په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٧\٢٠٢١

خۆماڵیکردنی دەسەڵات.


ئەرسەلان مەحمود    


بارودۆخی هەرێمی کوردستان و تەنگژەی قوڵی دەسەڵاتەکەی، لە ئومێدی بوژانەوە و تەمای هاتنەوە هۆش خۆی شۆراوە، ئەوەی ماوەیەتی لە ژیاندا بە فەرمی ڕاگەیاندنی شکستەکەیەتی، بەڵێ ئەو شکستەی نزیک بە سێ دەیە دەبێ خۆی لە خۆیدا ئامادەکاری بۆ دەکات!!

ئەگەر هەبێ باوەڕی بەوە مابێ، نا نەخێر ئەم دەسەڵاتە هێشتا دەتوانێ خزمەتی بکات، خەڵەفاوە، چونکە هەرگیز بۆی گرینگ نەبووە تۆی هاوڵاتی کێیت و دەبێ چی بۆ هاونیشتمانیەکانی بکات، هەردەم چاوی لەوە بووە تۆی دەربار و بەرباد تا چەند دەتوانی لە گوێیدابی و چی بۆ بکەی لە کوێرانە پشتیوانی کردنیدا!!

ئەم دەسەڵاتە نەک هەر خۆی بە ئامرازی خزمەتکردنی خەڵک نازانێ، تەواوی دەزگە و دامەزراوە جیاکان و خەڵکیش وەک شوانکارەی مەڕ و ماڵات و مێگەلی خزمەتکردن بەخۆی دەبینێت، تەنها ڕێگە چارەیەک، تەنها دەرچەیەک ئەگەر مابێ، بە خۆماڵی کردنییەتی!!

ئەم کوردستانە ئەوەندە تەریک و تاریک، ئەوەندە بچووک و بێفەڕ، ئەوەندە نەساز و ناجۆر نییە داهاتەکەی نەتوانێ ژیانێکی شایستەتر و هەبوونێکی بە ماناتر دەستەبەری خەڵکەکەی بکات، ناتەواوی و نەشازییەکە لە خودی دەسەڵات خۆیدایە و تاکە بژاردەی دەرباز و پەڕینەوەش بە خۆماڵی کردنیەتی لە فۆڕمێکدا تەواو بنەڕەتی!!

باشترین ڕێگەی گەیشتنەوە بە خۆت، بە حەقیقەت، بە ماف و ئازادییە زەوتکراوەکانت، واقیعیبوونە، ئەمە تەنانەت لە هەنگاوە سەرەتاییەکان و دەستپێکدا هەرچەند مەترسیداریش بێت، ڕاستییەکە نکۆڵیهەڵنەگر، ئیدی ئەرکی تاک بە تاکی کورد و چڤاکی کوردییە لەبری خۆ بەدەستەوە دان و دەستبەردار بوونی خەونە ڕەنگاوڕەنگە نەتەوەیی و نیشتمانی و ژیارییە بەدینەهاتووەکەی، بکەوێتەوە خۆی و یەک پشوو کار لەسەر بەکۆمەڵایەتی کردنی پرسی خۆماڵی کردنی دەسەڵاتەکەی بکات.

جوینەوەی بانگەواز و دروشمە کۆنەکان، کار و کردەوەی دوبارە و کاوێژکاری، جگە لە ئەنجامی دووبارە، بێگومان بە کەمتر لە جۆرایەتی پێشتریشەوە، هیچ جۆرە نوێگەری و تازەگەرییەک، هیچ جۆرە باش بوونێکی زیاتر ناخاتە سەر هەبوونت و نادا بەدەستەوە!!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک