په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٠

خۆشخوان.


عەبدولوەهاب شێخانی

 

خۆشخوان: گۆرانیبێژ، سترانبێژ، ئسترانبێژ، مەقامبێژ، هەمووی ئەو وشانە یەک واتا دەبەخشن. ئەوەش بەو کەسانە دەڵێن وا دەنگیان خۆشە و گۆرانی دەچڕن و ناخی بوونەوەر خۆش و هێور دەکەنەوە و کورد واتەنی ئاوپڕژێنی هەناوان دەکەن. لە زۆر شوێنی ئەم دنیایە گۆرانی و موزیک وەک چارەسەری نەخۆش و دەردەداران بەکار دەهێنن، چونکە گۆرانی لە رووی دەروونییەوە تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام کام گۆرانی؟ دیارە گۆرانیی رەسەنی وەک گۆرانییەکانی زیرەک و ماملێ و مەردان و تاهیر تۆفیق و...


سەد ساڵێک بەر لە ئێستا "خۆشخوان" رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە گۆرانیگوتن و لاوک و حەیران و گلۆ و پایزە و سوارۆ و ئازیزە و بەیت چڕین. ئەو گۆرانیبێژانە جگە لەوەی کۆڕی گوتنیان خۆش کردووە، گۆرانیی رەسەنی کوردیشیان گوتووتەوە و لە شەوانی پایز و زستانا لە دیوەخانان خزمەتێکی گەورەیان بە هونەری گۆرانیی کوردی کردووە. ئاوازی رەسەنی کوردەوارییان لە مەرگ و فەرامۆشی پاراستووە و رەزگاریان کردوونە. خاڵی دووەم کە ئەو سترانبێژانە کردوویانە بەشێکی زۆر لە زمان و ئەدەبی کوردییان پاراستووە. زۆر وشە و ئیدیۆم و دەستەواژە و رستەی پاراوی ئەو زمانەیان لە مەرگ رزگار کردووە. ئەوە بویتە هۆی زیندوومانەوەی زمانەکەمان. ئەوان ئەو وشە و دەستەواژە و ئیدیۆمانەیان زار بە زار و سینگ بە سینگ گواستووەتەوە بۆ سەردەمی ئێمە. لەسەردەمی ئەواندا خوێندن و نووسین لە کوردستانا بە زمانی فارسی و عارەبی بووە، ئەویش لە حوجرە و تەکیە و خانەکانا. لەوکاتدا لێرە و لەوێ و تاک و تەرا نەبێ کەس باسی زمانی کوردی و نووسینی بەو زمانە نەکردووە. لەوەها سەروبەندێکدا هەر ئەو بوێژانە بووینە وا زمانی کوردییان بە پاراوی پاراستووە، لێرەدایە میللەتی کوردیش لەگەڵ ئەوەدا کە قەرزباری ئەوانە، هەمیشە بە تامەزرۆییشەوە گوێی دڵی بۆ ئاواز و گۆرانییەکانیان راگرتووە. با لەبیرمان نەچێ، هونەری خۆشخوانی لەو سەردەمدا کارێکی زۆر سانا نەبووە، کە هەرکەسەو هەستێ و بچێت ببێتە خۆشخوان. دەبوو کەسێک کە دەنگی خۆشە بچتە لای وەستایەکی شارەزا لە گۆرانی و بەیت و حەیران و لاووک و ماوەیەکی زۆر لەوێ خەریکی خۆڕاهێنان بێت. ئەو کەسە لە ماوەی چوار تا پێنج ساڵاندا وردە وردە لە هەموو هونەر و ئاوازە کوردییەکان شارەزا دەبوو. ئینجا دەهاتەوە دیوەخانان بۆ گۆرانیگوتن.


دیوەخان: ئامۆژگای تاقیکردنەوەی خۆشخوانەکان بوو. ئەوەی خۆی پێ خۆشخوان بوایە، دەبوو لە دیوەخانێ دەنگ هەڵبڕێت و گۆرانی بچڕێ و خۆی تاقی بکاتەوە و کۆڕی دیوەخان دەیانئەزموو، ئەگەر دەرچووبوایە لەو ئەزموونە ئەوا بە خۆشخوان وەردەگیرا ئەگینا کەس پێی نەدەگوت خۆشخوان و گۆرانیبێژ. کۆڕی دیوەخان خەڵکی زۆر شارەزای ئەو بوارەی تێدا بووە، بۆیە خۆشخوان دەبوایە ئەو کۆڕە بخاتە جۆش و خرۆش و ئەوانیش "تەهوو"یان بۆ دەکێشا و دەنگی "تەهوو" وشەی سەرسووڕمان و نیشانەی دەرچوونی خۆشخوان بوو لە ئەزموونەکەی. واتە سەنگی مەحەکی دیوەخان بوو. لە لایەکی دیکەوە ئەوەی تۆزێک ئاغا بوایە، "قوڵە ئاغا و پس ئاغا" هەر کامەیان خۆشخوانەکی رادەگرت بۆ ئەوەی مام هێمن واتەنی: لە بە بەیت و لاووک و حەیرانان دیوەخانی بۆ بڕازێنێتەوە و لە شەڕ و ململانێیاندا فڕان باوێتە دوژمنان و شەوان لە ژووری نوستنێ حەقایەت بۆ ئاغای بگێڕێتەوە.


دیارە دیوەخان ئەگەر چاو لە هەندێ لایەنی دیکەی بپۆشین لەو لایەوەوە خزمەتێکی گەورەی بە هونەری کوردی کردووە. چونکە دانیشتنەکانیشیان دوور بووە لە سەرخۆشی و خواردنەوە و گەمە و هاتوهاوار.


گۆرانی بە زمانی بێگانە: بەڵام بە داخ و کەسەرەوە بەشێکی دیکە لەو گۆرانیبێژانەمان وازیان لە زمانەکەی خۆیان هێناوە و بایانداوەتەوە سەر زمانی بێگانان و بە زمانی ئەوان گۆرانییان چڕیوە. ئەوانە خزمەتیان بە موسیقا و هونەری غەیرە کوردان کردووە. لە نێو کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستانا زۆر ئەو گۆرانیبێژانەی تاقە بۆ جارێکیش ئاوڕیان لە زمانی زکماکی خۆیان نەداوەتەوە و هەر بە زمانی فارسی گۆرانییان چڕیوە و تەنیا لە رووی ناسنامە و زێدەکەیانەوە دەزانین کە ئەوانە کورد بوونە. لە باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر گۆرانیبێژمان هەبوونە بە زمانی عارەبی و تورکمانی گۆرانییان چڕیوە و لە باکووری کوردستانیشا ژمارەیان کەم نییە ئەوانەی وا لە زمانە تورکییەکەی ئەوێدا توانەوە.


ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئەوانە لەگەڵ ئەوەدا کە بەوکارەیان لە بری ئەوەی خزمەتی هونەری نەتەوەیی خۆیان بکەن و هەوڵ بدەن ناو ماڵەکەی خۆیان دەوڵەمەندتر بکەن، قۆڵیان هەڵماڵی بۆ دەوڵەمەندکردنی هونەر و کولتووری ئەوانیتر.


لەوەش خراپتر ئەویە کە ئەوانە بەشێکی زۆری ئاواز و میلۆدییە کوردییەکانی خۆمانیان برد و بە بەژنی گۆرانییەکانی ئەوانیان بڕین و لە هیچ کوێش نەیانگوت ئەو میلۆدییە کوردییە و بەو شێوەیە بەشێک لە سامانی هونەریی خۆمانیان کردە موڵکی ئەوان. ئەوانە ئەگەر زانیبایان گۆرانی و لەگەڵ ئەویشا پاراستنی زمان نەک هەر هونەر بەڵکوو هەڵوێست و کوردایەتییە، بەلای وەها کارێکا نەدەچوون. تۆ لە کام سەنگەر دابیت، خزمەت بەو لایەنە دەکەیت.


لێرەوە پرسیارێک لەو کوردانە دەکەم کە خزمەتی هونەر و زمانی کوردیان نەکرد و بوونە کەواسوورەی پێش لەشکری بێگانەکان:


ئاخۆ نەتەوەی کورد هونەر و گۆرانی و ئاوازی رەسەنی خۆی نییە؟ ئاخۆ غەزەل و شێعری سیاسی و کۆمەڵایەتیی نییە؟ ئاخر بەستەو مەقام و ئای ئای و لای لایەیە نییە؟


من پێم وانییە هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد لەو لایەنەوە دەوڵەمەند بێت. کورد زۆر دەوڵەمەندە لەو بوارەدا، چونکە وڵاتکەی زۆر رەنگینە و هەوێنی لە دایکبوونی هونەرە. لە لایەکی دیکەشەوە چەوساوەیی ئەو میللەتەش هۆکارێکی دیکە بووە بۆ دەوڵەمەندبوونی ئەو بوارەی هونەری کوردی. ئەگەر سەیری رابردوومان بکەین، سەرکردەکانی کورد بۆ وێنە سمکۆخانی شکاک لەگەڵ خۆیدا بەیت بێژێکی دەنگخۆشی هەبووە کە لە مەیدانی شەڕدا چیی بە چاو بێنیوێتی دواتر بە دەنگ و بە شێعر بۆی چڕیوەتەوە.


وەک دەڵێن قەدری زێڕ لە لای زێڕنگەرە، هونەری راستەقینەش لای هونەرمەندی راستەقینە دەست دەکەوێت. ئەوانەی ناگەنە سەرچاوەی رەسەنی هونەر، لە تەپوتۆزی رۆژگاردا ون دەبن. ئەوانەی خزمەتی هونەری بێگانان دەکەن، لە دواڕۆژدا هیچیان پێ نامێنێتەوە. کورد دەمێکە وتوویەتی: لە بەخێوکردنی گوێرەکەی خەڵکدا تەنیا گوێرەوسار "گوێلهەوسار"ـت بۆ دەمێنێتەوە.

ئەگلەنجە: ئەگلەنجە بەزمێکی شەوێ بووک گواستنەوە بوو لە هەوڵێری ساڵی ساڵاندا. ئەو کەسەی ژنی دەهێنا بۆ شەوەکەی مەولوودییەکی دەکرد. دوای مەولوودیکردنەکە لە ماڵی زاوا کوڕگەل خڕ دەبوونەوە. دەبووە ئارەق خواردەنەوە و گۆرانیگوتن. هەر هەتا چارەکێک دەخورایەوە زەحمەت بوو، ئیتر ئەوە هەر کەسە و لە راستەخۆیەوە هەڵدەپەڕی و گۆرانیی دەگوت و دەبووە هەڵهەلهەلە و قریوە. هەنگامەیەک ساز دەبوو ئەو سەری دیار نەبێ. بەناو گۆرانبێژیش گۆرانییان دەگوتن. کۆڕێکی پڕ لە قریوە و هەرا و دەنگی ناڕێک. زۆر جاریش دەبووە شەڕ و کارەساتێکی گەورەی لێ دەکەوتەوە. دەستوورەکەی هیی کورد نەبوە. پەڕیوە ناو کوردان بووە. ئەو جۆرە ئاهەنگە لە نێو هونەری راستەقینەدا جێگای نابێتەوە چونکە هیچ خزمەتێکی بە هونەر و گۆرانی نەکردووە. هونەر و گۆرانیی رەسەن و زانستیانە لەو جۆرە بابەتە بەدوورە. ئەوانەی گۆرانییان لە بەزمی ئەگلەنجەدا دەگوت: گۆرانیبێژی کورد نەبووینە. کۆڕەکەش کۆڕی خواردنەوە بووە. ئەو شریتەش وا لەو کۆڕانەدا پڕ کراونەتەوە بایەخێکی ئەوتۆیان نەبووە، ئەگینا ئێستا وەک بەرهەمێکی رەسەن خەڵک بەشوێنیاندا دەگەڕان.


لە دوای نسکۆ هونەرمەندێکی دڵسۆز و مشوور خۆری خەڵکی کۆیەی مەڵبەندی رووناکبیری و هونەر و ئەدەبیات، بەرەو شارەکەی هەولێر هات. ساڵی 75 کاتێ مامۆستا وریا ئەحمەدی هونەرمەند هاتە هەولێر موسیقاری ئەو شارە بە پەنجەی دەست دەژمێردران. من ئەو مامۆستایە لە نزیکەوە وەک برادەر ناناسم و ناسیارییەکەم هەر لە دوورەوە و لە رێگەی کارەکانییەوەیە. وریا ئەحمەدی هونەرمەند لەو کاتدا دڵسۆزانە هەوڵی دەدا خزمەت بە هونەری کوردی بکات و وەک پێشمەرگەیەک ئەو لە سەنگەری هونەرەوە سێرەی لە دوژمنانی کورد دەگرت. وەک باسم کرد ئەو کاتەی ئەو هاتە هەولێر هونەری کوردی لەو شارەدا رەونەقێکی وای نەبوو، موسیقارە کوردەکان دەورێکی ئەوتۆیان لە دانانی ئاوازی رەسەندا نەبوو. بۆخۆیان لە بەزمەکانی ئەگلەنجەدا ئامێریان دەژەنی و هاوئاوازی گۆرانیبێژە تورکەکان بوون. وریا ئەحمەد قۆڵی هەڵماڵی بۆ دانان و کردنەوەی خولی فێرکردنی موزیک لە هەولێر. وانەی بە منداڵان دەگوتەوە و لە گەرمای هاوینێدا دەچووە خزمەتکردن بە نیشتمانەکەی. زۆر کەس لەسەر دەستی ئەو پێگەیشتن.


دووەم هەوڵی بەنرخ و پڕ بایەخی ئەو بەڕێزە ئەوە بوو کە گوند بە گوندی کوردستان دەگەڕا بۆ کۆکردنەوە و تۆمارکردنی ئەو ئاواز و گۆرانییە رەسەنانەی لە گوندەکاندا و لە کۆنەدیوەخاناندا مابوونەوە. لە نووسینیشدا کەمتەرخەمیی نەکرد و گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکان بەڵگەی ئەو راستییەن. ساڵی 78 تیپی هونەری هەولێریان دامەراند لەگەڵ چەند موسیقارێکی دیکە. ئەوان گەلێک کاری پڕ بایەخیان کرد. دوو شریتیان ئەو کات تۆمار کرد و بوونە شریتی ساڵ. وردە وردە شۆڕشێک لە گۆرانیی کوردیدا هاتە ئاراوە کە دەکرێ بڵێین پێشەنگەکەی وریا ئەحمەد بوو. ئەوەی ئەوکات لە هەولێر کرا، ئێستاش بە نەمری ماونەتەوە و ئاوپڕژێنی دڵان دەکەن و ئیتر مۆسیقاری کورد لە هەولێر گەوهەری هونەری خۆیانیان لە ئەگلەنجە خەسار نەکرد و کەوتنە شوێن رەسەنایەتیی هونەرەوە.
 

 

derya1988@googlemail.com