په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٣

خودێکی مرۆییانە و پرسیارە گەورەکان!


رێبین شەریف     


ئەم نوسینە رانانێکی خێرایە لەسەر کتێبی (عەشق نائومێدییەکی خۆشە) ی (گۆران ڕەئوف).

سەرەتا دەمەوێت بەکورتی لەبارەی ئەزمونی شیعرنوسین بدوێم لای گۆران ڕەئوف، ھەڵبەت گۆران ئەم کتێبەی یەکەمین بڵاوکراوەی شیعرییەتی بەشێوەی کتێب، کەپاش نوسین و بڵاوکردنەوەی چەندان تێکستی ئەدەبی لە ژانرەکانی دیکە، وەک بڵاو کردنەوەی دو ڕۆمان بەناوی زستانێکی پڕ نھێنی لە ساڵی ٢٠٠٧ و راستییە درۆزنەکان لە ساڵی ٢٠٠٩ ھاوکات بڵاوکردنەوەی چەند چیرۆکێک لە گۆڤار و بڵاوکراوە ئەلکترۆنییەکان، کە کەم تا زۆر گۆران ی ناساند وەک گەنجێکی تایبەتمەد.. ئەوەی بۆمن گرنگە لێرەدا بیخەمە روو قسەکردنە لەسەر ئەزمونی شیعری گۆران لەم بەرھەمەیدا، یاخود خوێندنەوەیەکی سەرپێیانەیە بۆ شیعرەکانی ئەم بەرھەمەی کە رەنگە بونی ئەم دەسپێکەی باسمکرد لە ئیشکردنی ئەدەبی گۆران، ڕۆڵی تایبەتی ھەبێت لەسەر ئەم ئەزمونە شیعرییەی.

(زاڵبونی زمانی گێڕانەوە) خەسڵەتێکی زۆر دیاری شیعری نوێ لەم کتێبەدا!


ئەگەر بە قوڵی و بەوردی سەرنج لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە بدەین، بە ئاشکرا تایبەتمەندی و جودایی کارکردنی گۆران ھەستپێدەکەین لەم شیعرانەیدا، مەبەست لە جودا کارکردن بەو واتایە دێت کە گۆران لە یەکەم ئەزمونی شیعریدا توانیویەتی بە تەواوی خۆی بێت و توانیویەتی وێنەیەکی پڕاوپڕی خودێکی لێوانلێو لە گۆرانمان بۆ وێنابکات، کە ئەمە لە بۆخۆی وادەکات تێکستەکانی ھەرچی بن بتوانین بیانخوێنینەوە لەسەریان بوەستین..


دەگمەنە کەسێک ھەبوێت بنوسێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری نوسەرێکەوە، من نامەوێت لێرەدا ئەم نوسینە تەرخانکەم بۆ قسەکردن لەسەر ئەو کاریگەریانەی بەسەر ئەم کتێبەوەن، بەڵکو دەمانەوێت بەشێوەیەکی گشتگیر لەبارەی تایبەتبون و تاکێتی گۆران ەوە بدوێین.


خەسڵەتی گێڕانەوە لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبەدا یەکێکە لەو خاڵانەی کە ھەر لەسەرەتاوە دەتوانین ھەستی پێبکەین و چێژێکی تایبەتیمان پێببەخشێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەزمونی نوسینی گێڕانەوە لای گۆران ڕەئوف، کەلە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا.. تەواوی شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە سەرڕێژە لە گێڕانەوەیەکی چیرۆکئامێز و دارامایی کە خوێنەر زێدەتر ھەستدەکات لەنێو چرکەساتێکی شانۆیدایە، ھەسدەکات لەپشت ھەر دێڕێکەوە گرێیەکی چیرۆک ھەیە و لە ھەر شیعرێکدا چیرۆکێک یان دوان زیاتر بونی ھەیە.. لە بەشێکی زۆری شیعرەکاندا پەلدەھاوێت بۆ وێنەگەلێکی سینەمایی وەک لەم شیعرەیدا بەدی دەکرێت:
چرکەکانی بەر لە مردن!

١
ئەمڕۆ پیاوە بستەباڵاکەم بینی!
٢
بەھێواشی بەسەر پلیکانەکاندا
دەڕۆی.
٣
لەگیرفانی پاڵتۆکەیدا
نامەیەک کەوتەخوارەوە!
٤
نامەیەک پرشنگی درۆکانی
مەستیکردم!
بۆنی وشەکانی
ئەوەندەی گەمژەیی
بە ناچار ھاوڕێکەم
بۆگەنبوو!
٥
دەنگی ھەناسەی ئەو نامەیە
لەھەوا توڕەکانی
بەفر سادەتربوو!
٦
"ئەم عەسرە لە باخچەکەی
نزیک ماڵتان خۆمەکوژم!!"
نامەکەی ئەمەی تێدا نوسرابوو.


لە شیعرەدا ئیشکردنێکی زۆر تایبەت و نوێ بەرچاودەکەوێت لەڕوی تەکنیک و وێنە فیلمئامێزەکانی نێو ڕستەکان، ھاوکات گەر ودتر تەماشابکەین دەبینین جۆرێک لە چیرۆکی مەنەلۆگ دەبینین لەنێو ئەم شیعرەدا کەلەسەرەتاوە تاکۆتایی وادەکات لە خوێنەر چاوەڕوانی ڕوداوێکی زۆر چاوەڕواننەکراوبێت و دواتر و لە کۆتایی شیعرەکەدا وەک کۆتایی چیرۆکێک دەگاتە ئەنجام!


ئەمە بەدەر لەو واتاسازییە رەشبینانەی لە تەواوی شیعرەکانی نێو ئەم کتێبەدا ھەستی پێدەکین، کە دەکرێت لە نوسینێکدا دیکەدا ئاماژەی بۆ بکرێت و قسەی لەبارەوەبکرێت، بەڵام بەگشتی گۆران باس لە بێھودەییەک و یاخیبونێکی زۆر قوڵ و ئینسانیانە دەکات لە بەرامبەر ژیان و گەردوندا، ئەمەش لە شیعری (پاوێک ھێشتا ھەر چاوەڕوانە) و (بەلەمی خنکاو) و (٢١ ساڵ و شەش حەوت مانگ) و (جیھانەکانی ناوەوەم ئازارمەدەن!)... دا بە ڕونی بەدی دەکرێت کە چەندان پرسیاری گەورە و فەلسەفی قوڵ دەھەژەنێت و بیری خوێنەری دەخاتەوە، یاخودا پرسیارگەلێکی نوێ دەخاتەڕوو کە ھەستدەکرێت پڕاوپڕ وێنەیەکی تایبەتە و خوڵقێنراوی گۆرانە.

وێناکردنی خودێکی سەردەمیانە و ئیشکردن بە کەرەستەی نوێی شیعری..

ئەمەش یەکێکی ترە لە سیما دیار و بەرچاوەکانی شیعرەکانی نێو ئەم کتێبەی گۆران ڕەئوف، کە دەکرێت وە خالێکی بەھێز نەمر تەماشابکرێت لە ئەزمونی نوسین و شیعری نوسەردا، گۆران لەم شیعرانەیدا وێنای خودێکی ئینسانی نوێمان نیشان دەدات، ئەو کە باس لە وێنەیەکی مرۆڤ دەکات، نەخشە بۆ نیشاندانی خودێکی ئاڵۆز و قەرەباڵغ دەکێشێت، کە ڕەنگە ئەم ئاڵۆزییە بۆ بەشێک لە خوێنەران ببێتە مایەی وەڕسی و نەتوانن وەک خۆیان چێژ لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە ببینن، ئەمەش دەلالەتە لەبۆ تێڕوانینی و ئەو گۆشەنیگایانەی گۆران لێیەوە تەماشای ژیانیان پێدەکات، دەلالەتە بۆ دەرخستنی جیھانبینی و ئاستی ڕۆشنبیری شاعیر، کە ئەمەش حەقێکی زۆر ئاسایی شاعیرە چ جۆرە کۆد و گرێیەک لەنێو تێکستەکانیدا دروستدەکات، وەک دەبینین کاری گۆران تەنھا پەیوەست نەبوە بەو زەمەنی تیایدا دەژی بەڵکو ھەولێدا سنتەری شیعرەکانی مۆرێکی جیھانیانە وەربگرن، کەئەمەش لای زۆرێک لە شاعیران و نوسەرانی پێشو و ئێستاش بونی ھەیە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ خود، گەڕانەوەیە بۆ بنەڕەتی مرۆڤبون و بەھا و چەمکە ئاڵَۆزەکانی ئینسان لە ھەر جێی و کاتێکی ژیاندابێت.


بەشێکی تری ئیشکردنی گۆران لەم ئەزمونە شیعرییەدا ئەوەیە کە خۆی بەدور گرتوە لە شێوە و قاڵبی شاعیرانی پێش خۆی، گەر وردتر بڵێین جودایە لە شاعیرانی چەند دەیەیەک پێش خۆی کە ئێستا خاوەن ناوبانگ و کاریگەری بەرچاویان ھەیە، بەڵکو ھاتوە بە فۆڕمێکی تایبەت و نوێوە کڵێشەی شیعرەکانی خۆی کێشاوە کە ئەمەش بۆ گۆران چاوەڕوانی ئایندەیەکی گەشی لێدەکرێت.

بەشگتی ئەو سیما تەواو مرۆییەی کەلەنێو ئەم کتێبە شیعرییەی گۆران دا ھەستیپێدەکات وادەکات بڵێن ئەم کتێبە دەکرێت لە ھەمو زەمەنێکدا و لەھەر شوێن و ساتێکدا بەردەستی ئینسان بکەوێت، بخوێنرێتەوە و توشی ڕامان و پرسیارمان بکات، ماوەتەوە بڵێن دەستخۆشمان بۆ ئەو گەنجە ھەیە کەتوانی لەیەکەم ئەزمونی شیعری خۆیدا بەجۆێکی تر بمانبات بەرەو پرسیارە گەورەکان و دیدگای نوێمان نیشنابدات لەمەڕ نوسینی شیعری نوێوە.
 

 

hashtkwnje@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک