١٣\٧\٢٠١٠
گۆشهی '' رۆژهک نا رۆژهک
''. (٨)
خۆڕاگریی
و خەباتى کورد هەموو سنوورەکانى تێپەڕاند.

شێرزاد عومەر مەحمود
لە
سەردەمى سوڵتان عبدولحەمیدى دووەمى عوسمانلى کە ناسراوبوو بە
حوکمى پیاوە نەخۆشەکە، نەریتێک هەبوو بۆ لە سێدارەدان ئەویش کەسى
مەحکومیان لەسەر چیایەکى بڵند و بەفراوى دەبەستایەوە هەتا بەیانى
تاوەکو دەمرد. دەڵێن رۆژێک کوردێکى شۆڕشگێڕ و یاخى لە دژى دەسەڵاتى
عوسمانلیان هێنا بۆ لە سێدارەدان، جل و بەرگى کوردەکەیان هەموو دڕاند و
لە دارێکى سەر شاخێکى بەرز و بەفراویان بەستایەوە، ئەم شەوە هەتا
بەیانى ئەو کوردە لەناو ئەو بەفرە بوو، بۆ بەیانییەکەى جەللادەکانى
سوڵتان هاتنەوە تا تەرمەکەى ببەنەوە، بەڵام بینیان کوردەکە هێشتا
زیندووە و ماوە و دەجوڵێت زۆر بە ئاسایى، جەللادەکان بە زووترین کات
ئەم هەواڵەیان گەیاندە سوڵتان و سوڵتانیش فەرمانى دا کە بیهێننە
بارەگاى سوڵتان، کاتێ کوردە شۆڕشگێڕەکەیان هێنایە لاى سوڵتان و سوڵتان
لێى پرسى: تەنها پێم بڵێ چۆن هەتا ئێستا بە زیندوویى ماوى و چۆن
لەسەرمان رەق نەبوویەوە..؟ بە راستى وەڵامم بدەوە تا ئازادیت پێ دەدەم
و چى تۆ داوا بکەیت بۆتى بکەم..؟! کوردەکەش گووتى: هیواى مرۆڤ درێژە،
هیواى گەلیش بۆ ئازادى درێژە و خۆڕاگرتن و هەوڵدانى دەوێت، کاتێ منتان
لە دارەکە بەستایەوە من بیرى مردنم نەکردەوە، بەڵکو بیرم لە ژیان
کردەوە، بیرم لەوە کردەوە کە من رۆڵەى ئەو شاخ و بەفرەم و نامکوژێ،
بیرم لەوە کردەوە کە هێشتا ماوە بمرم و ژیانم لە پێشە، بۆیەش لە
دوورەوە تروسکایى ئاگرێکى زۆر دوورم بەدى کرد و بەهیواى ئەو ئاگرەوە
ژیام هەتا بەیانى، لەسەر ئەم قسەیە سوڵتان خۆى بە شمشێرەکەى خۆى سەرى
پەڕاند.
ئەگەرچی تورکیا و ئێرانیش بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا روو بەڕووى
ئێمەى کورد ببنەوە هێشتا ناتوانن رەگ و ریشەمان لەناو بەرن چونکە ئێمەى
کورد زۆرمان ماوە بۆ ژیان و رەگ و ریشەمان لەم خاکە داکووتاوە، ئێمە
رۆڵەى ئەم شاخ و چیا و دەشت و بەفر و زریانەین، خۆڕاگرى ئێمە هەموو
سنورەکانى تێپەڕاند، خۆڕاگرى ئێمە دوژمنەکانمانی ناچار کرد سەر نەوى
بکەن بۆ داواکارى و مافە رەواکانمان، با هەرگیز بێ ئومێد نەبین لە
خەبات و تێکۆشان لەپێناو مانەوە و ئامانجە گەورەکانمان، با لە هەموو
تروسکاییە دوور و نزیکەکان رامێنین، ئەگەر لەسەر ئامانجەکانمان
سووربووین، ئەگەر هەمیشە بە دڵ و بەگیان، بە تیۆرى و بە پراکتیک
بڕوامان بە خەباتى کوردایەتى و وەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانمان بێت
ئەوا بە دڵنیاییەوە رۆژێک دێت بەو ئامانجانەمان بگەین، با هەموومان
نووسەران و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و چالاکوانان یەک دەنگ و یەک
هەڵوێست بین بۆ وروژاندنى شەقامى کوردى و لە تروسکایی ئاگرە
دوورەکانەوە هێز و توانا وەربگرین با هەوڵ بدەین ئێمە دروستکەرى
ئایندەى نەتەوەکەمان بین، رۆڵى تاکە کەس لە کۆمەڵگادا زۆر گرنگە، بڕوا
بکەن ئێمە هەر لەو سەردەمەین کە لەسەر کێوە بەرزەکانەوە بەستراوینەتەوە
بۆ مردن، ئیتر بەسە خۆڕاگریی با درێژە بەو
کار و خەباتەمان بدەین لەپێناو مرۆڤایەتى لە پێناو وجودى خۆمان لەو
جیهانە.
s4632628@gmail.com
|