١٤\٣\٢٠١٤
خۆڕووتکردنەوەی
ژنان وەهێزترین شەپازللەیە وە رووی نێرسالاران!

دارا خونچە
ژنکوژیی
لە نێو کوردان مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەر لەو سەردەمەشەوە کە کوردان
وە تۆبزیی و وە زەبری شمشێر کرانە موسلمان.. ژنکوژیی لە لایەنی گفتار
(ئایەت و فەرموودەکانی محەمەد) و لە لایەنی کرداریش (پاراستنی رەوشت و
شوشتنەوەی ئابڕوو) پتر جێی خۆی گرت و تا نهاش وە شێوەیەکی زۆر بەرفروان
جێبەجێ دەکرێ وە جۆرەک کە تاکی هۆشمەند و ئازادییخوازی کورد لە زۆر کات
و لە زۆر جێدا شەرم لە خۆی دەکاتەوە ناسنامەی ''کوردبوون''ی خۆی ئاشکرا
بکا!
لە سەردەمی شۆڕشە کوردایەتییە پاشادامایە خێڵەکییەکەش (١٩٦١
- ١٩٩١) ژنە هەرە شۆڕشگێڕەکانی کورد وە شێوەیەکی
گشتیی تەنێ خەریکی خواردن سازکردن و خزمەتکاریی بوون و پێشەرگە
نێرسالارە چاوبرسییەکانیان تێر دەکردن.. وە شێوەیەکی زۆر ئاساییش
کەسانی ژنکوژ کە دەیانویست خۆیان لەبەردەستی رژێمە دڕندەکانی عێراق
رزگار بکەن دەچوونە رێزی پێشمەرگە و زۆر وە رێزەوە وەردەگیران و وە هۆی
پیشە مرۆڤکوژییەکەشیان زۆریان لە لایەن بەرپرسە سیاسەتبازەکانی شۆڕش
دەکرانە بەرپرسی عەسکەریی و تەنانەت بەرپرسی سیاسییش!
راپەڕینی نێرسالاریی و ژنکوژیی!
راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وەرگۆڕانێکی مەزن بوو لە
ژنکوژیی؛ لە چەند ساڵی پاش راپەڕین وە سەدان و وە هەزارن ژن وە ناوی
ئەوەی کە سەر وە رژێمن و بێ رەوشتیی لە نێو میللەتەکەمان بڵاودەکەنەوە
وە شێوەیەکی زۆر ئاسایی و بێ لێپێچینەوە لە لایەن چەکدارانی
حیزبەکانەوە کوژاران.. ئیدی لەو دەمەوە تا نها ژنکوژیی بوویتە مۆرکەکی
زۆر دیار وە نێوچاوانی دەسەڵاتداریی کوردیی و وە دەیان هەزار ژن تەنێ
لەبەرئەوەی ژن بوون و دەیانویست وەک مرۆڤ بژین کوژران.. ئەوە بێجگە
لەو توندتیژییە جەستەیی و دەروونییانەی کە رۆژانە و وە هەزاران جار
دەرهەقیان ئەنجام دەدرێن.
ئیدی ئەو ژنکوژییە وەک دیاردەیەکی باو تا دێ بەرفراون و بەرفروانتر
دەبیتەوە، تەنانەت زۆر جار ژنانی کورد لە ئەوروپاش لە کێردی ئەو
نێرسالارانەی کە وە ئیسلامی دژەژن و دابونەریتی دارزای کوردەواریی
داغان بوونە رزگار نابن و دەکوژرێن.. وەک دەبێژن (گێدرێژ بچیتە
بەغدایێش هەر نابیتە ئێستر!). لە سەروبەندی ٨ی
ئادار (رۆژی جیهانی ژنان)یشدا چەندین ژن فرە فرە دڕندانە کۆتاییان وە
ژیانیان هێندرا، هەر دونێش (لەسەر سوننەتی خودا و پێغەمبەری خودا!) لە
پێناو کڕینەوەی ئابڕوو و پاراستنی دابونەریتی زۆر زۆر بەرز و باڵای
کوردەواریی ژنەکی تەمەن ٢٢ ساڵان و خێزاندار لە گەڕەکی شەهیدانی
سێتاقانی شاری هەولێری وە ناو پایتەخی گەشتوگوزار لە نێو ماڵەکەی خۆی
بە چار فیشەک خەڵتانی خوون کرا و رەوانەی (دۆزەخ!) کرا!!!
بێ مافیی و نەبوونی ئازدادیی ژنانی کورد هەرگیز بەراورد ناکرێ دەگەڵ ئی
ژنانی میللەتان، دیارە ئەوەش ئەگەر یەک جار پەیوەندیی وە بێ توانایی و
لەپاشبوونی ژنانەوە هەبی ئەوە سەت جار پەیوەندیی وە نێرسالاریی و
پاشدامایی پیاوانەوەیە، هێندەک لە پیاوە نەتەوەپەرستەکانی میللەتەکەمان
تەنانەت ژنە سوپاسگوزارە مێشک شۆردرایەکانیش شانازیی وە دابونەریت و
خزمەتکاریی ژنانی کوردەوە دەکەن و دەبێژن ئەو ماف و ئازادییەی ئەورپا -
کە لە روانگەی ئەوانەوە بەرەڵاییە! - بە کەلکی ژنانی کورد نایە چونکە
ئەوان موسلمانن! کەچی وەک ئەوەی چاویان کۆرە بووبی و نەتوانن ژنانی
عەرەب و فارس و میللەتانی دەوروبەری خۆمان ببینن کە بێجگە لەوەی
ژنکوژییان تێدا نییە - ئەگەر هەشبی دەگمەنە - ماف و ئازدادییەکانیشیان
وە دەیان جار لە ژنانی کورد پترە، هەر لەو ٨ی
ئادارەدا - واتە پێنج رۆژ پێش نها - ژنان لە سەرتاسەری جیهان وە ژنانی
میللەتانی لای خۆمانیشەوە بەوپەڕی توندیی و وە شێوازی جۆراوجۆر
ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر پلەدوویی ژنان و سیستەمی پیاوسالاریی دەربڕی..
ئەوەش نموونەیەکە لە ناڕزایەتییەکان:
رۆژی ٨ی ئادار کۆمەڵەک لە ژنانی عەرەب و ئێرانیی لە گۆڕەپانی
(مۆزەخانەی لۆڤەری هونەریی) لە فەرنسا وە (خۆڕووتکردنەوەی تەواو)
ناڕەزایی خۆیان لە پێناو وەدەستهێنانی ئازادیی و یەکسانیی و کۆمەڵگەی
سێکیۆلاریی دەربڕی، ئەو ژنانەش؛ (مەریەم نەمازی - ئێرانیی) و (عەلیا
ئەلمەهدی - میسریی) و (ئامینە تایلۆر - تونسیی) و پێنج ژنی ئازا و
ئازادییخوازی دیکەی عەرەب و ئێرانیی بوون.. وە تایبەتییش (مەریەم
نەمازی) وە جەستەیەکی تەواو رووت ئاڵای وڵاتەکەی خۆی لە کەمەری پێچا و
(اللە)یەکەی سەر ئاڵایەکەی کون کرد و (گوڵئەندام)ی خۆی تێدا پێشان دا..
ئەوەش گوزارشت لەوە دەکا کە ئەو ژنە هێندە رق ئەستوورە بەرانبەر
ئازادییکوژانی وڵاتەکەی و سەرلەبەری ئیسلام تەنانەت دژ بەو ئاڵایەش
رادەوەستی کە دەسەڵاتی خودای ئاخوندەکان لە ژێر سایەیدا ژنان و
ئازادییخوازانی پێ دەچەوسێننەوە.
خۆڕووتکردنەوەی ژنان
وەهێزترین شەپازللەیە وە رووی نێرسالاران!
رەنگە هێندەک کەس هەبن و ببێژن: ''جا ئەو خۆڕووتکردنەوەیە هیچ سوودی
نییە و ئەو ژنانەش هەر مەبەستیان خۆدەرخستن و هەڕاجکردنی جەستەی خۆیانە
یان نەخۆشیی دەروونیی و سێکسییان هەیە''! لێ ئەوە تەنێ قسەی پیاوە
نێرسالارەکان و ژنە سوپاسگوزار و مێشک شۆردرایەکانە، چونکە ئەو ژنانە
رێک وە پێچەوانەی ئەو قسانە کۆمەڵە ژنەکی هۆشمەند و شۆڕشگێڕ و شکۆمەندن
و وەک هەر ژنانەکی دیکە هاوسەر و منداڵ و ژیانی سەربەرزانە و ئازادانەی
خۆیان هەیە و کتومت وەک ژنە پێشمەرگەکانی (پەکەکە) خۆیان لە پیاوان کەمتر نابینن و هیچ پیاوەکی چاوبرسیی کە تێکڕای ژیان لە دامرکاندنەوەی
ئاڵۆشییەکانی نێوگەڵی خۆی دەبینی ناتوانی پەنجەیان لێبدا و لە هەردوو
لایەنی گفتار و رەفتاریش ئەوەیان سەلماندییە.. ئەو خۆڕووتکردنەوەشیان
وەهێزترین شەپازللەیە وە رووی نێرسالاران، هەر ئەو ژنانەشن دەگەڵ ئەوەی
سیستەمی وڵاتەکانیان زۆر چەوسێنەرانەن لێ وە هۆی چالاکیی و
بەرانگژبوونەوەکانیان دەرفەتی ئەوە نادەن ژنانی میللەتەکانیان وەک
ژنانی کورد ملکەچ بکرێن و تا رادەی ژنکوژیی بچەوسێندرێنەوە.
ئەوانەی خۆ رووت دەکەنەوە
لە هەموومان وە ئابڕووتر و وە رەوشتترن!
ئیدی ئەوڕۆ رۆژی ژنانی کوردە کە چیدی خۆیان وەپاش نەخەن و چیدی ملکەچ
نەکەن و دەست لە نێو دەستی پیاوانی یەکسانیخواز بێنە دەنگ و وەک ژنانی
میللەتانی دیکە تێکڕای شێوازەکانی بەرانگژبوونەوە وەکارببەن تەنانەت
خۆڕووتکردنەوە و پووچکردنەوەی دین و ژێرپێنانی ئاڵا و نیشتمان و
دەوڵەتی کوردی و هەر شتێکی دیکە کە دەسەڵاتدارە نێرسالارەکان وە بڤە و
پیرۆزیان دەزانن چونکە هەر ئەو جۆرە بڤە و پیرۆزییانەن ماف و
ئازادییەکانیان پێشێل دەکەن و سەرکز و نابووتیان دەکەن و لە
مرۆڤبوونیان دادەبڕن، سەرەنجام ئەو ژنانەی وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین لە
پێناو ماف و ئازادییەکانیان خۆیان رووت دەکەنەوە سەرلەبەری رەوشت و
ئابڕووە هەرە جوان و بەرزەکان لە کن ئەوانن نەک لە کن (ئەنجومەنی باڵای
کاروباری خانمان!)ی دەرباری دیوەخانەکانی دەسەڵاتداران و ژنکوژە
دڕندەکانی کورد و ئەو دین و دەسەڵاتەی کە پارێزگارییان لێ دەکەن!
___________________________________
*
دەتوانن لەو
بەستەرانەدا وێنە و زانیاریی پتر وەدەست بخەن:
www.proud-a.blogspot.fr/2014/03/IWD2014.html
www.journalruzaneh.wordpress.com
www.ikkr.org/index.php
١٤\٣\٢٠١٤
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|