٢٠\٦\٢٠١٢
یاداشتێکی کراوە
-
ساڵیادی دەرچوونی
یاسای توندوتیژیی خێزانیی و کەمتەرخەمییەکانی
جێبەجێکردنی!
بۆ ھەریەک لە بەڕێزان:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی.
وەک کەمپینی داکۆکیکردن لە جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی
توندوتیژیی خێزانیی ژمارە (٨) ی ساڵی ٢٠١١ ، لەساڵیادی دەرچواندنی ئەو
یاسایەدا لە پەرلەمانی کوردوستان پیرۆزبایی دەستخۆشیمان ھەیە بۆ
دەرکردنی ئەو یاسایە کە لەسەر ئاستی ھەرێم و ناوچەکەش بە یاسایەکی
پێشکەوتوو ناوازە لەقەڵەم ئەدرێ و لە چەندین ئاستدا شانازی پێوەدەکرێ.
ھەمان کات لەم بۆنەیەدا بەگرنگی ئەزانین بەڕێزتان و ڕای گشتی لە
کەلێنەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لەماوەی ڕابوردودا ئاگادار بکەینەوە
سەرەڕای ئەوەی دوای دەرچوونی ھەموو یاسایەک پێویستە کاربکرێت بۆ جێ
بەجێ کردنی لەلایەن دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن و لایەنی پەیوەندیدار کە
ناویان ھاتوو لە یاساکەدا بەچاودێری و بەدواداچونی پەرلەمان و لیژنە
تایبەتمەندەکان بۆ جەخت کردنەوە لەسەر یاساکە ، بەڵام تەمەنی یەک ساڵەی
ئەو یاسایە پێمان ئەڵێت ھەنگاوەکانی ئەم ماوەیە بۆ جێبەجێکردنی لە
ئاستی چاوەڕوانیدا نین و کەمتەرخەمیەکی زۆریان پێوە بەدی ئەکرێت.
گرنگترین ئەو خاڵانەش کە بۆتە جێی سەرنجی ئێمەو لەم یاداشتەدا بەکورتی
ئاماژەیان پێ ئەدەین کە بریتین لە:
١- جێ بەجێ نەکردنی (بڕگەی ١ لە مادەی ٣) لەلایەن ئەنجوومەنی
دادوەریەوە بەپێک ھێنانی دادگای تایبەتمەند کە خۆی لە خۆی دا جێ بەجێ
نەبوونی زۆربەی بڕگەو مادەکانی یاساکە پەیوەندی ھەیە بەم دادگایەوە
ھەیە چونکە خاڵێکی سەرەکی یاساکەیە کە کارئاسانی ئەکات بۆجێ بەجێ کردنی
بڕگەو مادەکانی دیکە وە تەنھا بە تەکلیف کردنی دادوەرانی لێکۆڵەرەوەی
یەکەم لە دادگاکان لە ھەر سێ شاری سلێمانی و ھەولێر و دھۆک بۆ
جێگرتنەوەی ئەم دادگایە ناتوانێت ئامانجەکانی یاساکە بەدی بھێنێت.
٢- جێ بەجێ نەکردنی (بڕگەی ٤ لەمادەی ٣) تایبەتە بەپێک ھێنانی لیژنەی
تایبەت وە قەرەبوو کردنەوەی کەیسە زەرەرمەندەکانی و گەڕانەوەیان بۆ ناو
کۆمەڵ.
٣- لە (بڕگەی ٦ ی مادەی ٣) پێک ھێنانی بەشێکی تایبەتە کە تیایدا پۆلیسی
ژن کاردەکات لەکەیسەکاندا ئەمەش جارێکی تر ھاوکاری کردن و گەڕانەوەی
متمانەیە بۆ قوربانیەکە ھەتا ئێستاش ئەم بڕگەیە کاری پێ نەکراوە.
٤- لەمادەی (٥)ی ھەمان یاساشدا کە باس لە پێکھێنانی لیژنەیەکی
ئاشتەوایی دەکات بۆ لایەنەکانی سکاڵا دەکەن ، کەتا ئێستا لیژنەیەکی
وەھا بوونی نیەو ئەمە بۆتە ڕێگرێکی سەرەکی لەبەردەم ئیحالە کردنی
دۆسیەکان بۆدادگای تایبەت ،گومانی تێدا نیە ئەمەش ھۆکارە بۆ ئاڵۆزکردنی
دۆسیەکەوە یاخود پەشمان بونەوەی خاوەن سکاڵا یان کێشەکە بە ھەڵپەسێراوی
دەمێنێتەوە.
٥- پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی تایبەت دەربکەن لەسەر
یاساکە ھەتاوەکو ھەموولایەک سوود لەو یاسایە ببینێت بەتایبەتی بۆ بۆ
ئەو جۆرە توندوتیژییانەی کە یەکەم جارە وەک تاوان ئەناسرێن وەک (خەتەنەکردنی
مێینە) لەم ڕوەوە ھیچ ڕێنومایی و پلانێک لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و
وەزارەتی داد و ناوخۆوە بەدی ناکرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە.
٦- دامەزراندنی سەنتەری تایبەت بە داڵدەدان وەک لەیاساکەدا ھاتووە بۆ
پاراستنی قوربانیان ئەم خاڵەش جێ بەجێ نەکراوە کەئەمەش بەشێکی گرنگی
یاساکەیە .
بۆیە داواکارین کە حکومەتی ھەرێمی کوردوستان وەک دەسەڵاتی جێ بەجێ
کردنی یاساکەو جەخت لە لایەنە پەیوەندی دارە کانی ناوھاتوو لەیاساکەدا
بکات بۆ جێ بەجێ کردنی یاساکە وە گرنگە پلان دابنرێت بۆ جێ بەجێ کردن و
کارکردن لەیاساکەدا پێویستە داواکاری گشتی ڕۆڵی خۆیان ببینن لە چاودێری
کردن و بەدواداچوون و جوڵاندن و ھەموو ئەو دۆسیانەی کەیاساکە دەیان
گرێتەوە.
هەروا دواکارین لە ئەنجومەنی دادوەریش ھەرچی
زورترە پەلە بکات لە دامەزراندنی ئەو دادگا تایبەتمەندەی کە لە
یاساکەدا ئاماژەی پێکراوە لەگەڵ ھەموو پێداویستیەکانی دیکەی نێو یاساکە.
ئەرکی ھەموو لایەکیشە بە ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی
ڕاگەیاندن و خەڵکانی خەمخۆری ئەم کۆمەڵگەیە تاوەکو بەشدارو ھەماھەنگ بن
لەم ھەڵمەتەدا بۆچەسپاندنی یاساو بەرقەرارکردنی ھێزی یاسایی لە پێناو
کەم کردنەوەی توندوتیژیی خێزانیی وگەڕاندنەوەی ئارامی بۆ خێزانی کورد.
٢١\٦\٢٠١٢
ھەرێمی کوردستان
ھەڵمەتی داکۆکیکردن لە یاسای بەرەنگاربونەوەی
توندوتیژیی خێزانیی ژمارە (٨) ی ساڵی ٢٠١١
• سەرنج : ھاوپێچ لیستی ئەندامانی ھەڵمەتی
داکۆکیکردن لە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانیی ژمارە (٨) ی
ساڵی ٢٠١١
|