٩\١٢\٢٠١٦
خودا دار
.

سمکۆ ئەحمەد
لە دامێنی دۆڵێکدا
لە نێو دارستانێکی چڕدا
گوندێك هەبوو
زۆر قەشەنگ بوو
وەلێ غەمگین بوو
لە نێو دێڕی دارستاندا
خودادارێك قنج وەستابوو
دەستی لە بنمیچی ئاسمان و
و نینۆكی قاچی
لە ناوکی زەوی هەلچەقابوو
پیرانی دێ پشتاوپشت
چیرۆکی پیرداریان
لە گوێ ئاگردان باس دەکرد
دەیانوت خودادار تەمەنی
بۆ هەزاران ساڵ زۆرتر دەچێ
گوایە لە سەردەم زوحاکیشدا
بوونی هەبووە
کە تووڕە بووە
گوڵی شەرابیی گرتوە
باڵای پیردار
لە هەموو
ماڵ و دار و گردەکانیش
بەرزتر بوو
ماڵی گشت باڵندە کۆچەرییەکان
باڵی گشت داڵە کەرخۆرەکان
لەسەر لەپی دەستی ئەو بوو
گشت دارە بەرزەکانی گوند
ئیرەییان دەبرد
بە باڵای ئەو
گشت پیاوە کورتەباڵا زەنگینەکانی دێش
چاویان بە باڵای ئەودا نەدەهات
نەیاندەتوانی راوی کەن
بیبەنە نێو باخە تەلبەندەکانی خۆیان و
دەستەمۆی کەن
ئاغای دێ زۆر داخی بوو
هیچ مەلێك بە باخی ئەو
رازیی نەبوو!
کۆترە پەڕ لە پیکانیشی
باڵی عەشقیان
لە قەدوپۆپی ئەو هەلدەسوو
بۆیە ئاغا بڕیاری دا
خودادار لە تەور بدا
تا مەلەکان چیتر
لەسەر لق و پۆپی بەرزی ئەودا
ماچی خۆیان نەدەن بە خودا
تا بەرزترین دار
ببێتە دارەکەی ناو باخی ئەو
تا مەلەکان ناچار بکا
کۆچ بکەن بۆ ماڵی ئەو
هەر ئەو رۆژەی پیاوە کورتەباڵاکان
بە تەور و مشار
گرتیان چواردەوری ئەو
دەڵێن خودادار توڕە دەبێ
سەرتاپای خۆی
لە گوڵی شەرابیی هەلئەژەنێ
لە جێ دەمی هەر تەورێکدا
لە ژێر دانی هەر مشارێکدا
جۆگەیەک خوێنی شەرابیی هەلئەکا
گشت دارە لاوازەکان
گشت باڵندە نەخۆشەکان
چارە دەکا
لەگەڵ کەوتنی خودا داردا
ئەڵێن ئاغاش پیس کەوتوە
حەکیمی دێ پشکنینی دڵی بۆ کردوە
ئەڵێ گوایە لە ژێر دڵی ئاغا
دڵێکی تەختەش ڕواوە
پێ دەچی دڵی خودادار بێ
هەردوو قاچیشی بۆتە تەختە
ڕێك لەو تەختەی پیردار بووە
لەو کاتەوە
هەموو شەوێك خەونی ئاغا
مێژووی کۆنی خودادارە
ئەڵقە ئەڵقە پێی دەبینێ
سەردەمی زوحاك و کاوە
سەرەتای دروسبوونی لادێ و
چیرۆکی گشت باڵندە
کۆچەرییەکان
لەگەڵ هەر برووسکەیەک لەوی دابێ
ئاغاش برووسکە لێیداوە
بوومەلەرزە و لافاو و شەڕ
چیرۆکی ماچ و عەشقی دڵتەڕ
مێژووی هەزاران ساڵ
لە چاوی دار
پێش لەدایکبوونی ئاغاش
هەموو شەوێ
ئەلقەیەکی نیشان ئەدا
کە دەخەوێ.
* *
* * *
ساڵ هات و چوو
ئاغای لە قاچ کەوتوو
نەیبوو چارەی قاچی تەختەی
نەیما خەو و ئاسوودەیی
دەڵێن گوایە لەگەڵ هاتنی
پۆلێ باڵندەی کۆچەریی
عاشقی کۆنی پیردار
لەسەر تەختەی قاچی ئاغا
چرۆی کردوە گوڵی شەرابیی.
٢٠١٦
ماڵپهڕی سمکۆ ئهحمهد
|