|
٨\٩\٢٠٢٦
خۆ ناسینەوە..
لە کاردانەوەی
داهێنانەکانی ئەوانی تردا.

سۆران محەمەد
ئەرستۆ
لە کتێبی ڕیتۆریک (واتە ڕەوانبێژیی، یان وتاربێژیی)دا، کتێبی دووەم،
بەشی ١٠، ئیرەیی بە جۆرێک لە جۆرەکانی ئازار و ناخۆشی دەناسێنێت، کاتێك
مرۆڤ بە بینینی سەرکەوتنی کەسانی تر تووشی دێت و هەستی پێ دەکات؛ نەک
لەبەر ئەوەی خۆی شتێکی دەوێت، بەڵکو چونکە ئەوی تر ئەو شتەی هەیە.
ئەمەش ڕێگر نییە لەوەی هەموو کەسێك هەوڵی بەرەوپپێشچوون بدات، بەڵکو
جیاوازییە بنەڕەتییەکە لەوێدایە کە:
«کەسی ئیرەبر دەڵێت: ئەو نابێت ئەوەی هەبێت. بەڵام کەسی داهێنەر دەڵێت:
منیش دەمەوێت هەمبێت».
کەواتە بە شێوەیەکی گشتی و بە واتایەکی نزیک لەمە، بۆچوونەکەی ئەرستۆ
ئەوە دەگەیەنێت: کە دروستبوونی حاڵەتی ئیرەیی بەرەنجامەکەی توشبوونی
ئازارە لە بینینی بەرەنجامی ئەرێنی و باشی کەسانی تردا، کە ئەمەش
سەرچاوەکەی نەفامین و کۆنترۆڵ نەکردنی بەشە تاریکەکەی دەروونە.
ئەرستۆ دەڵێت ئەم حاڵەتە زیاتر لە نێوان کەسانی نزیك لەیەکتر، وەک
هاوپیشەو هاوشێوەو ڕکابەرەکاندا ڕوودەدات، نەك کەسانێکی زۆر دوور کە
هیچ ڕایەڵێکی پەیوەستی لە نیوانیاندا نییە.
هەرچی زانای دەروونی کارڵ یۆنگە هۆکارەکەی دەبەستێتەوە بەو کەلێن و
بۆشاییەی دەروونی کەسی ئیرەبرەوە، کە بە هۆیەك لە هۆیەکان نەیتوانیوە
ئەو شتە یان پلەیە بەدەست بهێنێت کە کەسانی تر بەدەسیان هێناوە،
هەرچەندە ئەو وای دەبینێت هێندەی ئیرەیی کێشە ناوخۆییەکانی دەروونی
ئیرەبر دەردەخات، هێندە پەیوەندی بە کەسی ئیرە پێ براوەوە نییە، بەڵام
هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە چ ئازارو کاردانەوەی خراپ و نەرێنی لە دڵ
و دەروونی ئیرەبردا دروست دەکات، ئەمەش زیاتر لە کۆمەڵگا نەخۆش و
دواکەوتووەکاندا ڕوودەدات کە باری هەلی یەکسان و دادپەرەریی و
شەفافییەت لە ئارادا نییەو لەبری ئەوە هۆکاری ناڕەوا پەرەی پێ دەدرێت
بە مەبەستی گەیشتنە ئەنجامەکان.
بەڵام کاتێک مرۆڤ بە ڕاستی داهێنەر بێت، پێویستی بەوە نییە دەروونی خۆی
بە حەسودییەوە نیگەران و ناڕەحەت بکات بەرانبەر داهێنەرانی تر، چونکە
لە ناخەوە خۆی دەوڵەمەندە. لە هەمان کاتیشدا کەسی داهێنەری ڕاستەقینە
کە بەهای بەهرە و ئەزموون و دەنگە تایبەتەکەی خۆی دەناسێت، هەرگیز
سەرکەوتنی کەسانی تر بە کەمکردنەوەی بەهای خۆی لێك ناداتەوە و ئیدی چ
جار هەست ناکات کە دەرکەوتنی ناوی نوێ واتای ونبوون یان کەمبوونەوەی
ناوی ئەوە.
بەم جۆرە تێدەگات کە داهێنان بازاڕێکی داخراو نییە، کە تیایدا بەهرەو
جوانبینی بەو شێوەیە دابەش بکرێت وەك ئەوەی دەسکەوت و غەنیمەتی تیادا
ببەخشرێتەوە.
من کاتێک دەقێکی شیعریی نایابی شاعیرێک دەخوێنمەوە، چێژێکی ڕاستەقینەی
لێ وەردەگرم، ئیدی جارێک و دوو و سێ و ..... دەگەڕێمەوە بۆ دەقەکە؛ وەک
ئەوەی شتێکی بە نرخ یان کاڵایەکی گرانبەهام چنگ کەوتبێت، هەرگیز هەست
ناکەم جوانی دەقەکە لە ئەزموونی من یان هی هەر کەسێکی تر کەم دەکاتەوە؛
بە پێچەوانەوە، هەست دەکەم بەهۆی ئەوەوە هەست و ناخ و ئەزموونم
دەوڵەمەندتر بووە.
لەوانەیە ئەمەش یەکێک بێت لە جوانترین تایبەتمەندییەکانی کەلتوور: (کاتێك
بتوانین جوانیی کەسانی تر بەدەست بهێنین، بێ ئەوەی ببینە خاوەنی خۆیان)،
لەهەمان کاتدا بەو داهێنانە دڵخۆش بین، بێ ئەوەی هەست بکەین شتێکمان
لەدەست داوە.
بۆ نموونە، هیچ دەقێکی جوان لە خودی خۆیدا جوانییەکەی کەمتر نابێتەوە
بەهۆی ئەوەی کە شاعیرێکی تر دەقێکی جوانی تری نووسیوە؛ هەرگیز چاپکردنی
کتێبێکی باش بەهای کتێبێکی تری باش کەم ناکاتەوە، بەهەمان شێوە
وەرگێڕانێکی بە توانا و ورد وەرگێڕانێکی تر هەڵناوەشێنێتەوە. بەڵکو
هەرچەندە بوار و مەودای جوانیی لە ژیانی کەلتوورییدا فراوانتر بێت، ئەو
کەلتوورە پێشکەوتوو ترو تۆکمەترو ناودارتر دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، داهێنانی ئەدەبی شتێک نییە کە بە پارە بکڕدرێت. بەڵکو
تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە بەهرە، پەرەپێدان، ئەزموون، زمان، شێواز،
خوێندنەوە، بینین و هەستیاریی بەرانبەر بە جیهان. مرۆڤ لەوانەیە پارە و
ناوبانگی هەبێت، بەڵام ناتوانێت بە پارە بەهرەی ڕاستەقینە یان شێوازێکی
تایبەت بکڕێت، یان ڕۆحێکی داهێنەر بە ڕوخسەت بخوازێت.
بۆیە هەوڵدان لە ڕێگەی حەسودییەوە بۆ گەیشتن بەوەی کە کەسانێکی تر
هەیانە، هەر لە سەرەتاوە هەوڵێکی شکستخواردووە. ئەو کەسەی ئیرەیی بە
داهێنانی ئەدەبی یان هونەریی کەسێکی تر دەبات، ناتوانێت ئەوەی لێ
بستێنێتەوە، لە کاتێکدا لەوانەیە کەسی بەرانبەر بە ماندوو بوونی
ساڵانێکی زۆرو تەقەللا و خوێندنەوە ئەو ئەزموونەی بەدەست هێنابێت و کە
هەرگیز کەسێکی تر ناتوانرێت لێی زەوت بکات.
لەبەر ئەوە وا باشترە مرۆڤ لەبری ئیرەیی بردن لە خۆی بپرسێت:
من چیم هەیە؟ چی دەتوانم پەرە پێ بدەم؟ لە کام بواردا بەهرەوەرم و
توانام هەیە تا بتوانم نیشانە و ئیمزاو شوێن پەنجەی تایبەتی خۆم بەجێ
بهێڵم؟
سەرەنجام، دەبێت هەمووان ئەو ڕاستییە بزانین کە مرۆڤەکان هەرگیز وەک
یەک نین و کۆپی و هاوشێوەی یەکتر نیین، مرۆڤی ژیر خۆی سەرقاڵ ناکات
بەمالایەعنییەوەو خەریکی کاروباری خۆی و پەرەپێدانی دەبێت.
هەروەها ئەو ڕاستییە دەزانێت کە هەر مرۆڤێک جۆرە شتانێکی هەیە و کەسانی
تر نییانە، لە هەمان کاتدا شتانێکی تریشی نییە کە کەسانی تر هەیانە.
ئەمەیە سروشتی ژیان. هیچ مرۆڤێک تەواو نییە کە هەموو بەهرە و هەموو
دەرفەت و هەموو تایبەتمەندییەکانی تێدا کۆبووبێتەوە؛ لە هەمان کاتیشدا
هیچ مرۆڤێک نییە کە لە هەموو شتێک بێبەش بێت.
لەوانەیە کەسێک لە شیعردا لێهاتوو بێت، کەسێکی تر لە چیرۆک نووسین یان
وەرگێڕاندا، سێیەم لە توێژینەوەدا و چوارەم لە ڕەخنەدا. لەوانەیە کەسێک
توانایەکی زمانەوانیی ناوازەی هەبێت کە کەسانی تر نییانە، لە کاتێکدا
کەسێکی تر توانایەکی باشی لە شیکردنەوە یان دەرهێنان یان نیگارکێشی و
ڕاگەیاندندا هەبێت....تاد.
کەواتە باشتر وایە لە بری خۆ ئەشکەنجەدان بە ئیرەیی بردنەوە، گونجاوترە
چاوی دڵمان بکەینەوەو سەیری وێنە گەورەترەکە بکەین.
لەکاتێکدا ئەو کەسەی شتێکی جوانی هەیە، واتای ئەوە نییە کە ئێمە بەهرەو
جوانییەکانی خۆمان لەدەست داوە.
چونکە هەمیشە کەسی دەروون فراوان و خاوەن مەعریفەی دروست، زیاتر توانای
بینینی جوانی هەیە لە دەرەوەی سنووری خۆیدا. بۆیە هەرچەندە زانیاری
مرۆڤ فراوانتر بێت، ئەوا حەزو ناسینەوەو سەرسامبوونی بە داهێنان و
جوانی زیاتر دەبێت و بۆیە هەموو داهێنانێکی لا ئازیزو دڵگیر دەبێت و
هەرگیز هەوڵ نادات بە هیج جۆرێك زیانی پێ بگەیەنێت؛ بەم جۆرە هەرچەندە
ڕۆحی مرۆڤ بەرفراوانتر بێت، ئەوا سەرکەوتنی کەسانی تر هەرگیز وەک
لەمپەرو هەڕەشە بۆ سەر خۆی تەماشا ناکات.
بۆیە من پێموایە کە شەڕی ڕاستەقینەی داهێنەر لەگەڵ داهێنەرانی
دەوروبەریدا نییە، بەڵکو لەگەڵ وەشانی پێشووی خۆیدایەتی، بەوەی ئەمڕۆ
باشتر بێت لەوەی دوێنێی. بەوەی دەقێکی جوانتر بنووسێت. بە هۆشیارییەکی
زیاترەوە وەرگێڕان بکات. زیاتر بخوێنێتەوە. بە قووڵییەکی زیاترەوە گوێ
لە جیهان بگرێت، لە کۆتاییدا بتوانێت شوێنەوارێک بەجێ بهێڵێت کە
شایستەی خوێندنەوە بێت و دوای خۆی بمێنێتەوە.
بەم هۆیەشەوە دیدی مرۆڤ پەرەدەسێنێت و دەگۆڕێت بۆ ئەوەی کە کەسانی تر
لە دیدی نەیارییەوە تەماشا نەکات، بەڵکو دەبنە دۆست و هاوبەش لە
دەوڵەمەندکردنی دیمەنی کەلتووریدا، نەک دوژمنێک کە دەبێت دژی بوەستێت و
لێی بدات.
بەم جۆرە ئەگەر لە ناخماندا ڕووناکی هەبێت، پێویستمان بە کوژاندنەوەی
ڕووناکی کەسانی تر نابێت.
ئەگەر تۆوی ئەرێنیبوونی ڕاستەقینەمان تێدا هەبێت، دەتوانین بە کەسێکی
تر بڵێین: «کارەکەت داهێنەرانە بوو، زۆر باش بوو»، بێ ئەوەی هەست بکەین
ئەم وشەیە شتێکی لە ئێمە کەم کردووەتەوە.
لێرەدا جیاوازی ئەو دوو کەسە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە یەکەمیان بەهەر
شێوەیەك بێت دەیەوێت جێی خۆی لە نێوەندی کەلتووریدا بکاتەوەو ئەوی تر
ئەو کەسەیە کە بە ڕاستی دەیەوێت بەها لە ناو ئەو کەلتوورەکەدا دروست
بکات.
یەکەمیان لەوانەیە خۆی بەوەوە سەرقاڵ بکات کە کێ پێش ئەو کەوتووە تا
بیشکێنێت، هەروەها بزانێت کێ دوای ئەو دێت و کێ ڕکابەرییەتی؟ بەڵام
دووەمیان خۆی بەوەوە سەرقاڵ دەکات کە چی زیاترو تازە دەتوانێت پێشکەش
بکات؟
لە جیهانی ئەدەب و کەلتووردا، پێموایە هیچ دەوڵەمەندییەک لەوە جوانتر
نییە کە دەقێکی جوان ببینین، پێی دڵخۆش بین، جارێک و دووجار و دە
بگەڕێینەوە بۆی و بە شیوەیەك لە شێوەکان هەست بکەین دەوڵەمەندتر بووین،
نەک هەژارترو بێ بایەخ بووین.
لە هەمان کاتیشدا ئەوە بزانین کە وەک هەر بوارێکی تری ژیان، لە بواری
کەلتووریشدا نوێبوونەوەو هەوڵدان و پێشبڕكی و ڕکابەریی هەیە. چونکە
ڕکابەری خۆی شتێکی نەرێنی نییە؛ بەڵکو دەتوانێت هاندەرێک بێت بۆ
هەوڵدان و گەشەکردنی زیاتر، کە دەبێتە هاندەری نووسەر بۆ باشترکردنی
ئامرازەکانی، وەرگێڕ بۆ پەرەپێدانی زمانەکەی، توێژەر بۆ قووڵبوونەوەی
زیاتری توێژینەوەکەی و داهێنەر بۆ پێشکەشکردنی باشترین بەرهەم.
بەڵام کێشەکە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە پرسیاری کەسی ڕکابەر لەوێوە
سەرچاوە بگرێت:
کە «چۆن خۆم پەرە پێ بدەم؟» بگۆڕێت بۆ پرسیارێکی تر: «چۆن ڕێ لە
پێشکەوتنی ئەوی تر بگرم؟».
لەوێدا هەستی حەسودی و غیرەتکردن دەردەکەوێت و هەندێک جار تەنانەت ئەم
بەڵا ناگەهانە خۆی لە پشت دەستەواژەگەلێکی وا دەشارێتەوە کە بە ڕواڵەت
ڕەنگە ئاسایی بن و بێ زیان دەربکەون، وەك کەمکردنەوەی شتێك لە بەهای
دەستکەوتێکی ئەوانی تر، یان گومانکردن لە شایستەبوونی خاوەنەکەی، یاخود
گاڵتەکردن بە سەرکەوتنەکەی، گەڕان بەدوای کەموکوڕییەکانیدا، لە
کۆتاییشدا مامەڵەکردن لەگەڵ دەرکەوتنی ئەوی دی وەک هەڕەشەیەکی تاکەکەسی.
لەوانەیە ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشتر بێت ئەوە بێت، کە ئەم هەستانە هەمیشە
بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەردەناکەون. بۆ نموونە زۆر کەم کەس هەیە بە کەسێکی
تر بڵێت: «من حەسودیت پێ دەبەم».
بەڵکو هەندێكجار ئیرەیی لە شێوەی ڕەخنەیەکی لابەلا، کۆمێنتێکی
گاڵتەئامێز، پشتگوێخستنێکی بە مەبەست، یان هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی
بەهای دەستکەوتەکە دەربکەوێت.
یان تەنانەت هەندێك جار لە هاوپەیمانییە بچووکەکاندا بەدیار دەکەوێت،
بە پەراوێزخستن و لابردن و دوورخستنەوەی کەسی بە ئامانجگیراو، کاتێک
هەندێک کەس هەوڵ دەدەن دیمەنی کەلتووری تەنیا بۆ خۆیان قۆرخ بکەن، ئیتر
ئایا دەزگایەك بێت یان بڵاوکراوەیەك بێت یان سەکۆیەکی وێژەیی و هونەریی
بێت، تەنانەت جارانێك دەرگا بەڕووی ناوی نوێدا دادەخرێت، لە ترسی ئەوەی
نەکو لە داهاتوودا ڕکابەرییان لەگەڵدا بکەن.
یەکێک لە مەترسیدارترین شێوەکانی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە کە بابەتەکە
بگاتە ئاستی بڵاوکردنەوەی درۆ و دروستکردنی چیرۆکی ساختەو لێدانی
کەسایەتی بەمەبەستی سوکایەتی و ناوزڕاندن. تەنانەت ڕەنگە جارانێکیش
ببێتە هۆی ئەنجامدانی کاری تاوانکاری و ئازار گەیاندن بە کەسانی تر.
بەڵام لەهەمان کاتیشدا ڕێگاکانی خۆپاراستن لەم نەخۆشییە زۆرن و
ئەنجامدانیان کارێکی گران و ئەستەم نییە، کە سەرەتا و پێش هەر شتێك بە
دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست دەست پێدەکات لەگەڵ ناخی خۆماندا.
بەوەی بە خۆمان بڵێین:
"دەبێت بزانم کە بەهای ئەزموونی من بە ژمارەی بەرهەمەکانم، یان ژمارەی
ئەو کتێبانەی وەریاندەگێڕم، یان ژمارەی بانگهێشتەکانم، یان ئەو
خەڵاتانەی بەدەستیان دەهێنم، دیاری ناکرێت و پەیوەست نییە".
ئەوسا تێدەگەین کە بوارە کەلتوورییەکان تەنیا وەك یەك یاری نییە کە بەس
یەک کەس تێیدا دەباتەوە و ئەوانی تر دەدۆڕێن. بەڵکو لەیەك کاتدا دەکرێت
زیاتر لە نووسەرێک سەرکەوتوو بێت، زیاتر لە وەرگێڕێک بەرهەمدار بێت،
زیاتر لە توێژەرێک توێژینەوەی باش بکات... و لەکۆتاییدا هەر یەکەیان
شتێکی جیاواز زیاد دەکەن بۆ دیمەنی کەلتوورو زمان و فەرهەنگی گشتی.
هەروەها لەوە تێدەگەین کە دیمەنی کەلتووری زۆر لەوە فراوانترە کە تەنیا
پلاتفۆرمێک هەبێت و هەمووان لەسەری بۆ یەک شوێن ڕکابەری بکەن.
لە کۆتاییدا نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە هەر لە سەرەتاوە؛
پەروەردەکردن لە ژینگەیەکی تەندروستدا زۆر گرنگە بوونی هەبێت،
پەروەردەکردن لەسەر کەلتووری هاندانی یەکتر و داننان بە بەهای کار و
دەستکەوتەکانی یەکتریدا، ئەمە زۆر دیاردەیەکی جوان و ئەرێنییە و
نیشانەیەکی تەندروستییە بۆ ڕاستگۆیی و پاکیی ناخی ڕۆشنبیرو هۆکارێکیشە
بۆ پەرەپێدانی گیانی برایەتی و تەبایی و پێشکەوتنی هەمووان بێ جیاوازیی،
لە پێناو خزمەتکردنی وێژەو فەرهەنگ و مەعریفەداو فەراهەم هێنانی
ژینگەیەکی تەندروستدا.
کەواتە گەر بگەڕێینەوە بۆ ناونیشانەکە ئەوا لێرەدا دەتوانین ئەو وەڵامە
بدەینەوە کە سەرکەوتنی ئەوانی تر دەبێتە ئاوێنەیەك و حەقیقەتی دیوی
ناوەوەمان دەردەخات، ئەگەر شادمانی کردین ئەوا نیشانەی بوونی دەروونێکی
تەندروستە، ئەگەر خەمباریشی کردین ئەوا نیشانەی ناخێکی ناتەواوەو
حاڵەتی دەستنیشانکردنی دەردەکە دێتەدی و لەم کاتەدا پێویستی بەکار
لەسەرکردن و ڕاستکردنەوە دەبێت و جارانێکیش دوورکەوتنەوە لە هەستی
هەڵخەڵەتێنی خۆبەزل زانین.
ماڵپهڕی سۆران
محەمەد
|