په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠١٣

یاداشتێک بۆ قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە لە عێراق.

 


بەڕێزان / سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ.
بەڕێزان / لیژنەکانی "یاسایی و تەندروستی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان" لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ.
بەڕێزان / ئەندامانی پەرلەمانی عێراق.


داواکارین لە بەڕێزتان کە یاسایەک دەربکرێت بۆ قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێیینە لە عێراق و ھیوادارین کە داوا لە ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی عێراق بکەن کە ڕێوشوینی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بگرێتە بەر.


بۆ ئەم مەبەستەش ھاوپێچ ڕەشنووسێکی یاسایی پێشنیارکراوی ڕێکخراوەکەمان ئاراستەی جەنابتان ئەکەین کە لەلایەن پارێزەر "فلاح مرادخان شاکرم" ئامادەکراوە بە ئەزمونی ٩ ساڵ کارکردن لەو بوارە لە ڕێکخراوی وادی لەعێراق.


خەتەنەکردنی مێینە لە عێراق یەکێکە لەو کێشە تەندروستی و کۆمەڵایەتیانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا ھەوڵ دراوە ئیشی لەسەر بکرێت و بەداخەوە تێگەیشتنێکی ھەڵەی ئاینی و کەلتوری ھەیە بۆ ئەنجامدانی ، بەخۆشحاڵیەوە لە ھەرێمی کوردوستان لە ٢٠١١ بەیاسای ژمارە ٨ قەدەغەکرا و سزای یاسای بۆ دانرا، وەک ڕێکخراوەکەمان لەساڵی ٢٠١٠ لەسەر ئەم بابەتە کارمان کردوە لەشاری کەرکوک و لەساڵی ٢٠١٢ یەکەم لێکۆڵینەوەی مەیدانیمان بڵاوکردەوە کە بەپێی دەرئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە ٣٨.٢٪ مێینەی سەرو تەمەن ١٤ ساڵ لە کۆی ١٢١٢ مێینە کە توێژینەوەکەیان لەسەر کراوە لەناو مەرکەزی کەرکوک و قەزاو ناحیەکان و گوندەکان ڕوبەڕوی خەتەنەکردن بونەتەوە.


ئەم لێکۆڵینەوەیە ھەوڵی داوە دەرئەنجامێکی گشتی ئەنجامدانی ئەو دیاردەیە لەنێوان پێکھاتە سەرەکیەکانی شاری کەرکوک دەستنیشان بکات سەرەڕای زەحمەتی و ئاڵۆزی ئەم ھەوڵانە بەپێی ئەم دەرئەنجامانە بوونی ئەم دیاردەیە لەنێوان کورد ٦٥.٤٪ و عەرەب ٢٥.٧٪ و تورکمان ١٢.٣٪ لەسەر ئاستی باوەڕی ئاینیش لەنێوان سنە ٤٠.٩٪ و لەنێوان شیعە ٢٣.٤٪ و لەنێوان کاکەیی ٤٢.٩٪ و جێی باسە لەنێوان مەسیحی و کلدۆ ئاشوریەکان ھیچ ڕیژەیەک تۆمار نەکراوە.


ئەگەر لەڕووی گرنگی و پێکھاتەو چری دانیشتوانەوە کەرکوک بە عێراقی بچوک بناسێنرێت ئەوا ، چ بەھۆی پشتراستبونەوەی دیاردەکەو قەدەغەکردنی لەھەرێم و چ بەبونی ئەم ئاماژانەو چەندین ئاماژەی دیکە بۆ بوونی دیاردەکە لەناوچەکانی دیکەی عێراق وا ئەخوازێت کە جەنابتان بە ئەرکی سەرشانی خۆتان ھەڵستن وەک نوێنەری ڕاستەقینەی میللەت بۆ قەدەغەکردنی ئەم دیاردە دزێوە کە بەپێی گەڵاڵەنامەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکەوتننامەکانی مافی ژنان و تەندروستی جیھانی WHO و یونیسیف قەدەغەو مەترسیدار و لە جیھانی ئیسلامیش بەپێی فەتوای زانکۆی ئەزھەر لە ٢٠٠٦ قەدەغەکراوە.


ھەر شاد و سەرکەوتوو بن.


وەک پشتگیرییەک بۆ ئەم داواکارییە:


١- رەشنووسیکی یاسایی بۆ قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە .
٢- دوو لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە یەکەمیان لەپاریزگای کەرکوک لەلایەن سەنتەرەکەمان و دوەمیان لە ھەرێمی کوردوستان لەلایەن ڕێکخراوی وادی ئەنجامدراون .
٣- دەقی یاسای ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ لە ھەرێمی کوردوستان .
٤- یاسا و بڕیاری ١٥ وڵات لە جیھان بۆ قەدەغەکردنی ئەم دیاردەیە وەک نموونە.
٥- فەتوای زانکۆی ئەزھەر و کۆنفراسی زانستی لە ٢٠٠٦.
٦- وەک بیرخستنەوەیەکیش واژۆکردنی دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەتفاقیەی سیداو.
 


سەنتەری پەنا

٥\٢\٢٠١٣

 

داوا لە ھەموو ئەو ڕێکخراوو کەسایەتیانە ئەکەین کە ئارەزومەندانە پاڵپشتی ئەم رەشنوسی یاسایە ئەکەن پەیوەندی بکەن بە ئیمیلی:

 panacenter@yahoo.com


ڕەشنووسی یاسای قەدەغەکردی خەتەنەکردنی مێینە.


سەرنج : پێشنیاری سەنتەری PANA کە لەلایەن پارێزەر فلاح مرادخان ئامادەکراوە کە ڕێکخەری پرۆژەکانی ڕێکخراوی وادی یە ..


ماددەی یەکەم:

مەبەست لەم زاراوانەی خوارەوە ماناکانی بەرانبەریانە بۆ مەبەستی شیکردنەوەی ئەم یاسایە و بەدەستەواژەی کورت.


یەکەم: حکومەت : حکومەتی ناوەندی فیدرالی عێراق.
دووەم: مێینە : ھەموو مرۆڤێک لە ڕەگەزی مێینە لە تەمەنی لەدایک بوون و تا کۆتایی ژیانی " واتە مناڵ ، گەنج ، کچ ، ژن ، پیر ، شوکردوو ، سەڵت "
سێیەم: خەتەنەکردنی مێیینە : بریتیە لە بڕین و شێواندنی بەشێک یان تەواوی میتکەو بەشەکانی کۆئەندامی زاوزێی مێینە و ھەر جۆرە دەستکاریکردنێک و بڕینێک کە بەپێی ستاندارە جیھانیەکان قەدەغەکراوە و ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO بە (FGM/C) دەیناسیت واتە " شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە بە بڕین " و چەند پلەو جۆریکی ھەیە کە لە پلە یەک تا پلە سێ دەستنیشانکراوە.


مادەی دووەم:
یەکەم: خەتەنەکردنی مێینە وەک لە مادەی یەکەم بڕگەی ٣ ئەم یاسایەدا ھاتوە بەھەموو جۆرێک قەدەغەیە و تاوانێکە سزای یاسایی ئەنجامدەری ئەدرێت .
دووەم: لەگەڵ جێبەجیکردنی ھەر یاسایەکی توندتر کە لە یاساکانی دەوڵەتی عێراقدا ھاتوە ھەرکەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا سزا ئەدرێت بەیەکێک لەم بڕگانەی خوارەوە:


ھەر کەسێک جۆرێک لە جۆرەکانی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداری لە ئەنجامدانیدا کرد سزا ئەدرێت بە حەپسکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت غەرامەشی لێ وەردەگیرێت کە بڕکەی لە یەک ملیۆن١٠٠٠٠٠٠ کەمتر نەبێت و لەچوار ٤٠٠٠٠٠٠ ملیۆن زیاتر نەبێت.


١- باری تاوانکار توندتر ئەبێت ئەگەر پزیشک بوو یان کارمەندی تەندروستی یان مامان وە پێویستە لەلایەن سەندیکای تایبەت بە پیشەکەی مۆڵەتی کارکردنی لێوەرگیریتەوە و سزا بدرێت.
٢- ھەر کەسێک تەمەنی لە ١٨ ساڵ زیاتر بوو لەجێگەیەکدا ئامادەبوو کە ئەم تاوانەی تیا ئەنجامدرا و ڕێگری لێنەکرد یان ھەواڵ " ڕخباری " نەدا سزای یاسایی حەپسکردن کە لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت و غەرامەیەکی لێوەردەگیریت کە لە دوو٢٠٠٠٠٠٠ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.
٣- ھەرکەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی ناکامی ( قاێر ) ئەنجامدا بە قورسترین باری ئەم یاسایە یان یاسا توندەکانی دیکەی سزادانی عێراقی سزا ئەدرێت.
٤- ھەرکەسێک کردوەی خەتەنەکردنی مێنەی ئەنجامدا و مردنی لێکەوتەوە بەیاسای سزادانی عێراقی مادەی ٤٠٥ سزا ئەدرێت و ھیچ بیانویەک بۆ جێبەجێکردنی ئەم مادەیە لەئارادا نیە.
٥- ھەرکەسێک ھانی خەتەنەکردنی مێینەی دا و بانگەشەی بۆ کرد ھەمان حوکمی بڕگەی یەکەمی ئەم مادەیەی بەسەردا جێبەجێ ئەکرێت و ئەگەر ئەو کەسە یەکێک بوو لەم کەسانەی کە دەستنیشانکراوون ئەوا قورسترین سزای بەسەردا جێبەجێ ئەکرێت و مۆڵەتی کارکردنی لێ وەردەگیرێتەوە ( مەلای ئاینی ، پزیشک ، یاریدەدەری پزیشک ،پەرستیار ، مامۆستا ، کارمەندەکانی باخچەی ساوایان ، مامانی مۆڵەتپێدراو).


مادەی سێیەم:
ئەم یاسایە تەنھا ئەو حاڵەتانەی دەستکاریکردنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە بەدەر ئەکات لە سزا کە ھۆکاری پزیشکی زۆر پێویست بن و لەلایەن لیژنەی پزیشکی پشتراست بکرێتەوە بەدیاریکراوی " نەشتەرگەری کۆئەندامی زاوزێی بەھۆی توشبوون بەنەخۆشی سەرەتان ، یان ھەر ھۆکاریکی دیکە کە پزیشکی تایبەتمەند پشتراستی بکاتەوەو لیژنەی پزیشکی پەسەندی بکەن".


مادەی چوارەم:
١. کەسی تاوانلێکراو (قوربانی) یان ھەر ئەندامیکی خێزان تا پلە دووو یان داواکاری گشتی مافی تۆمارکردنی سکاڵایان ھەیە .
٢. تۆماری سکاڵا بەپێی ئەم یاسایە نا کەوێتە ژێر حوکمی کات تێپەر بوون ( تقادم ).


مادەی پێنجەم:
بۆ جێبەجیکردنی ئەم یاسایەو ئەو بارانەی لەم یاسایەدا ئاماژەیان پێنەدراوە پەنا ئەبرێتە بەر یاسا کارپێکراوەکان لە عێراق یان بنەما نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ کە دەوڵەتی عێراق واژۆی لەسەر کردوون.


مادەی شەشەم:
ئەو مێینانەی ڕوبەڕوی ئەم کردەوەیە بونەتەوە ھاوکاری تەندروستی و دەرونی و پشتوانی تەواویان پێشکەش ئەکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەندروستی و ژیانی کۆمەڵایەتتیاندا.


مادەی حەوتەم:
کار بە ھیچ یاسایەک ناکرێت کە پێچەوانەی بەندەکانی ئەم یاسایە بێت.


مادەی ھەشتەم:
ئەم یاسایە لەڕۆژی بڵاوکردنەوەی لە وقائعی عێراقی جێبەجێ ئەکرێت.


ھۆکاری پێویست بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە:


خەتەنەکردنی مێینە یەکێکە لە خراپترین تاوان و شێوازەکانی توندوتیژی و کاریگەری خراپی ھەیە لە سەر لایەنی تەندروستی و دەرونی کەسی و ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی ھەربۆیە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و وەک تاوانیکی تەندروستی خراپ ناسێنراوەو پێناسەکراوە وە لە پەیماننامەی "سیداو کە دەوڵەتی عێراق وەژۆی کردوە قەدەغەکراوە ، لەسەر ئاستی جیھانی ئیسلامیش لەساڵی ٢٠٠٦ زانکۆی ئەزھەر لەسەر بنەمای فەرمودەی پێغەمبەر " لا چرر ولا چرار فی ڕلاسلام " قەدەغەو حەرامی کردوە ، لە دەوڵەتی فیدرالی عێراقیش لە ھەریمی کوردوستان لەساڵی ٢٠١١ قەدەغەکراوە ، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان تا ئێستاش ئەم تاوانە لە ھەندێک ناوچەی عێراق بەردەوامی ھەیە ھەربۆیە بەم یاسایە قەدەغەکرا.

______________________________________________________________

* تێبینیی: بڕیارە ئەم (یاداشت و رەشنووسی یاسا)یە لە بەرواری ٦\٢\٢٠١٣ لە لایەن (سەنتەری پەنا)وە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بکرێ.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک