په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٥\٢٠٢٢

خۆت بشارەوە لە مرۆڤ.


فەرهاد مازێ      


خۆم دەشارمەوە لە تۆ.. لە خوشک و برا، لە هاوسەر و لە کچ و کوڕ و نەوەکانم، لە مردووانم.. لە باب و باپیر، داک و داپیر، دەزانم مردووەکان بە گۆرانیی خراپ نایێنە ناو بینین.. لە ناو مردنی خۆیاندان دوور لە تەڕبوون و ترس و سوتان، دەمەوێ لە دەرەوەی رەنگ و دەنگی مرۆڤ بم، مرۆڤ فێرە بینینی خراپ بووە و گوتنی شکاو، بیستنی زامدار و چێژی کوژراو و خەوی زڕاو.
مرۆڤی شکاو کۆنابێتەوە، دووربە لە بینینی خراپ.
لە خەوی خراپ وەرە دەرەوە، دووربە لە چێژی نەخۆش و سوتانی سارد.
ئەو هەسارەیە پڕبووە لە تای گەرم و لە تای سارد، لە بەفر هاتمە دەرەوە تا گەرمام نەبێ، دەچمە ناو ئاگر تا نەسوتێم و فێرە سوتان نەبم لە هەسارەی مرۆڤ، لە ناو ئاگر و بەفری مرۆڤ وەرە دەرەوە، تا بە ئاگر نەبوویتە بەرد و بە بەفریش ژان.
تۆ نێچیری.. هەموو گۆرانییەکانی بۆ راوکردنتە خەندەی داوە بۆ گرتنت، بزەی تیرە بۆ سەر دڵت.
باڵندە دروشمی ئاشتی نییە و بە ئازادیی نافرێ چیتر.
ماسی نایەوێ بتبینێ.. ئاو ژەهرە و ژیان نییە.
ئاژەڵ بە سروشتی خۆی نامۆیە و زەندەقی چووە لێت.
درەخت تووشی خۆ سوتان بووە لە رقت.
ترس گەمارۆی داوین، لە ناو هەسارەی ترس دەخۆین و دەڕیین.
لێمگەڕێ با لە ناو ترسا خۆشتبوێم لە دین و رەنگ وەرە دەرێ.
لە رەنگی سارد و لە رەنگی گەرم.. دەزانم نیشتەجێی کۆڵانی ئازار و شاری مەرگی لە ناو هەسارەی ترسدای.. نە دەژی و نە دەمری، بەو هەموو شیڕەشیڕی دین و هاژوهووژەی رەنگەوە شەڕی و لە بەرەی جەنگی.
لە گەمارۆدانی ئەو هەسارەیە بەشداری، چوویتە ناو بینین، بینینت پڕبووە لە شکان، شکانی درەخت، باڵندە، ئاژەڵ، ماسی، بیستنت پڕبووە لە تەرم، تەرمی دین و دەنگ و رەنگ، تەرمی خودا و مرۆڤ، خوا لە ناو مرۆڤدا مردووە، مرۆڤ لە ناو خوا.
رێ نییە بڕۆین، هەموو رێیەکان دەچنەوە سەر مردن.. لە رێ وەرە دەرەوە، مەڕۆ ناو مردن.
مردن ناشرینترە لە مێژوو، لە مێژووی ماسی و درەخت و باڵندە و ئاژەڵ نا، میژووت ناشرینە مرۆڤ.
چیتر گۆرانی بۆ ژیان ناڵێین، مرۆڤ ژیانی پڕ مردن کرد.. لە سەر زمانت.. لە ناو بینینت تەرم.
بیستنت بۆتە گۆڕستان.. کێ دین و رەنگ و دوا مرۆڤ دەنێژێ؟
خواش لە ناو مرۆڤ مرد.. کێ خوا دەنێژێ؟
من دەسوتێم تا فێرە سوتان نەبم.
خۆم دەشارمەوە لە مرۆڤ تا فێرە ناشتن نەبم، ناشتن دەکەوێتە ناو بینین، بینین پڕبووە لە تەرم، تەرمی دەریا، تەرمی ئاسمان، تەرمی زەمین.
مرۆڤ لە هەر شوێنێک گووێکی خواردبێ ئەو شوێنە بۆتە گۆرستان.. رەنگ و دەنگ و دین و خوای لێناشتوە.
مرۆڤ لە هەر شوێنێک گووێکی کردبێ ئەو شوێنە بۆتە پەرستگا، تەمەنی دین و رەنگ و دەنگ و تەمەنی خودای دیارکردوە، مرۆڤ دەزانێ خوا مردووە.
مرۆڤ لە هەر شوێنێک گووی هاتبێ بە هاوارەوە بە بوونەوەرەکانی گوتوە دەبێ دین و رەنگ و خوا هەبێ، خوا و رەنگ و دین خوێنی دەوێ.. خوێنی گەرم، خوێنی سارد، خوێنی شیرین.
خۆم لە مرۆڤ دەشارمەوە.. بیستن و بینین و دەنگم پڕبووە لە تەرم.
خۆم لە مرۆڤ دەشارمەوە.. بیستن و بینین و دەنگم پڕبووە لە شەرم.
خۆم لە مرۆڤ دەشارمەوە.. مرۆڤ زەوی و ئاسمان و دەریای کردە زبل.
مردنت باش زەمین، دین و رەنگت باش مرۆڤ، باڵندە، ماسی، ئاژەڵ، درەخت.
خۆم لە مرۆڤ دەشارمەوە، بیستن و بینین و دەنگم پڕبووە لە مرۆڤ.
مرۆڤ تەرمە و ژیان لەگەڵ تەرمدا مردنێکی بێدەنگە، لە ناو مردندا وەرە دەرەوە.
لە ناو مرۆڤدا وەرە دەرەوە، مرۆڤ مردنە، مردنە مرۆڤ.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک