په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٤\٢٠١٤

خۆزگە ئەنفال تاوان دەبوو!


قەهار عەبدوڵا     

ئەنفال چ بوو؟ ئەنفال هەرگیز تاوان نەبوو! ئەنفال کاریلە ئاسکێکی بێ تاوان بوو!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە لە جیاتی دروستکردنی مزگەووتە جووت منارەکان، قەلایەکم دروست دەکرد لە بووکەشوشەی منداڵە ئەنفالکاراوە برسیەکانی لەدایک و باوکیان دابڕاو، ناز و نوسکە تیادا نەماو! نیوە زیندووی لە گۆڕ نێژراو!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە لەبەر دەرگای قەلایەکەش تابلۆیەکم دروست دەکرد لە پێکهاتەی ئێسک و پڕوسکی شێرە کوڕانی ئەنفالکراو، داپیرانی لە کۆنەهەوار بەجێماو، شێرەژنانی ئەتک کراو، پڕچی زەردی تێک قژ قژاو، شانە نەکراو، خۆزگە ئەنفال تاوان دەبوو لەسەر تۆپکی قەلایەکەش جووت بورجێکی بالا بەرزم دادەتاشی هاوشێوەی عومەر خاوەر و کۆرپەلەکەی، لە جیاتی مانگ و ئەستێرە جووتێ قۆندرەی بەجێماوی ئەنفالێکم لەسەر لووتکەی بورجەکاندا هەلدەواسی!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە ئێسکی باوکە و دایکە پشت چەماوەکانم لە ناو گۆڕە بەکۆمەلەکان دەدۆزیەوە! لەسەر پشتی قەلایەکە دوو گۆڕی ئالتوونم دەکرد! ڕۆژێ پێنج جار لە نێوانیان غارغارێن و حەجی سەفاو مەروام دەکرد!!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە شەرمم دەکرد هەولێر بکەم بە پایتەختی گەشتیارانی (ئومە)ی عەرەب.

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە سالانە سەد و هەشتا و دوو هەزار پاسپۆرتم بۆ مەسافیرە بیانییەکان و بۆ رێکخراوەکانی خاچی سوور و مافی مرۆڤ لەسەر حیسابی چالە نەوتە هەڕاجکراوەکان دروست دەکرد! سنوورەکانم دەکردەوە سەفەر بکەن بۆ ولاتم! بۆ بینینی ئێسک و پڕوسکم!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە دەست و پەنجەی منداڵان و کەللەی سەری هەرزەکار و باپیرانم! مووی سەر و پڕچی خوشکانی ناو گۆڕە بەکۆمەلەکانم! دەکرد بە تابلۆی جێڕنیکا، کۆلان بە کۆلان شار بە شار بەجیهانم دادەگێڕا! دەمبرد بۆ بەر عەشی فەزا!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە شەرمم دەکرد نازناوی نیو ستی و ئیمپایر و فامیلی مۆل و تورک هۆل لە بازاڕ و شارەکەمدا هەڵبواسم! ریستۆرانت و گرینلاند و چاڤی لاند لەبەر دەرگای باخچە و چێشتخانە و قوتابخانەکان بنووسم!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە قومارخانەم دانەدەنا بۆ زەماوەندی جەنتل مانە تورک و عەرەبەکان، هەرگیز رێگەم پێنەدەدان سەفەر بکەن بۆ وڵاتم! ئەنفالم لەبیر چۆتەوە!

 

ئەگەر ئەنفالم لەیاد با قەلەمی کاوە گەرمیانم نەدەشکاند و کۆمەلەی گەنج و لاوان و نەوەی نوێم بە شەڕە پەڕۆ فێرنەدەکرد! ڕێگام دەدا بە نووسەران بە خامەی ئالتون بنووسن رەخنەبگرن لە هەڵە و سەرپێچیەکانم!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە ئەوانەی ئەنفالیان کردم نەمدەکردن بە سەرچۆپیکێشی یادی رۆژانی ئەنفالم، نەمدەکردن بە بەرپرسی ژوورەکانی ئیستیقبال و راوێژکارم!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە هەولم دەدا هێلی سنووری چوار پارچەی سایکس پیکۆ لەسەر نەخشەی نیشتمانم بسڕمەوە!!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە و بە ئەنفال و بە زیندانیی نیگەران بام، بە بێ منەتیی دوژمنان و ئۆردوغان و داود ئۆغلو گۆرانی ئازادییم لە بۆ سەرۆک ئاپۆ دەچڕی! ئەنفالم لەبیر چۆتەوە! زیندانم لەبیر چۆتەوە!

 

ئەگەر ئەنفالم لەبیر با هاریکارییم بۆ دایکی شەهیدانی کەرکووک و قامشلو و مەهاباد و ئامەد دەنارد! شین و شایی هەموویانم بە پرسە و بە ئاهەگی خۆم دەزانی!

 

ئەگەر ئەنفال تاوان بووایە سالێ جارێک مال بە مال، کۆلان کۆلان، گوند و دێهاتەکانم لە یادی ئەنفال جاڕ دەدا، سەردانی یەک بە یەکی خزم و کەسی پاشماوەی کاروانی ئەنفالم دەکرد! داوای لێبووردنم دەکرد!

 

بەلام دلنیاتان دەکەم، درۆ دەکەم، تاوانباری چوار ئەنفالی کوردستانم! فیتنە و سیخوڕ و کابووسی گشت جیهانم! ئەنفال لای من تاوان نەبوو! دەستێکی سۆپەر پیاوەکانی خۆمی لەگەل دابوو! ئەنفالی من نە خوێنە و نە برینە! نە سۆز بوو، نە گلکۆو بوو!

 

ئەنفال چ بوو؟ ئەنفالم قومارخانەی پیاوی مافیا و دز و جەردە و بازرگان و بانکی دۆلار و دراوبوو! مەزە و کەباب و شەراب بوو!! ئاسکێکی بێ تاوان بوو! کاریلەیەکی نەفام بوو! هەرچی هەڵستا راوی کرد و سێرەی لێگرت! هەرچی هەڵستا پڕ بەدەمی کەلبەی تیژ و چڕنووکی پیسی لێچەقاند گازی لێگرت!

 

ئەگەر ئەنفال زمانی هەبا بە دلنییاییەوە دەیگوت ئیتر بەسە با لە گلکۆدا بسڕەوم، نە چیتر یادم بکەن! نەچیتر ئەنفالم بکەن!!!

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک