په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٠\٢٠٢٢

خۆزیە ''لاست ئەمین''یش ئەڤینداریی بە داو نەدەزانی!

دارا خونچە       

''لاست ئەمین'' هەر کێیە و هەر شتێکە.. نایناسم، ئەمن بە کورتیی لەسەر لایەنی هزریی ''دەق''ەکەی دەدوێم و ئەوەش دەهێنێ.

خۆزیە ''ئۆشۆ'' هێندەی ''کەر'' رەوشت بەرز و بە ئاوەز بووایە.. ئەو کات هەرگیز هێرشی نەدەکردە سەر ئاژەڵ. وا بزانم پێویست ناکا لە سەردەمی ئێستا بە ''بەزم و رەزم''ی گەڕەلاوژێی ئۆشۆ هەڵبپەڕین و ئاشقبوون - گۆڕینەوەی خۆشەویستیی و بنیاتنەری ژیان - بە نەزانیی و بێ هۆشبوون بزانین و هاوکاتیش ئەو نەزانیی و بێ هۆشییە بکەینە رق و بە بەستەزمانەکی بێوەی دابڕێژین!

چەند سەیرە ئەوهای پێشان بدەی خەریکی دەقێکی وێژەیی دەنووسی کەچی لەو زمانە زەنگینەی کوردی پەنا ببەیە بەر واژەی ''ئیستحمار''! (زۆرم پێیە لەسەر زمان و خاڵبەندیی و رێنووسی دەقەکەی لێ لێرە دەرفەتی ئەوە نییە).

دەستخۆش کە وەهای تێدەگەی لە ''حیزب و ئاین و ئاینزا'' رزگاربووی.. لێ لە نێو هەر ''فەرهەنگ و دابونەریت''ێک باش و خراپ بە شێوەیەکی رێژەیی هەن تەنانەت لە نێو فەرهەنگ و دابونەریتی خۆسەپێنەر و باویش هێندەکی باشی هەر تێدایە و گشتگیریی لێرە زۆر خراپە.

سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا، بێجگە لەوانەی گرفتی دەروونیی لەڕادەبەدەریان هەیە هیچ کەس نییە بێ ئایدیۆلۆژیا بی جا ئەرێنیی یان نەرێنیی.. وەهای دەبینم هەر خودی ئەو دەربڕینانەی ئەویش ئایدیۆلۆژیان لە جۆرە نەرێنییەکەی.

گەللەک ئاساییە برالە کە تۆ ئارەزووت بە تاڵە رەشەکانی مرۆڤێک دەبزوێ! ئەگەر دەرفەتت دابا یا راسترە بێژین ئەگەر پیاو دەرفەتی دابا و نێرسالاریی قرچوبڕ بکردبا ئەوە ژن نەیدەهێشت بە دەست ئارەزووەکانت گرفتار ببی هاوکات ئەویش بێ کێشە ئارەزووەکانی خۆی جا بە تاڵەکانی سمێڵ و ردێنت با یان بە هەر تاڵێکی دیکەی بەبڤەکراو هەیە دادەمرکاندەوە.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش تۆ بێی داوی درۆ بە تاڵە ئارەزوو ورژێنەرەکانەوە بچووێنی و وابزانی ئەڤینداریی پێویستی بە ئاگایی و تەڵە تەقاندنەوە هەیە، ببوورە.. ئەوەیان هەر زۆر نابەجێیە!

تکایە ئەڤینداریی تەنێ پێویستییەکی گیانیی و جەستەیی مرۆڤەکانە و هەر بە ئەڤینداریی وەریبگرە و هیچی دیکە، ئەگەر حەسرەتگەلێکیشی تێدا هەیە کە مرۆڤ خۆی دروستیاندەکا ئەوە دەتوانی بە دەقی جوانناسیی بیتەقێنیەوە نەک پەنا ببیە بەر ''ئۆشۆ''ی هۆشی بەسەرچوو و بە سووک و بە خراپ پێشانی بدەی.

 

لە کۆتاییشدا دەبێژم لەگەڵ رێزم بۆ ماندووبوونی هەر کەسێک بە هەر دەقێکەوە کە دەینووسێ، بەڵام ئەگەر ئەو برادەرە ئەو دەقەی بە ناوی هۆنراوەوە بڵاوکردۆتەوە ئەوە پێویست ناکا لەسەری بدوێین، چونکێ لە کنە من هۆنراوەی دوور لە هونەری جوانیی وەدواداچوونی گەرەک نییە.
__________________________________________
دەقی نووسینەکەی کاک لاست:
وا كەوتومەتە داوی درۆی بەڵێنەكانتەوە
‎ئۆشۆ ئەڵێت؛
‎ئێمە كە عاشق ئەبین ”كەر” ئەبین
!‎تەمبێش نابین
‎ئەم كەرێتییە،
‎چەندین جار لە ژیانمان سەد بارە ئەبێتەوە
‎ئاخر
‎بۆ ئەوەی لەزەت لە ژیان ببینن
‎ئەبێت چێژ لە ئیستیحمارییەتمان ببینین..
‎من،
‎لە داوی ئەستوورو فێڵاوی هەرچی
حیزب،
‎ئایدۆلۆژیا
‎ئایین و مەزهەب
‎كولتوور و داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانە
‎خۆم ڕزگار كردووە..
‎كەچیی،
‎ بەو هەموو ئاگاییەمەوە
‎بەو هەموو هونەری تەڵە تەقاندنەوە
‎هەر زوو زوو ئەكەومە داوی تاڵە ڕەش و نەرمەكانی چواردەوری ناوك و گۆی مەمكی
‎ژنێكەوە!

 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک