمان سەت دەرسەد راست و دروست بن، هاوکات بۆ
هیچ کەسێک نەلوێت و نەبێت لە بارەیان پرسیارێک بێنێتە ئاراوە کە ببێتە
هۆی ئاوڕدانەوە و بەدواداچوونێک بۆ رابردووی بەسەرچوومان، هەر ئەو لە
قالبدان و خۆبەستنەوە بە هەندێک بنەما و شتی (موقەدەس) بە رێژەیەکی
نەگۆڕ، دەبنە هۆی بەرەوپێش نەچوون و نەگۆڕانمان، هەروەها دەبنە هۆی
مانەوەمان لە هەمان بازنەی بەتاڵ و ئنجا گەڕانەوەشمان بەرەو دواوە..
لەوانەیە هەندێک دابونەریت یاخود هەندێک فەلسەفەی دوێنێ لەلای ئێمە
پیرۆز بووبن ولە سەردەمی خۆی بوێریمان نەبوو بێت مشتومڕیان لەسەر بکەین
و ئەوە بە کوفر و نارەوا لە قەڵەم درابێت، بەڵام بێگومان ئەوە بۆ
ئەمڕۆکەو سبەی شتێک نیە لە بن جلەودا دەستەمۆ بێت، ئەو رێسایانەی بەرلە
ئێمەو ئێمەش نەمانتوانی خۆمان لە قەرەی بدەین، مەرج نیە منداڵەکانیشمان
یاخود نەوەی نوێ بەهەمان شێوەو شێواز لەو قالب و عەقڵە بسوڕێنەوە،
هەروەها دەبێت ئەم دیاردەیە بە شتێکی خۆشبەختی بزانرێت کاتێک
منداڵەکانمان ئەو پرسانە دەڕوژێنن، چونکە ئەوە مانای ئەوەیە هزر
وهۆشمەندیان لەگەلمان دایەو لە خزمەت کۆمەڵ بەکاری دەبەن، ئێمە دەبێت
شانازی بەو منداڵانە بکەین کە پرسیاری گەورە دێننە ئاراوە، نەوەک کەتنی
گەورە و کاری نایاسایی ونامرۆڤانە..
یاسای گۆڕانی سروشت و ژیان و مرۆ بە بەردەوام ململانێیەک دێنێتە کایەوە
لە نێوان نەوەکاندا (نەوەی کۆن ونەوەی نوێ)، ئەو ململانێیە هەمیشە
هەبووە و بەردەوامیش وەکو ناکۆکیەکی ناجێگیر دەمێنێتەوە، بەتایبەتی
ئەگەر نەوەکان وێنەی داهاتووی خۆیان لە ئاوێنەی ئێمەدا نەبیننەوە،
هەروەها ئەوانەی هزری خۆیان و تەکنەلۆژیای هاوچەرخ لە پێناو گەیشتن بە
واقیعێکی دیار و ئایندەیەکی رۆشنتر بەکار دێنن.. مێژوو و زانستی سیاسی
وبنەما کۆمەڵایەتیەکانیش پێمان دەلێن هیچ کەسێک ناتوانێت رێگە لە گۆڕان
وگەشەی کۆمەڵ وهۆشمەندی کۆمەڵگا بگرێت، هیچ شتێک ناتوانێت تاسەر وەکو
ئایدیاو فەلسەفەو بنەمایەکی بیروباوەری نەگۆڕ بمێنێتەوە، تا مرۆ لە
داهێنان دابێت و کار لەگەل یاساو زانست وسروشت بکات ئەوە هەموو شتێک
دەگۆڕێت، ئەگەر شتێک ئەمڕۆکە بڤە و تاپو و یاساغ بوو بێت سبەی دەبێتە
شتێکی ئاسایی و نەک دیاردەیەکی نائاسایی..
ئەوە ئێمەین (نەوەی دوێنێ) نامۆ بە خۆمان و بە مێژوو و رابردوو نەک
نەوەی ئەمڕۆ کە نایانەوێت وەکو ئێمە خۆیان نامۆ ببن بە خۆیان
وکۆمەگاکەیان، ئێمە بە خۆمان عەقل و هزر و هەستی خۆمان لە قالب داوە
ودەرگای حەوشەی ماڵەکانمان بەسەر کەلتووری تازە و دیاردەی نوێ
وداهێنانی چاک گاڵ داوە، تا دەنگمان نەڕوات بە ناخ و ناوەوەمان بە هیچ
نەگات، کێ دەلێت ئەوەی بە تۆ راستە تاسەر ئەو راستیەی دەمێنێت و هەموو
ئەو کەسانەی لە دوای ئێمەش دێن باوەڕیان بەوە دەمێنێتەوە..
بۆ نموونە بۆ لە خۆمان ناپرسین ئەو هەموو خێو و شەوە و جنۆکە و دێوەزمە
و پیاوچاک و پیاوخراپانە بۆ کوێ چوون کە لە منداڵیماندا گەورەکان
ئەوەندەی ئێمەیان پێ زارەترەک دەکرد، هاوکات ئەوانیش لەلایەن کەسانی
دیکەی گەورەوە چاوترسێن کرابوون، ئێمە ئەگەر ئاسان بیت خۆمان بە بیرو
باوەڕ وفەلسەفەیەکەوە لە قالب بدەین، گەلێک سەختە بتوانین نەوەکانیش
لەناو ئەو قالبەی خۆماندا کتومت لە قالب بدەین، ئێمە ئەگەر رازین بە
کۆیلەیی کێ دەلێت ئەوان حەز بە کۆیلەیی دەکەن..
دوێنێ لە شاری (هەولێر) باوکێک لەسەر ئەوەی کوڕە (١٤) ساڵەکەی کە
باوەڕی بە ئاینی ئیسلامەوە نیە رادەستی دەستی پۆلیس و ئاسایش دەکات،
ئەو بۆ خۆی ئەوە بە شتێکی زۆر رەواو حەڵال و کارێکی مرۆڤانە دەزانێت،
هاوکات هەرزەکارێک کە هێشتا بەو شێوەیە رەش و سپی خۆی ناناسێت بیداتە
دەست دەستێکی ناپاک و داوێن ناخاوێن، هەروەها بچێتە ناو شوێنێک کە
(زیندان)ە، کە جۆرەها خوورەوشتی خراپی تێدا دەردەکەوێت، لەبڕی ئەوەی
کەسێتی کوڕەکەی چاک بکرێتەوە تاهەتایە بە دەستی خۆێ هەموو کیان و بوون
وداهاتووی وردوخاش دەکات، ئەو باوکە بەلای خۆی کارێکی باش و خێری
کردووە، من لێرەدا دەپرسم ئەگەر هەمان ئەو کوڕەی بە پێچەوانەوە بچێتە
ناو بزافێکی توندرەوی ئیسلامی، بە هەمان شێوە خەبەری لێ دەدا، یاخود
دەستخۆشی لێدەکرد و بە پیاوێکی ئیمانداری لە قەڵەم دەدا، لە کاتێک ئەو
دەشزانێت ئەو گرووپانە وەکو پیاوکوژێک ئامادەی دەکەن تا خۆی بە مرۆڤی
بێتاوان بتەقێنێنەوە...
هەرگیز باوەڕ ناکەم هەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردبا کە ئێستا بەو شێوەیە
بەجێی گەیاندووە، لە حالەتێک ئێستا کوڕەکەی ئەو نە هەڕەشەیەکە بۆ سەر
دراوسێ و نە خەڵکی دیکە و نە کۆمەلگاش زەرەرمەند دەبێت بە
بیروبۆچوونەکانی، بە پێچەوانەش لە حالەتەکەی تر هەر هەموومان زەرەرمەند
دەبین...
______________________
سەرچاوە:
www.penusakan.com/hewal/18919-2013-12-01-11-54-59.html
٢\١٢\٢٠١٣
- هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|