په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١١\٢٠١٣

خۆشخزمەتیی بۆ رژێمی سێدارەی ئێران راگرن!
 


ڕۆژی هەینی ڕابردوو ٨-١١-٢٠١٣ لە پارکی شانەدەری لە شاری هەولێر خۆپیشاندانیکی ناڕەزایەتی بەرامبەر لەسێدارەدانی نەیاران و هەڵسوڕاوانی سیاسیی کە ماوەیەی جەند مانگێکە لە لایەن دەسەڵاتە تازەکەی حەسەن رووحانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەریوەبراوە، بەرپاکرا.

ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییە لەدریژەی زنجیرەیەک ناڕەزایەتی بوو کە سەراسەری ولاتانی ئەوروپای گرتەوە دژ بە لە سیدارەدانی ئەم دواییانەی نزیک بە ٣٠٠ هەڵسوڕاوی سیاسیی و نەیارانی ئەو رژێمە مرۆڤکوژە و دەیانی تریش لەبەردەم هەڕەشەی لەسێدارەدان. بە داخەوە لە کاتێکدا سزای لەسیدارەدان لە بەشێکی زۆر لە دەوڵەتەکانی دنیادا قەدەغەکراوە کەچی هەر ئەو دەوڵەتانە لە ئاست ئەم تاوانە قیزەوەنە دەوڵەتییەدا بێدەنگییان هەڵبژاردوە.


حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە بەم رۆژگارە باسی مافەکانی کوردانی رۆژهەلات و رۆژئاوا دەکەن بەلام سەرباری ئەوەی کە هیچ هەڵویستێکیان نییە بۆ ئەو تاوانکارییانەی رژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەریکی خۆشخزمەتیین و حەوت هەڵسوراو و کەسانی ناڕازیی و تووڕە بەو دەسەڵاتە بە هۆی بەردبارانکردنی کۆنسوڵخانەی ئێران زیندانی دەکەن و هەڕەشەی دانی سزای قورس بەسەریاندا دەبەخشنەوەوە زیاتریش لەمانە بەرپرسانی کۆنسوڵخانەی ئێران داوای رادەستکردنی ئەو کەسانە دەکەن.


ئێمە لە گرووپی چەتری ئازادیی لە کاتێکدا سەرباری بە توندیی مەحکومکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو حەوت هەڵسوراوە سیاسییە دەکەین کە لە زیندانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگیراون. هەر جۆر رادەستکردنەوە و سات و سەودا و مامەڵەیەک بە ژیانی ئەو هەڵسوراوانەوە ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە خانەی ئەو تاوانە دڕندانەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوکات دەکەوێتە بەردەم نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادییخواز و مرۆڤدوستی ئێران و جیهان.


چەتری ئازادیی ئامادەیە سەرجەم رێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەو هەڵسوکەوتە دژە ئازادییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دژ بە هەڵسوڕاوان و نەیارانی سیاسیی ئێران ئاگادار بکاتەوە.

نا بۆ لەسێدارە. بەڵێ بۆ ژیان و ئازادیی.


گرووپی چەتری ئازادیی
١٣\١١\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک