١٨\٦\٢٠١٥
خۆشگوزەرانیی بۆ
دەسەڵاتداران و نەھامەتیی بۆ خەڵکی.

نەجم محەمەد
ڕۆژبەڕۆژ بارو گوزەرانی خەڵکی ئەم ھەرێمەی کوردستان ڕوو لەخراپ بوون و
نەھامەتی زیاترە و قەیرانەکان ھەمووی ڕووبەڕووی ئەوان دەبێتەوە و ئەو
خەڵکە ھەژار و زەحمەتکێشە باجەکانی دەدەن نەک دەسەڵاتداران و
حیزبەکانیان کە باکیان لەخەڵکی نییە و خۆیان لەژیانێکی لێوان لێو لە
خۆشگوزەرانییدا دەژین نە لە ئاویان کەمە نە لە کارەبا نە لە بەنزینیان
کەمە نە لە گاز و سوتەمەنی و فینککەرەوە...نە لە مووچەیان کەمە نە لە
کار و کاسبی.. نە باکیان لە گەرمای ھاوینە و نە لە چلەی زستان.. نە لە
خانوویان کەمە نە لە زەوی و باخ و کۆمپانیا. بەڵێ خۆشگوزەرانیی بۆ
دەسەڵاتدارانە و ناخۆشگوزەرانییش بۆ خەڵکی..
ئەوەی مایەی سەیر و گاڵتەجاڕییە دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە لە بەرابەر
تەحەمولکردنی ئەم ژیانە سەخت و تاڵەی بۆ خەڵکیان دروست کردوە ھێشتا
داوا لە خەڵکی دەکەن سەبر بکەن و دان بەخۆیاندا بگرن و ئەزموونەکە
بپاریزن ئەو ئەزموونەی بەدرێژای ٢٤ساڵی ڕابردوو لە نەھامەتیی و ڕۆژڕەشی
ھیچی تری پێ نەبووە و نەبەخشیوە بەخەڵکی بەڵام ھەمووشتێکی بەخشیوە
بەدەسەڵاتداران و خۆشتروباشتر لەپاشاکانی کەنداو ژیاوون..ئەمڕۆش
خەڵکیان لەناخۆشترین ژیاندا ھێڵاوەتەوە وناشیانەوێت خەڵکی لە و
نەھامەتیە دەرھێنن و خەڵک خۆشگوزەران بکەن ..بەڵێ خەڵک ئاوا ژیان و
گوزەران بەسەختی ونالەباری بەڕێ دەکات وکەچی دەسەڵاتداران و
حیزبەکانیان بەدەسەڵات و بەناو ئۆپۆزیسیۆنیشەوە ..ھەرخەریکی شەڕی پۆست
و کورسی و بووجەو دەستووروھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم وخەریکی شەڕی دانانی
پاریزگارو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەرەگشتیەکانی
فەرمانگەکانن...
کەمن پێم وایە ئەمانە ھیچی کێشەی خەڵکی نییە و بەرژەوەندی و سوودی
خەڵکی تیانییە بەپێچەوانەوە ئەمە ھەمووی کێشە حیزبەکانە وبەرژەوەندی و
سوودی خۆیانی تیدایە ئەم شەڕ و ململانێیانەیان بۆخۆیان و حیزبەکانیانە
نەک خەڵکی.. خەونی خەڵکی و خەونی ئەمان دوو خەونی جیایە ..پێشینان
گوتەنی ئاش لەخەیاڵێ و ئاشەوان لە خەیاڵێ...ھەربۆیە دەبیت خەڵکی ئەم
ھەرێمە زۆر ووشیاربێت و چیدی خەونەکانی خۆی گرێ نەدات بەوادەو بەڵێنە
فریودەرەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن..دەبێت خەڵکی ڕیزەکانی خۆیان
جیاکەنەوە لەڕیزەکانی دەسەڵات وئۆپۆزیسێۆن و یەکڕیزبن و لەڕێ ی خەبات و
فشاری مەدەنیانەو جەماوەریانەوە ماف و داواکاریەکانیان لەدەسەڵات و
ئۆپۆزیسیۆن بسەنن و ناچاریان کەن کە ژیانێکی مرۆییانە و
خوشگوزەرانییانەیان بۆ دابین کەن.
ئەمە تەنھا ڕێگەچارەو ئەڵتەرناتیفە و ھیچی تر کێشەی خەڵکی ئەمڕۆ لەم
ھەرێمەدا خۆشگوزەرانییە و ژیانێکی مرۆییە کێشەی خەڵک نەدەستوورە
نەھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمە ونەدانان و لابردنی ئەم پاریزگاو ئەوسەرۆکی
ئەنجومەن و شارەوانی وئەو قایمقاام و ئەوبەرێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەری
گشتیە ئەمانە کێشەی حیزبەکانن و تەنیا حیزبەکان و ئەو کەسانەی ئەو
پۆستانە وەردەگرن خۆشگوزەران دەژین و سوود مەند دەبن ئیتر باقی خەڵکی
نەھامەتی و ناخۆشگوزەرانی پێ دەبڕێ...ئەمانە ھەمووی گەمەی گۆڕینی پلە و
پۆست و شوێن و دەموچاوەکانە وھیچی تر وھیچ خۆشبەختی و خۆشگوزەرانییەکی
بۆ خەڵک پێ نییە.
خەڵکی کوردستان دەیەوێت وەک مرۆڤگەلێکی سەردەم خۆشگوزەران و ئازاد
بژین.. کێشەی خەڵک ئەوە نییە کەکێ دەبێ بەسەرۆکی ھەرێم یانا چ دەستورێ
دادەنرێ یادانا نرێ یان کێ دایدەنێ کێشەی خەڵک ئەوەنییە کێ دەبێتە
پارێزگار یان نابێت کێ دەبێتە سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی
یان نابێت کێ دەبێتە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەری گشتی ..ئەمانەھیچی
لەخزمەت خەڵکیدا نییە ھیربۆیە نابێت خەڵکی کوردستان خۆشباوەڕ بن
بەدانان وگۆِینی ئەم پۆستانە ئەم پۆستانە خۆشگوزەرانی وکامەرانی بۆ
خاوەنەکانیان دێنێت نەک خەڵکی.چ پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی و
سەرۆکی شارەوانی و فایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەری گشتیەک
ئامادەیە وەک ئەو خەڵکە لە نەھامەتیدا بژی خاوەن ئەو پۆستەش بێت؟إإ
بێگومان نییە کەواتە ھیچ کەسێک نوێنەری ئەو خەڵکە نییە و نابێت ئەوە
تەنھا خەڵکە دەتوانێ لەڕێگەی فشارو خەباتی مەدەنیانەوە ببێتە نوێنەری
خۆی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی مرۆڤانەی سەردەم بۆ خۆی فەراھەم بکات
مافیش ھەمیشە دەسێنرێت نادرێت..
ماڵپهڕی نهجم محهمهد
|