٨\٤\٢٠١١
خۆپیشاندان و
دەسەڵاتى خۆڵەمێشى؟

سەباح تاهیر
زانایانى بوارى سیاسى دژى ئەوەن دەسەڵات پۆلێن بکرێت بە ڕەش یاخود سپى.
چونکە ئەوان رایانوایە لەبنەڕەتدا دەسەڵات خۆڵەمێشیە، لەوکاتەى خەڵک
جڵەوى بۆ شل دەکات ئەوا بەرەو ئاقارى رەشدا هەنگاو دەنێت، بەپێچەوانەش
لەکاتى بەئاگابوون و هۆشیارى خەڵک و هاتنە گۆدا ئەوا بەرەو سپى لەنگەر
دەگرێت. کەواتە خەڵک داینەمۆى سەرەکى گۆڕانەکانە لەهەر دەسەڵاتێکدا.
ئەگەر دەسەڵاتیش وەک بونەوەرێک یاڕاستر وەک ئادەمیزادێک سەیر بکەین، کە
زانایانى دەروون ناس مرۆڤەکان یاوردتر خودى ئادەمیزاد دابەش دەکەن بۆ
دوو بەشەوە کە یەکێکیان غەریزەکانە واتە حەزەکان ئەوى تر عەقڵ و
ئیدراکە. کە هەندآ کەس حەزەکان بە غەریزەى شەیتانى وەسف دەکات. ئەوەى
مرۆڤ لە بونەوەرەکانیتر وەک ئاژەل جیا دەکاتەوە ژیرییە( عەقڵ) ە. دیارە
لێرەدا ئەو ئادەمیزادەى غەریزەکان بەسەریدا زاڵ دەبن و دەبنە کۆیلەى
حەزەکان، لەوکاتەى عەقڵ ناتوانێت کۆنتڕۆلى بکات ئەو کەسە بەلادەر و....
هتد لەقەڵەم دەدرێت چونکە لە چوارچێوە یاساکان دەردەچێت جا ئەو یاسایە
هەر یاسایەک بێت چ" یاساى سروشتى، کۆمەڵایەتى، وەزعى.... هتد" بێت.
بۆنمونە هەموو یەکێک لە ئێمە حەز دەکات حەزەکانى خۆى تێر بکات، جا ئەو
حەزە حەزى بینین یا تێرى، سێکسى... هتد بێت، بەڵام ئەوە عەقڵ و ئیدراکە
پێمان دەڵێت ئەوەیان مافى خۆتە ئەوەیان نابێت لەبەر هۆکارى یاسایى،
کۆمەڵایەتى، عورف، یاخود داب و نەریت رێگا نادات.
ئەگەر لێرەدا تێکهەڵکێشیەک بکەین لە نێوان دەسەڵات و ئادەمیزاددا، یا
روونتر دەسەڵات وەک دەروونى ئادەمیزاد دابەش بکەین. ئەوا بێگومان خەڵک
و جەماوەر، عەقڵ و ئیدراکە کەیەتى.
بۆیە ئەگەر لەو سۆنگەیەوە سەیرى خۆپیشاندانەکان بکەین دەبێت ئەو
دیدەمان لادروست بێت کە ئەوە خۆپیشاندەرانن دەیانەوێت خەسڵەتە
مرۆڤانەکە دانەبڕێت لە دەسەڵات و لە خەسڵەتى دڕندەیى نزیک نەبێتەوە.
ئەوانەشى دەیانەوێت خۆپشاندەر بە ئاژاوەگێڕ وەسفبکەن یا ئەوانەى
خۆپیشاندانەکان بە ئاقارى توندوتیژى دەبەن، ئەو کەسانەن کە
بەرژەوەندیان لەق دەبێت جا ئەوانە لەهەر لایەکبن، بۆیە هەمیشە دەبینین
لەوکاتانەى کە باس لە دیالۆگ و گرتنە بەرى رێگا تەندروستەکان دەکرێت چ
گەندەڵەکان یاخود ئەوانەى مەرامێکى تریان هە یە لە پەنا خۆپیشاندەران "ئاژاوەیەک"
دەنێنەوە.
لەبەر ئەوە دەبێت خۆپیشاندەران بە شێوەیەکى گونجاو خۆیان رێکبخەن و
داواکاریەکانیان بەڕوونىء بەئاشکرا بخەنە ڕوو کەلە بەرژەوەندى گشتیدا
بێت، دیارە لێرەدا مەبەستم بەرژەوەندى تەواوى چین و توێژى خەڵکى
کوردستانە، لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتیش ئەرکێتى فەزایەکى لەبار بۆ
خۆپیشاندەران بڕەخسێنآ. تا زۆر بە ئازادانە داواکارى ء
ناڕەزایەتیەکانیان بخەنە ڕوو، بەبآ ترس و دوودڵى، ئەوەى حەقە بترسێت
لەم نێوەندەدا ئەوە تەنها کەسانى گەندەڵکار و ئەوانەن مەرامى تریان
هەیە لە پشتى خۆپیشاندەران.
لەو شوێنەى رێگا لە خۆپیشاندان و ناڕەزایى دەربڕین دەگیرێت، ئەوا
بەدڵنیایەوە لەناوەوە خەسڵەتە دڕندەییەکە زاڵە.بۆیە هەر ناڕەزاییەک لەو
شوێنانە خۆى لە شۆڕش یا ڕاپەڕینى چەکدارى دەبینێتەوە، وەک ئەوەى لە
عێراق لەڕاپەڕینى 1991 و لیبیا لە ئێستا دا دەیبینین، لەوانەشە بەم
نزیکانە لە سوریا دوور نییە لەووڵاتى تر بیبینین.
کەواتە سەرەڕاى بوونى یاسا، ئەوە خەڵکە دەسەڵات ئاگادار دەکاتەوە لە
هێلە سوورەکان، تا لەئاقارى رەش نزیک نەبێتەوە. بۆیە بەهیچ شێوەیەک
نابێت بە چاوى دوژمن و ناحەزەوە سەیرى یەکتر بکرێت چ لەلایەن
دەسەڵاتەوە بۆ خەڵک یا بەپێچەوانە لەلایەن خەڵکەوە بۆ دەسەڵات. چونکە
دەسەڵات لە هەناوى ئەو خەڵکەوە لە دایک بوە، وە ئەرکى دەسەڵاتیشە لە
خزمەتى ئەو خەڵکەدا بێت.
sabahtaher67@yahoo.com
|