١٦\٦\٢٠١٧
خۆپەرستیی
دەسەڵاتی سیاسی کوردستان.

جیهاد محەمەد
هیچ بوونەوەرێک لەم سەر ڕووی زەمینە هێندەی
مرۆڤ خۆپەرست نییە.
وا پێدەچێت مەسەلەی خۆپەرستیی تا ئاستێک سروشتی بێت لە مرۆڤدا و هێندە
خەسڵەتێکی خراپ و ناشیرین نەبێت، ئەگەر وا لێکماندایەوە کە خۆپەرستیی
بۆ خۆپاراستنە، بۆ خۆژیاندنە، بۆ بەرگریکردنە لە منداڵ و نەوە و
جگەرگۆشەکان، بۆ پاشەکەوتکردنە بۆ ڕۆژانی تەنگانە.
واش پێدەچێت ئەم خسڵەتە، خەسڵەتێکی خۆرسکی بێت لە مرۆڤ و هەرچ
بوونەوەرێکی تردا، کەواتە تا ئێرە ئاساییە و دەبێت بە ئاسایی وەربگیرێت.
بەڵام کاتێک ئەم خۆپەرستییە بە جۆرێک شۆڕش دەبێتەوە بە ناو ناخ و عەقڵ
و بیرکردنەوەی مرۆڤدا، کە لە بچووکترین هەڵسوکەوتیدا بێ ئەوەی بە خۆی
بزانێت دەردەکەوێت، بۆ نموونە لە کاتی دەستبردن بۆ نانخواردن، دەستبردن
بۆ ئەو میوە و سەوزە و خۆراکەی کە لەبەردەمیدایە، هێندە نەوسننانە و
خۆپەرستانە دەستی بۆ دەبات، ئەگەر بە وردی چاودێری بکەیت وا دەزانیت کە
هەرچی لە بەردەمیدایە لە ئان و ساتێکدا دەیماشێتەوە، بۆیە ئەگەر
جگەرگۆشەکەی خۆشی بە تەنیشتییەوە بێت بیری ناکەوێتەوە، یان دوای یەک
دوو پاروو ئنجا بیری دەکەوێتەوە. ئەم حاڵەتە بە تایبەتی لە کاتی
خواردنە بە تام و بە چێژەکاندا دەردەکەوێت. ئیتر لێرەوە ئەم خەسڵەتە
دەبێت بە خەسڵەتێکی ناشیرن و دزێو و نا ئاسایی.
خۆپەرستیی ئەگەر بەری پێنەگیرێت و تەشەنە بکات ئەوە زۆر جار بێ ئەوەی
بە خۆمان بزانین و بێ ئەوەی بە وردی بیرمان لێکردبێتەوە، یەکێکە لە
سەرچاوە سەرەکییەکانی ململانێ و پێکدادان و شەڕ و شۆڕ، جا ئەو ململانێ
و پێکدادان و شەڕ و شۆڕە، ئەگەر لە نێوان دوو کەسدا، یان چەند کەس و
چەند خێزانێکدا، یان لە نێوان تاقم و دەستەو گروپەکاندا، یان لە نێوان
ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵتەدا بێت، ئەوە قەوارە و گەوەرەیی بە گوێرەی خۆی
دەردەکەوێت، ئەمەش سەرچاوەکە ناگۆڕێت، بەڵکو ئەم سەرچاوەیە بە گوێرەی
بچووکی و گەورەیی قەوارەکەی میکانیزمەکانی و ڕەهەندەکانی کەم و زۆر و
بچووک و گەورە دەبن و دەردەکەون، هەتا خۆپەرستیی و چاوچنۆکیەکە گەورەتر
بێت ڕەهەندگلێکی دیکە وەردەگرێت و لە خوێندنەوەیدا ڕەنگە بە خەسڵەت و
کردەوەی دیکە لە قەڵەم بدرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا
هەر خۆپەرستییە.
ترسناکی ئەم سەرچاوەیە بە گوێرەی کەمی و بچووکی و گەورەیی دەگۆڕدرێت،
هەتا خۆپەرستییەکە زیاتر و گەورەتر بێت زیاتر ترسناکتر دەبێت.
خۆپەرستیی بێ ویژدانی دروستدەکات، ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لاواز
دەکات، خەسڵەتە مرۆییەکان ورد ورد دەهاڕێت و دەسڕێتەوە، خۆشەویستی لە
نێو تاکەکاندا دەسڕێتەوە، لە جێگەی خۆشەویستی ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ
خۆی دروستدەکات، زۆر جار ئەم خەسڵەتە دزێوە مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو
بیرکردنەوە چاوچنۆکییەی کە وارەفتار دەکات: "ئەوەی خۆم بۆ خۆم ئەوەی
تۆش دەخۆم".
هۆکار و فاکتەرێکی بنەڕەتی بۆ لابردن یان ڕێگەگرتن لە گەورەبوونی
خۆپەرستیی، خودی خێزانەکان خۆیانن، لە ناو خیزانەکاندا ئەگەر
پەروەدەیەکی زانستیانە و عەقڵانییانە و دیموکراتیانە هەبێت بۆ کۆرپەکان
هەر لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تا تەمەنی شەش ساڵی ئەوە بێگومانی
خۆپەرستیی کەم دەکاتەوە. فەیلەسوف و بیرمەند بێرتراند ڕەسڵ
دەڵێت:"منداڵ لە تەمەنی یەکساڵیەوە تا تەمەنی شەش ساڵی، ئەوەندە شت فێر
دەبێت کە بە درێژایی تەمەنی ئەوە فێر نابێت" کەواتە ئەم فێربوون و
ڕاهات و پەروردەیەی تەمەنی منداڵی دەبێت بە بناغەیەکی پتەو بۆ گەورە
بوون.
هۆکار و فاکتەری دووەم، بۆ کەمکردنەوە و لابردنی خۆپەرستیی، پەروەردە و
سیستمی پەڕوەردە و فێربوونە، پەروەردە و سیستمی پەروەردە ئەگەر لەسەر
بنەمایەکی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی و دیالۆگ و دیموکراتی دامەزرابێت،
ئەوە بە دڵنیاییەوە فاکتەر و هۆکارێکی گرنگ و سەرەکیە بۆ نەهێشتنی
خۆپەرستیی، یان گەورەنەبوونی خۆپەرستیی لە مرۆڤەکاندا.
فاکتەر و هۆکارێکی سیەیەم، کە خۆپەرستیی بسڕێتەوە لای مرۆڤەکان،
مسۆگەرکردنی ژیانێکی بەختەوەر و دادپەروەر و یەکسانە لە لایەن
حوکمڕانەکانەوە کە ڕێکخستنی ژیانی تاک و کۆمەڵگەیان لەسەر شانەو و
ئەرکیانە. هەڵبەت بۆ ئەمەش ئەبێت دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانەکان بە
ڕاستی لە خودی گەل و خەڵک خۆیەوە بێت و بە دڵ هەڵیانبژاردبێتن و متمانە
و بڕوای تەواو لە نێوانیاندا هەبێت.
ترسناکترین خۆپەرستیی، خۆپەرستیی حاکم و
حوکمڕانەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکانە، چونکە دەسەڵاتی سیاسیی
وحوکمڕانەکان بۆ ئەوە هاتوونەتە بەرهەم کە ژیانی تاک و کۆمەڵگە رێکبخەن،
کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسی ـ لە وێنەی دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای کوردستان ـ
خۆپەرست دەبن، ئیتر زوڵم و ستەم دروستدەکەن و دەربەستی ژیانی گشتی خەڵک
نایەن. خۆپەرستییەکەیان پاڵیان پێوە دەنێت هەرچی ستەمە بیکەن لە پێناوی
دزین و تاڵانی سەروەت و سامانی خەڵکدا. لێرەشەوە نادادپەروەری و نا
یەکسانی و نا بەرابەری و چەوسانەوە بە جۆرێک دروست دەبێت، کە چەندین
زیندانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دروستدەکەن بۆ ئەوانەی هەڵدەگەڕێنەوە
لێیان، یان بۆ ئەوانەی کە لە تاو بێدەرەتانی و نەبوونی و هەژاری کاری
نەشییاوی وەک دزی و کوشتن و پەلامار و هێڕش بۆ سەر کەسان و خێزانەکانی
تر دروست دەکەن، دەسەڵاتی سیاسی و حاکم و حوکمڕانەکان کە خۆپەرستبوون
بێ سڵەمینەوە گوێ نادەن بە هیچ بەها و ئەخلاقێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی،
خوێنی خەڵک دەڕێژن لەسەر بچوکترین هەڵگەڕانەوە، لەسەر بچووکترین
ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتن.
دەسەڵاتی خۆپەرست چەند ترسنۆکە هێندەش دڕندەیە، چونکە دڕندەییەکەی لە
ترسنۆکییەوەیەتی، ترسنۆکیەکەشی لە ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتەکەیەوەتی،
لە دەستدانی دەسەڵاتەکەشی لە خۆپەرستییەوەتی.
ئێوە تەماشاکەن، کاتێک دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبە حوکمڕانەکانی وەک پارتی
و یەکێتی لە شاخدا بوون بە ناوی شۆڕشەوە، چەند خۆپەرستیش بووبێتن زۆر
خۆپەرستییەکەیان دەرنەدەکەوت، چەند ترسنۆکیش بووبێتن ترسنۆکیەکەیان
دەرنەدەکەوت، دیارە بە هۆکاری ئەوەی سەروەت و سامانێکی گەورەیان لە
بەردەستدا نەبوو تا ترسنۆکانە و دڕندانە بیخۆن و بەرگری لێ بکەن. بەڵام
کاتێک بوون بە حکومڕان و سەروەت و سامانی کوردستان کەوتە بەردەستیان
بوون بەو دز و جەردەیەی کە هیچ ئەخلاقێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهای
مرۆڤبوونیان تێدا نەماوە. ئەم دەسەڵات سیاسییە خۆپەرستە، درۆزن و
ساختەچێتی گەورەش دەکەن لە پێناوی مانەوەیاندا. کارێکیان کردووە کە
کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خەڵکیان شێواندووە.
ئەم دەسەڵاتە سیاسییە دزێو و خۆپەرستە، دوا کارت کە لەمڕۆدا بە
دەستیانەوەیە کارتی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتە. کە بە ئاشکرا
یاریی و مەرامە سیاسییەکانی ئەو دیوی ئەم دروشم و بانگهێشتە ڕازاوە و
جوانانەیان دیارە، مەگەر لای ئەوانە دیار و ئاشکرا نەبێت کە بوون بە
کۆیلە و شایەر بۆ ئەم دەسەڵاتە ستەمکار و خۆپەرستە.
کوردستان
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|