٢٥\١٢\٢٠١٤
خۆزگە وڵامی ئەم
پرسیارەم زانیبایە!

سوارە کەمال
دەستێوەردانی وڵاتانی دهوروپشت و زۆرێک لە زلهێزانی دنیا لە نێوخۆی
هەرێـمی کوردستان ، لە ئێستادا هەر ناوێکی لێنرابێ ، لای بەشێکی
بەرچاوی خەڵکی کوردستان نەشاراوەیە کە پێش هەر شتی لەپێناو دەسکەوتی
زیاترو پاراستنی بەرژەوەندی دەستێوەردەرانە . دیارە ئەم بۆچونە نوێ نیە
، کە هەردەم رێژەی دەستکەوت ، هاندەرو فاکتەری سەرەکیە لە دیاریکردنی
شێوازو جۆرو قەبارەی ئەو دەستێوەردانە . کەواتە ئاساییە بە نەمانی
قازانج ، وڵاتی دەستێوەردەر وڵاتی دەستێوەردراو پشتگوێبخاو جێبهێڵێ .
ئەگەر لە سەر ئاستی جیهاندا ئەمریکا بە نمونە بێنینەوە ؛ دەبێنرێت
بەلایەوە ئاساییە بووە پشت لە دۆستەکانی بکات ، شاهنشای ئیران ، حوسنی
موبارەک ، سەدام حسین ، کە هەشت ساڵ پشتوانیانکرد لە شەری دژ بە ئێران
، و لێدانی ئیسلامیەکان لە ئەفغانستان ، پاش ئەوەی چەندین ساڵ شەریان
پێکرد دژ بە سۆڤیت و...هتد بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن .
بەڵام ئەوەی جێگەی تێرامان و قسە لەسەرکردنە ، وێرای درککردنی
سیاسەتوانانی کورد بەوەی کوردستان بۆتە گۆرەپانی ململانی نێوان
ئاینەکان ، ئاینزاکان ، روسیا و ئەمریکا و..هتد کەچی نەک بیریان
لەدانانی سنور بۆ دەستێواردانی دەرەکی دانەناوە ، بەڵکو حزبەکانی
باشوری کوردستان هەر یەکەیان بەپێی پێگەکەی لە رکەبەرایەتی یەکتردان بۆ
سازدانی زەمینەی باشتر بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی ، ئێران و تورکیا
و..هتد ، لەو نمونانەن کە پێویستیان بە هێنانەوەی بەڵگە نیە .
دیارە کوردستان لە دۆخێکدایە ، ئاسان نیە ئاستەنگی لەبەردەم
دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی دروستبکات ، بەڵام تەندروستش نیە ، بێ
بیرکردنەوە لە داهاتووی دوور ، هەموو خواست و ویستەکانی گرێبدات بە
کۆمەکی دەرەکی ، چونکە رێگەدان بە هەر دەستێوەردانی ئەگەر ئەرێنیش بێت
، بێ دەرکەوتەی نەرێنی نابێ ، بۆ نمونە بەهۆی پشتوانی ئەمریکا بۆ هەرێم
و ژمارەیەک فاکتەری تر ، لەمرۆدا جگە لە دەوڵەتی ئیسرائیل ( ئەویش لە
گوتاردا وەک دۆست خۆی نیشانداوە ) وڵاتانی ڕۆژههڵاتی ناوین ، وێرای
خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ئەم دیڤاکتۆیەی کوردستان ، سەرجەمیان بوونی
پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان ، بەمەترسی سەر بەرژەوەندیەکانی خۆیانی
دەزانن .
ئهوهی لێرهدا دەمەوێت قسەی لەسەر بکرێت ؛ دۆزینەوەی وڵامی پێویستە
بۆ چۆنیەتی بەرخوردکردن بەرانبەر بە هەر پێشهاتێکی نەرێنی .
ئایا دەرهاوێشتەو دەرکەوتەو لێکەوتەی پاش " کزبوونەوەی " شەری داعش ،
لە بوارە جیاجیاکان لەوانە : کۆمەڵایەتی ، سایکۆلۆژی ، ئەمنی ، سیاسی ،
سەربازی و ئابووری ... چین و چۆنیان چارەسەر دەکەن؟
دیارە قسەکردن لە لێکەوتەو دەرکەوتەکانی پاش شەر ، بە هۆی پێکهاتەو
کلتورو سیستەمی وڵاتانی ناوچەکە هێندە ناتەندروستە ، زۆر ئاساییە ١٤+
١٥ بکاتە سفر !.
ئەو پرسیارەی خوازیارم وڵامەکەی بزانم ئەمەیە : ئایا تەنها پشبەستن بە
فاکتەرە دەرکیەکان ، کورد دەگەینێتە جێگای مەبەست؟
یەکێک لەو رێگا قەدبڕانەی کار ئاسانی دەکات بۆ بەدەستهێنانی وڵامی ئەو
پرسیارە ، خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی کردەو بەرئەنجامەکانی رابردووە.
بەپێی شرۆڤەو لێكدانەوەی ئاماژەکانی پشت دیکۆمێنتەکانی چەند سەد ساڵی
رابردوو ، دەرکەوتووە تەنها پشتبەستن بە فاکتەرە دەرکیەکان
سەرئەنجامەکەی هیچ بەدەست دەبێ ، بۆ نموونە : لە پاش شەری چالدیران
(١٥١٤) وە تاکو ساڵی ١٩١٧ کورد بەشێوەی جۆراجۆر سەرجەم هیواکانی
بەستووتەوە بە فاکتەرە دەرکیەکان ، دەبینرێت زیاتر لە ٤١٥ ساڵ
فریوخواردووی دەستی سەفەوی و عوسمانی بووە ، دیارە ئەودەم هەر
پاساوێکیان هەبووبێت ، لێرەدا قسەی تیاناکەین ، چونکە ئەوەی لەمرۆدا بۆ
گەلی کورد گرنگە بەرئەنجامەکەیەتی ، کە پێمان دەڵیت بریاربەدەستانی ئەو
سەردەمە ، لە گەمە سیاسیەکاندا سەرکەوتوو نەبوونە . دیارە لەو مێژووەش
بەدواوە سەرکردەکانی کورد لەسەر هەمان رێچکەی رابردوو بەردەوام بوونە ،
کارەساتی ساڵی ١٩٧٥ یەکێکە لەو وانانەی دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی
بەتەنها پشتبەستن بە کۆمەکی دەرەکی ، بەواتای خۆدانە دەست قەدەرە ،
کەچی پاش ئەو هەموو ئەزموونە بەرپرسانی حزبە دەسرۆشتوەکانی باشووری
کوردستان بەردەوامن لە خۆ بەستنەوە بە سیاسەتی حکومەتە دەرەکیەکان ،
شەرەکانی ئەم بەشی کوردستان لەگەڵ ئەوی دی ، تێڕوانینی نەرێنی
لایەنەكان بۆ یەکترو جیاوازبوونی هەڵویست و بۆچوونیان بەرانبەر بە
وڵاتانی ناوچەکە ، گەواهی ئەو وابەستەبوونە پشتراست دەکەنەوە.
ئەوەی بۆتە خۆزگەو خوازیارم وڵامەکەی بزانم ، ئەمەیە : لە ئێستادا
شێوازو جۆری دەستێوەردان و پشتوانی وڵاتانی دەرەکی ، حکۆمەتی هەرێمی
هاویشتووتە نێو گەمەیەکی سیاسی زۆر گەورەوە ؛ ئایا بە نەمانی ئەو
پشتوانیە ، چارەنوسی باشووری کوردستان چی بەسەر دێت ؟ تۆ بڵێت
دامەزراوە پەیوەندارەکانی هەرێم بیریان لێکردبێتەوە و نەخشەو پلانیان
بۆ هەر پێشهاتی هەبێ ، یان ئەم جارەش داویانەتە دەست قەدەر؟
swarekemal@yahoo.com
|