په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١٦

خۆپیشاندانی پێشکەوتوو ئاژاوەگێڕیی نییە!

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه 

 

چەند ڕێگای خۆپیشاندان هەیە وەک گرد بوونەوە ومیتینگ وپیادە ڕۆیی و مانگرتن. دوو شێوە خۆپیشاندانیش هەیە: نەرم یا هێمنانە و توند یا پەلاماردەرانە(ڕاپەڕین و شۆڕش). بە پێی ئاستی وەڵامدانەوە بە داواکاریەکانی خەڵک شێوەکەی دەگۆڕێ. نەرمی و توندی خۆ پیشاندانەکان پا بەندەن بەوەی چەندە وەڵام بە داخوازیەکانی خۆپیشاندەران دەدرێتەوە ئەگەر وەڵام بە خواستەکان بدرێتەوە ناچێتە حاڵەتی توندیەوە بە پێچەوانەوە ئەگەر وەڵام بە خواستەکان نەدرێتەوە دەچێتە حاڵەتی توندیەوە تا ئەگاتە ئەوەی پێی دەوترێ شۆڕش و ڕاپەرین ، دیارە زیاتر مەبەستم لە خۆپیشاندانە پیشکەوتووخوازەکانە، نمونەش وەک شۆڕشی گەورەی فەرەنسا وشۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیاوشۆڕشی ئێران لە دژی شاە وڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و عێراق لە دژی حکومەتی بەعس و شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و... هتد لە سەرجەم ئەم خۆپیشاندان و شۆڕشانەدابارەگای حیزبی دەسەڵاتدارو دامو دەزگا حکومیەکان لەلایەن خەڵکەوە کۆنترۆڵ کراون. دیارە خۆپیشاندانی کۆنەپەرستانەشمان هەیە کە ئامانجێکی ئینسان دۆستانەی نیە وەک خۆپیشاندانی راسیستەکان لە دژی پەنابەران یا خۆپیشاندانپیاوانی ئایینی کە دەیانەوێ مێژوو بۆ دواوە بگێڕنەوە و دەسکەوتە شارستانیەکان دەکەن بە ئامانج ، وەک لە میسر خۆپیشاندان دەکرا بۆ ئەوەی کچانی ٩ ساڵان مافی زەواجیان پێ بدرێت، یا ئەو خۆپیشاندانانەی ئامانجیان ڕوون و دیار نییە لە گەڵ ئەوەشدا پەلاماری ماڵ وموڵكی خەڵک دەدەن دەکرێ ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بە ئاژاوەگێڕیی ناوببرێن.


.هەمیشە دەسەڵاتداری زۆردار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک بۆ مافە ڕەواکانیان بە ئاژاوەگێڕیی زانیوە.


کێ هەیە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی خەڵک لە شارەکانی کوردستان لە دژی دامودەزگاکانی حکومەتی بەعس لە سالی ١٩٩١ بە ئاژاوەگێڕیی بزانێ جگە لە دەسەڵاتەکەی بەعس . کەوایە هەمیشە دەسەڵاتداری زۆردار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک بە ئاژاوەگێڕیی دەزانێت.


تۆمەتبارکردنی خۆ پیشاندانی خەڵک بە ئاژاوەگێڕیی دیاردەیەکی تازە نیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری بۆرژوازی هەمیشە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان پێویستیان بەم پروپاگەندەیە هەیە تا خەڵک بێ دەنگ بکەن هیچ ناڕەزایەتیەک دەڕنەبڕن بۆ ئەوەی هەر ستەمێک بکەن بۆیان بچێتە سەر. پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەر جۆرە خۆپیشاندانێکی خەڵک لە دژی حکومەتی روسیا لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆری قەیسەرەوە تاوانی ئاژاوەگێڕیی دەخرایە پاڵ، هەروەها لەلایەن سەرجەم ڕژێمە دیکتاتورو فاشیستەکانی دونیاوە هەر خۆپیشاندانێک بە دژی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات بە ئاژاوەو کاری تێکدەرانە تۆمەت بارکراوە وتا ئەمڕۆش بەردەوامی پێ دەدرێ ، خۆپیشاندانەکانی سەردەمی حکومەتی بەعس لە ژێرناوی ئاژاوەنانەوەی خائینان و بە کرێ گیراوانی دەرەوە بینیمان هەمیشە لە ڕاگەیاندنەکانیەوە چۆن گرنگی بەم پروپاگەندەیە دەدا ، هەروها لە بەهاری عەرەبیدا سەرجەم ڕژێمە دیکتاتۆریەکان خۆپیشاندانەکانیان بە ئاژاوە و کاری تێکدەرانە دەناساند. لە سایەی دەسەڵاتی کوردایەتیشداهەر خۆپیشاندانێ لە دژی دزی و گەندەڵی و سەرکوتی سیاسی وپێشێل کردنی ئازادیەکان بووبێت بە ئاژاوەگێڕیی ناوی بردووە و پروپاگەندەی بۆ کردووە وە وتوویەتی دەستێکی لە پشتەوە یە ، هەمیشە برەوی بەم پرو پاگەندەیە داوە و تا ئێستاش بەردەوامە لە سەری.


لە ساڵی ١٩٩٣ کاتێ یەکێتی بێکاران لە کوردستان ویستی خۆپیشاندان ئەنجام بدات لە لایەن دەسەڵاتی بەرەی کوردستانیەوە بە کارێكی ئاژاوە گێڕانە ناسراو ڕێگەی پێ نەدراو بە بیانووی ئەوەی دەستێکی لە پشتەوەیە تابوری پێنج هاندەریەتی ڕابەرەکانی لە سلێمانی دەسگیر کردو فڕاندنی لە جێگایەکی نادیار فڕیێ دان و دواتر هەڵسوراوێكیان بە ناوی بەکر عەلی تیرۆر کرد.


ئێستاش هەموو خۆپیشاندانێ بە ئاژاوە و کاری تێكدەرانە دەناسێنن هەمیشە دەڵین دەستێکی لە پشتەوەیە . تەنها ئەو خۆپیشاندانانە نەبێ کە مۆڵەت وەر دەرگرن لە دەسەڵاتەکەیان واتە دەبێ خۆپیشاندانەکان زیانی نەبێت بۆ دەسەڵات.


وە لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکانیشدا خەڵک گوللەباران دەکەن وەک ئەوەی لە ١٧ شوبات و ئەم دواییانە ڕووی دا.


هەر ئێستا ڕژێمی فاشیستی تورکیاش خەریکی قەتڵ وعامی خەڵکی کوردستانی باکورە چونکە پێی وایە خەڵکی کوردستان خەریکی ئاژاوەو کاری تێکدەرانەن و دەستی پەکەکەی لە پشتەوەیە.


بۆدەسەڵاتداری زۆردار هەقیەتی ناوی بنێ ئاژاوە گێڕی چونکە بەرژوەندیەکانی دەخاتە مەترسیەوە بەڵام بۆ زوڵم لێکراوان پێوستیەکی حەتمیە چونکە زوڵم لە سەریان لەم ڕێگایەوە نامێنێ ، وە لە ڕوانگە ی بەرەژوەندیەکانیانەوە نەک ئاژاوە گێڕی نیە بەڵکو رێگاچارەیەکی هەق و دروستە..


لە ڕووی واقعیەت و مەنتیقەوە خۆپیشاندانەکان ئەگەر توندیش بن هەرچی بارەگا و بنکەی حیزب و ماڵ و موڵكی سەرکردە گەندەڵ و دزەکانیش کۆنترۆل بکەن هێشتا ناکرێ ناوی ئاژاوەگێڕیی لێ بنرێ لە کاتێکا ئەوە بەشێوەیەکی رێکخراوانە ئەنجام بدرێت چونکە مافێکی خەڵک زەوت کراوە لەم رێگایەوە دەتوانێ مافی خۆی بسێنێ.


ئەگەر بە خۆپیشاندانی ئارام و نەرم و مەدەنی هیچ خواستێکی خەڵک جێ بەجێ نەکرێ بژاردەی دووەم خۆپیشاندانی توند بژاردەیەکە زەرورەت هەڵی دەبژێرێ . تا کۆنترۆل کردنی دەسەڵاتیش لە ڕوانگەی بەرژوەندیەکانی خەڵکەوە ئاژاوەگێڕیی نییە بەڵکو پێوستیشە.


خەڵکی کوردستان هەموو رێگایەکی نەرم و مەدەنیان گرتە بەر بەڵام هیچ لە خواستەکانی بە دی نەهات ئیتر دەبێ چی بکات ؟ دەبێ لە ماڵەوە دانیشن و بێ دەنگ وئارام و سەرکز بن یا دەبێ بێنە دەنگ و بڵێن؛ ئیتر بەسیەتی زوڵم و ستەم بڵێن نەخێر جەنابانی سەرۆک و سەرکردەو موفتەخۆران: خەڵکی بۆیە خۆپیشاندان دەکات چونکە مافی زەوت کراوە، برسیەتی، بێ مووچەیە ئێوە ٢٤ ساڵە سەروەت کۆدەکەنەوە خۆتان تێر و پۆشتە دەکەن ئێوە بە سەدان ملیار دۆلار دەدزن هەر بە پێی سەرچاوەکان ئێستا سەرکردەکانتان خاوەنی ٢٠٠ ملیار دۆلارن لە بانکەکانی ئەروپا بە خەڵکییش دەڵێن لە قەیران داین خۆڕاگر بن ئارام بن. قەیناکا ڕووت و ڕەجاڵ و برسی و ئاوارەبن و خنکاوی ناو دەریاکان بن یا ناچاری خۆکوشتن و خۆ سوتاندن بن، ئێوەن فاکتەر و زەمینەتان بۆ ئەم بارودۆخە سازکردوە. ئێوە گۆڕهەڵکەنی خۆتان و چینەکەتانن تا سەر ناتوانن درێژە بەم ملهوڕیەتان بدەن. ئێمە بە خۆپیشاندانەکانمان پێتان دەڵێین نەک ئاژاوەگێڕ نین بەڵکو دەمانەوێ کۆمەڵگایەکمان هەبێ دوور بێت لە شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و تیرۆر پڕ بێت لە عەدالەت و ئاشتی و ئازادی.


٢٨\١\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی سه‌ردار عهبدوڵا حهمه

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک