٢١\٢\٢٠١٤
خولی دووەمی یاری
جنێف ٢ بێ بەشداریکردنی کورد دووبارە بێ ئەنجام بوو.

فوئاد
زیندانی
ڕۆژی ١٠.٠٢.٢٠١٤ خولی دووەمی کۆبوونەوەکانی جنێف ٢، بەسەرپەرشتی ئەخزەر
ئیبراھیمی نوێنەری بانکیمۆن سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و
بەئامەدەبوونی ھەردوو نێردەی حکومەتی سوریا و ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی
سوریا دەستیپێکردەوە.
پێش دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی خولی دووەم، ئەحمەد جەربا سەرۆکی
ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ٠٤.٠٢.٢٠١٤ سەردانی ووڵاتی ڕوسیایکرد،
زانرا ناوبراو لە مۆسکۆ دەربارەی تیرۆر ڕایگەیاندبوو: ڕاستە تیرۆر
لەسوریا ھەیە، بەڵام (بەرەی نوسرە)ی گرێدراوی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە
تیرۆریست نییە!!
شایانی بیرھێنانەوەیە لە بابەتی پێشووماندا کە بەناونیشانی (جنێف ٢:
ئۆپۆزسیۆن ھاوشێوەی ڕژێمی سوریا پڕۆژەی نییە بۆ کورد) بڵاوکرایەوە ،
ئاماژەمان بەوە کردبوو کە ھەندێک لەو لایەنانەی لەکۆبوونەوەکانی جنێف ٢
دا بەشدارن، باڵی سیاسی ئەو ھێزە تیرۆریستیانەن کە ڕۆژانە ھێرش دەکەنە
سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو ڕاستیەش لەلێدوانەکەی ئەحمەد
جەربا پشتڕاستکرایەوە کەلەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە! لەسەر ھەمان مژار
(ئەنەس ئەلعەبدە) ئەندامێکی نێردەی دانوستانکاری عەرەبی سەربە
ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ١١.٠٢.٢٠١٤ ڕایگەیاندبوو : بەرەی نوسرە
جیاوازە لەگەڵ داعش لەبەرئەوەی بەرەی نوسرە خۆی بەبەشێک لەشۆڕشی سوریا
دەزانێ ، ھیوادارین بەرەی نوسرە (بەیعە)ی خۆی لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە
بکێشێتەوە!!
داعش و بەرەی نوسرە کە گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن ،
لەلایەن ژمارەیک لە ئەفسەرە بەعسیەکانی دەزگای ھەواڵگری سەردەمی ڕژێمی
پێشووی عیڕاق و بەعسی سوریا و بەپاڵپشتی ووڵاتانی وەکو سعودیە و قەتەڕ
و تورکیا دروستبوون و یارمەتیدەدرێن ، دەزگای ھەواڵگری ئەو ووڵاتانە
بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاریاندێنن، ڕۆژێک دەیانکەنە تیرۆریست
ڕۆژێکی تر دەیانکەنە ئۆپۆزسیۆن، ئەرکی سەرەکی ئەو ھێزە تیرۆریستیانە
ھێرش کردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و کوشتنی خەڵکی بێتاوانە. ھاوپەیمانی
ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەسەر داواکاری ئەو ووڵاتانەی یارمەتی لۆجستی دەدەنە
داعش و بەرەی نوسرە ، ئەو دوو ھێزە بەتیرۆریست ھەژمار ناکات و جگەلەوەش
ھەوڵیداوە بەرەی نوسرەی بکاتە بەشێک لە نێردەی دانوستانکار لە
کۆبوونەوەکانی جنێف ٢، ئەمەریکا و ووڵاتانی ڕۆژئاواش ئەو ڕاستیە دەزانن!!
لێرەدا ھەڵوێستی ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ووڵاتانی ڕۆژئاوا و
کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی جێگای پرسیارە ، کەبەناوی دیموکراتیەت و مافەکانی
مرۆڤ لێدواندەدەن و لەھەمانکاتدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵەدەکەن
لەگەڵ تیرۆریستان و بە پێچەوانەشەوە ھێزە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سوریا
لەوانەش کورد پەراوێز دەخەن لە جنێف ٢ و جنێفەکاندا ، ئەوەش ئەو ڕاستیە
دەسەلمێنێ کە ئەمەریکا و ووڵاتانی سیستەمی سەرمایەداری و ووڵاتانی
ھەرێمیی بەتایبەتی سعودیە و تورکیا کە گرێدراوی ئەو سیستەمەن بە ئاشکرا
یارمەتی تیرۆر دەدەن و دژایەتی ھێزە دیموکراتیەکان دەکەن.
ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ١٢.٠٢.٢٠١٤ لە جنێف ٢ دا ڕایگەیاند :
دەسەڵاتی گواستراوە - حکم ئینتقالی ، پێویستە دەسەڵاتی ڕەھای ھەبێت بۆ
ئەوەی ئەو ھێزە دەرەکیانەی کەلە سوریا شەڕ دەکەن ناچار بکات ئەو ووڵاتە
جێبھێڵن ! ئەو لێدوانەش دژی ئەو لێدوانەی خۆیانە کە ڕۆژێک پێشتر
ڕایانگەیاندبوو بەرەی نوسرەی گرێدراوی ئەلقاعیدە تیرۆریست نییە،
بەمەرجێک چەکدارانی بیانی لە ڕیزەکانی بەرەی نوسرە و داعش زۆرینەن ،
ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیەن کە ئەو ھێزانە لە سوریا لەژێر کاریگەری
ووڵاتان شەڕی بەوەکالەت دەکەن ، ئەوەی جێگەی داخە ژمارەیەک گەنجی
کوردستانی باشور بەناوی جیھادکردن ھەڵخەڵەتێنران و کەوتنە ناو ئەو
یاریە ھەواڵگریەی ووڵاتانی زلھێز و ھەرێمی ، جگەلەوەی ئەو ڕێکخراوە
تیرۆریستیانە ئەو گەنجانەی کوردیان لەدژی نەتەوەی خۆیان بەکارھێنا
ژمارەیەکیشیان بەکوشتندا.
سعودیە بەنیازە چەکی دژە فڕۆکە بداتە ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و
ھاوکات لەئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەمەریکا و ووڵاتانی
ڕۆژئاوا بەناوی یارمەتی مرۆیی خەریکی دەرکردنی بڕیارێکن ، بەڵام
وادیارە بەھۆی ڤیتۆی ڕوسیا و چین سەرکەوتوونابن لەو پڕۆژەیە ، بۆیە
ھەوڵدەدەن دوای شکستی گفتوگۆکانی خولی دووەمی جنێف ٢ ،ھاوپەیمانی
ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەکاربێنن بۆ زەمینەسازی شەڕی داھاتوو لە ڕێگەی
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یان لەدەرەوەی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان
ھێرشی سەربازی بۆ سەر سوریا ئەنجام بدەن.
لەگفتوگۆکانی خولی دووەمی جنێف ٢ دا بەبێ بەشداریپێکردنی ھێزێکی
کاریگەری وەکو کورد کە خاوەن ھێزێکی سەربازی گەورەیە و چەندین شاری
ئازادکراوی لەبەردەستدایە ، دوای شەش ڕۆژ دانوستان بێگومان
کۆبوونەوەکان شکستدەخوات و بەبێئەنجام کۆتایی دێت و ئەو جۆرە
کۆبوونەوانە سەرکەوتوونابێت.
لەنێوان شەڕی بەوەکالەت کە جەمسەرەکانی بریتین لە ئەمەریکا و ووڵاتانی
ڕۆژئاوا و عەرەبستانی سعودیە و قەتەڕ و تورکیا و ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی
سوریا لەلایەک ، ڕوسیا و ئێران و ڕژێمی ئەسەد و مالیکی و حیزبوڵا
لەلایەکی تر ، بارودۆخی سوریا خراپتر دەبێت و باجەکەشی خەڵکی سڤیلی ئەو
ووڵاتە دەیدەن.
fuadzindani@yahoo.de
|