١١\٤\٢٠١٧
خودی
رێگەش، باوەڕی بە هەنگاوەكانتان نەماوە!!

ئەرسەلان مەحمود
میللەت لە قەیران و، مەترسیەكانی قڕبووندا دەژی،
حیزب و حیزبیەكانی شعور و
لاشعوری ختووكە دەدەن، وەك ئەوەی بارانی ئەم هەموو نەهامەتییە،
لەئاسمانی ناپاكی و بێباكی ئەوانەوە نەهاتبێتە خوارێ، وەك ئەوەی سەری
زاتی تاكبەتاكی ئەم خەڵكە، لەڕێگە بەرەو خودكۆیلەگەی و ملهوڕی ئەوان
نەیپەڕاندبێ!!
خاك، سەرخانەكەی پەرتكراوە، ژێرخانەكەی فرۆشراوە، یەكێتیی نەتەوەیت نیە،
ئیرادەیەكی یەكگرتووی سیاسی و میللیت نیە، دەستورت نیە، پارلمانت نیە،
ئازادییە سروشتییە فەردییەكانت نیە، مافە بنەڕەتی و سەرەتاییە
زاتییەكانت با بردونی، سەروەری یاسا گێژەڵوكەی عورفگەرایی لێیداوە،
دادگاكانت بەشتە بچوكانەوە خەریكن، فەلسەفەی پەروەردەو خوێندنت كەس نیە
بزانێ لەكوێ ئاو دەخواتەوە، لۆبیت نیە، كەچی دەهۆڵی ڕیفراندۆم و
سەربەخۆیی دەكوتن!!
گەر ڕاست بێژن، ژیانی دەوێ ئەم خەڵكە، بەر لەهەر شتێك ژیانی بدەنەوە،
بەر لەهەر شتێك سەربەخۆیی زاتی بدەنەوە، پاڕلمان و حكومەت لەخۆیدا
چالاك و ئەم بارودۆخە مەترسیدارەی ئاسایی بكەنەوە، ئەوسا نەلەڕوی
نێودەوڵەتی و، نەلەنێوخۆی وڵاتیشدا، پێویست بەم لوتفە زۆرو بۆرەی ئێوە
ناكات، عەزییەت بكێشن و بۆیان كۆببنەوەو، جاڕی سەربەخۆیی نەتەوەیی و
نیشتمانیان بۆ بدەن.
ئەمە پرسێكە بەخەڵكانی خاوەن بەندەو خودكۆیلگەر نایەتە دی، بەو سەرانە
ناكرێت لەئەزەلەوە ئەسری درۆكانی خۆیانن، ئەوەی ئێوە بەمیللەتەكانی
دەكەن، كەس بەكەسانی هاونەتەوەو نیشتمانی خۆی نەكردوە، خودی ڕێگەیش
باوەڕی بەهەنگاوەكانتان نەماوە، لەڕاستیدا دنیا پێتان پێدەكەنێ، چونكە
هۆكاری هاتنە ئاراوەی نەهامەتییەكانی سەر ژیانی ئەم خەڵكە ئێوەن، ئێوەی
ترساو لەئازادی، ترساو لەخۆبەخاوەندارێتیكردنی خود، ترساو لەسیستم و،
پرەنسیپە دیمۆكراسیەكان، ئەم زوڕنا ژنینەتان لەچییە!!
ئەم كوردە، هەرگیز كێشەی لەگەڵ ڕیفراندۆم و، سەربەخۆیی وڵاتەكەیدا
نەبووەو نییە، خەونی لەمێژینەیەتی، لەگەڵیدا گەورە بووە، قوربانی زۆری
لەپێناودا داوە، ئەوەی ئێوە دەیكەن لەواقیع و لەحەقیقەتدا، بۆ
گۆڕینەوەی ئەو خەونە جوانەیە بەخەم و خەونی ژیان!!
برسیكردنی میللەت، زەوتكردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانی خەڵك، یەك
ئەنجام و ئامانج دەداو دەپێكێت، ئەویش لەگۆڕنانی سەربەخۆیی زاتییە،
چجای سەربەخۆیی مەوزوعی، ئا لەبەر ئەوە كێشەی خەڵك لەگەڵ ئەو دیوی نیەت
و مەرامە ئەهریمەنیەكانی ئێوەدایە.
ئێوە چیتر مافی ئەوە بەخۆتان مەدەن بەناوی بەرژەوەندەییە گشتییەكەو،
چاكە گشتییەكەو، ئاڵاو، باڵای نەتەوەو، ئەم چەمكە بكوژو قۆڕانەوە، قسە
بكەن، ئەگەر ئەم كوردستانە هێشتا جوانە، ئاوەكەی هەر كەوسەرو خاكەكەی
هەر گەوهەرەكەی جارانە لەزیهنیەتی خەڵكەكەیدا، هێزو فەزڵەكەی لەسروشت و
ژینگەكەوەیەتی، نەك هێزو فەزڵ و كاریگەرییەكانی ئێوە.
كاری خەڵك، پەیبردن نییە بەنهێنیەكانی ئەودیوی هەڵبژاردن و دەنگدان،
ئەوان دەیانەوێ لەباخیكدا بژین و لەودیوی داناییەوە دەوارێك هەڵدەن،
ئەوان جوانی لەسادەیی و خاكیبووندا دەبینن، تادەستیان بەنەشئەی گەڵایەك
نەشۆن، ناچنە سەر خوان، مەیانخەنە گۆماوی ئوینبازی و خیانەت
لەدەنگەكانیان مەكەن.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|