خۆزگە لەو شاڵاوى بەناو ئەنفالەدا ئازاد نەکرابام.
ئیسماعیل عهبدوڕهحمان
ئێمەى جەماوەرى گوند نشینەکان لەبەرئەوەى گیانى خۆڕاگریمان ئەوەندە بەهێزبوو ماناى ترسمان نەدەزانى بۆیە هەرکاتێک هێزى پیادە یان فڕۆکە جەنگیەکانى ڕژێمى بەعس دەڕۆشتن و ناوچەکەیان بەجێ دەهێشت ، ئێمەش یەکسەر لەژێرزەمین دەهاتینە دەرەوەو دەستمان بۆ خاکەناس و ئیشکردن دەبرد، تاکو یەکەم ڕۆژى قۆناغى شاڵاوى ئەنفالى چوارەم لەناوچەى زێى بچوک ئێمە لەگوندى ماینەوە بەمەبەستى بۆ هاوینى ساڵى 1988بەروبومى کشتوکاڵى بکەین ، ئەوەبو لەسەرەتاى مانگى ئایارى 1988 کادیرێکى ی.ن.ک بەئۆتۆمبیلێکى جۆرى بەرازیلى کەدوو پێشمەرگەش پاسەوانى بون بە گوندەکاندا دەگەڕاو دەى گوت خۆتان ڕزگاربکەن لەوڕۆژانە ڕژێم هێرشێکى گەورەى کیمیای دێنێتە سەرناوچەکە و بەدەردى هەڵبجە دەچن ( بائەوەشمان لەبیرنەچێ کاکى کادیر خۆشى تەسلیم بەڕژێم بۆوەو دەورێکى باشى پێدرا لەلایان ڕژێمەوە) جاکاتێک کادیرەکە ئەو هەواڵەى بڵاوکردەوە بوە هۆى ئەوەى خەڵکى ناوچەکە ئێوارەى 9/ئایارى 1988 لەترسى هێرشى کیمیاوى بەرەو نزیک بونەوە لەشارى هەولێرو دەورو بەرى قوشتەپە کەوتینە ڕێ بەمەبەستى خۆ ڕزگارکردن لەو شاڵاوە ،کەچى کاتێک بەرەبەیان نزیک کەوتینەوە لەجادەوە ئەبینین لەهەمولایەکەوە بۆسەى جاش و مەفرەزە ئەمنە تایبەتەکانى کوردەکانى هەولێرو قوشتەپەیە کەزۆربەیان ناسراو ناسیاربون ، ژمارەى ئێمە سەدوو حەفتا خێزان بوین کە زیاتر ئەو خێزانانەبوین کەلەناو ڕژێم کەسمان نەدەناسى یان خزم و کەسمان نەبوو لەناو ڕژێم بۆیە لەوپەڕى بێ دەسەڵاتى و بێ کەسیدابوین، جاشەکانى ئەوکاتى و قارەمانەکانى ئەمڕۆ چەندی بڵێى بێویژدان بون کاتژمێر چوار تاکو پێنجى بەیانى کەهێشتا ڕۆژ هەڵنەهاتبوو ئێمەیان دەستگیرکرد ئێمەیان گەمارۆداو ئێمەیان هێنایە نزیک فلکەى قوشتەپە لەسەر ڕێگاى بیستانە کەئەفسەرە پلە بەرزەکانى ڕژێم و هێزێکى زۆرى سەربازى تایبەت کەمدەرەعەو ئیڤا بون لەوێ بون هەرچوار دەورى ئێمەگیرا بوو تەنیا مەفرەزە تایبەتەکانى ئەمنى کورد پاسەوانى ئێمەبوون دەنا سەربازەکان لەدورى ئێمە بون تاکو نزیک کاتژمێر دەى سەر لەبەیانى کەماوەکە زۆر بو بۆئەوەى دەست بەئاو بگەینین زۆربەشمان تەواو مشەوەش بوبوین لەبەر ئەوەى زۆر پێویستیمان بەدەست بەئاو گەیاندن هەبوو بەڵام جاشەکان ئەوانەى بەرگى زیتونیان لەبەربوو کەناسراو خەڵکى ناوچەى خۆشمان بو نەیاندەهێشت کەس دەست بەئاوبگەینێ تا یەکێک لەئەسفەرەکان کە پلەى عمید ڕوکن بو تەمەنیشى گەورە دیاربو لێمان هاتە پێشو زانى لەبەر تەنگاوى نائارامین بەئەفسەرەکانى ترى وت یاڵا باریانکەن یەکسەر ئێمەیان لەلۆریەکان بارکرد بۆ هەولێر لەڕێگادا لەنێوان قوشتەپەو هەولێردا مەفرەزە تایبەتەکانى هەولێر کە پاسەوانى گواستنەوەى ئێمەیان لەئەستۆبو لەگەڵ هەرلۆریەک دوو ئەمنى چەکدارى کوردمان لەگەڵ بوو هەرلۆریەک ئۆتۆمبیلێکى مەفرەزە تایبەتەکانى ئەمنى کوردى بەدواوەبوو.
بۆ مێژوو دەیڵێم بەچاوى خۆم بینیم ئامرمەفرەزەیەکى ناسراوى هەولێر بەدەستێکى سوکانى ئۆتەمبیلەکەى گرتبو دەستەکەى ترى هێنابوە دەرێ و دوو پەنجەى کردبوە پیتى V وەک ئەوەى گەورەترین دووژمنى بەعس و سەدامیان دەستگیر کردبێ ئێستاکە ئەوکەسە پلەدارەو ڕێزى تایبەتى لەلاى سەرانى کورد هەیە، ئینجا کاتێک گەیشتینە هەولێرو ئێمەیان بردە ناو بنکەى پۆلیسى دەوریات لەنزیک سایلۆ، ئەوکاتى کەئێمەیان هێنا خوارێ لەلۆریەکان وتیان ئەوە مڕافقەو بچون دەست بەئاو بگەینن بەڵام لەپاش هاتنەدەرەوەى هەرکەسێک چ منداڵ یان ژن یان پیاو بوایە ئەوە جاشێکى مەفرەزە خاسە سەیرێکى ناو ئاو دەستەکەى دەکرد ئینجا ڕێگاى دەدا کەسێکى تر بچێتە ناو ئاودەستەکە، دواى ئەوەى ئێمەیان بردە دائیرەى ئەمن و ژن وپیاویان لەیەک جیاکردەوە ئێمەى پیاوانیان کردە ژورێکى گەورە کەجێگاى هەموومانى تیا دەبۆوە ، ئەوەى ئێستا بیرى لێدەکەمەوە پێم سەیرە ئەوەبو ڕۆژانە چەند دانەیەک (ڕۆژنامەى القادسیە) یان بۆ مان دەهێنا جار جاریش ڕۆژنامەى (السورە) کەسیشمان خوێندەوارى عەرەبیمان نەبو تەنیا من تەمەشاى وێنەکانم دەکرد کەچى هەر بۆیان دەهێناین، لەناو ژورێکى گەورە کە جێگاى سەد کەسى دەبۆوە هەر لەوژورەى ئێمەدا پانکەیەکى بچوک هەبو لەناو ئاو دەستەکە بۆ ئەوەى هەواى ژورەوە بەرێتە دەرەوە لە ڕاست ئەو پانکەیە ( لاى سەرەوەى بینایى پەرلەمانیش دیاربو کەئەوکاتى بیناى ئەنجومەنى یاسادانان و ڕاپەڕاندنى حوکمى زاتى بو) لەنزیکیش بەقەد شەش مەتردورى لەکونى ئەم پانکەیەوە ژورى ژنانى لێبو دەرگاى ژورى ژنان بەرامبەر کونى پانکەکە بوو کەژوری ژنان لەژورەکەى ئێمە گەورەتربو یەکەم ڕۆژ کە ژن و کچەکانیان لەپیاوەکان جیاکردەوە باوکى کچە عازەبەکان کە حەفت کچى عازەبمان لەگەڵ بوو هەموویان زۆر ناڕەحەت بوون وتیان دەترسێین شەو کچەکان لەژنەکان جیابکەنەوە و تەعدایان لێبکەن بۆیە من لەمەغریبەوە تاکو مەلاى بەیانى بانگى دا لەڕاست ئەو پەنجەرەیە وەستام بۆ ئەوەى بزانم ئایا خوشکم و کچەکان دەهێنە دەرێ یان نا دواى ئەوەى کەسێک نەبوو لەئەمنەکان دەرگایان لێبکاتەوە چوم بەباوکم و باوکى کچەکانم وت وتم بەخواى هیچ خەفەت مەخۆن تەنیا پاسەوانەکە لەبەر دەرگایەو کەس دەرگاى لەسەریان نەکردۆتەوەو کەسیشیان نەهێنایتە دەرەوە جالەبەر دڵى ئەو پیاوە باوکانە هەموو شەوێک دەبوایە بەپێوە بوەستم جارجاریش کوڕەکانى تر نۆرەیان لەگەڵم دەکرد بەس زیاتر دەمویست خۆم سەیربکەم بۆ ئەوەى تەواو دڵنیابم لەسەلامەتى دایکان و خوشکانمان، سەیرو سەمەرە لەوەدابوو لەوکاتە کەنەماندەزانى چارەنوسمان گولەبارانکردنە یان خنکاندنە یان زیندە بەچاڵکردنە ، ئالەوکاتەدا هەمومان هیوا خوازبوین تەنیا سەرکردەکانمان سەلامت بن هیچ کەسێک نەبوو قسەیەک بەسەرکردەکان بڵێت و بڵێ خەتاى ئەوان بوو ئێمە توشى ئەو ماڵوێرانیە هاتوین.
ئەو خەڵکانەى ئەنفالکران خۆشەویستیەکى ڕادەبەدەریان بۆ کوردو سەرکردە کوردەکان هەبوو وە ئەوپەڕى ڕقوکینەیان بەرامبەر جاش هەبوو تەنیا جاشیان بەخەتابارو تاوەنبار دەزانى، ئەوەى جێگاى باس و شانازیە لەو هەمو خەڵکە کەسێک نەبو بپاڕێتەوە هاواربکات کەسێک نەبو ورەى بڕوخێ و قسەیەک بەکورد بونى خۆى و بەشۆڕشى کورد بدا ، توخوا چەند خۆشە بمرى یان بکوژرێى بەو دڵەوە کە ڕق لێبونەوەى جاشى تیابێت و خۆشەویستى سەرکردەو پێشمەرگەى تیابێت ، خۆزگەم بەخۆتان شەهیدانى نوگرە سەلمان و عەرعەر و باقى شوێنە بیابانەکانى ترى عەرەبستان تەنیا ڕوحى ئێوە بەختەوەرە و تەنیا گۆڕى بەکۆمەڵى ئێوەیە دوورە دەستى و پێى جاشەکانى پێش ڕاپەڕین و بەرپرس و پلەدارى دواى ڕاپەڕینە ، خۆزگە لەگەڵ ئێوە بوایەم ئامۆزا خۆشەویستەکانم ئێوە بەورەى بەرزەوە بەخۆشەویستیتان بۆ سەرکردەکان و کوردستانەوە سەرتان نایەوە بەڵام کاتێک ئێمە ماین و ئەو پلە بەرزى شەهیدیەمان بەقسمەت نەبوو ماینەوە دواى ڕاپەڕین جاشەکانى پێش ڕاپەڕین و پاڵەوانەکانى ئەنفال هەمو ڕەزو باغیان سوتاندین ، مەکینەى ئاوى بیرەکانیان تەقاندینەوە بیرەکاننیشیان بە شۆفەر لێپرکردبوینەوە ، ئەم جاشانە کوندەپەپۆ ئاسا دایاننابو هەتاهەتایە ئەم گوندانە هەرکەلاوەبن و جارێکى تر ئاوەدانى کوردایەتى بەخۆیەوە نەبینى بۆیە جاشەکان سنورى زەویەکانى کەس و کارى ئەنفالکراوەکانیان کێڵاو سنورى هیچ زەویەکیان نەهێشت و هەمو زەویەکانیان بۆ خۆیان تۆ دەکرد ، کەچى ئەم جاشانە ئەمڕۆکە لەم کوردستانە کاربەدەستن پلە و پایەو پۆستى کوردیان هەیە ئاڵاى کوردستان لەتەنیشتیانەوە دانراوە هەربەناوى ئەنفال و هەڵهبجەوە لەسەر کورسى پۆستەکەیان خۆیان بادەدەن و دەڵێن ئێمە لەکاتى جاشایەتیمان دەستمان لەگەڵ سەرکردەو شۆڕش هەبوە یارمەتى دەرى شۆڕش بوین ئایا شەهیدانى ئەنفال و هەڵبجە باوڕ بەو درۆشاخدارانە دەکەن؟
هەزار جار خۆزگەم بەخۆتان کە گۆڕەکەتان بەکۆمەڵەو لە ژێرپێى جاشەکان دوورە دەنا گەر گۆڕتان لەکوردستان بوایە دڵنیام جاشەکان بەپێى و بەئۆتۆمبیلى دوا مۆدیل بەپارەى میللەت کڕاو بەسەر گۆڕەکانتان دەکەوتن و بۆ بەدڕەوشتیش دەهاتنە ناو گۆڕستانەکەتان کەئەو کارەیان پێ باشترین وەفابوو بۆ ئێوە چونکە هەرئەوانیش دوژمنى سەرسەختى ئێوەى شۆڕشگێڕبون هەرئەوانیش هۆکارى لەناوچونى ئێوەبون، خۆزگەم بەخۆتان کە دەسەڵاتدارى زۆردارو بێ بەزەیى کوردتان نەبینى خۆمن کەسێک بوم لەئێوە دابڕام لەبەر تەمەن بچوکى خۆزگە دانەبڕام چونکە ئەوەى ئێمە دەبینین ئێوەش بتاندیبایە سوپاسى خواتان دەکر کە بەدەستى سەدام بەکوشتى داون نەک بەدەستى حزبى بەناو شۆڕش گێڕى کورد دەزانم کوشتن بەدەستى بەعسیەکان خۆشترە نەک بەدەستى چەپەڵى زۆڵە کوردێکى بێویژدانى کەلە پوچ.
گەر بزانن جاشەکانى ئەنفال چەندە بەختەوەرن بەپلەو پایەو سامانیان بەهۆى ئەو سەرکردەو حزبەى ئێوە لەپێناوى فەوتان هەرگیز ڕێگەنادەن ئێسک و پروسکیشتان بێنەوە وڵاتى جاشستان ، باگۆڕەکانتان هەربەکۆمەڵى بمینێتەوە لەعەرەبستان و مەڕو ماڵاتى عەرەببو شوانکارە پێخواسەکانى عەرەب بەسەرتانکەون گەلێک باشترو شەریف ترە لەبەسەرکەوتنى تایەى ئۆتۆمبیلێکى مۆنیکاى کۆنەجاش و بەعسیەکانى پێشان و بەرپرسى تایبەتەکانى ئێستا، ئەى شەهیدە سەر بڵندەکانى ئەنفالم نەک تەنها من بگرە هەرکەسێک وەک ئێوە ئاسا دوژمنى بەعس و جاش و عەلقە لەگوێکانى بەعس بوبێ خۆزەکە دەخوازێ ئەمڕۆى بەچاوى خۆى نەبینیایە کە بەناوە دەسەڵات حکومى کوردەو لەبەرهەموو خەباتى پێشمەرگەوەیە کەچى سەردەمى لە جاش پاڕانەوەیە سوێند بەخوا دەیان جار هەوڵم داوە بۆ دامەزراندن لەحکومەتى بەناوکوردیەکەى خۆمان کەچى دانەمزرام لەبەر ئەوەى دەست کورت و هەژاربوم و واستەم نەبو خەباتى جاشایەتی و فایلى ئەستورى هەزار پەڕیم نەبوو.
پاش ڕاپەڕینیش دەساڵ لە دێهاتەکانى پاش ئەنفال شینایی کشتوکاڵم کرد تەنیا دنکە تۆیەک یان یەک فەردە کیمیام وەرنەگرت چونکە نەچومە ماڵى بەڕێوەبەرو کاوڕو گیسکم بۆ نەبرد کەچى ئەوانەى شیناییان نەدەکرد و ئاژەڵداریان دەکرد مەکینەى ئاو و پەین و تۆى کشتوکاڵیان وەردەگرت چونکە کاوڕو گیسکیان بۆ بەبەڕێوەبەرى کشتوکاڵى ناحیەکەى گوندەکانمان دەبرد.
ئەى شەهیدە سەربڵندەکانى بەناو ئەنفال لەم سەردەمەى ئێستاى کوردستان زۆرن ئەو خەڵکانەى دڵشکاوى دەسەڵاتى حزبى کوردین ، ئەى شەهیدە سەربڵندەکانى ئەنفال دڵنیابن خەڵکێکى زۆرى کورد هەن لەم کوردستانا زۆر بەناچارى دەژین دەنا حەزناکەن لەپاش مردنیان لەکوردستان بنێژرێن چونکە هەر جاش و جاش ئاساکانن پیرۆزى ئەو خاکەیان نەهێشت ، بۆیە جگە لەئێوەى بەڕێزو سەربڵند زۆرێک لە گەنج و لاوى ئەم کوردستانە لەئێوە دوورتر سەریان هەڵگرت لەداخى کاربەدەستانى ناعەدالەتى کوردستان لەدەریاى ئیجە خنکان و بونە خۆراکى قرشە برسیەکانى دەریا، بەڵام هێشتا باشترە لەوەى لەکوردستان بەزیندویەتى بێڕێزو سوک و بێنرخى بەرچاوى بەرپرسان بیت، دەسەڵاتەک خزم خزمۆکێ بکاو واستەو بەرتیل و ماستاو گرتنەوە ئامرازى نزیک بونەوە بێت لەدەسەڵات توخوا هەزارجار مردن خۆشترنییە لەژیانى ژێر ئەوجۆرە دەسەڵاتە بۆ بەدڵ دەڵێم خۆزگە لەشاڵاوى بەناو ئەنفال ئازاد نەکرابایەم بەڵکو پلەى بەرزى شەهیدیم بەقسمەت دەبوو و ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و ناعەدالەتیشم نەدیبایە.
|