٢٥\١٢\٢٠٠٩
خۆپەرستیی، نەک
خودناسین، چاوچنۆکیی،
باگراوندێکی بکوژ
لە رابردووماندا، دیاردەیەکی مەترسیدار لە ئێستاماندا!

ستار محەمەد قادر
هەر چەندە زۆرێک لە ئێمە پێمان وایە بازدان بە سەر کێشە
کۆمەڵایەتییەکانداو پەنجە بردن بۆ کێشە سیاسییەکان، دەمانگەیەنێت بە
ئەسڵی مەقسەدو دەبێت بە هۆکاری چاکسازیی لە هەردوو بواری کۆمەڵایەتیی و
سیاسییدا، چونکە وای بۆ دەچین کە سەرجەم کێشەکان لە دەرەنجامی
سیاسەتەوە هاتوونەتە ئاراوە، بەڵام ئەگەر بێین دوور لە دونیای سیاسەت،
قسەو باس لە سەر دیاردەیەک بکەین کە زۆر بە زەقی هەستی پێدەکرێ و
دەبینرێت، ئەویش دیاردەی : " چاو چنۆکیی و خۆ پەرستییە" تێر نەخواردنی
مرۆڤەکانە، پڕ نەبوونی گیرفان و حەزی ئەوانە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین
پووڵ! دەرکەوتنی حەزێکی شێتانەی کۆمەڵانی خەڵکە بۆ لایەنە ماددیەکەو و
فەرامۆشکردنی لایەنەکانی دیکەی ژیان. ئەوان وا بیر دەکەنەوە کە هەموو
شتێک ماددەیەو هەموو شتێکیش بە پارە دێتە کڕین و چارەسەر کردن! هەر
چەندە ئەگەر مرۆڤ خەسڵەتی جووڵەو رۆشنبیریی ئەخلاقیی و پڕنسیپی
کارکردنی لە هەر بوارێکدا، ئەگەر هەیبێت؟ ئەمەیان نیشانەی تەندرووستیی
بیرکردنەوەیەتی لە گەڵ دۆخەکاندا. بەڵام کاتێک دەبینین ئەخلاقیاتی
پیشەیی لە زۆرێک بوارەکاندا بە شێوەیەک فەرامۆش کراوە، وەک ئەوەی،
ئەوەی ئێمە باسی دەکەین لە حەقیقەتدا وجودیی نەبێ و زێدە رۆیی بێت! بە
بێ هیچ سڵەمینەویەک ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە بۆ ژیان، دەبێت بە هۆکاری
درووستکردنی چەند سەرنجێک ئەوەی لێ دەخوێنینەوە کە : " بێ بەرنامەیی
ژیان بە شێوەیەک ئەو مرۆڤانەی بارگاوی کردووە، بۆ چرکەیەکیش بواریان
نادات لە ماهییەتی ئەو ژیانە بگەن کە بە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن بە
دەستییەوە دەناڵێنن و ماندوون! چونکە ئەوان لە پەنجەرەی ماددەوە لە
ژیان دەنواڕن، بۆیە هەر کاتێک ئەو پەنجەرەیان بە سەردا دابخرێت، ئیدی
ژیان بە داخراوی دەبینن! ئەم جۆرە تێڕوانیانە لە دەرەنجامی تێگەیشتنەوە
نییە بۆ ژیان، بەڵکو لە نەبوونی سیستمێکەوەیە کە ئەوە بە تاکەکانی
کۆمەڵگە بڵێت، کە ژیانی هەموو کەسێک لە ژێر پەرچەمی ئەو سیستمەدا وەکو
یەکەو دەتوانن وەکو یەک ببن!
من لێرەدا نامەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەو خەتە کە دەسەڵاتی سیاسیی لە ئاست
نۆرمێک بە بەر پرسیار بزانم، کە کاریگەری سەلبیی ئەو دیاردەیە بە
ئاشکرا بە روومەتییەوە دیارە، بەڵکو تەنها ئەوە نەبێت کە تاکە پەیامم
بۆ ئەو کەسانەی کە لەو بوارەدا ئیش دەکەن، دەبێت لە هەوڵی لە رەگ
هەڵکێشانی ئەو دیاردانەدا بن کە لەمپەرن لە بەردەم گەشە کردنی
تێڕوانینی تەندرووست و سەردەمییانە بۆ خودی مرۆڤ و ژیان و فاکتەرێکی بە
هێزن بۆ زیاتر دۆگما بوون، چونکە ئەگەر ئەوان هەست بە دۆگما بوونی
خۆیان نەکەن لە بوارێکدا؟ ئەوە ئەوانن وەکو کەسانی چالاک لە ژێر
کاریگەری باگراوندێکی نا لۆژیکی و تێڕوانینێکی نا تەندرووستدان بۆ ژیان!
کە بە زەرەرێکی گەورە لە سەر تاک بە تاکی ئەم نیشتیمانە تەواو دەبێت،
بەو مانایەی ئەگەر ئەوان وەکو خەڵکانێکی چالاک لە بواری سیاسەت و
هێندێکیان لە هەرەمی دەسەڵاتدا، لە بارتەقای هزریی و ئیرادەیاندا نەبێت
کە هەوڵ بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ئەندامانی خۆیان بدەن کە تاکێکی ئەو
کۆمەڵگەیەن، وێنەی ژیانێکی دیکە لە دەرەوەی دونیای ماددیەتییان پێشان
بدەن، کەواتە دەبێت سیاسەت لەم دەڤەرەی ئێمە خۆی بە چییەوە سەر قاڵ
کردووە و کاری ئەو سیاسییانە دەبێت چی بێت؟! یان بۆ چی و لە پێناو چیدا
بەشدارن لە بزووتنەوەیەکی سیاسییدا؟ ئەگەر بەرژەوەندی گشتی نەبووبێت بە
ئەندێشەیان، بۆ تێکەڵ بە دونیای سیاسەت بوونەو وەکو چالاکوانێک
دەردەکەون؟ من نامەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە، چونکە خودی
بابەتەکە هەڵگری وەڵامە بۆ ئەو پاشا گەردانییەی کە سەرجەم کایەکانی
خستووەتە ژێر هەژموونی خۆیەوە! لێرەدا بە پێویستی دەزانم بگەڕێمەوە بۆ
رابردوویەکی نێزیک بۆ ئەوەی بزانین ئەوانیش وەکو ئێمە هەمان
تێڕوانینیان هەبووە بۆ ژیان؟ ئاشکرایە جاران خەڵکی ژیانێکی زۆر سادەو
خاکییان بە سەر دەبرد، بێ رووناکی، سارد و فێنک کەرەوە، ماشێن و ئەو
بەرهەمەی ئەوڕۆ کە بە یارمەتی جیهانگیریی و بازاڕی ئازادەوە باڵی بە
سەر جیهاندا کێشاوە، نە وەکو ئێستا مۆدێلی خانوو یان ماشێن بوو بوو بە
ئەندێشەیان، ئەوان لەو سەردەمەدا زۆربەیان ژیانێکی هاوشێوەیان
دەگووزەراند. هەر چەندە من بە دڵنییاییەوە ئەوە دەڵێم: ئەگەر وێنەیەکی
جوانت هەبێت، بەڵام ئەو وێنەیە باگراوندێکی ناشیرینی هەبێت، ئەوە
حەتمەن ئەو وێنەیە دەکەوێتە ژێر کاریگەری باگراوندەکەوەو دەبێت بە
هۆکاری ئەوەی خۆی بە بەرامبەر ناشییرین پێشان بدات، هەروەها بە
پێچەوانەشەوە! بۆیە من لێرەدا پاکانە بۆ هیچ کام لە قۆناغەکان ناکەم،
بەڵکو دەمەوێت ئاماژە بە وتەی هێندێک لەو خەڵکە بە تەمەنانە بکەم کە لە
گێڕانەوەی مێژوو یان سەر گوزشتەی خۆیاندا، بە شێوەیەک وەسفی ئەو
سەردەمە دەکەن، وەک ئەوەی ئەمڕۆی ئێمە زادەی دوێنێی ئەوان نەبووبێت؟!
راستە ئەوان لەو سەر دەمەدا ژیانێکی سادەو خاکیی و سەرەتایی ژیاون،
بەڵام ئەگەر بمانەوێت قسە لە سەر تێڕوانینیان بۆ ژیان بکەین ، ئایا
هەمان تێڕوانین نەبووە؟ یان ئەوان لەو سەردەمەدا توانیویانە لە چەمکی
ژیان بە باشی بگەن؟ یان مافی ژیان بدەن؟ یان بیریان لەوە کردووەتەوە کە
چۆن و بە چ شێوەیەک خۆیان لە دەست کۆمەڵگەیەکی چەق بەستووی خێڵەکییەوە
بگۆڕن، بۆ کۆمەڵگەیەکی شارستانیی؟ ئایا ئەو یەکتری سڕینەوەی ئەمڕۆ، بەر
جەستە بووی واقیعی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوسا نییە؟ من پێم
وایە ئێمەی کورد لە نێو کەلەپوورو کەلتورماندا زۆر شتی جوان هەن، لێ
ئەو شتانە تەنها لە واری تیۆریدا، بە شێوەیەکی کاتی بۆ تێپەڕاندنی
ئاریشەیەک مامەڵە، یان ئاماژەیان پێ کراوە، نەتوانراوە بۆ واری
پراکتیکی تەرجەمە بکرێن. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سایکۆلۆژیای تاکی
کورد، سایکۆلۆژیایەکە هەرگیز بە شێوەیەکی زۆر شێلگیرانە بیری لە
چارەسەرکردنی کێشەکان نەکردووەتەوە، بەڵکو هەمیشە مامەڵەی کاتی بۆ
گەورەترین کێشە کردووە بە ئەلتەر ناتیڤی چارەسەرییە بنەڕەتییەکان، ئەم
دیاردەبە لە ئاستی سیاسییشدا بە ئاشکرا خۆی وێنا دەکات!
ئەمڕۆ ئەگەر ئێمە بمانەوێت قسە لە سەر ئەو جیاوازییانە بکەین کە لە نێو
گەلانی چەق بە ستوو و پێشکەوتوودا بوونیان هەیە، جەسارەتی دەوێت،
جەسارەتیش بە بێ هەبوونی ئەو میکانیزمانەی کە دەبێت بە هۆکاری
تێگەیشتنێک لە دەرەوەی ئەو تێگەیشتنە کلاسیکییەی کە بەشێوەیەک لە
شێوەکان کووشتنی یان حاڵەتێکی خۆ کووژیی ژیانە لە نێو چەمکی ژیاندا!
نامانگەیەنێت بە هیچ قەناعەتێک کە لە دەرەوەی ئەو تێڕوانینە باوەی نێو
کەتواری کۆمەڵایەتیی ئێمە بۆ ژیان، تێڕوانینێکی باشتر بوونیی هەبێت!
* * *
* * *
* * *
(دیاردەی چاو چنۆکی بەرهەمی باگراوندی وێنەیەکی
ناشیرین و بیرکردنەوەی نا تەندرووستی مرۆڤ).
ئەمڕۆ ئەگەر سەرنج بدەینە دیاردەیەک کە رەنگبێت لە ناو هەناوی تاک بە
تاکی ئێمەدا خۆی پەنهان دابێت، چونکە هەر یەکێک لە ئێمە لەو باوەڕەدام
بێ پشک دەرناچین لە پەتای خۆ پەرستی، ئەویش دباردەی چاو چنۆکییە، چاو
چنۆکی بریتییە لەو دیاردەیەی کە رەنگبێت بریتی بێت لە پاشخانی ئەو
تێڕوانینە سەقەتەی کۆمەڵگەی کوردی بۆ ژیان و شەڕی نێو خۆو ململانێ بێ
بنەما حیزبییەکان لە کوردستاندا، ئەم دیاردەیە لە کاتێکدا زیاتر رووی
لە پەرەسەندندایە کە قووتی رۆژانەی تاکی کورد بە شێوەیەکگی رێژەیی
باشتر بووە لە چاوی جاران. چاو چنۆکی یەکێکە لەو گەرایانەی کە لە
هەناوی خۆپەرستییدا ئامادەیە، ئەم دیاردەیە رۆڵی رێکخستنێکی خەوت و
دەبینێت، بۆیە کاتێک کە خۆپەرستی بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت، ئەوجار
دەورەکە رادەستی چاو چنۆکی دەکات، چونکە چاو چنۆکی لە خۆ پەرستی باشتر
دەتوانێت ئاوەزی تاکی خۆپەرست بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوەو لە
بارتەقایدایە بە ئارەزووی خۆی گەمە بە ئەخلاق و ویژدانی ئەو تاکە بکات.
بۆیە کاتێک دەبینین سیاسییەک لە ژێرەوە بە ناوی خوازراوەوە کاری
تیجارەت دەکات، یان هەر هەمان کاراکتەر خاوەنی کۆمپانیایەکی زەبەلاحە،
هەروەها بە پێچەوانەشەوە، بۆیە دەبێت بە لامانەوە ئاسایی بێت کاتێک
کابرایەکی بازرگان دەبینین لە پڕێکدا دەبێت بە تایە فرۆش! بە دووریشی
نەزانین چالاکوانێک لە بواری ژینگە پارێزیدا، ببێت بە گەورەترین
بازرگانی جگەرە ... هتد!
هەر هەموو ئەمانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەو ململانێیانە هەرگیز
چاوەنواڕی شتی باشییان لێ ناکرێت، چونکە ئاراستەی ململانێکان بە
ئاقارێکدا دەڕۆن، کە بە قازانجی بازرگانەکان تەواو دەبێ و بە زیانی
هاوڵاتییان!
* * *
(لە نیو دونیابینی ماددیەتدا، شوێن کردنەوەو
رێزگرتن لە شتە نامۆکان).
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، دادگای کردنی ئەو موستەشارانەی وا لە
شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا پشکییان بە شێوەیەکی بەر چاو بەر دەکەوێت،
بوو بە ئەندێشەی زۆرێک لە نووسەران، بە تایبەتیش ئەوانەی وا لە دەرەوەی
وڵاتدان. زۆر جاریش رەخنەیان ئاراستەی هەردوو حیزبی بالا دەکرد کە بۆ و
بە چ شێوەیەک ئەوان بوونە بە پەناگەیان؟!
ئەگەر بمانەوێت باس لەو دیاردەیە بکەین کە ئەمڕۆ لە دوای نەمانی خودی
دیاردەکە لە سەر ئەرزی واقیعی ئێستای کوردستان و عێراق، شتێکی ئەوتۆی
لێ ناگرینەوە، بۆیە پێویستە بۆ ئەوەی بە باشی لە چەمکی شوێنکردنەوەی
ئەو خەڵکە نامۆیانە بە کەلتوری کوردەواری بکەین، دەبێت لەوێوە قسەی لە
سەر بکەین، کاتێک کە ئەوان بە بێ پەردە چەکی رژێمیان لە شان بوو لە نێو
هەمان کۆمەڵگەشدا بە چاوی رێزەوە لێیانیان دەنواڕدراو هەر ئەندامانی
ئەو کۆمەڵگەش بوون و دەبوون بە چەکدار لە لایان و جگە لە شێخ، هیچ
ناوێکی دیکەیان بە گونجاو نەدەزانی بۆ کەسێکی نیشتیمان فرۆش یان جاش!
بۆیە شوێن کردنەوەی خەڵکانی نامۆ، رەفتاری نامۆ، بیرکردنەوەی نامۆ، لە
نێو کۆمەڵگەداو چاو پۆشی کردن لەو هەموو شتە نامۆیانە، بە ئەخلاقیشەوە،
تەنها و تەنها لەوێوە سەر چاوە دەگرێت کە کۆمەڵگەی ئێمە تەنها لە رووی
ماددیەتەوە لە شتەکان دەنواڕێت، چونکە هەموو لایەک بە باشی لەو راستییە
دەگەن کە لە نێو کۆمەڵگەی هاو شێوەی کۆمەڵگەی ئێمەدا، دوو شت
بەرهەمهێنی یەکترین، یان دەسەڵات ماددە بەرهەم دەهێنێت، یانیش ماددە
دەسەڵات بەرهەم دەهێنێت! کەواتە هەردوو حاڵەتەکە دەسەڵات و
دەوڵەمەندییەکی نا شەرعی، لە هەناوی ماددەوە لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا
درووست دەبن و هەر لەوێیشەوە دەبن بە هۆکاری ئەوەی لە هەر بارو دۆخێکدا
بێت، شوێنیان بکرێتەوەو بە چاوی رێزەوە لێیان بنواڕدرێت!
ئەگەر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و لە ئەزموونی گەلانەوە ئەو هاوکێشەیە
ئاوەژوو کرابێتەوە کە "بناغەی ئینسان لە سەر نسیانە" ئەوە لە لای ئێمە
تا هەنووکە کار بەو رستەیە دەکرێت! بەڵام نەک لە هەموو ئاستەکاندا،
چونکە هەر هەمان تێڕوانین بۆ یەکێکی هەژار رەنگبێت گۆڕانی بە سەردا بێت،
وەکو یەکێکی دەوڵەمەند. لە راستیدا ئەگەر بمانەوێت بە شوێن نهێنییە
پەنهانەکانی شوێنکردنەوەی شتە نامۆکان لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا بگەڕێین
و بمانەوێت چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، دەبێت بیر لە گۆڕینی تێڕوانینی
تاکەکان بۆ ژیان بکەین و هەوڵ بدەین ژیان لە فۆرمێکی نوێدا بە تاکی
کورد ئاشنا بکەین. چونکە تا هەنووکە بە هەمان ئەقڵییەتی ئاغاو رەعییەت
مامەڵە لە گەڵ ئەو تەرزە لە ژیان دەکەن کە لە دەرەوەی بازنەی ژیانی
ئەماندایە، ئەوەی کە لەم نێوەندەدا زۆر سەرنجمی بۆ لای خۆی راکێشا،
ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەک ئەوی تری هەرگیز پێ قبووڵ نەبێت، چۆن
دەتوانێت ئەوەی پێ هەزم بکرێت کە بە چاوی رێزەوە لە کەسێکی نامۆ
بنواڕێت؟! ئەمەو دەیەها دیاردەی هاو شێوەی ئەمانە دەرهاویشتەی ئەو
پەتایەن کە من بە " خۆ پەرستیی و چاو چنۆکی" ناو زەدیان دەکەم. چونکە
خۆزگە دەرهاویشتەکانی ئەم پەتایە تەنها لە ئاستێکدا رەنگدانەوەی دەبوو،
بەڵام ئەم دیاردەیە رێژەیی نییەو بە شێوەیەک داکشاوە کە ژیانی مرۆڤەکان
لە بەراییی لە دایک بوونییانەوە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و بە
شێوەیەک هەژموونی خۆی بە سەریاندا فەرز دەکات، کە لە کێ دەپرسیت،
نازانێت چۆن و بە چ شێوەیەک قۆناغەکانی ژیانی تێپەڕاندووە؟ تەنها کاتێک
بە ئاگا دێتەوە کە بڵێن تازە پیر بووین و کاتی ئەوە هاتووە شتێک بکەین
بە دیاری دەستمان بۆ لێپرسینەوە؟!! ئەم جۆرە تێڕوانینانە لە دەرەنجامی
هەژاریی و ساویلکەیی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانەوە بۆ ژیان سەر چاوە دەگرن،
ئەو جۆرە تێڕوانینانە ئەوەمان پێ دەڵێن : کە ئێمە هەرگیز هەوڵمان
نەداوە بە شێوەیەکی زۆر جیددی لە ژیان قاڵ ببینەوە، کە مافی ژیان بدەین
و باوەڕمان بە لایەنی ماددی و رۆحی هەبێ و بە قەناعەتەوە روو بە رووی
مردن ببینەوە! بەڵکو ئاماژەکان ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکەن کە مرۆڤ لەم
پانتاییەدا کە ژیانی بۆ رەخساوە، خۆی گۆشە گیر کردووەو لە بارتەقایدا
نییە پڕ بە سینەی خۆی هەوای پاک و بێ گەردی ژیان هەڵ بمژێ و بۆ ساتێک
بیر لەوە بکاتەوە چۆن و بە چ شێوەیەک لە هەوڵی ئەوەدا بێت کە کاریگەریی
خۆی وەکو بوونەوەرێک لە سەر ئەو فەزایە بە جێبهێڵێت لە دوای خۆی وەکو
هەسارەیەکی درەوشاوە لەم گەردوونەدا ئاماژە بە بوونی بکرێت! کاتێک کە
مافی ئەم ژیانەی دا، ئەوجار هەقی خۆیەتی بە شوێن ژیانێکی دیکەدا دەست
بە گەڕان بکات؟
(دەرەنجام و چارەسەر).
من پێموایە سەردەمی تەنز لە نێو دونیای سیاسیی و کۆمەڵایەتیماندا
کۆتایی هاتووە، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ئەگەر مێژووش ئەوەی
دەمانەوێت پێی نەداین، پێویستە لە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە
لێکۆڵینەوەی ورد دەست پێ بکەین.
خاڵێکی دیکە ئەویش ئەوەیە زۆر بە داخەوە کە ئەحزابی سیاسیی لە
کوردستاندا، لەو پەڕی راستەوە بۆ ئەو پەڕی چەپ، هەرگیز لە هەوڵی ئەوەدا
نەبوونە گۆڕانکارییەکی بە بنەمای ئەقڵانی دوور مەودا درووست بکەن،
ئەگەر درووستیشیان کردبێت، کاریگەری ئەوەی نەبووە کەوا لە خەڵک بکات
دەسبەردار یان نەگەڕێنەوە بۆ ناوی بازنە داخراوەکە! بەڵکو هەموو
حیزبەکان لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیاندا، لە هەوڵی ئەوەدا بوونە ئەوان
بێنە نێو بازنەکەوەو شوێنێک لە جەستەی ئەو بۆ خۆیان داگیر بکەن ؟!
لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە، کە تاکی کورد هێندەی بە شوێنی
شوێنەوەیە، هەرگیز بیری بە لای گرنگی کاتدا نەڕۆیشتووە، بۆیە دەبینین
لە دیدگای ئەوەوە :" گەدە، گیرفان، کورسی، بەهەشت، دیوەخان" لە زیهنی
ئەودا بە شێوەیەکی رەها وجوودیان هەیە! شوێن بەو مانایە نا بۆ تێر
کردنی لایەنی رۆحی و زیهنی، بەڵکو شوێن لە تێڕوانینی ئەوەوە تەنها خۆی
لە گەدەو گیرفان و باڵەخانەدا وێنا دەکات، شوێن لە دونیای ئەودا ئەو
وێستگەیە نییە کە بیخاتە سەر رێڕەوێک بە ئاراستەیەکدا بیبات لە دەرەوەی
گیرفان و گەدەو پەتای خۆ پەرستیی و نەخۆشی ئەلئەنا، بەڵکو شوێن لەم
فەزایەی ئێمەدا لە زیهنی تاکەکاندا خۆی لە بە قوربانی کردنی کاتدا
دەبینێتەوە، بۆیە شتێکی ئاساییە کاتێک لە زاری زۆرێکەوە ئەوە دەبیستین
کە دەڵێن: خواردن و میوەی ئێستا بێ تامن و ئەوەی جاران بە تام تر بوون!
ئەو بۆ چوونە بۆ ئەوە نییە کە ئەمڕۆ پەینی کیمیاوی لە پێناو بە خێو
کردنی ئەو شتانەدا بە کار دەهێنرێت، بەڵکو لە دەرەنجامی پڕ کردنەوەی
بەردەوامی ئەو شوێنەوە سەر چاوە دەگرێت، کە هەمیشە شتێک لەو بە بەهاتری
بۆ کراوە بە کۆچی قوربانی! شتێک کە تەنها ئەو لە بارتەقایدایە ببێت بە
فریاد رەس لە پێناو گەڕاندنەوەی ئەرزش بۆ شوێن و تام بۆ خواردن و
خواردنەوە، ئەو کاتە خودی کات بواری ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت لە دەرەوەی
ئەو شوێنانەی ئەگەر بە هەڵەدا نە چووبێتم لە سرووشتی گوورگەوە نێزیکە،
دەستمان بە شوێنی دیکە را دەگاو بۆ چەند رۆژێک بیر لەوە دەکەینەوە کە
پێویستە لە مەو دوا لە هەوڵی پەیدا کردنی خۆراکدا بین بۆ ئەو شوێنەی کە
دەبێت بە هۆکاری باشتر کردنی تەندرووستی ژیانمان و بیر کردنەوەو تێڕ
وانینمان بۆ چەمکی ژیان!
star_qadr@yahoo.com
|