١١\۴\٢٠١٠
خۆخوازی بەرپرس و
تۆرانی هاووڵاتی.
سالار بابەشێخ
کۆمەڵگەی ئێمە لاشەی بە دارە تەڕەکانی دیکتاتۆریەت راهاتووە و لە گەڵ
ئەوەشدا زۆربەی تاکەکانی گیرۆدەی خۆخوازییەکی پەتیین. کورد لە
راڤەکردنی دیموکراسیدا تازەکارە و سەرکردایەتییەکەشی زۆر ئاساییە گەر
مل بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نەدات! بەڵام یەکێک لەو مەترسییە
گەورانەی کە پێکهاتەی کۆمەڵگە تووشی قەیرانی جۆراوجۆر دەکات،
درووستکردنی دیوارە ئاسنییەکانی نێوان خەڵکی سڤیل و دەسەڵاتە. بێگومان
کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە ئەگەر داواکاری و داخوازی خەڵکی بەش
مەینەت نەگاتە شوێنی خۆی و لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێکی لێنەداتەوە،
ئەوە دەبێتە گەورەترین هۆکاری درووستبوونی بێ متمانەیی و تەنانەت
بێزاری لەوانەش کە داوا رەواکانی خەڵکی خۆیان پشتگوێ دەخەن.
هۆکارەکانی بەرین بوونەوەی مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی گەلێک زۆرن،
فڕینی سامانی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و گەیشتنی کارگێڕی بە چڵەپۆپەی
گەندەڵی و پەروەدەی بێ پلان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، بەشێکن لەو
هۆکارانە، هەروەها بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێن، داواکاری و پێشنیارەکانی
کەسانی پسپۆر و شارەزا بە هەند وەر ناگیرێن، دڵسۆزانی خۆنەویست و کارا
لە پشت دەرگە داخراوەکاندا دەهێڵنەوە و کەسی نەشیاو لە بەر خاتری
خاترداران، نەک بە پێوەری لێهاتوویی و توانا، پۆستی ئەوتۆیان پێدەبەخشن
کە قوڕبەسەری پێ دێتە پێکەنین!! ئەمانە و دەیان هۆکاری دیکەی ناوخۆیی و
بە تایبەتی پاڵنەری دەرەکی، پەیوەندیی بە تین و یاسامەندانەی تاک و
دەسەڵات دەشێوێنن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زۆر کاری ئەرێنی کراون.
ئاوەدانی و جوانکاری و شارسازی و دابین کردنی ئاو و کارەبا و دەرخستنی
بنەچەی ستراتیژی ئابووری بە هەناردەکردنی نەوت و دروستکردنی کارتەکانی
فشار بۆ دەستەبەرکردنی مافە زەوت کراوەکانی کورد و دابینکردنی ئارامی و
ئاسایش و راکێشانی دەیان کۆمپانیای نێودەوڵەتی و باڵوێزخانەی وڵاتان بۆ
باشووری کوردستان و ...هتد، ئەمانە نموونەیەکی بەرچاوی کارە
ئەرێنییەکانن کە یاران و نەیاران دانی پێدا دەنێن.
کاتی خۆی سەرۆکی حکومەت لە کابینەی پێنجەم خەڵکی بەوە کەیف خۆش کرد کە
لە ئەنجوومەنی وەزیران بەنیازن گەندەڵی پاکتاو بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش
لە وەزارەتخانەکانەوە دەستیان پێکرد. حاشا لەوەش ناکرێ کە میوانداری
بێسنوور و خەرجییەکانی بێ سەروبەرەی ڤستیڤاڵەکان و (فاکتۆر و قائیمە
ساختەکان) و. هتد، تا ئاستێک لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا و چەندین لیژنەی
چاودێرییش لە ناخی حکومەتدا بە ئاشکرا و بە نهێنی دروستکراون، بۆ ئەوەی
گەندەڵی بنبڕ بکرێ!!
بە یەکێک لە کاربەدەستانی حکومەتی ئەوکاتم گوت: چاودێری دارایی خوارەوە
کۆنترۆڵ دەکات، ئەی سەرەوە؟ لە وەڵامدا گوتی "گەندەڵی و واسیتە و
بەرتیل و شتی لەوجۆرە لە خوارەوە دەکرێ". وەک نموونەش ئاماژەی بەوەدا
کە سەرۆکی حکومەت ئەگەر کەسێک لەشوێنێک دابمەزرێنێ، پێویستی بە بەرتیل
دان و واسیتەکردن نییە و گوتی "راستەوخۆ بە بڕیارێک دایدەمەزرێنێ".
ئەو کارمەندە کەسێکی خەیاڵی نییە و بە وردبینییەوە هەڵسەنگاندنەکانی
دەکا، چونکە زۆرجار کەموکوڕییەکانی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی لە رووی
پلان و پیشەیی کردنی وڵاتەوە ئاشکرا کردووە، ئەویش هاوڕابوو لەگەڵ من
کە بۆ ئەوەی متمانە بگەڕێتەوە بۆ خەڵک، پێویستە حکومەت روونکردنەوەی
شەفافی هەبێت و پلاتفۆرمی خۆی و تێچووی پرۆژەکانی و ناوی کەسانی گەندەڵ
بەبێ سڵکردنەوە لە عەشیرەتەکەی ئاشکرا بکات.
جگە لە نەبوونی روونکردنەوە، کەمتەرخەمی و سستییەکی زۆر لە
دامودەزگەکانی حکومەتدا دەبیندرێن کە دەکرێ پەنجە بخەیەنە سەر دەیان
نموونەی و باسی بکەین.
لە زۆربەی رۆژنامە و هەفتەنامەکانی کوردستان، ئەگەر لاپەڕەیەکیشی بۆ
تەرخان نەکرابێ، بە پەرتەوازیش بێ، کەم تا زۆر داواکارییەکانی خەڵکی
مەغدوور و داخوازیی هاووڵاتییان ئاراستەی دەسەڵات کراوە، بەڵام بە
دەگمەن لە هەزاران نامە و داواکاری خەڵک، یەکیان بەسەر دەکرێتەوە!!
ئەگەر سەرۆکەکان سەرقاڵن، ئەی کوا ئەو دەیان راوێژکاری ژیر و دڵسۆزە
کارپێسپێردراوەی کە دەتوانن ئەو کێشە و گرفتانەی خەڵک بخەنە بەر باس و
راڤە تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکەن و بەرۆکی سەرۆکەکانی پێبگرن؟؟!!
حکومەت بەدواداچوون و هیچ روونکردنەوەیەکی نییە، بۆیە داواکارییەکان بێ
وەڵامن و سکاڵا و گلەمەندییەکانی هاووڵاتییانیش بەردەوامن. ئەمەش
مەترسییەکی گەورەیە و هەتا دێت مەودای نێوان دەسەڵات و خەڵک زیاتر
دەکات. بۆیە پێویستە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بە زووترین کات ئەو
متمانەیە بۆ خەڵک بگێڕنەوە و چاوێک بە راپۆرت و کارە مەیدانییەکانی
رۆژنامەکانی کوردستاندا بخشێنن، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ
رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئاستەنگەکاندا بدۆزنەوە. دەنا ئەو
کەمتەرخەمییانە وا دەکات بگوترێ: رێکارەکانی چارەسەرکار زۆرن، بەڵام
خۆخوازی پەتی و لووتبەرزی بەرپرسانی بێ "رێکار"، و تۆرانی هاووڵاتی
کۆسپی بەردەم چارەسەری کێشەکانن!
Salar_hisami@yahoo.com
|