په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠١٣

خۆشەویستیی بوویتە کاڵا لە کۆمەڵگە!!!


تاڤگە سابیر      


کۆمەڵگەی کوردی ئێستا بە هۆی بەکاڵابوون و بە ئامێربوونی مرۆڤ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی هەستەوەری دووچاری قەیران و لاوازیی هاتوون، ئەگەر دەڵێن بەرەو کۆتایی رێگە مل دەنێ، پرسیار ئەوەیە کۆمەڵگە بۆ بەو ئاراستەیەدا ملی رێگەی ناوە؟


کۆمەڵگەی کوردی ژیانی لەسەر مۆدێل دەڕوا و بیر لە هەست و سۆزەکانی ناکاتەوە و بەو شێوەیەش لە خۆشەویستیی و هاوسەریی دەڕەوانی و پێیوایە بە جلوبەرگی جوان و مۆدێلی ترومبێل و کاڵاکانی دیکە باری سەرنج دەداتە بەرامبەر و هەستی بەرامبەر دەجوڵێنێ بۆ خۆشەویستیی، جودا لەوەش سێکس یەکێکی دیکەیە لەو فاکتەرانەی لە کوردستانی مۆدێرنی ئێستادا، وەک بنەمایەکی سەرەکیی بۆ خۆشەویستیی سەیر دەکرێ و بە بەرجەستەبوونی ئەو روانینە بۆ خۆشەویستیی وای کردووە خۆشەویستیی راستەقینە بەرەو کۆتایی بچێ.


فرۆم دەڵێ (ئەمرۆ مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا لەگەڵ هاوجۆرەکاندا و لەگەڵ سروشتدا نامۆیە، بوویتە کاڵا.. هێزی ژیانی خۆیان بە جۆرێک سەرمایەگوزاریی دەکەن، کە پێویستە لە چوارچێوەی هەلومەرجی بازاردا لانی زۆری سوودی بۆ دابین بکا.. پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان لە بنەڕەتدا هەروەک پەیوەندیەکانی ئامێرەکان بە خۆیان نامۆن و هەر کەس دڵنیاییبوونی خۆی بۆ ژیان لەگەڵ کۆماڵ و هاوڕەنگبوون لەگەڵیاندا لە کار و باوەڕ و هەست و سۆزدا دروست دەکا.).


بەکاڵابوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی کوردی ئێستادا مرۆڤەکان دووچاری رەشبینیی و نامۆیی کردوە بەرامبەر بە ژیانی راستەقینەی سۆزداریی و خۆشەویستیی و پەیوەندیی مرۆڤەکان و سەیری وەک کاڵا ئەو پەیوەندییە دەکا، ئەو لە بنەڕەتدا بە چاوی کاڵاوە لە ژیان دەڕوانێ و پەیوەندیی خۆشەویستیی و هاوسەرگیریی لە روانگەی چێژی سێکسەوە سەیر دەکا و زۆر جاریش لە دەرەوەی هاوسەرییش ئارەزووە سێکسییەکانی تێر دەکا، بۆیە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا رێژەی توندوتیژیی بە ئاستێکی بەرز باڵای کردوە.. هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ لە دەستدانی هەستی خۆشەویستیی و سەیرکردنی مرۆڤ وەک کاڵا.


لێرەوە دەتوانم ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کاتێک مرۆڤ دادەبڕێ لە هەستەکانی و تێرواننی کاڵا بۆ هەموو شتەکان دەکا ئەو کۆمەڵگەیە ناتوانێ چیرۆکی گەورەی خۆشەویستیی بەرهەم بهێنێ و لە خوێندنەوەی چیرۆکە گەورەکانی رابردووشدا دووچاری دڵەڕاوکێ و نائارامیی و پەشێۆیی دەبێ و دۆش دادەمێنێ و توانای بەرگەگرتنی ئەو دڵداریی و خۆشەویستییە سەرنجڕاکێشەی نابێ و بە دیاریەوە دەگریێ و ئازار دەچێژێ.


بۆ نموونە چیرۆکی خۆشەویستیی (رۆمیۆ و ژۆلێت) کە سەردەمانێکی زۆر کۆمەڵگەی خۆرئاوایی و بگرە ئێستاش لە ژێر کاریگەریی ئەو چیرۆکەدا خۆشەویستیی دەکەن و بە چاوی ئەو دوو پاڵەوانەوە لە خۆشەویستیی دەڕوانن گەرچی ئەوە تەنیا روانینێکی ئەوسا بووە بۆ قێزەونکردنی خۆشەویستیی و خستنەڕووی ئەو کێشەیە بووە، کە چۆن خۆشەویستیی وا لە مرۆڤ دەکا قوربانیی لە پێناویدا بدا و کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێ، بە دوای رمیۆ و ژۆلێتی شکسپیردا چەندین چیرۆکی گەورەی خۆشەویستیی چاویان هەڵهێنا، گەرچی گەورەیی ئەو چیرۆکانە لەوەدایە بە واتایەکی دیکە گەورەیی ئەو چیرۆکانە لە وێدایە کە یان دڵدار یان دولبەرەکەی بە هۆی دابونەرێتی کۆمەڵگەوە یاخود کارەساتێکەوە ژیان لەدەست دەدا، بەڵام خۆشەویستیی لە لای ئەو تاکەی دیکەیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە و نامرێ.


نموونەیەکی دیکە فیلمی (تایتانیک)ە کە زۆرترین بینەری هەبووە و زۆر بە قۆڵیی کاریگەریی لەسەر باری دەروونیی بینەرەکانی داناوە.. رەنگە زۆرترین بینەرەکانی دوای مردنی جاک و جودابوونەوەی ئەو دوو خۆشەویستە پڕ بە دڵ گریابن، لەبەرئەوەی ئەو چیرۆکە گەورانەی خۆشەویستیی کۆتاییان هاتوە کۆمەڵگەی ئێستا ناتوانێ خۆشەویستیی و دڵداریی پاک لە سەر بنەمای دڵسۆزیی و بە ئەمەکیی بەرهەم بهێنێ، هۆکاری ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێستادا خۆشەویستیی تاک رەهەندییە.. بۆ زۆینەی واتای چێژی سێکسییە لە تایتانیکدا دڵدارەکە خۆی دەکاتە قوربانی دولبەرەکەی و دەیەوێ خۆی بمرێ، بەڵام دولبەرەکەی زیندوو بێ.

 

کۆمەڵگەی ئێستا ناتوانێ پەی بە نهێنیی ئاوێتەبوونی رووەکان ببا و لە واتای ناخی خۆشەویستیی تێبگا.. تەنیا لە رووکەشدا لە خۆشەویستیی دەڕوانێ و هەمیشە لە ناکۆکیی دایە لەگەڵ ناخی خۆیدا و ناتوانێ بەرخوردکارێکی راستگۆ بێ لەگەڵ هەستەکانی خۆیدا، بە بڕوای من ئەوە فاکتەری هەرە گرنگە بۆ گەیشتن بە کۆتایی خۆشەویستیی.. چونکە کاتێک مرۆڤ هەستەکانی تێکەڵ بە ئامێر دەکا و خەریکی ژیانی رۆژانەی و دەستکەوت و چێژوەرگرتنی کاتیی و ئاسوودەیی کاتیی دەبێ.. ئەوە ئەو کاتە هەستی قۆڵی سۆزگۆڕینەوە و خۆشەیستی لاواز دەبێ و هەرگیز ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ رابردوو.. چونکە ئەو لە رابردووشدا خۆشەویستیی نەکردوە، ئێستا بەرژەوەندییەکان و دەستکەوتی رۆژانە و راییکردنی رۆژ بە رۆژی پەیوەندییەکان تاکی کۆمەڵگەی ئێستای گەیاندوەتە ئاستی بەرخۆریی بۆیە ناشێ خۆشەویستیی لە هەلومەرجی ئێستای مرۆڤی بەرخۆردا دروست ببێ، بەڵکو رۆژ دوای رۆژ هەستی گەورەی خۆشەویستیی بەرەو ئاوابوون دەچێ، کە دیارە ئەوەش کارەساتی بەئامێربوونی مرۆڤە و مرۆڤ هەموو شتەکانی بە کاڵا پێوانە دەکا و ژیانی هەستەوەری پشتگوێ دەخا ئەوەش رەنگدانەوەی سەرەتایەکانی داڕمانی خۆشەویستییە.. مرۆڤەکان بەرەو خۆپەرستیی و دڵڕەقیی هەنگاویان ناوە و لەبری ژیاندۆستیی ئەزموونی توندوتیژییەکان دەکەن ئەویش تەنیا لە پێناوی چێژ و ئاسوودەیی کاتییدا.

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک