٥\٥\٢٠١٢
یاداشتی کۆمەڵێک
توێژەری کۆمەلایەتی و دەروونی
بۆ پەرلەمانی
کوردستان و کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم.
بەھۆی بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگاو پەرەسەندنی کێشە دەروونیی و
کۆمەڵایەتیەکان رۆژ بە رۆژ پێویستبوونی تویّژەرانی کۆمەڵایەتی و
دەروونی لەنێو ناوەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا زیاتر دەبێت. کارابوون و
زۆربوونی ئەم توێژە لەکۆمەڵگادا خۆی لە خۆیدا کاریگەری دەبێت لەسەر
کەمکردنەوەی کێشە دەروونیی و کۆمەڵایەتیەکان، ھەر بۆیە ئێمە کۆمەلێک
توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی لەسۆنگەی ھەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی و
بۆ بەیاسایکردنی کاری توێژەران و بەرزکردنەوەی توانستیان بۆ
ڕووبەڕووبونەوەی کێشەکانی کۆمەڵگاو چارەسەر کردنیان، بە پێویستمانزانی
ئەم یاداشتە لە چەند خاڵێکدا ئاراستەی سەرۆکایەتی ھەرێمو پەرلەمانی
کوردستان و کابینەی نوێی حکومەتی ھەریم
بکەین، بەئومێدی ئەوەی ھەمووان ڕۆڵمان ھەبێت لە بنیادنانی کۆمەڵگایەکی
تەندروست لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، لێرەدا دەمانەوێت داواکاریەکانمان لە
دوو تەوەرەی سەرەکی پێشکەش بکەین:
یەکەم: ئەو داواکارییە ڕەواییانەی پێویستە لە کاتی ئێستا گفتوگۆی لەسەر
بکرێت و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی حەوتەمی حکومەتی ھەرێم ڕەنگ
بداتەوە:
١. داواکارین لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پۆستە ئیداریەکان و
سیاسیەکان بدرێتەوە بە توێژەرانی کۆمەڵایەتی ، چونکە ئەوان پسپۆڕی
کۆمەڵایەتین و لە کێشەوگرفتی کۆمەڵگا دەگەن ، نەک ئەندازیارێک یان
مامۆستایەک یان پارێزەرێک و پزیشکێک ،ھەروەکو ئێستا دەیبینین وەزارەتی
کار زیاتر لە ٣٦ پۆستی ئیداری بەرز ھەیە تەنھا یەک توێژەر کراوە بە
ڕاوێژکاری وەزیر ، ئەوەی تر ھەموویان پسپۆڕی بواری ترن و کراون بە
لێپرسراوی چەندین بەڕێوەبەرایەتی ، ئەوەش خۆی لە خۆیدا گرفتێکە لە
کۆمەڵگا و کەم وکورتیەکیشە لە حکومەت .
٢. داواکارین لەکاتی دانانی ھەر مافو پۆستێک بۆ توێژەران، ڕەچاوی
پێوەرەکان بکرێت و مەحسوبیەت و مەنوسوبەیەت لەبەرچاونەگیرێت.
٣. داواکارین لەم کابیینەیەدا مافی زیاتر بۆ توێژەران دابین بکرێت، تا
توێژەرانیش بتوانن ھەستن بە ئەرکەکانی خۆیان، لەو مافانەش، دابینکردنی
دەرماڵەی تایبەت بەکاری توێژەران ، و دابینکردنی مافی وەرگرتنی شوقەو
زەوی نیشتەجێبوون بۆ توێژەران.
دووەم: ئەو داواکاریە ڕەوایانەی لە ماوەی ئەم کابینەیە دەکرێت کاری
لەسەر بکرێت و بە ھەند وەربگیرێت و مافی توێژەران تیایدا بێتە دی بۆ
خزمەتکردنی کۆمەڵگا ، ئەوانیش بریتیتن لە:
ا- داواکارین
لەکابینەی نوێدا بە یارمەتیو پرسو ڕای کەسانی پسپۆڕ لەدەرەوەو
ناوەوەی وڵات کاربکرێت بۆ پێداچوونەوە بەپرۆگرامی بەشەکانی کۆمەڵناسیو
دەروونناسی لە زانکۆکان، لەبەرئەوەی چەندین دەیە بەسەر ئەو
پرۆگرامانەدا تێپەریوەو ناتوانێ کادری پێویست بۆ کێشەکانی ناو کۆمەڵگە
پێبگەینن.
ب - داواکارین زیاتر گرنگی بدرێت بەکاری توێژەرانی دەروونیو
کۆمەڵایەتیو پاڵپشتی بۆ توێژەر فەراھەمبکرێت و قورسایی بۆ کاری
توێژەران دروستبکرێت، بۆئەوەش پێویستە یاسایەک بەکاری توێژەرانی
کۆمەڵایەتیو دەروونی ئامادەبکرێت ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، بۆئەوەش
داواکارین کارئاسانی بکرێت بۆ سازدانی کۆنگرەیەکی زانستی تایبەت بە
کاری توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بۆ بە سیستم و بە یاسایی کردنی
کاری توێژەران.
ت - داواکارین بە بەردەوامی کۆرسی جیاجیا بۆ کۆمەڵناسانو دەروونناسانی
کوردستان بکرێتەوە لەدەرەوەی وڵات، یان پسپۆرانی دەرەوەی وڵات
بانگھێشتبکرێن، تا زانستو میکانزمی نوێ ئاشنابکرێت بە توێژەران بۆ
باشتر بەڕێوەبەردنی کارەکانیان..
پ - داواکارین کاربکرێت بۆئەوەی توێژەرانی کوردستان دابەشنەکرێن بەسەر
ھەرێمی سەوزو زەرددا، ھەروەھا توێژەرانی کوردستان یەک سەندیکای بەھێزو
ئەکتیڤیان ھەبێت دوور لە دەستێوەردانی حزبی.
ج - داواکارین دامەزارندنی بەردەوام ھەبێت بۆ دەرچووانی کۆمەڵناسیو
دەروونناسی لەسەرجەم ئەو دامودەزگایانەی حکومەت کە پێویسیان بە کاری
توێژەران ھەیە ، ھەروەھا لە دام و دەزگا تایبەتەکان و ئەھلیەکان وەکو
داینگە و قوتابخانە تایبەت و ئەھلیەکان.
لە کۆتاییدا ھیوا دارین داواکارییەکانمان بە ھەند وەربگیرێت بۆ بەرەو
پێشبردنی کۆمەڵگای کوردی و خزمەتکردنی زیاتر بە (تاک و خێزان ) لە
چوارچێوەی کۆمەڵگا و دەستنیشانکردنی کەم و کورتیە کۆمەڵایەتی ودەروونی
و پەروەردەییەکانی تاک و خێزان.
لەگەڵ ڕێزی بێ پایانمان...
________________________________________
*
تێبینی: ئەم یاداشتەی
سەرەوە ڕاو بۆچوونی سەدان توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی یە لە ھەر سێ
پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان و قەزا و ناحیەکانی، بەسەر پەرشتی (لیژنەی
کاتی بەرەو کۆنگرەی کۆمەڵناسان و دەرووناسان).
بۆ زانیاریی پتر
پهیوهندیی بكهن به كاك ئومید:
07504531107
،
umedsocial@yahoo.com
توێژەرانی کۆمەڵایەتی و
دەروونی
ھەولێر - سلێمانی - دھۆک - گەرمیان
|