١٥\١\٢٠١٩
خۆشەویستیی،
نیشتمان و مردن
-
خوێندنەوەیەکی رەخنەییانە لە دیوانی (باخچەکانی عیشق)ی کەژاڵی شاعیردا
-
د. کامیلیا عەبدولفەتاح |
وەرگێڕانی: پ. د. ھێرش محەمەد ئەمین |
لە
ناو قەسیدەکانی ئەم دیوانەدا ڕەخنەگر وـ وەرگر ـ حاڵەتی یەکگرتنێکی
سەرنجڕاکێش لە نێوان خودی کەسی شاعیر و،
نیشتماندا بەدی دەکرێت ، تا
دەگاتە ئاستی چڕبوونەوەو چوونە ناویەک لە نێوان خودی شاعیر و نیشتمان ،
لە ژێر کاریگەریەکی کەش و ھەوای دەروونیدا.
نیشتمان سیمای تایبەتی خۆی ھەیە لەم دیوانەدا ، بوونەوەرێکی تینوی
تامەزرۆی ژیانە ، بریسکەی ھەورێکی تینوە، گەروویەکە لێوەکانی بەفرە ،
بوونەوەرێکە تینویەتی لێدەبارێ لێرەوە دەبێت تێڕوانینێکی جیاواز نیشان
بدەین و سەرنج لەم کۆپلە شیعرە بدەین و دەگەینە ئەودەرئەنجامەی،
کە
شاعیر ھەمیشە نیشتمانەکەی لە چوارچێوەی دڵیدا پێناسەکردووەو راشکاوانە
پێمان دەڵێت:
وڵاتەکەم برووسکەی ھەورێکی تینووە
نە خەزانی پایزێکی تووڕە و
نە شەپۆلی رووبارێکی سەرکێش
پێی دەزانن
بۆیە گەردنی ئەوەندە بەرزە
بزە و خەندەی لێوەکانی و
پێستی سپی و..
گەڵا و گوڵی
لێوەکانی،
دەڵی بەفرە.
نیشتمان لای شاعیر گیاندارێکی دڵتەنگە لەم پارچە شیعرەدا ، ستەم و
کوشتن زۆرانبازی و خوێنڕشتن ھەڕەشە لە خودی مرۆڤایەتی دەکات و ژیانی
شیعرو سروشی دەربڕین دەخاتە مەترسییەوە ، چونکە کە خوێن لەسەر زەوی
دەرکەوت ، ژیان نامێنێت و ھێزی ئەفراندن و ھونەری لێ زەوت دەکات و،
نیشتمانی بە خوێن رەنگکراویش مەترسی دارەو، وێنەیەکی سامناکەو، شیعر
تێیدا نیشتەجێ نابێت و شاعیرانیش تێیدا ئاسوودە نابن.
کەژاڵی خانمە شاعیر وێنای کچێک دەکات کە تێرە بە تیشکی خۆر و
ئەوھەماھەنگیە کارەساتبارەی ھەیە لە نێوان نیشتمان و شاعیر لە
بەرەنگاربوونەوەی کێشەکاندا، شاعیر و نیشتمان ئاوێتەی یەکدی دەبن بۆ
رووبەڕووبوونەوەی باری ناھەموارو ناخۆش و خەماوی و تەواوی رۆچوون و ،
ترسیش گەمارۆیەکی رۆحیە ، رۆحی نیشتمان و رۆحی شاعیر بە یەکەوە
دەبەستێتەوە ، شاعیر دەڵێت:
نیشتمانەکەم شەقامەکانی
پرن لە بۆنی ترس و
دەستەکانی پڕن لە بۆنی خیانەت و
زمانەکانی پڕن لە بۆنی درۆ
ئەم نیشتمانە ناوبنێم چی.
وێنەی نیشتمانە مەترسیدارەکەی لەگەڵ وێنەی شاعیردا گەورە دەبێت کە ترس
و لەرز و نەبوونی ئارامی و ئاسایش گەمارۆی داوە.
کەژاڵ کاتێ بۆ خۆشەویستەکەی دەدوێت دەڵێت:
ئێمە ھەردوکمان زیندانین
تۆ زیندانی داب و نەریت
منیش زیندانی ترس.
کەژاڵ وەسفی ھێزی مردن دەکات کە ژیان وێران دەکات ، ھەستکردن بە
جوانییەکان ناھێڵێت ، ئەمەش وا دەکات کە بآ ئومێدی و فەوتانی لاوێتی ــ
ژیان و خۆشەویست ــ زالڕ بێت، کاتێ کە دەڵێت:
خەمی دڵمان بە
ئازارە
تێشووی ژیان دەیسوتێنێ
تۆ بینوتە کاتێک
تۆڕ و ماسی ناگەن بە یەک
گوڵی باخچەکانی دڵم
پەڕ پەڕ دەبێ.
خۆشەویستی لە ئاراستەکردنی شیعری کەژاڵدا ھێزێکی ئەرێنیەوە گوڕو تینێکی
پاڵپشتی کەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەمان و فەنابوون ، ھەروەھا
خۆشەویستی لە شیعرەکەدا وا دەردەکەوێت کە پاڵپشتیەکی رۆحە بۆ
بەرەنگاربوونەوەی مردن ، ھەروەک ژیانێکی راستەقینەیە ، شایانی ئەوەیە
ھەموو پێناسەیەکی ژیانی ھەبێت،
لێرەوە شاعیر لە پێگەی خۆشەویستیدا لە ئاستێکی ئارەزوومەندانەدا
ناوەستێت ، بەڵکو لە پێگەیەکی پاڕانەوەو دەستەونەزەر لە بەردەم
خۆشەویستەکەیدا دەردەکەوێت . پاڕانەوە لە خودی خۆشەویست وەک ھێزێکی
ئەفسوناوی دەبینرێت کە ھێزو توانا دەبەخشیتە مرۆڤـــ ، ئا بەم شێوەیە
لەم دیوانەدا قەسیدە خۆشەویستییەکانی دەبینین ــ قەسیدەکانی پاڕانەوەو
مەراسیمی قوربانیدانی لە خۆگرتووە ، کە شاعیر بەڵگەنامەکانی ژیان
دەبەخشێتە خۆشەویستەکەی ــ بەو پێودانگەی جوانیەکانی ژیانەـ
تۆ کۆتری سپی ئاشتیت
خونچەی گوڵی لێوەکانت ھەڵناوەرن
کە دەبیتەوە پەڕەی گوڵە شەوبۆ
گۆرانی و مۆسیقا
دەبنە پەرژینی سۆزی ئاواز
سەما دەکەن ھەڵدەپەڕن.
ئەو شتەی کە پشتگیری بۆچوونە ڕەخنەییەکەمان دەکات ، ئەوەیە ئەو کەسەی
قەسیدەکانی ئەم دیوانە دەخوێنێتەوە ، ئاوێتە بوونی گیانی نێوان
ھەستەکانی خۆشەویستی و ھەستەکانی ئازاری بۆ دەردەکەوێت، بە شێوەیەک
خوشەویستی دەردەخات کە بریتییە لە رزگاربوون لە ئازار و قوتاربوونە لە
مردن و تاریکایی ژیان. کەژاڵ بۆ خۆشەویستەکەی دەپاڕێتەوە، پاڕانەوەیەکی
حەزکردوو لە رزگاربوون، دەڵێت:
دەستی راستم لە ئەنگوستە چاوێکدا
بە سەرسامیەوە لێی روانیم و
بە شەرمەوە پێی ووتم "
تۆ بینیوتە ھەور بگری و
زەردەخەنە کۆتایی بێ و
لەسەر رێگەی ژووانی
دڵدارانی وڵاتەکەم
دوو عاشقی سەر ھەڵگرتوو
بەشەر ھاتبن
دڵی شەونمی درەختێکیش
بە نیگایەکی ئازارەوە پێی وتم "
قەت بینوتە، لە نێوان دوو عاشقدا
زام و چەقۆ، شیعر و تفەنگ
لە یەکتری تۆرابن
منیش بە رۆحێکی پڕ لە جۆگەلەی خەمەوە
لێم روانین و، پێم وتن
بەڵێ تاکو ئاوێنەی ژیان پڕ ئەستەم بێ
دەیان چرۆی گەش ھەڵدەوەرێ.
کەژاڵ پانتاییەک لە سۆز، زەوی ، فراوان ، دووربینی ...... لە
دیمەنەکانی ژیان و جموجۆڵەکانی لە ناخی شاعیردا چڕدەبنەوەلە
ڕووبەڕووبوونەوەی چێژەکانی ئازاروخەموو ھەر ھێمایەکی تر کە ئاماژە بێت
بۆ مردن ــ مادی بێت یا مەعنەوی ــ ئەمانە ھەموو بە چڕی لە دیوانەکەیدا
کۆبوونەتەوە ــ وێنە ھونەرییەکانی کە پڕاویڕبوون لە ژیان، ھەروەک لە
مانەدا دەیبینین : ھێشوە ترێکانی دڵ، سەوزبوونی جوانی و،ھەڵاڵەی
پرشنگدار . ئەم وێنانە لە ئاستێکی دژدان بەرامبەر بەو بوونەوەرانەی
ئاماژەن بۆ لاوازی و مردن کە بریتین لە : فرمێسک و خەم . لە
بەرجەستەکردنێکی ھونەریدا کە ھێمایە بۆ وێناکردنی شاعیر بۆ عاشقێکی خۆی
، تێیدا شاعیر بوونەوەوەرێکی قوربانیدەرە لە پێناو رزگاری نیشتمان،
دەڵێت:
ھەندێک جار دەبمە چەتر و
پەرژینی باخێکی وەنەوشەیی
تاکو دڕک و گوڵیش
بۆنی یەکتری بگرین
تێکەڵاوبن بە نەشئەی
رەنگ پەمەیی.
کەژاڵ دڵی پڕە لە خەموو تێشووی ئازار ،ئازارێک کە تەنھا خودی شاعیرەکان
ھەستی پێدەکەن ئەوەتا لەم کۆپلە شیعرە پڕ لە گوڵە ھەنارەیدا دەردەکەوێت
و ھەگبەکەی رۆحی دەکاتەوە:
ھەگبەکەم پڕە لە کۆڵوانەی خەم و
پرووشەی ھەور و، نمەی باران
تاریکی رەش کۆتایی دێ و
ژیان رەنگی پەلکەزێڕینە دەنەخشێنێ
بانگی ئازادی دەچڕێ بۆ نیشتمان.
خۆشەویستی لەم تێڕوانینە شیعریەوەیە کە ئازادی دەبەخشێت ، لە واقیعێکی
ناھەمواری پڕ لە وێرانکاری و دیمەنی مردن و ئازارو ناڕەحەتی کە ھەڕەشە
لە خودی مرۆڤایەتی دەکەن لە رێگەی چەوساندنەوەو کۆیلایەتی و بەمەبەستی
ھزرودەروونی. لەم روانگەیەوە شاعیر باس لە گۆڕانکاری دەکات لە میانەی
خۆشەویستیەوە بەرەو چەندین بوونەوەری قاڵبوو بە ھێزو شادی و ئازادی .
بۆیە ھەر بە خۆشەویستی شاخێک و بەرەبەیانێک و باڵندەیەک و گۆرانیەکی بۆ
ژیان ئامادە کردوە ، کەژاڵ دەڵێت:
بە بوخچەیەک سۆزەوە
بە بەرچنەیەک لە ھێشووە ترێی دڵمەوە
دێم بۆ لات
تاکو سەوزایی جوانیم ببینینت
بە باوەشێک فرمێسک و
بە پریاسکەیەک خەمەوە
دەبمەوە بە خونچەیەکی گەش و
گەش دەبمەوە بۆ جوانی باڵات.
ھەروەھا لە کۆپلەیەکدا کە ئەم شاعیرە زۆر جوان باسی نیشتمانە دڵ
بریندارەکەی دەکات کە خۆشەویستی پێناسەیەکی زۆر دژوارە تێدا وەک
باڵندەیەکی دیل وایە راشکاوانە ھەست و سۆزی دەردەبڕێت و دەڵێت:
کە تۆم ناسی
گردێک بووم، بووم بە چیا
کانیەک بووم
و بووم بە دەریا
شەوێکی ئەنگوستەچاو بووم
بووم بە گزنگی بەیانی
باڵدارێکی نێو قەفەز بووم
گەڕامەوە بۆ سەرچڵی درەختەکان
بۆ نەغمەی خۆش، بۆ گۆرانی.
خوێنەری ئەم دیوانە شیعرییە ھەست دەکات لەبەردەم جوانترین باخەکانی
عیشقدایە ، کە چۆن عیشقی خۆشەویستەکەی ئامبازی عیشقی نیشتمان بووە ،
ئەویش لە میانەی ئاشتی و ئاسایش و ئاواتەوە، بۆیە خۆمان لەبەردەم چەند
وێنەیەکی ھونەری دەوڵەمەند بە وردەکارییەکانی سروشت دەبینینەوە ، کە
ژیانیان لێ ھەڵدەقوڵێت ، وەک نمەی باران ، گوڵەکان ، درەختەکان ،
شاخەکان ، باڵندەکان ، خوڕەی ئاوەکان ، لقە شۆڕەوەبووەکان ، بەھار،
نێرگز ، بەیانی ، ھەتاوی ھونەری ، لەم ھەموو دیمەنانەدا وێنەی خودی
مرۆڤایەتیی تێربوو بە ئارەزووو بزوتن تێدەپەڕێنێت . جیاوازی زمان بووە
ڕێگر کە نەتوانم بە دوای سیما و دەنگی مۆسیقاو بزوتنی مۆسیقای زمان و
شێوازی توانای زمانەوانیدا بگەڕێم.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم جیاوازییە
نەبووە رێگر و توانیم بگەمە ڕێچکە و واتاکانی ئەم جۆرە شیعرە ، کە
پڕواپڕە لە گەرم وگوڕی شیعرو جیاکارییە ھونەرییەکان، بەو ھۆیانەوە
باخچەکانی عیشقی بۆ دەرخستین ، کە ژیان تێیدا ڕەنگ دەداتەوە و لای ئەو
ژیان خۆشەویستیی و شیعرو نیشتمان و ئازادی و ئاشتییە.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|