٧\١\٢٠٢٤
خۆری ناپاکیی.
شیرین
کافی
بەم ناوەختە لاشەی
سڕبووم بە کۆڵمەوە شەقام و کۆڵان تەیدەکەم
بستێ زەوی نادۆزمەوە بیکەمە گۆڕ بۆ ئازاری هەمیشەیی لە جەستەم
دەبارێ لێوەکانم شەقار شەقار وەک بیابان بۆ قومێ ئاو ناخم
بە جۆرێک شێواوە ئەڵێی کەشتیی شکاوە بەدەم شەپۆلی دەریاوە دڵم
بە جۆرێک وردبووە پارچەکانی لە نێوانی زەوی و ئاسماندا سەمادەکەن بەدەم
گەردەلول و رەشەباوە
بە جۆرێک ئەسرین لە نیگام دەبارێ دەڵێ سەهۆڵبەندانی بەر تیشکی هەتاوە
پەنجەکانم لەگۆ کەوتوون وەک پەنجەکانی ئەو پیانۆژەنەی لە سەرما
رەقهەڵگەڕا
روخسارم لە روخساری مەسیح دەچێ بە خاچەوە زەرد هەڵگەڕاوە
وەک شۆرەبی قەراغ دەریا هەڵدەلەرزن ئەژنۆکانم هێزیان لەبەربڕاوە
هەروەک ئەوەی بۆ بەردەم پەتیی سێدارە بەکێشیان کەم هەنگاوەکانم دێنە
دواوە
هەناسەم لە قەفەزەی سنگمدا قەتیس ماوە
هاکا ئێستا یان تاوێتر دڵم لە لێدان دەکەوێ
دە پێمبڵێ ئەی ئەستێرەی خەونەکانم ئەم ئازارە بۆ کوێ بەرم بەم ناوەختە
دە پێمبڵێ لە کام تراویلکەدا بۆ عەشقی ونبووم بگەڕێم
دە پێمبڵێ چۆن ئەو پێکە کۆکەمەوە کە ناپاکیی لێی رژاندم
دە پێمبڵێ چۆن بتوانم ماچەکانت لەسەر رووخسام بسڕمەوە
چۆن بتوانم پەنجەکانت لە ئاڵۆسکاویی کەزیەکانم بترازێنم
دە پێمبڵێ چۆن بتوانم هەناسەم لە هەناسەت جیاکەمەوە
دە پێمبڵێ چۆن بتوانم میلی کاتژمێری زەمەن بەرەودواوە بگێڕمەوە سەرەتاى
یەکەم جێژوان
یەکەم وشە یەکەم ماچ و یەکەم هەناسە و یەکەم نیگا یەکەم گوشینی
پەنجەکان یەکەم پەیمان
یەکەم ئاوێتەبوونمان و یەکەم ئێوارەی زەردەپەڕ و یەکەم کازیوەی بەیان
یەکەم تیشکی خۆر یەکەم بارانی بەهار یەکەم هەورەگرمەی زستان
یەکەم گەڵای وەريوى پایز و یەکەم تیشکی خۆری هاوین
چۆن بتوانم ئەمانە گشت کۆکەمەوە بیانخەمە ناو چوارچێوەی پەشیمانییم.
٢٨\١٢\٢٠٢٣
- كۆڵن
/ ئەڵمانیا
shirinkafi1@gmail.com
|