په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٩\٢٠١٢

    خۆشترین ماچ.


کامیل ژیر

چ جۆرێ ماچ خۆشترینە؟

تەڕ و پاراو و شیرینە؟
شیلەى شەکر، یا هەنگوینە؟
سەرى گۆنا؟ خاڵی رومەت؟ یا ناوچەوان؟
سەرگۆى مەمک؟ لێو و زمان؟
ئەندامی رووت؟ یا داپۆشراو؟
بەردەسکەوێ، یا ببینرێ بە نیگاى چاو؟
زۆروزەبەن؟ یاخود دەگمەن؟
بە هیچکامیان باوەڕ مەکەن.
   *   *    *
بە ئاسمانا مەلەی ئەکرد کەژاوەکەم
لەشى ئاڵایە پرچى خاوى هەور و تەم
بێ ترس و خەم
ماچی تەڕ و پاراوى دەم.
   *   *    *
بە شارانی ماچبارانا
بە ناو شەپۆلی جوانانا
هەزاران قۆناغم بڕى
بلیتی شوێنی ناوازەم گەلێ کڕى
لە کەنارا
لە ناوەندى گەورەشارا
ریزە بووکی شۆخی تەلار
لەناو بەرگی سپیی بەورا
پێیان لەسەر فەرشی گوڵزار
دەمیان لەناو دەمی هەورا
تێرمژینی لێو و زمان
چلەى زستان
ئەچەرخێنێ بە رۆژانی بەهارستان!
   *   *    *
لە هاوینا
لە دیمەنێکى شیرینا
مەمکەکانی سنگی سەوزى نیاگارام
*
گرت و مژى
لەبەر پڕژى تاڤکەکانی
وام ئەزانی
ئەم دەڤەرە بەهەشتێکە و مرۆڤ تیایا
هەتا ئەژى!
کە چی مەلی سرکی خۆزگەم
هەر جووکەی بوو
بۆ خۆشترین ماچی خاکی وڵاتەکەم.
________________________
* تاڤگەکانی نیاگارا.


فەرهەنگۆک:

ناوازە: جوان، خۆش، (خللاب).
بەور: بەفر.
دەڤەر: ناوچە
.

١٩\٧\٢٠١٢ - نیویۆرک / ئەمەریکا

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک