په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٨\٢٠١٣

یاداشتێک لە ژمارەیەک ھاوڵاتی کە نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە بۆ وەزارەتی تەندروستیی.

 


رۆژی شەممە بەرواری ٣\٨\٢٠١٣ ژمارەیەک ھاوڵاتی کە نەخۆشیی درێژخایەنمان ھەیە سەردانی نەخۆشخانەی شۆرشمان کرد بە مەبەستی بینینی وەزیری تەندروستیی، بەڵام دوای چاوەڕوانیەکی زۆر نە وەزیرمان بینی و نە ئەو مەبەستەی بۆی چووبووین جێبەجێکرا.


ئێمە کە ژمارەمان نزیکی ٢٠٠ نەخۆش بوو، لە چەند شوێنێکی دوورەوە بە گەرمای ھاوین و ھەندێکمان بە زمانی رۆژووشەوە، سەردانی شاری سلێمانیمان کرد بۆ ئەوەی وەکو پێیان ڕاگەیاندبووین وەزیری تەندروستیی چاوی پێمان بکەوێت و بڕێک ھاوکاری ماددیمان پێشکەشبکات. بەلام دوای چاوەڕوانیەکی زۆر ئەو چاوپێکەوتنە ئەنجامنەدرا و بە بیانووی ئەوەی وەزیری تەندروستیی نەھاتووە، ڕەوانەی ماڵەوە کراین.


ئێمە وەکو ژمارەیەک لەو نەخۆشانە و کەسوکاریان، سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارە نەشیاوە ئەکەین و پێمان وایە کە بێڕێزیەکی گەورە بەرامبەر بە ھەستمان کراوە و زەرەرێکی گەورە دراوە لە تەندروستییمان کە لە بارێکی ناسکدایە و زۆربەمان بەرگەی ئەو بارودۆخە ناھەموارە ناگرین کە بەسەرمان ھات.


لە ڕاستیدا، ھیچ پێویستی بەوە نەدەکرد کە وەزیری تەندروستیی ئێمە ببینێی. چونکە ئەوەی بۆی چووبووین تەنھا بۆ پێداچوونەوەی دەفتەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانمان و ھەروەھا سەیرکردنی ئەو ڕاپۆرتە پزیشکیانەی کە ھێنابوومان. ئێمە بەلامانەوە جێگەی خۆشحاڵی بوو کە وەزیری تەندروستیی ئامادەیی تێدایە بمانبینێت و پێداچوونەوە بە دەفتەرەکانماندا بکات و پێمان وابوو ئەوە نیشانەیەکی پۆزەتیڤە لەوەی کە خودی وەزیری تەندروستیی گرنگی بە بارودۆخی ھەستیاری تەندروستییمان ئەدات. بەڵام بەداخەوە ئەو خۆشحاڵیەمان زۆری نەخایاند و توڕەیی و بێزاریی جێگای گرتەوە.


لە لایەکی ترەوە، چی پێویست بەوە ئەکات کە ئێمەی بەتەمەن و نەخۆش، بەم ھاوینە گەرمە و بەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شۆرش بکرێین لە کاتێکدا کە لە شار و شارۆچکەکانی خۆمان نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیی و مەڵبەندی پزیشکیی ھەیە. ئایە نەدەکرا لە باتی ڕەوانەکردنمان بۆ نەخۆشخانەی شۆرش کاری پێداچوونەوە بە دەفتەرەکانمان لە نزیک شوێنی دانیشتنی خۆمان کرابا؟


ھەورەھا، بۆچی دەبێت خودی وەزیری تەندروستیی خۆی تەماشای دەفتەرەکانی ئێمە بکات و ڕەزامەندی بفەرمووێت لەسەر پێدانی ئەو بڕە ھاوکارییەی بۆ ئێمەی، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنمان ھەیە، خەرج بکەن. ئایە ناکرێت ھەر پزیشکێکی پسپۆری تر ئەو کارە بکات؟ ئایە ئەمە دژ نییە بەو بەڵێنانەی وەزارەتی تەندروستیی بۆ شۆرکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ خوارەوە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستیی و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستییەکان.


لە کۆتاییدا، لەگەڵ سەرکۆنەکردنی ئەم ڕەفتارە نەشیاوی وەزارەتی تەندروستیی و بەرپرسەکانی، بۆمان دەرکەوت کە ئەم ھەڵسوکەوتە ھەوڵێکی شکستخواردووبوو بۆ ئەنجامدانی بانگەشەیەکی پێشەوختی ھەڵبژاردن. چونکە ناچارکردنی ئێمە بۆ سەردانی نەخۆشخانەی شۆرش، و بەڵێنی بینینمان لە لایەن وەزیری تەندروستییەوە و پێدانی بڕێک ھاوکاری (کە بە مافی ئاسایی خۆمان ئەزانین و ھیچ پێویست بە منەتکردن بەسەرماندا ناکات) ھەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی تەندروستیی و بەرپرسەکانی نەخۆشییەکانی ئێمە بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەھێنن. بۆیە لێرەوە داوا لە وەزیری تەندروستیی ئەکەین کە بە فەرمی داوای لێبوردنمان لێبکات و بەڵێن بدات کە بەھیچ شێویەک نەخۆشییەکانی ئێمە بۆ مەبەستی سیاسی بەکارنەھێنن و بە زووترین کات ئەو بڕە ھاوکارییەی کە بۆمان دانراوە خەرج بکرێ بە بێ دواکەوتن.

 

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک