په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٤\٢٠١٢

خۆی کوشت، یان کوشتیان؟!
"دۆسێکەی دامەخەن دەیان تاوانباری تێدایە".


پێشڕەو حەمید      


گیان لەدەست دانی (قائیمقامی مەرکەز)ی سێمانی " زانا حەمە ساڵح" لەم کاتەدا ئەگەر "خۆی" خۆی خنکاندبێت ئەوا دەبێت "رەدول ئیعتیبار"ی بۆ بگەرێتەوە، چونکە لە دۆسێیه‌کدا تۆمەتبار کرابوو کە توانای دان بەخۆدا گرتنی نەبووە و، ویژدانی ئازاری دا و بەو چەشنە کۆتای بەژیانی خۆی ھێنا، بەڵام ئەگەر ئەو خنکێنرابێت یان بە پلانێکی تۆکمە لەناوبرابێت تا بۆ ئەوەی خەڵکی تر نەبن بە تۆڕەوە کە تەنھا بێ دەسەڵاتەکانی پێوەدەبێت، ئەوا دەبێت داواکاری گشتیی رێگە نەدا ئەو دۆسێیە دابخیرێت و دەبێت بەردەوامی پێبدرێت؟ چونکە دیارە کەسانی تر لە ئاستی باڵاتردا تێوەگلاون و مولکی گشتییان داگیرکردوە و نایاسایانە دەوڵەمەندبوون کە زۆر کەس باسدەکرێن و لە ئاستێکی پلە باڵای حیزبی و حکومیدان.


ئەم دۆسێیە یان ئەم ڕوداوە لە ئێستا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردودا دەگمەنەترین رووداوی لەم چەشنەن کە مێژووی نزیکی ئێمە بە خۆیەوە بینبێتی؟ چونکە زۆرکەس ھەن بە ئاشکرا سەروەت و سامان و موڵکی گشتییان بۆ خۆیان بردوەو ویژدانیشیان بۆ ساتێک نوزەی لێوەنەھاتوە و کەسیش نییە ببێتە داواکاری گشتیی و راپێچی بەردەم دادگایان بکات ، ھەربۆیە ئەم رووداوە دەبێت بکرێتە سەرەتایەک بۆ جوڵاندنی ویژدان و ئازایەتی داواکارە گشتییە کان و ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە واز لە ترس و خۆخواردنەوە بھێنن و تەواوی ئەو دۆسیانە بجولێنن یان کار بۆکردنەوە و دروستکردنی سەدان دۆسێی ھاوشێوەی خوالیخۆشبوو " زانا حەمە ساڵح " بکەن و ئەو ھەمو " مافیاو بەرپرس و وەزیر و سەرۆک عەشیرەت و خاوەن دیوەخانان" ە ببەنە بەردەم دادگا کە تائێستاش موڵکی گشتی داگیردەکەن و سامانی ئەم خەڵکە ھەژارەی ووڵات دەخرێتە خزمەتیانەوە.

حکومەتەکەی نێچیر بارزانی و یەکەم قەیران:


ئەمە سەرەتای ھەنگاوێکی شلگێرانە بۆ حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی و با بزانین لەم دۆسێیەدا چۆن کاردەکات و تا چەند دادپەروەرانە یاسا سەروەر دەکات، با بزانین سەرۆکی نوێی حکومەتی ھەرێم دەتوانێت لە یەکەم قەیران حەکیمانە قوتار بێت و بیسەلمێنێت کە حکومەتی ھەرێم لە زاخۆوە بۆ خانەقین یەک حکومەتە یان ئەو تەنھا دەسەلاتداری دوو پارێزگای کوردستانە و توانای دەربازبونی نییه‌ لە قەیرانێکی وەھا کەھاوشێوەی ١٧ شوبات و رووداوەکانی دوای ئەو باروارەیە کە پێشتر بوونە قەیران بۆ کابینەکەی دکتۆر بەرھەم ساڵح؟!


با بزانین جێگری سەرۆکی حکومەت دەتوانێت ھەڕەشەکانی بباتە سەر کاتێک وتی ئەگەر کێشەم بۆ دروستبکرێت لە لایەن حیزبەکەمەوە دەست لەکار دەکێشمەوە؟ یان مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی رازی دەکات و کۆی ھەموو گومانەکان دەسرێتەوە؟!

لە دڵەوە دەخوازم مەسەلەی تەمومژاوی قائیمقام و دۆسێکه‌ی دادپەروەرانە چارەسەربکرێن و دڵنەوایی بدەنەوە بە خەڵک و کەسوکاری قائیمقامیش؟ تا بۆ ئەوەی خەڵک دڵنیا بێت لە زینداندا ھیچ کەسێک ناکوژرێت و ناخنکێنرێت ئەگەر چی گەورەترین تاوانباریش بێت.


بەر لە کۆتایی:


قائیمقام بۆ ھەمیشە ڕۆشت و ون بوو بەڵام ئەو خۆکوشتنەی یان ئەو کوشتنەی مێژوو بە زیندوویی دەیھێڵێتەوە؟ چونکە ئەگەر جورئەت و دڵسۆزیی ھێندەی توزقاڵێک لە دڵ و دەروونی یاساناسان و داواکاری گشتیی دا ھەبێت بە کرداری و کارکردن لەسەری، گەندەڵی بۆ ھەمیشە بنبڕ دەکرێت و دەبینە خاوەن وڵاتێک کە یاسا ئیتر ناچێتە ژێر پێی گروپە مافیاکان و کەسانی باڵادەست و بەرپرسی گەندەڵکاریی حیزبە دەسەڵاتدارەکان.
 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک