٦\٣\٢٠١٣
خۆشەویستی
و رک.

کامیل ژیر
خۆشمئەوێی
خۆشەویستیی ماسی بۆ ئاو
خۆشمئەوێی
خۆشەویستیی جەستە بۆ چاو.
*
* *
رکم لێتە
رکی ئەستووری پیرۆزت
رکی نێوان ئاوو ئاگر
دەمێ دەستی هەڵەی سۆزت
ئەهاویتە دەستێکیتر.
*
* *
خۆشمئەوێی
خۆشەویستیی سۆفی بۆ دیداری یەزدان
خۆشمئەوێی
خۆشەویستیی
دارئەرخەوان بۆ گۆڕستان.
*
* *
رکم لێتە
رکی نێوان دوو خوێنەخوێ
رکم لێتە
رکی هەنگوین لە ترش و خوێ
ساتی گریان یا بۆڵەبۆڵ
بۆ زێڕ و بۆ سامانی مۆڵ!
ئاخر گیانە
بەو چاوانە
تۆخۆت زێڕی، خۆت سامانی
بێ بەرگ و زێڕ، زیاتر جوانی.
*
* *
خۆشمئەوێی
خۆشەویستیی
نێوان بت و بتپەرستان
خۆشمئەوێی
خۆشەویستیی
کوردی رەسەن بۆ کوردستان.
*
* *
چاوەکانم: لەلای خەڵکی
نەمزڕێنی، بڵێی شێتە
بمزڕێنی، نەمزڕێنی
هەرچیبڵێی، رکم لێتە
رکی تینی گڕ لە سەرما
رکی داری گوێز لە خورما
ئەگەر بێتو خۆری نیگات
بە دژکارێکی من بگات!
*
* *
گوڵی دەگمەن، گوڵی پڕ بۆ
بە رۆژ نێرگز، بە شەو شەوبۆ
خەوی دواڕۆژ، گوڕی ئەژنۆ
رکم لێتە، ئەزانی بۆ؟
رکیشم هەر بەهایە بۆ
ئەوینی پڕ لە سۆزی تۆ!؟
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|